"دیارییەکی دیکە لە خەرمانی فەرهەنگی زارەکیی موکریان"
هاژه ـ لە ئاخروئۆخری مانگی جۆزەرداندا، دیسان چاومان بە دیارییەکی بەنرخ و ناوازەی فەرهەنگنووس، توێژەر و دانەری فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەڕێز سەلاح پایانیانی بەناوی (خوردوخۆراک) ڕوون بۆوە. ئەم کارە لە زنجیرە کارەکانی پڕۆژەی گەورەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانە کە تەواوکەری فەرهەنگێکی جامع و کامڵ لە چەشنی ئینسیکلۆپیدیایە. ئەگەر ئاوڕێکی خشکەیی و سەرپێیی لە بەرگەکانی پێشوو بدەینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە مەعریفەی گشتی کە هەڵقوڵاوی ناخ و دەروونی خەڵکی لادێ و نەخوێندەوارانە، فەرهەنگەکەی کردووەتە مڵکی خۆی. تۆزی غەریبیی زمانانی دیکەی لێ نەنیشتووه و لە هەوارێکی خۆش و سازگار، تاوڵی خۆی هەڵداوە و سەری بە هەموو کون و کاژێرێکی مەڵبەندی موکریاندا کردووە و هەگبەی خۆی لە ئەندێشە و بیر و زەینی هەموو ئەو پێرێژن و شێرەژنانە پڕ کردووە کە سەروەت و سامانی لەبننەهاتووی ئەم میللەتەن. هەروا لە مەیدانی فەرهەنگنووسیی مۆدێرن و خاوەن شێوازدا، سوارچاکانە قسەی پێیە و بێ سێودوو لێکردن خەریکە تینوێتیی زمانی کوردی دەشکێنێ و دڵی هۆگران و دڵسۆزانی زمانی کوردی خۆش دەکا. هانی کەسانی ئەزموودە و شارەزا دەدا ئەوجار قۆڵی هیممەت لە وشە، نێرتک و ژێرنێرتکەکانی ئەم فەرهەنگە هەڵماڵن و وەکوو کەرەستەی خاو و سەربەمۆر ئاوڕ لە زانستەکانی دی بدەنەوە تا چی دیکە هەست نەکەن زمانی کوردی لەو بوارانەدا هەتیوە.
بەشی (خوردوخۆراک) وەک لە عینوانی فەرهەنگەکەیڕا دیارە، خۆی تاق کردووەتەوە و گوزاریشت لە شتێکی تایبەت دەکا. دوکتور جەعفەری شێخولئیسلامی پێشەکیی ئەم بەرگەی لەژێر ناوی "زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدیۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا" نووسیوە. بە تێروتەسەلی و زانستییانە فەرهەنگەکەی شی کردووەتەوە و حەقی خوی داوەتێ. نووسەری پێشەکییەکە، چەمکی "زمانناسیی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسیی زمان"ی باس کردووە. لە بەشەکانی دیکەدا "زمان و دیالەکت"، "گوتار"، "شیکاریی ڕەخنەگرانەی گوتار"، "ئایدیۆلۆژی" و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هێناوەتە بەرباس.
به پێی ههواڵی هاژه، فەرهەنگی "خوردوخۆراک" سێ بەشی لەخۆ گرتووە:
بەشی یەکەم (چێشت)، بەشی دووهەم (ڕسق) و بەشی سێهەمیش (نان)ە.
چاوساغی ئەلفبێیی و چاوساغی بابەتیی و وێنەی ئەو ژنە ڕووسوور و خۆنەویستانەش دوو ئەوەندەی دیکە فەرهەنگەکەی ڕازاندووەتەوە.
ئەم فەرهەنگە لە ئەژماری هەزار بەرگدا و لەژێر چاوەدێریی بڵاوکەرەوەی "سەرای هێمن" چاپ و بڵاو بۆتەوە.
دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرھەنگنووس و تۆژەری باڵای فەرھەنگستانی زمان و وێژەی فارسی) سەبارەت به سەلاح پایانیانی دەڵێ: کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی،ئۆسکار مان و ویلھێلم ئایلێرس ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتۆتەوە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسییدا بردۆتە ڕیزی نەمران.
پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور بەم شێوەیه ڕای خۆی دەربڕێوە: فەرھەنگی زارەکیی موکریان بەرھەمێکی بەکەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێھاتوویی و چازانیی خۆی ھەم لە زمانی کوردی و ھەم لە ھونەری فەرھەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە.
سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگنووسی کورد، ٢٠ی خاکەلێوەی 1357ی هەتاوی لە شاری مەھاباد لە دایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە. پایانیانی زیاتر لە بیست ساڵە بێوچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگنووسیی زمانی کوردی داوە و کۆمەڵێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. ئهم نووسەره تا ئێستا 8 بەرگ فەرههنگی زارەکیی موکریان، بەرگێک ئهدەبیاتی زارەکی موکریان، دوو بەرگ ئهدەبیاتی زارەکی منداڵانی موکریان و بەرگێک کانی مرادانی لێ بڵاو بۆتهوە.