تاریخ: ۱۳۹۹/۸/۶
مامۆستا مەلا حەمەدەمین، تاپۆیەکی‌ ژیکەڵە لە بوومەلێڵی مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری دا
دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان، زمانناس و توێژەر
 
 
 
زانای ئایینی و کەسایەتی نەتەوەیی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان وەک وێنەیەکی بچووک و ژیکەڵە لە مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری وێنا دەکرێ و پێناسە دەکرێ .
  ئاخۆ مەلای ساڵی ساڵان چ  تایبەتمەندییەکیان هەبوو کە مامۆستا  مەلا حەمەدەمین بە هەبوونی  ئەو تایبەتمەندییانە  لە ڕیزی ئەو مامۆستایانەدا دادەندرێ؟
1.مەلای ساڵی ساڵانی کورد خۆی قانع و هێدی و هێمن و هەژار بوو و خاوەنی ئەو خوو وخدە و تایبەتمەندییانەش بوو، هەر بەو بۆنە و هۆیەوە گشت "قانع و هێدی و هێمن و هەژار"ەکانی گەل ‌و هەموو هۆنەرانی نێودێر بەو نازناوانەی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست!
2.مەلای ساڵی ساڵان هاوکات نەتەوەییش بوو و ئایینیش بوو، لایەنی دینیشی پاراستبوو و لایەنی نەتەوەییشی پاراستبوو و تەرازوو و پێوەر و پێوانەکەی بە هیچ‌لایەکدا لاسەنگ نەبوو!
3. مەلای ساڵی ساڵان بۆ نان و نێو و ئیسم و ڕەسم و هیچ پاساو و بیانوویەکی تر "عَضُدُالدَّولَه" نەدەبوو. گەر"وجیەالملە"ـش بایە،بە هۆی گەل‌ویستی و نەتەوەدۆستی بوو نەک لەسۆنگەی  کردەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە و پۆپۆلیستی، "وَجیەُالمِّلَە"بوونەکەی بکاتە دووکان و بازار و کەرەسەی بەڕێچوون و موشتەری کۆکردنەوە. ڔوون و ئاشکرایە "لەدڵی خەڵکدابوون" لە درێژایی مێژوودا دەردەکەوێ و بە کردەوەی هەلپەرستانە و بە هەل‌قۆستنەوە بۆ"ارتزاق "لە دین و لە گەل مەیسەر نابێ، بەڵکوو پتروپێشووتر لە هەموو شتێک "ئیخلاس"ی گەرەکە! 
4.مەلای ساڵی ساڵان "مُذبذب" و "وازوازی" نەبوو و هەر ڕۆژەی لەسەر ئایینێک و مەڕامێک و هەڵوێستێک نەبوو بۆ بەرژەوەندی تاقی یان تاقمی یان ئۆپۆڕتیۆنیستی و هەلپەرستانەی خۆی؛ بەڵکوو قایم و پتوون و ڕاوەستاو و خۆڕاگر بوو لە سەر بنەمایەک و هەڵوێستێک و ئایینێک و مەڕامێک!
5. مەلای ساڵی ساڵان تاقمچێتی و خۆمانەخۆمانەی نەدەکرد و تەنیا  بەرژەوەندی ئایین و گەل و نیشتمان و ڕاستەقینەی مەبەست بوو نەک بەرژەوەندی تاقمچییانە و مەڕامییانە و کاسبکارانە!
6.  مەلای ساڵی ساڵان کتێبی زۆر خۆش  دەویست و بەتایبەتی تامەزرۆی زانین  و زانیاری و موتاڵا و خوێندنەوە بوو و بۆ زانیاری کۆکردنەوە و موتاڵای بەردەوام و تێگەیشتن و پێگەیشتنی پتر و پتر،  کۆڕی پرسیار و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستی پێک دێنا!
7.مەلای ساڵی ساڵان کوردی‌زان و  کوردی خوێن و کوردی نووس بوو و بە  هەست و سۆزەوە شێعر و هونراوەی  تەرز و بەرزی شاعیرانی بەرەی پێشووتری"مەلای ساڵی ساڵانی"  دەخوێندەوە و وتاردان و خوتبە و خیتابەکەشی پێ دەڕازاندەوە!
