زانای ئایینی و کەسایەتی نەتەوەیی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان وەک وێنەیەکی بچووک و ژیکەڵە لە مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری وێنا دەکرێ و پێناسە دەکرێ .
ئاخۆ مەلای ساڵی ساڵان چ تایبەتمەندییەکیان هەبوو کە مامۆستا مەلا حەمەدەمین بە هەبوونی ئەو تایبەتمەندییانە لە ڕیزی ئەو مامۆستایانەدا دادەندرێ؟
1.مەلای ساڵی ساڵانی کورد خۆی قانع و هێدی و هێمن و هەژار بوو و خاوەنی ئەو خوو وخدە و تایبەتمەندییانەش بوو، هەر بەو بۆنە و هۆیەوە گشت "قانع و هێدی و هێمن و هەژار"ەکانی گەل و هەموو هۆنەرانی نێودێر بەو نازناوانەی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست!
2.مەلای ساڵی ساڵان هاوکات نەتەوەییش بوو و ئایینیش بوو، لایەنی دینیشی پاراستبوو و لایەنی نەتەوەییشی پاراستبوو و تەرازوو و پێوەر و پێوانەکەی بە هیچلایەکدا لاسەنگ نەبوو!
3. مەلای ساڵی ساڵان بۆ نان و نێو و ئیسم و ڕەسم و هیچ پاساو و بیانوویەکی تر "عَضُدُالدَّولَه" نەدەبوو. گەر"وجیەالملە"ـش بایە،بە هۆی گەلویستی و نەتەوەدۆستی بوو نەک لەسۆنگەی کردەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە و پۆپۆلیستی، "وَجیەُالمِّلَە"بوونەکەی بکاتە دووکان و بازار و کەرەسەی بەڕێچوون و موشتەری کۆکردنەوە. ڔوون و ئاشکرایە "لەدڵی خەڵکدابوون" لە درێژایی مێژوودا دەردەکەوێ و بە کردەوەی هەلپەرستانە و بە هەلقۆستنەوە بۆ"ارتزاق "لە دین و لە گەل مەیسەر نابێ، بەڵکوو پتروپێشووتر لە هەموو شتێک "ئیخلاس"ی گەرەکە!
4.مەلای ساڵی ساڵان "مُذبذب" و "وازوازی" نەبوو و هەر ڕۆژەی لەسەر ئایینێک و مەڕامێک و هەڵوێستێک نەبوو بۆ بەرژەوەندی تاقی یان تاقمی یان ئۆپۆڕتیۆنیستی و هەلپەرستانەی خۆی؛ بەڵکوو قایم و پتوون و ڕاوەستاو و خۆڕاگر بوو لە سەر بنەمایەک و هەڵوێستێک و ئایینێک و مەڕامێک!
5. مەلای ساڵی ساڵان تاقمچێتی و خۆمانەخۆمانەی نەدەکرد و تەنیا بەرژەوەندی ئایین و گەل و نیشتمان و ڕاستەقینەی مەبەست بوو نەک بەرژەوەندی تاقمچییانە و مەڕامییانە و کاسبکارانە!
6. مەلای ساڵی ساڵان کتێبی زۆر خۆش دەویست و بەتایبەتی تامەزرۆی زانین و زانیاری و موتاڵا و خوێندنەوە بوو و بۆ زانیاری کۆکردنەوە و موتاڵای بەردەوام و تێگەیشتن و پێگەیشتنی پتر و پتر، کۆڕی پرسیار و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستی پێک دێنا!
7.مەلای ساڵی ساڵان کوردیزان و کوردی خوێن و کوردی نووس بوو و بە هەست و سۆزەوە شێعر و هونراوەی تەرز و بەرزی شاعیرانی بەرەی پێشووتری"مەلای ساڵی ساڵانی" دەخوێندەوە و وتاردان و خوتبە و خیتابەکەشی پێ دەڕازاندەوە!
8.مەلای ساڵی ساڵان باوەڕی بە فرەتوێژی کۆمەڵایەتی و ئایینی هەبوو و ڔوانڴەیەکی تەواو مرۆڤدۆستانەی هەبوو و ڕێزی بۆ کافر و جوو و فەلەش دادەنا هەر وەک لە ژیاننامەی عەللامە مەلا عەلی قزڵجی هەموومان/زۆربەمان
خوێندوومانەتەوە کە چۆن پێشەوای ئایینی جوولەکانی لە سەرووی خۆی داناوە!
9.مەلای ساڵی ساڵان زۆر بەقنیات و بەرزەدەماغ(=عزیزالنفس) و دڵاوا(=کریمالطبع) و نەفسبەرز و ڕەوشتبەرز و بەڕەگودەمار و خاوەنشکۆی ئایینی و ئەخلاقی بوو !
