تاریخ: ۱۴۰۰/۹/۲۴
بۆ ساڵەهاتی مەرگی مەلەکشا
سەعدون مازووجی

 

   لە ساڵوەگەڕی مەرگی جەلال مەلەکشادا وێڕای بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەری ئەو شاعیر خۆش قەڵەمە، جێگای خۆیەتی چەند خاڵێکی ئاماڵ تابۆش سەبارەت بە بەرێزیان برووژێندرێ. منیش وەک زۆر کەس لە هاوتەمەنانی خۆم کە هۆگری ئەدەبیات و چالاکی بووین کاک جەلالم لە دوور و نزیکەوە دەناسی و هۆگری شێعر و چیرۆکەکانی بووم. زۆر بە تامەزرۆیەوە سروەم بۆ بەرهەمەکانی دەپشکنی و ئارەزووم ئەوە بوو لە کۆڕ و کۆبوونەواندا بیبینم. تا سەرئەنجام بەداخەوە ڕووداوی نەخوازراو و بەڵای لابەلا ئێمەیان لە بڕگەیەکی پڕتەنگانەی ژیاندا لەیەک نزیکتریش کردوە. جارو بار کاک جەلالیان زۆر بە شڕ و شپڕێوی دەهێنا زیندان و منیش دەمدیت. دیتنی وی بۆ من لەو فەزایەدا هەوێنی زۆر دەرس و ئەزموونی جیاواز و جێی سرنج بوو. بۆ من دیتنی مرۆڤێکی وەک کاك جەلال لەو بارودۆخە نالەبارەدا چاوەڕوان نەکراو هەست ڕووشێن بوو. هەر بۆیە نووسینی ئەو دێڕانە هێندەش لەبەر من هاسان نییە. چوونکە لەلایەکەوە باسی شاعیرێکی دەروەستی ئەدەبیاتی بەرەنگاری  لەگۆڕێ دایە کە زۆر کەسی وەک ئەو کاتی من چیرۆکێکی دیکەیان لە سەر ئەو شاعیرە لە زەین دایە و زۆریان لێ گران دێ کەسێك چیرۆکەکەیان لێ بشێوێنێ، و لەلایەکی دیکەوەش باس لە شاعیرێک دەکرێ کە خاوەنی ئەحاواڵێکی شەخسی تایبەت بووە. ئەگەرچی باوە دەڵێن ئەسەر و ئەحواڵی شەخسی لێک جودان، بەڵام هەر لەو کاتەدا تێکەڵیش هەن. بەهەموو لێکدانەوەیەك هونەرمەند لە توێی بەرهەمەکەیدا ژیان و ئەزموونەکانی بۆ بەردەنگانی دەگێڕێتەوە. لە کەش و هەوایەدا نووسین سەبارەت بەئەو شاعیرە کەوتۆتە بەر کاریگەری سۆز و هەست و ڕاستی درکاندنی تێدا زۆر سەختە. هێندێک کەسیش کە بەدرۆ خۆیان لێ دەسەنگەری کوردایەتێکی خەیاڵی هاویشتووین ، بزاوتنی ئەو باسە بە حەرام دەزانن و هەر کەس بیهێنێتە گۆڕێ پێی هەڵدەپڕژێن و بێدەگییەکی ناخۆشیان بەسەر فەزاکە داسەپاندووە.
 
 

 کاک جەلال بەداخەوە نەخۆشی ئیعتیاد بە مادە هۆشبەرەکانی گرتبوو و لەزەت و ناڕەحەتێکی یەکجار زۆری لە مەسرەفی ئەو مادانە دەدیت. لەوانەیە لەژێر کاریگەری ئەو مادانەدا زۆر کاری ناڕەوای کردبێ و قەڵەم و قەدەمی لە یەک ئاڕاستە نەبووبن. بەقەولی خۆی ئەو لە دژی خۆی هەڵگەڕابۆە. ئەو هەڵگەڕانەوەیە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و ئاسەواری، کاری کردبۆ سەر قەزاوەت و داوەری بەشی زۆری مرۆڤەکانی دەوروبەری و پێگەی ئەوی لەق کردبوو. ئێستاش داشاردنی ئەو ڕاستییە ئەوە هیچ کە کۆمەگێک بە کاک جەلال ناکا بەڵکە زیانیشی پێدەگەیەنێ. کاك جەلال بەو نەخۆشییەوەش هەر شاعیر و قەڵەم بەدەستێکی توانای کوردە و حاشای لێ ناکرێ.

 زۆر نووسەر و هونەرمەندی گەورە و نێوبەدەرەەی خۆ وڵاتی و جیهانی هەبوون و هەن کە نەخۆشی هاوشێوەی کاک جەلالیان هەبووە ، بەڵام ڕاستییەکە دانەشاردراوە و  شان و شکۆی ئەو کەسایەتیانەش دانەشکاوە. ئەوەتا لە جیرانەتیمان محەممەد حوسێنی شەهریار شاعیری بەتوانای ئازەری هەر ئەو کێشەیەی هەبووە بەڵام مرۆڤەکانی دەوروبەری بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵی جووڵاونەوە و جۆرێکی دیکە قەزاوەت کراوە.