8.مەلای ساڵی ساڵان باوەڕی بە  فرەتوێژی کۆمەڵایەتی و ئایینی هەبوو   و ڔوانڴەیەکی تەواو مرۆڤدۆستانەی هەبوو و ڕێزی بۆ کافر و جوو و فەلەش  دادەنا  هەر وەک لە ژیاننامەی عەللامە  مەلا عەلی قزڵجی هەموومان/زۆربەمان
 خوێندوومانەتەوە کە چۆن  پێشەوای  ئایینی جوولەکانی لە سەرووی خۆی  داناوە!
9.مەلای ساڵی ساڵان زۆر بەقنیات  و  بەرزەدەماغ(=عزیزالنفس) و دڵاوا(=کریم‌الطبع) و نەفس‌بەرز و ڕەوشت‌بەرز و بەڕەگ‌ودەمار و خاوەن‌شکۆی ئایینی و ئەخلاقی بوو !
10. مەلای ساڵی ساڵان خاوەنی چێشکەیەکی جوانی‌پەرستانە و جوانی‌ناسانەی بوو و هەموو دیاردەیەکی  جوانی پێ جوان بوو بە بەڵگەی :"اللە جمیل و یحب الجمال".چون  چێشکەی هەستیاری چەواشە نەببوو و وتێک‌نەچووبو،حەولی خەت‌خۆشبوونی دەدا ،دەنگی خۆشی پێ خۆش بوو و شێعری پاراو و تەڕی کوردی پێ جوان بوو و بیرگەی لێوانلێو بوو لە لیزگە شێعری تەڕ و پاراوی کوردی، پەخشانی ڕازاوەی کوردی پێ موتورفەیەکی باییدار بوو و لە خوێندنەوەی تێرنەدەبوو و کۆمەڵی هان دەدا بۆ چێژ وەرگرتن لەو جوانییە خوداکردانە!
11. مەلای ساڵی ساڵان، "مەلایەتی" وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانە سەیر دەکرد و وەک  
هەل و دەرفەتێکی باییدار بۆ پێشخستنی باری ئەخلاق و ئایین و شوناس و هەروەها سەربەخۆییی بیر و بڕیار دەیقۆستەوە!
12. مەلای ساڵی ساڵان،"مەلایەتی" وەک دامەزراوە(=نهاد)یەکی سەربەخۆ و سەربەست سەیر دەکرد نەک وەک پاشکۆی تاقم و تاقمچێتی و مەڕامچێتی و هەڵپەهەڵپی بەرژەوەندخوازانە؛مەلای ساڵی ساڵان  هەرچەند لەڕادەبەدەر دەستکورت بوو بە هۆی ئەو مەعریفەیەوە هیچکات وەک کەرەسە و ئامرازی بەڕێچوون و پیشە و شوغڵ سەیری مەلایەتی نەدەکرد بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەو سەرەتی هەبوو بەرپرسیاریەتی  ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بوو و ڕاپەڕاندنی بەبێ‌مشە و خۆڕایی تێکڕای ئەم ئیش و چالاکییانەی پێوەندی بەو بەرپرسیاریەتییە فرەلایەنەوە هەیە!
13.مەلای ساڵی ساڵان بە هۆی بیر و باوەڕی ئایینی و نەتەوەیی پتوون و قایم و دامەزراو و بنچینەدار و کۆڵەکەداری، بەردەوام ئامادەی دانی تێچوو(=هزینەدادن) بوو لەو ڕێباز و رێچکەیە دا و زۆربەیان، بە ئەوپەڕی شانازییەوە،تێچووی گیانی  و ماڵی و ئابووری و کومەڵایەتی  و بنەماڵەیی و ...یان داوە.