10. مەلای ساڵی ساڵان خاوەنی چێشکەیەکی جوانیپەرستانە و جوانیناسانەی بوو و هەموو دیاردەیەکی جوانی پێ جوان بوو بە بەڵگەی :"اللە جمیل و یحب الجمال".چون چێشکەی هەستیاری چەواشە نەببوو و وتێکنەچووبو،حەولی خەتخۆشبوونی دەدا ،دەنگی خۆشی پێ خۆش بوو و شێعری پاراو و تەڕی کوردی پێ جوان بوو و بیرگەی لێوانلێو بوو لە لیزگە شێعری تەڕ و پاراوی کوردی، پەخشانی ڕازاوەی کوردی پێ موتورفەیەکی باییدار بوو و لە خوێندنەوەی تێرنەدەبوو و کۆمەڵی هان دەدا بۆ چێژ وەرگرتن لەو جوانییە خوداکردانە!
11. مەلای ساڵی ساڵان، "مەلایەتی" وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانە سەیر دەکرد و وەک
هەل و دەرفەتێکی باییدار بۆ پێشخستنی باری ئەخلاق و ئایین و شوناس و هەروەها سەربەخۆییی بیر و بڕیار دەیقۆستەوە!
12. مەلای ساڵی ساڵان،"مەلایەتی" وەک دامەزراوە(=نهاد)یەکی سەربەخۆ و سەربەست سەیر دەکرد نەک وەک پاشکۆی تاقم و تاقمچێتی و مەڕامچێتی و هەڵپەهەڵپی بەرژەوەندخوازانە؛مەلای ساڵی ساڵان هەرچەند لەڕادەبەدەر دەستکورت بوو بە هۆی ئەو مەعریفەیەوە هیچکات وەک کەرەسە و ئامرازی بەڕێچوون و پیشە و شوغڵ سەیری مەلایەتی نەدەکرد بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەو سەرەتی هەبوو بەرپرسیاریەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بوو و ڕاپەڕاندنی بەبێمشە و خۆڕایی تێکڕای ئەم ئیش و چالاکییانەی پێوەندی بەو بەرپرسیاریەتییە فرەلایەنەوە هەیە!
13.مەلای ساڵی ساڵان بە هۆی بیر و باوەڕی ئایینی و نەتەوەیی پتوون و قایم و دامەزراو و بنچینەدار و کۆڵەکەداری، بەردەوام ئامادەی دانی تێچوو(=هزینەدادن) بوو لەو ڕێباز و رێچکەیە دا و زۆربەیان، بە ئەوپەڕی شانازییەوە،تێچووی گیانی و ماڵی و ئابووری و کومەڵایەتی و بنەماڵەیی و ...یان داوە.
14.مەلای ساڵی ساڵان بە هەناسەیەکی ئەمەکناسانە و پێزانانە و قەدرناسانەوە _کە لە بیر و باوەڕێکی قووڵی ئایینی و ئەخلاقی و مەعریفی و نائیدئۆلۆژییانەوە لە قوڕئان و فەرموودەی سەحیح هەڵقوڵابوو_ دەیڕوانییە قەڵافەتی بەرز و تەرزی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی دڵسۆز و خزمەتگوزاری بەرەی پێشووتری "مەلای ساڵی ساڵان" و ئیدی نەدەپەڕژایە سەر وهمی قێزەون و چەواشکارانە و درۆیین و ڕسواییهێنەری "خۆپێزلتربوون و زاناتربوون لە هەمووان" و بە کەمبایەخ دانانی خزمەت و ڕاژە و دڵسۆزی و گەورەیی و شکۆی مامۆستایانی بەرەی هاوچەرخ و بەرەی پێشوو و تەنانەت بەرەی داهاتووی خۆیشی !!!
15.مەلای ساڵی ساڵان بەڕاستی خاوەن پێگە و جێگەیەکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵایەتی بوو و خاوەنی چەشنێک سامانی کۆمەڵایەتی بەهێز بوو(=سرمایەی اجتماعی پراقتدار) و هەر نەبێ خاوەنی چەشنێک پێگەی کاریزماتیکی ناوچەیی و خۆجێیی بوو !
جا گەر لەو دەربیجە و دەلاقەیە ڕا دەڕوانینە بەژن و باڵا و قەڵافەتی خۆڕاگر و نەچەمیو و بەرز و تەرزی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان تاپۆیەکی ژیکەڵە لە بوومەلێڵی مەلای ساڵی ساڵانی کوردی تێدا وێنا دەکەین ؛ بەڕاشکاوی وێنەیەکی تیپیکاڵ لە سیما و ڕوخسار و دیمەنی سەرتاپا شانازیی مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە گشتییەتی کارنامەی کردەیی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەویی ئەو دا بەدی دەکرێت . مامۆستا تێچووی زۆری دا لە ڕێی بیر و بڕوای ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی دا ، هەر وەها خاوەنی خوو و خدە و ئاکارەیەکی خاکەڕایانە و خەڵکینە بوو و بە دڵ و بە گیان و بە بیر و بەبڕوا لەگەڵ خەلک و جەماوەر بوو و بە خەم و مەینەتی گەلەکەی ماتەمبار و خەمبار دەبوو و بە سەرکەوت و پێشکەوت و سەربەرزی گەلەکەی دەگەشاوە و دەحەساوە و دەترووسکاوە ؛ تەنانەت بە بیستنی هەواڵی پێگەیشتوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەی ترووسکە و برووقەی شادی و دڵگوشادی لەنێو چاوانی وەدیار دەکەوت و شایی لەدڵی دا دەگەڕا ! مامۆستا ڕێز و حورمەتێکی یەگجار زۆری بۆ نووسەران و شاعیران و لێکۆڵەرانی کورد دادەنا و خوێندنەوەی کتێبی نووسەرانی کوردی بە هەل و دەرفەتێکی زێڕین دەزانی بۆ بردنە سەری ڕادەی زانست و توانست و لێکدانەوەی کۆمەڵناسی و گەلناسی و بۆ گەشەی باری زمانزانی و هەروەها بۆ پەرە و پەروەردەی بڕشتی بیرگە و زەین و بۆ زاخاوی بیر و چێشکەی جوانیناسانە ! مامۆستا لە خوو و خدە و ئاکارەی بەرز و تەزی وەک قنیات و خاکەڕایی و بێتەماعی و داوێنپاکی و نەفسبەرزی و ڕەوشتبەرزی و خێرۆمەندی و دەستپاکی و بەخشەری و میوانگری و سەربەخۆیی و خۆڕاگری و سەقامگیری و دامەزراوی و نەگۆڕی و یەکڕەنگی و بێفڕوفێڵی و بێڕیایی و ڕاستگۆیی و حەقوێژی و .. دا وێنەیەکی دیار و بەرچاوی چینی مەلای ساڵی ساڵان بوو !
هەر چەند ئەوڕۆکە و لە چاخی سەردەم دا ڕادە و ڕێژەی ئەو دیمەن و ڕوخسار و وێنە پیرۆزانە لە کەمی و کورتی و کزی داوە ، بەڵام دیسان زۆر بە شانازییەوە ئەوڕۆکەش وێنەکان و ڕوخسارە دیار و بەرچاوەکانی مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە کۆمەڵگای کوردەواری دا سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی دڵسۆزانە و شێلگیرانە و پەیجۆرانە و خەمخۆرانە و مشوورخۆرانەی سەرجەم ئەرکەکانی پێوەندیدار بەو بەرپرسیاریەتییە کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و نەتەوەییەن ، بەڕێزانێک وەک : مامۆستا دوکتۆر مەلا ئەحمەد نیعمەتی(پاوه) ، مامۆستایان مەلا سابیر خودا مرادی و مەلا عومەر ساڵحی ساحیب و مەلا غەفوورکەسنەزانی و مەلا کامیلشەریفپوور (سەقز) , مامۆستایان مەلامحەممەد یۆسف ڕەهنموون و مەلا ئیبڕاهیم مەردۆخی (مەریوان) ، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ناسری (بۆکان) ، مامۆستایان مەلا حوسێن ئیبڕاهیمی و مەلا حوسێن گورژی و مەلا سەید مستەفا مەحموودیان(مەهاباد) ، مامۆستا مەلا عومەر ئیمام(پیرانشار) ، مامۆستا مەلا ڕەشید بورهانی(شنۆ) ، مامۆستا مەلا محەممەد ئەدیبی (بانە) و هەروەها زۆرێکی تر لە مامۆستایانی دڵسۆز و خاوەن هەست و هەڵوێست کە بە داوکاریی ئەوپەڕی لێبووردنەوە دەبێ ڕایگەیێنم کە ناکرێ لەو مەودا بەرتەنگەدا ناوی هەمووی ئەم وێنە و ڕوخسارە دیار و بەرچاوانە یان تەنانەت ناوی زۆربەیان بهێندرێ ؛ دیارە پتر وەک وێنە و هێمایەک و پتر و پتریش بۆ بەرزڕاگرتنی داب و نەریتی کوردانە و مسوڵمانەی ئەمەکناسی و پێزانین و قەدرناسی بۆ زیندووان، ئەو چەند کەسایەتییە ئایینی و نەتەوەیییانەی وا هاوکات:1. پێشنوێژ و وتارخوێن و مودەڕڕیس و دەرسوێژی زانستە ئایینییەکان بوون/هەن(=وەک ئاماژە و هێمایەک بۆ لایەنی ئایینی ئەوان) و؛ 2.هەروەها شوێنەوار و ئاسەواری بڵاوکراوەیان بە زمانی کوردی هەیە(=وەک ئاماژە و هێمایەک بۆ لایەنی نەتەوەیی ئەوان)، ئاماژەم بە تاقمێکیان کرددووە و ناوم هێناون . خوای کارساز و کاربەجێ و خاوەن بەزەیی و دڵۆڤان ، ڕۆحی بەرزی حاجی مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان لە بەهەشتی وادەپێداراوی خۆی دا و لە پەنا پاکان و پیاوچاکان و پیاوماقووڵانی دڵسۆز و بەرپرسیاری گەلی کوردی مسوڵمان دا بحەسێنێتەوە و بحاوێنێتەوە و بلاوێنێتەوە و لیزگە و زنجیرەی نەپساوەی مامۆستایانی دڵسۆز و بەرپرسیار و ئایینی_نەتەوەییی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ درێژتر و درێژتر و درێژتر کات .ئینشاڵڵا ، ئامین.