تاريخ: ۱۴۰۲ شنبه ۲۶ اسفند ساعت ۱۵:۱۱ بازدید: 916      نظرات: 0      کد مطلب: 22793

کتبێی «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» خەڵاتی باشترین توێژینەوەی ساڵی مسۆگەر کرد


 

بەپێی هەواڵی پێگەی هەواڵیی هاژە؛ کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی «کاوان محەمەدپوور» لە حەوتەی توێژینەوە بۆ ساڵی ١٤٠٢ وەک باشترین کتێبی توێژینەوەیی ناوزەد کرا و لەلایەن زانکۆی کوردستان ڕێزی لێ گیرا.

ئەم کتێبە مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن «توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆ کورستان-سنە» چاپ و بڵاوکرایەوە و هەڵگری ئەو کەرەستە و دەستەواژانەیە کە بۆ شی کردنەوەی «تیۆری گێڕانەوە» پێویستن. نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵی داوە توخمە سەرەکییەکانی بووتیقای گێڕانەوە و پێکهاتەی سەرەکیی ڕۆمان بەوردی بێنێتە بەر باس و لەسەر ڕۆمانی کوردی تاقیان بکاتەوە.

پێشەکی ئەم کتێبە لەلایەن دوکتۆر «محەمەدڕەحیم ئەحمەدی» مامۆستای زمانی فەرانسە و وەرگێڕی ناوسراوی کورد نووسراوە. ئەو لە پێشەکی‌ خۆی‌دا سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت: « کتێبی (بووتیقای گێڕانەوە)، هەڵگری هەموو ئەو چەمکانەیه که بۆ لێکدانەوەی گێڕانەوه بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی پێویستن. نووسەر جگە لەوەی کەرەستەی شیکردنەوه دەخاتە بەر دەستی خوێنەر، هەوڵ دەدا کاریگەریی ئەم کەرەستانە له باری کرداریییەوە، لەسەر هێندێک دەقی گێڕانەوەیی‌ نیشان بدا. (بووتیقای گێڕانەوە)، کتێبێکی بەنرخ و بەکەڵکه و ئامێری کارا ئاراستەی خوێنەر دەکات بۆ باشتر فام‌کردنی پێکهاتەی ڕۆمان و بەشه جیاوازەکانی. هەروەها کەرەستەکانی لێکدانەوه و شیکردنەوەی ڕۆمان و گێڕانەوه دەداته دەست ڕەخنەگر.»

یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم کتێبە، سوود گرتن لە سەرەکی‌ترین سەرچاوەکانی زانستیی گێڕانەوەناسی و هەروەها ڕۆنانی وشەی تایبەت بۆ زۆربەی چەمکەکانی ئەم زانستە لە زمانی کوردی دایە.

کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە» ڕۆمانەکانی « سروودێک بۆ ئیبراهیم»، «گۆمی بەردەلانکێ»، «گوڵی شۆڕان»، «تۆقی عەزازیل» و «باڵندەکانی دەم با»ـی وەک نموونەی توێژینەوە هێناوەتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە و لە ڕێگەی ئەوانەوە بنەما و پێکهاتەی گێڕانەوە شی دەکاتەوە.

کاوان محەمەدپوور، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبییە و جیا لە ئەزموونی بەربڵاوی ڕۆژنامەوانی، تا ئەمڕۆکە دەیان وتاری لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی بە دوو زمانی کوردی و فارسی بڵاوکردۆتەوە و لەگەڵ چەند سەنتەری توێژێنەوەیش ئیش دەکا.

شایان باسە، حەوتەی توێژینەوە لە ئێران مانگی سەرماوەز بەڕێوە دەچێت و هەموو ساڵ باشترین توێژینەوەکان لە بوارگەلی جیاوازدا دەستنیشان دەکا.




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد