تاريخ: ۱۴۰۰ چهارشنبه ۲۴ آذر ساعت ۱۸:۱۱ | بازدید: 1144 نظرات: 0 کد مطلب: 17164 |
سەعدون مازووجی
کاک جەلال بەداخەوە نەخۆشی ئیعتیاد بە مادە هۆشبەرەکانی گرتبوو و لەزەت و ناڕەحەتێکی یەکجار زۆری لە مەسرەفی ئەو مادانە دەدیت. لەوانەیە لەژێر کاریگەری ئەو مادانەدا زۆر کاری ناڕەوای کردبێ و قەڵەم و قەدەمی لە یەک ئاڕاستە نەبووبن. بەقەولی خۆی ئەو لە دژی خۆی هەڵگەڕابۆە. ئەو هەڵگەڕانەوەیە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و ئاسەواری، کاری کردبۆ سەر قەزاوەت و داوەری بەشی زۆری مرۆڤەکانی دەوروبەری و پێگەی ئەوی لەق کردبوو. ئێستاش داشاردنی ئەو ڕاستییە ئەوە هیچ کە کۆمەگێک بە کاک جەلال ناکا بەڵکە زیانیشی پێدەگەیەنێ. کاك جەلال بەو نەخۆشییەوەش هەر شاعیر و قەڵەم بەدەستێکی توانای کوردە و حاشای لێ ناکرێ.
زۆر نووسەر و هونەرمەندی گەورە و نێوبەدەرەەی خۆ وڵاتی و جیهانی هەبوون و هەن کە نەخۆشی هاوشێوەی کاک جەلالیان هەبووە ، بەڵام ڕاستییەکە دانەشاردراوە و شان و شکۆی ئەو کەسایەتیانەش دانەشکاوە. ئەوەتا لە جیرانەتیمان محەممەد حوسێنی شەهریار شاعیری بەتوانای ئازەری هەر ئەو کێشەیەی هەبووە بەڵام مرۆڤەکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵی جووڵاونەوە و جۆرێکی دیکە قەزاوەت کراوە.
کاك جەلال و وانگۆگی وێنەکێش لە زۆر بوارانەوە وەکوو یەک دەچوون، زۆر جارم بە وانگۆگ بانگ دەکرد. ئەگەر ئاوڕێک وەژیان و بەسەرهاتی وانگۆگ بدەین، ئەو بە زۆر هۆ کە لێرەدا ناگونجێ باسی بکەین ، نەیتوانیوە بەها و نۆرمە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای خۆی بپارێزێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەنێك لە ژیانی ئەو هونەرمەندە پەردەپۆش نەکراوە، وانگۆگ بە تەواوی خاڵە ڕەش و خۆڵەمێشی و سپییەکانی ژیانییەوە هەر لەبەر دیدەی ڕێزە.
ئێستا کە کاک جەلال بەجەستە لە نێو ئێمەدا نەماوە دوو دەستە خەریکن دەیکوژن. دەستەی یەکەم ئەو کەسانەن کە حەول دەدەن بیکەنەوە قوڕ و هەڵیشێن و کەسێکی دیکەی لێ ساز بکەن. دەستەی دووهەمیش کەسانێکن کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرەیان ناسیوە بەڵام چاویان بەرایی نەداوە شاعیرێکی ئاوا توانا لەو حاڵ و ڕۆژە دا ببینن و لە ئاکاری قەڵس و تەسلیمی سۆز و هەستیان بوون و زێدەتر وەک تاوانبارێکی لێدەڕوانن و ئەوڕۆ لە بێدەنگێیان داوە. ئەو بێدەنگییە دیسانیش چرای ژیانی ئەو شاعیرە دەکوژێنێتەوە. مەلەکشا لە درێژەی ژیانی دا سەدان جار مردووە و ژیاوەتەوە، پاش مەرگی ڕەوا نییە ئاوا بێبەزەیانە بکەوینە گیانی.
لە هەڵسەنگاندنی کارنامەی ئەدەبی کاک جەلال دا ئەگەرچی تووشی حەسڕەت دێی بەڵام ئەوە گرینگە ئافەرینت لێ نابڕێ. ئەو سەرەڕای تەواوی شێعر و چیرۆکە بەپێزەکانی کە لە جێگای خۆیاندا قسەی تێر و تەویان پێیە، شاکارێکی شاراوەی لە ئەدەبی نەتەوەیەدا نەخەشاندووە کە جێگای لێکۆڵینەوەی بابەتییە.
هەر وەك هەموو دەزانین ناوچەی موکریان و ئەردەڵان دوو میرنشین و دوو ناوەندی فەرهەنگی کوردستانن کە لە ڕابردوودا بەهۆی جوغڕافیایی و سیاسیی و شێوازی تەعامول لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات تا ڕادەیەک جیاواز و لێکدابڕاو بوون. ئەو جیاوازییە مرۆڤی وریای کوردی ئازار دەدا، هێندێك لە هونەرمەندان و هەڵسووڕاوانی کورد زۆر ژیرانە حەولیان داوە ئەو کەلێنە پڕ بکەنەوە و نەهێڵن یەکێتی کورد خەساری بگاتێ. جەلال مەلەکشا و شەریفی حوسێن پەناهی کە بەڵکەوت بەداخەوە چارەنووسێکی تاڕادەیەک هاو شێوەیان هەیە، دوو شاعیری گۆشکراوی ئەدەبی ئەردەڵانی بوون کە ماوەیەکی بەردرێژ لە موکریان و مەهاباد ژیاون. هەم تەئسیریان لە ئەدەبیاتی ئەو ناوچەیە وەرگرتووە و هەم تەئسیریان لەسەر داناوە. بەتوانست و ئەزموونەکانی ئەدەبی ئەردەڵانی ئەدەبیاتی موکریانیان دەوڵەمەند کردووە و بەپێچەوانە بە زەرفییەتەکانی ئەدەبیاتی موکریانەوە بەهانای ئەدەبی ئەردەڵانییەوە چوون. ئەوان شێعر و ئەدەبیاتی ئەردەڵانیان لەبەر خەڵکی موکریان شیرین و بەپێچەوانە شێعر و ئەدەبیاتی موکریانیان وەبەر دڵی خەڵکی ئەردەڵانیان خستووە و یارمەتییەکی شیاوی ڕێزیان بە ساڕێژ بوونەوەی سنوورە بریندارە فەرهەنگییەکانی کوردستان گەیاندووە.
ئێستا لێمان ڕوونە کە مەلەکشامان بە خاکی کوردستان سپاردووە، ئەو خاکەی کە لە درێژایی مێژوودا هەست و بیری ئێمەی حاواندۆتەوە و ڕاوەستان و ڕاوەستاوی پێ بەخشیوین. بەڵام مەخابن بەجێ و مەکانی شەریف ، یۆسفەکەی موکریان نازانین. هەر بۆیە تا گەڕانەوەی مامۆستا لە ڕێی شارا دەوەستین.