 
14.مەلای ساڵی ساڵان بە هەناسەیەکی ئەمەکناسانە و پێزانانە و قەدرناسانەوە  _کە لە بیر و باوەڕێکی قووڵی ئایینی و ئەخلاقی و مەعریفی و نائیدئۆلۆژییانەوە لە قوڕئان و فەرموودەی سەحیح  هەڵقوڵابوو_ دەیڕوانییە قەڵافەتی بەرز و تەرزی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی  دڵسۆز و خزمەتگوزاری بەرەی پێشووتری   "مەلای ساڵی ساڵان"  و ئیدی  نەدەپەڕژایە سەر  وهمی قێزەون و چەواشکارانە و درۆیین و ڕسوایی‌هێنەری "خۆپێ‌زلتربوون و زاناتربوون لە هەمووان"  و بە کەم‌بایەخ دانانی  خزمەت  و ڕاژە  و دڵسۆزی  و گەورەیی و شکۆی مامۆستایانی بەرەی هاوچەرخ  و بەرەی پێشوو  و تەنانەت  بەرەی داهاتووی خۆیشی !!!
15.مەلای ساڵی ساڵان بەڕاستی خاوەن پێگە و جێگەیەکی دیار  و بەرچاوی کۆمەڵایەتی بوو  و خاوەنی چەشنێک سامانی کۆمەڵایەتی بەهێز بوو(=سرمایەی اجتماعی پراقتدار)  و هەر نەبێ خاوەنی چەشنێک پێگەی کاریزماتیکی ناوچەیی  و خۆجێیی بوو !
جا  گەر لەو دەربیجە و  دەلاقەیە ڕا  دەڕوانینە  بەژن  و باڵا  و قەڵافەتی خۆڕاگر و نەچەمیو و بەرز و تەرزی خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا  مەلا حەمەدەمین  ئازەریان تاپۆیەکی ژیکەڵە  لە بوومەلێڵی مەلای ساڵی ساڵانی کوردی  تێدا وێنا دەکەین ؛  بەڕاشکاوی وێنەیەکی تیپیکاڵ لە سیما و ڕوخسار و دیمەنی  سەرتاپا شانازیی مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە گشتییەتی کارنامەی  کردەیی  و ئەخلاقی  و کۆمەڵایەتی  و ئایینی  و نەتەویی  ئەو دا  بەدی  دەکرێت . مامۆستا تێچووی  زۆری  دا  لە  ڕێی بیر و بڕوای  ئایینی  و کۆمەڵایەتی  و نەتەوایەتی دا ، هەر وەها  خاوەنی  خوو و خدە  و ئاکارەیەکی خاکەڕایانە و خەڵکینە بوو  و بە دڵ  و بە گیان و بە  بیر  و بەبڕوا  لەگەڵ  خەلک  و جەماوەر بوو و بە خەم و مەینەتی  گەلەکەی ماتەمبار  و خەمبار دەبوو  و بە  سەرکەوت  و پێشکەوت  و سەربەرزی گەلەکەی دەگەشاوە  و دەحەساوە  و دەترووسکاوە ؛ تەنانەت بە بیستنی هەواڵی پێگەیشتوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەی ترووسکە و برووقەی شادی و دڵگوشادی لەنێو چاوانی  وەدیار دەکەوت  و شایی لەدڵی دا دەگەڕا ! مامۆستا ڕێز  و حورمەتێکی  یەگجار  زۆری  بۆ  نووسەران  و شاعیران  و لێکۆڵەرانی  کورد دادەنا و خوێندنەوەی کتێبی  نووسەرانی کوردی بە  هەل و دەرفەتێکی  زێڕین  دەزانی بۆ  بردنە سەری  ڕادەی زانست و توانست  و لێکدانەوەی کۆمەڵناسی و گەلناسی و بۆ گەشەی باری زمانزانی و هەروەها بۆ پەرە و پەروەردەی بڕشتی بیرگە و زەین و بۆ زاخاوی بیر و چێشکەی  جوانیناسانە ! مامۆستا لە خوو و خدە و ئاکارەی  بەرز و تەزی وەک  قنیات و خاکەڕایی و بێ‌تەماعی و داوێن‌پاکی و نەفس‌بەرزی  و ڕەوشت‌بەرزی و خێرۆمەندی  و دەستپاکی و بەخشەری  و میوانگری و سەربەخۆیی  و خۆڕاگری  و سەقامگیری  و دامەزراوی و نەگۆڕی و یەکڕەنگی و بێ‌فڕوفێڵی  و بێ‌ڕیایی و ڕاستگۆیی  و حەقوێژی و .. دا  وێنەیەکی  دیار  و بەرچاوی  چینی مەلای ساڵی ساڵان بوو !
