تاريخ: ۱۳۹۷ پنج شنبه ۲۴ خرداد ساعت ۱۱:۱۰ بازدید: 1024      نظرات: 2      کد مطلب: 8624

نوێترین بەرهه‌می فەرهه‌نگ‌نووسی کورد "سەلاح پایانیانی" چاپ و بڵاو بۆوە


"دیارییەکی دیکە لە خەرمانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان"

هاژه ـ لە ئاخروئۆخری مانگی جۆزەردان‌دا، دیسان چاومان بە دیارییەکی بەنرخ و ناوازەی فەرهەنگ‌نووس، توێژەر و دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەڕێز سەلاح پایانیانی بەناوی (خوردوخۆراک) ڕوون بۆوە. ئەم کارە لە زنجیرە کارەکانی پڕۆژەی گەورەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانە کە تەواوکەری فەرهەنگێکی جامع و کامڵ لە چەشنی ئینسیکلۆپیدیایە. ئەگەر ئاوڕێکی خشکەیی و سەرپێیی لە بەرگەکانی پێشوو بدەینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە مەعریفەی گشتی کە هەڵقوڵاوی ناخ و دەروونی خەڵکی لادێ و نەخوێندەوارانە، فەرهەنگەکەی کردووەتە مڵکی خۆی. تۆزی غەریبیی زمانانی دیکەی لێ نەنیشتووه و لە هەوارێکی خۆش و سازگار، تاوڵی خۆی هەڵداوە و سەری بە هەموو کون و  کاژێرێکی مەڵبەندی موکریان‌دا کردووە و هەگبەی خۆی لە ئەندێشە و بیر و زەینی هەموو ئەو پێرێژن و شێرەژنانە پڕ کردووە کە سەروەت و سامانی لەبن‌نەهاتووی ئەم میللەتەن. هەروا لە مەیدانی فەرهەنگ‌نووسیی مۆدێرن و خاوەن شێوازدا، سوارچاکانە قسەی پێیە و بێ سێ‌ودوو لێکردن خەریکە تینوێتیی زمانی کوردی دەشکێنێ و دڵی هۆگران و دڵسۆزانی زمانی کوردی خۆش دەکا. هانی کەسانی ئەزموودە و شارەزا دەدا ئەوجار قۆڵی هیممەت لە وشە، نێرتک و ژێرنێرتکەکانی ئەم فەرهەنگە هەڵماڵن و وەکوو کەرەستەی خاو و سەربەمۆر ئاوڕ لە زانستەکانی دی بدەنەوە تا چی دیکە هەست نەکەن زمانی کوردی لەو بوارانەدا هەتیوە.

بەشی (خوردوخۆراک) وەک لە عینوانی فەرهەنگەکەی‌ڕا دیارە، خۆی تاق کردووەتەوە و گوزاریشت لە شتێکی تایبەت دەکا. دوکتور جەعفەری شێخولئیسلامی پێشەکیی ئەم بەرگەی لەژێر ناوی "زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدیۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان‌دا" نووسیوە. بە تێروتەسەلی و زانستییانە فەرهەنگەکەی شی کردووەتەوە و حەقی خوی داوەتێ. نووسەری پێشەکییەکە، چەمکی "زمان‌ناسیی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسیی زمان"ی باس کردووە. لە بەشەکانی دیکەدا  "زمان و دیالەکت"، "گوتار"، "شی‌کاریی ڕەخنەگرانەی گوتار"، "ئایدیۆلۆژی" و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هێناوەتە بەرباس.

به پێی هه‌واڵی هاژه، فەرهەنگی "خوردوخۆراک" سێ بەشی لەخۆ گرتووە:

بەشی یەکەم (چێشت)، بەشی دووهەم (ڕسق) و بەشی سێهەمیش (نان)ە.

چاوساغی ئەلف‌بێیی و چاوساغی بابەتیی و وێنەی ئەو ژنە ڕووسوور و خۆنەویستانەش دوو ئەوەندەی دیکە فەرهەنگەکەی ڕازاندووەتەوە.