  کاك جەلال و وانگۆگی وێنەکێش لە زۆر بوارانەوە وەکوو یەک دەچوون، زۆر جارم بە وانگۆگ بانگ دەکرد. ئەگەر ئاوڕێک وەژیان و بەسەرهاتی وانگۆگ بدەین، ئەو بە زۆر هۆ کە لێرەدا ناگونجێ باسی بکەین ، نەیتوانیوە بەها و نۆرمە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای خۆی بپارێزێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەنێك لە ژیانی ئەو هونەرمەندە پەردەپۆش نەکراوە، وانگۆگ بە تەواوی خاڵە ڕەش و خۆڵەمێشی و سپییەکانی ژیانییەوە هەر لەبەر دیدەی ڕێزە.

 ئێستا کە کاک جەلال بەجەستە لە نێو ئێمەدا نەماوە دوو دەستە خەریکن دەیکوژن. دەستەی یەکەم  ئەو کەسانەن کە حەول دەدەن بیکەنەوە قوڕ و هەڵیشێن و کەسێکی دیکەی لێ ساز بکەن. دەستەی دووهەمیش کەسانێکن کە لە نزیکەوە ئەو شاعیرەیان ناسیوە بەڵام  چاویان بەرایی نەداوە شاعیرێکی ئاوا توانا لەو حاڵ و ڕۆژە دا ببینن و لە ئاکاری قەڵس  و تەسلیمی سۆز و هەستیان بوون و زێدەتر وەک تاوانبارێکی لێدەڕوانن و ئەوڕۆ لە بێدەنگێیان داوە. ئەو بێدەنگییە دیسانیش چرای ژیانی ئەو شاعیرە دەکوژێنێتەوە. مەلەکشا لە درێژەی ژیانی دا سەدان جار مردووە و ژیاوەتەوە، پاش مەرگی ڕەوا نییە ئاوا بێبەزەیانە بکەوینە گیانی.

لە هەڵسەنگاندنی کارنامەی ئەدەبی کاک جەلال دا ئەگەرچی تووشی حەسڕەت دێی بەڵام ئەوە گرینگە ئافەرینت لێ نابڕێ. ئەو سەرەڕای تەواوی شێعر و چیرۆکە بەپێزەکانی کە لە جێگای خۆیاندا قسەی تێر و تەویان پێیە، شاکارێکی شاراوەی لە ئەدەبی نەتەوەیەدا  نەخەشاندووە کە جێگای لێکۆڵینەوەی بابەتییە.

  هەر وەك هەموو دەزانین ناوچەی موکریان و ئەردەڵان دوو میرنشین و دوو ناوەندی فەرهەنگی کوردستانن کە لە ڕابردوودا بەهۆی جوغڕافیایی و سیاسیی و شێوازی تەعامول لەگەڵ ناوەندی دەسەڵات تا ڕادەیەک جیاواز و لێکدابڕاو بوون. ئەو جیاوازییە مرۆڤی وریای کوردی ئازار دەدا، هێندێك لە هونەرمەندان و هەڵسووڕاوانی کورد زۆر ژیرانە حەولیان داوە ئەو کەلێنە پڕ بکەنەوە و نەهێڵن یەکێتی کورد خەساری بگاتێ. جەلال مەلەکشا و شەریفی حوسێن پەناهی کە بەڵکەوت بەداخەوە چارەنووسێکی تاڕادەیەک هاو شێوەیان هەیە، دوو شاعیری گۆشکراوی ئەدەبی ئەردەڵانی بوون کە ماوەیەکی بەردرێژ لە موکریان و مەهاباد ژیاون. هەم تەئسیریان لە ئەدەبیاتی ئەو ناوچەیە وەرگرتووە و هەم تەئسیریان لەسەر داناوە. بەتوانست و ئەزموونەکانی ئەدەبی ئەردەڵانی ئەدەبیاتی موکریانیان دەوڵەمەند کردووە و بەپێچەوانە بە زەرفییەتەکانی ئەدەبیاتی موکریانەوە بەهانای ئەدەبی ئەردەڵانییەوە چوون. ئەوان شێعر و ئەدەبیاتی ئەردەڵانیان لەبەر خەڵکی موکریان شیرین و بەپێچەوانە شێعر و ئەدەبیاتی موکریانیان وەبەر دڵی خەڵکی ئەردەڵانیان خستووە و یارمەتییەکی شیاوی ڕێزیان بە ساڕێژ بوونەوەی سنوورە بریندارە فەرهەنگییەکانی کوردستان گەیاندووە.

 ئێستا لێمان ڕوونە کە مەلەکشامان بە خاکی کوردستان سپاردووە، ئەو خاکەی کە لە درێژایی مێژوودا هەست و بیری ئێمەی حاواندۆتەوە و ڕاوەستان و ڕاوەستاوی پێ بەخشیوین. بەڵام مەخابن بەجێ و مەکانی شەریف ، یۆسفەکەی موکریان نازانین. هەر بۆیە تا گەڕانەوەی مامۆستا لە ڕێی شارا دەوەستین

سەرچاوە: گۆڤاری مەهاباد