 هەر چەند ئەوڕۆکە و لە چاخی سەردەم دا ڕادە و ڕێژەی ئەو دیمەن  و ڕوخسار  و  وێنە پیرۆزانە لە کەمی و کورتی و کزی داوە  ، بەڵام دیسان  زۆر بە شانازییەوە  ئەوڕۆکەش  وێنەکان  و ڕوخسارە دیار  و بەرچاوەکانی  مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە کۆمەڵگای کوردەواری دا  سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی  دڵسۆزانە و شێلگیرانە و پەیجۆرانە  و خەمخۆرانە و مشوورخۆرانەی سەرجەم ئەرکەکانی  پێوەندیدار بەو بەرپرسیاریەتییە کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و  نەتەوەییەن ، بەڕێزانێک  وەک : مامۆستا دوکتۆر مەلا ئەحمەد نیعمەتی(پاوه) ، مامۆستایان مەلا سابیر خودا مرادی و مەلا عومەر ساڵحی ساحیب و مەلا غەفوورکەسنەزانی و مەلا کامیل‌شەریف‌پوور (سەقز‌) , مامۆستایان مەلامحەممەد یۆسف ڕەهنموون و  مەلا  ئیبڕاهیم مەردۆخی (مەریوان) ، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ناسری (بۆکان) ، ‌مامۆستایان  مەلا حوسێن ئیبڕاهیمی  و  مەلا حوسێن گورژی  و مەلا سەید مستەفا مەحموودیان(مەهاباد) ، مامۆستا مەلا عومەر ئیمام(پیرانشار) ، مامۆستا مەلا  ڕەشید بورهانی(شنۆ) ، مامۆستا  مەلا  محەممەد  ئەدیبی (بانە) و هەروەها  زۆرێکی  تر  لە مامۆستایانی دڵسۆز و خاوەن هەست و هەڵوێست کە بە داوکاریی ئەوپەڕی لێبووردنەوە دەبێ ڕایگەیێنم کە ناکرێ  لەو مەودا بەرتەنگەدا ناوی هەمووی ئەم وێنە و ڕوخسارە دیار و بەرچاوانە یان تەنانەت ناوی زۆربەیان بهێندرێ ؛ دیارە پتر وەک وێنە و هێمایەک  و پتر و پتریش بۆ بەرزڕاگرتنی داب و نەریتی کوردانە و مسوڵمانەی ئەمەکناسی و پێزانین و قەدرناسی بۆ زیندووان، ئەو چەند کەسایەتییە ئایینی و نەتەوەیی‌یانەی وا هاوکات:1. پێشنوێژ و وتارخوێن و مودەڕڕیس و دەرسوێژی زانستە ئایینی‌یەکان بوون/هەن(=وەک ئاماژە و هێمایەک بۆ لایەنی ئایینی ئەوان)  و؛ 2.هەروەها  شوێنەوار و ئاسەواری بڵاوکراوەیان بە زمانی کوردی‌ هەیە(=وەک ئاماژە  و هێمایەک بۆ  لایەنی نەتەوەیی ئەوان)، ئاماژەم بە  تاقمێکیان کرددووە و ناوم هێناون . خوای کارساز و کاربەجێ و خاوەن بەزەیی و دڵۆڤان ، ڕۆحی بەرزی حاجی  مامۆستا مەلا حەمەدەمین ئازەریان لە  بەهەشتی وادەپێداراوی خۆی دا  و لە پەنا  پاکان و پیاوچاکان و پیاوماقووڵانی دڵسۆز  و بەرپرسیاری گەلی  کوردی مسوڵمان دا  بحەسێنێتەوە  و بحاوێنێتەوە و بلاوێنێتەوە و لیزگە و زنجیرەی نەپساوەی مامۆستایانی دڵسۆز  و بەرپرسیار و ئایینی_نەتەوەییی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ درێژتر و درێژتر و درێژتر کات .ئینشاڵڵا ، ئامین.