ئەم فەرهەنگە لە ئەژماری هەزار بەرگ‌دا و لەژێر چاوەدێریی بڵاوکەرەوەی "سەرای هێمن" چاپ و بڵاو بۆتەوە.

 

دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرھەنگ‌نووس و تۆژەری باڵای فەرھەنگستانی زمان و وێژەی فارسی) سەبارەت به سەلاح پایانیانی دەڵێ: کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەت­پرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی،ئۆسکار مان و ویلھێلم ئایلێرس ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتۆتەوە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوین­دا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵات­ناسیی­دا بردۆتە ڕیزی نەمران.

پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور بەم شێوەیه ڕای خۆی دەربڕێوە:  فەرھەنگی زارەکیی موکریان بەرھەمێکی بەکەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێھاتوویی و چازانیی خۆی ھەم لە زمانی کوردی و ھەم لە ھونەری فەرھەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە.

سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگ‌نووسی کورد، ٢٠ی خاکەلێوە‌ی 1357ی هەتاوی لە شاری مەھاباد لە دایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە.  پایانیانی زیاتر لە بیست ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە و کۆمەڵێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. ئه‌م نووسەره تا ئێستا 8 بەرگ فەرهه‌نگی زارەکیی موکریان، بەرگێک ئه‌دەبیاتی زارەکی موکریان، دوو بەرگ ئه‌دەبیاتی زارەکی منداڵانی موکریان و بەرگێک کانی مرادانی لێ بڵاو بۆته‌وە.

 



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۳۹۷/۳/۲۴
ئێمەی کورد خاوەنی فەرهەنگ وفۆلکلۆرێکی یەکجار پاراوودەوڵەمەندین و خەلەوخەرمانمان پڕپیت وبەرەکەت و خویانمان شنەی تێناچێ و بەدانوڕێژەوە وهەرچەند لەوپێیەدا باسمان هەبێت دیسانەوە هەشتێ لەمشتێیە وبگرەزۆربەی زمانەکانی دیکە هاتوونەتە دەرماڵانەو خەرمانلۆغەیان لەفەرهەنگ و زمانمان وەرگرتووە ، ئەوکارەی برای هێژامان کاکەسەلاح گیان هەروەک نووسراوەکانی دیکەی بەپێزە و هەرئەوچاوەڕوانێش دەکرێ چوونکە ئەوکتێبەش ئاوگەردانێکە کە لەدەریای قووڵ وبێبن وپڕشەپۆلی فەرهەنگ وفۆلکلۆری کوردەواری هەڵێنجراوە وتوونیایەتی بەردەنگ دەشکێنێ ولەخۆشیان کڵاو بەتیلاگی سەرەوە ئۆخژن دەگرێ. پیرۆزبێت وکوردگوتەنی شتی زۆرتروچاکتری بەدوادابێت . سولەیمان پیرۆتی
3
0
پاسخ به این اظهارنظر

جلیل نژاد ۱۳۹۷/۳/۲۴
بەراستی بە دیتنی کارە کانی مامۆستا سەلاح پایانیانی وەک مڕۆڤێکی کورد هەست بە شانازی و شۆناسێکی شاز دەکەم. لە دوونیای تێک ڕوخاوی نووسین و بیرکردنەوەی ئەو لەحزە تاریخێ‌دا کاتێک دەگەڵ پرۆژەیەکی ئاوا پتەو ؛ ئاوا تەواو و ورد لە حەوزەی کاری خۆییدا ڕوبەروو دەبین هەستێکی شیرین هەموو هەست و بیرمان دادەگرێ کە بەڵێ لێرەش لە کوردستان قەلەم و کار و بیرکردنەوە ئاودیوی قۆناغێکی قوول و پرۆفیشنال بوە و لە دمەتقە و خۆغافلاندن و خەڵک هەتڵەکردن دەرچووین.
ئەوانە جودا لەوەن که کارەکە چەندە ده‌توانی خزمه‌تی زمان و کڵتور و لێکۆلینەوەی کوردناسانه‌ بکات.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد