بەپێی هەواڵی پێگەی هەواڵیی هاژە؛ کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە؛ گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی» بەرهەمی «کاوان محەمەدپوور» لە حەوتەی توێژینەوە بۆ ساڵی ١٤٠٢ وەک باشترین کتێبی توێژینەوەیی ناوزەد کرا و لەلایەن زانکۆی کوردستان ڕێزی لێ گیرا.
ئەم کتێبە مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن «توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆ کورستان-سنە» چاپ و بڵاوکرایەوە و هەڵگری ئەو کەرەستە و دەستەواژانەیە کە بۆ شی کردنەوەی «تیۆری گێڕانەوە» پێویستن. نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵی داوە توخمە سەرەکییەکانی بووتیقای گێڕانەوە و پێکهاتەی سەرەکیی ڕۆمان بەوردی بێنێتە بەر باس و لەسەر ڕۆمانی کوردی تاقیان بکاتەوە.
پێشەکی ئەم کتێبە لەلایەن دوکتۆر «محەمەدڕەحیم ئەحمەدی» مامۆستای زمانی فەرانسە و وەرگێڕی ناوسراوی کورد نووسراوە. ئەو لە پێشەکی خۆیدا سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت: « کتێبی (بووتیقای گێڕانەوە)، هەڵگری هەموو ئەو چەمکانەیه که بۆ لێکدانەوەی گێڕانەوه بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی پێویستن. نووسەر جگە لەوەی کەرەستەی شیکردنەوه دەخاتە بەر دەستی خوێنەر، هەوڵ دەدا کاریگەریی ئەم کەرەستانە له باری کرداریییەوە، لەسەر هێندێک دەقی گێڕانەوەیی نیشان بدا. (بووتیقای گێڕانەوە)، کتێبێکی بەنرخ و بەکەڵکه و ئامێری کارا ئاراستەی خوێنەر دەکات بۆ باشتر فامکردنی پێکهاتەی ڕۆمان و بەشه جیاوازەکانی. هەروەها کەرەستەکانی لێکدانەوه و شیکردنەوەی ڕۆمان و گێڕانەوه دەداته دەست ڕەخنەگر.»
یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم کتێبە، سوود گرتن لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی زانستیی گێڕانەوەناسی و هەروەها ڕۆنانی وشەی تایبەت بۆ زۆربەی چەمکەکانی ئەم زانستە لە زمانی کوردی دایە.
کتێبی «بووتیقای گێڕانەوە» ڕۆمانەکانی « سروودێک بۆ ئیبراهیم»، «گۆمی بەردەلانکێ»، «گوڵی شۆڕان»، «تۆقی عەزازیل» و «باڵندەکانی دەم با»ـی وەک نموونەی توێژینەوە هێناوەتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە و لە ڕێگەی ئەوانەوە بنەما و پێکهاتەی گێڕانەوە شی دەکاتەوە.
کاوان محەمەدپوور، نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبییە و جیا لە ئەزموونی بەربڵاوی ڕۆژنامەوانی، تا ئەمڕۆکە دەیان وتاری لەسەر ڕەخنەی ئەدەبی بە دوو زمانی کوردی و فارسی بڵاوکردۆتەوە و لەگەڵ چەند سەنتەری توێژێنەوەیش ئیش دەکا.
شایان باسە، حەوتەی توێژینەوە لە ئێران مانگی سەرماوەز بەڕێوە دەچێت و هەموو ساڵ باشترین توێژینەوەکان لە بوارگەلی جیاوازدا دەستنیشان دەکا.