تاريخ: ۱۳۹۹ پنج شنبه ۱۲ تير ساعت ۱۰:۳۴ بازدید: 2659      نظرات: 0      کد مطلب: 15006

پرۆژەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی دەلاقە لە شەش بەرگدا چاپ و بڵاو کرایەوە


 

پرۆژەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی "دەلاقە" کە لە ڕەهەندی مێژوویی و ڕەخنەگرانەوە پەرژاوەتە سەر ژانرە جیاجیاکانی ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران، کە زنجیرەیەک کتێبە و لە نووسین و ئامادەکردنی "شەریف فەلاح" نووسەر و توێژەری کوردە، لە شەش بەرگ و لە دووتوێی سێ هەزار و 684 لاپەڕە لەلایەن بڵاوکەرەوە "کتێبی مادە"ەوە چاپ و بڵاو کرانەوە.

ئەم زنجیرە کتێب و پرۆژە ئەدەبییە کە لەلایەن نووسەر و ئامادەکارەوە ماوەی 11 ساڵ کاری لەسەر کردووە، بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی و بە پۆلێن و جیاکردنەوەی ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران و بە دوو شێوازی وتووێژ و وتار و لێکۆڵێنەوەی ئەدەبی و زمانی کارت تێدا کردووە.

خاڵی بەرجەستەی ئەم پڕۆژەیە لێرە دایە كە جیاوازییەکان و دەنگ و بۆچوونی جیاواز و فرەدەنگی و بەرفرەهیی تێدا بەرچاوە. لێرەدا باشار (تقابل)ی روانگە و بۆچوونە جیاواز و دژ بە یەكەكان دەردەكەون و بەرفرەهیی روانگەكان، هەروەها  لە دووتوێی بابەت و دیمانەكان لەگەڵ شاعیران، توێژەران، چیرۆکنووس و ڕەخنەکار و ئەدیبانی ناوچەكانی ئیلام، كرماشان، هەورامان، سنە، موكریان، ورمێ‌ و تەنانەت كوردانی خوراسان، سەرلەبەری زاراوەكانی زمانی كوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، خراونەتە بەرباس و لە ڕوانگەی جیاوازەوە هەڵسەنگێندراون.

لە پرۆژەی ئەدەبیی دەلاقەدا کە بە دوو شێوازی وتووێژ و توێژینەوە و وتار ئامادە کراوە، هەوڵ دراوە لە ڕوانگەی مێژوویی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتییەوە بە جیا و لە هەر بەرگێکدا ئاوڕ لە زمان و ئەدەبی زارەکی، شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران، پێگەی ئەدەبی گێڕانەوە لە کوردستانی ئێران، پێگەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، پرۆسەی شیعریی (داکار) و پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی لە ئیلام و کرماشان بدرێتەوە، لەڕاستیدا ڕۆچنەیەکە لە مێژووی زیاتر لە نیو سەدەی زمان و ئەدەبی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران.

هەر شەش بەرگی پرۆژەی ئەدەبیی دەلاقە بەگشتی لە دووتوێی سێ هەزار و ٦٨٤ لاپەڕە و لەلایەن وەشانگەی "کتێبی ماد" کوردستان چاپ و بڵاو کراونەتەوە کە ناوی هەرکام لە کتێبەکان و ژمارەی لاپەڕە و ناوەرۆکیان بەمجۆرەیە:

- بەرگی یەکەم: ڕۆچنە، زمان و ئەدەبی زارەکی، لە دوو توێی 642 لاپەڕە و بە ئەژمارەی 1000 دانە چاپ کراوە کە بریتییە لە کۆ دیدار و توێژینەوە لەبارەی پێگە و قۆناغەکانی زمان و هاوکات ئەدەبی زارەکی لە کوردستانی ئێران.

- بەرگی دووەم: ڕابوون، شیعری هاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران، لە دووتوێی 840 لاپەڕە و بە ئەژماری 1000 دانە چاپ کراوە کە بە وتووێژ و وتار ناوەرۆکەکەی پەرژاوەتە سەر ڕەوت و قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی لە ناوچە کوردنشینەکان.

- بەرگی سێیەم: گێڕانەوە لەڕێدا، لە دووتوێی 834 لاپەڕە و بە ئەژماری 100 دانە چاپ بڵاو کراوەتەوە و کە بە کۆدیدار و وتار باس لە مێژوو و قۆناغەکان و پێگەی ئەدەبیاتی داستانی لە کوردستانی ئێران دەکات.

- بەرگی چوارەم: بارستی دەق، لە دووتوێی 496 و بە ئەژماری 1000 دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاردا تاوتوێی پێگەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران دەکات.

- بەرگی پێنجەم:  داکــــار، لە دووتوێی 376 لاپەڕە و بە ئەژماری 1000 دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، کە لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاری ڕەخنەگرانەدا ئاوڕێ لە پرۆسە و ڕەوتە شیعریی "داکار" داوەتەوە کەلە ناوەڕاستی دەیەی حەفتای هەتاوی لە کوردستانی ئێران سەری هەڵداوە.

بەرگی شەشەم: دەروەچەی واران، لە دووتوێی 496 لاپەڕە و بە ئەژماری 1000 دانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەم بەرگەش لە چوارچێوەی کۆدیدار و وتاردا باس لە پرسی فەرهەنگ و پێگەی زمان و ئەدەبی کوردی لە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام دەکا.

- شەریف فەلاح، نووسەر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی

- ساڵی 1353ی هەتاوی (1975ی زایینی) لە گوندی (گەزنە)ی سەر بە چەمشاری سنە لەدایک بووه.

- لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییەوە بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی سنە‌ و شێعر‌ و بابەتی ئەدەبی لە گۆڤارەکانی "سروە و زرێبار‌" و گۆڤارە خوێندكارییەكان ‌و حەفتەنامەكانی: "ئاویەر‌ و سیروان" لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو بۆتەوە.

‌لە ساڵی 2004ەوە هاوكاریم لەگەڵ حەفتەنامەكانی "چاودێر، هەواڵ ‌و رۆژنامەی خەبات ‌و کوردستانی نوێ و وشە و باس" و هەروەها گۆڤارە ئەدەبییەكانی: "هەنار، رامان و نما" هەیە.

- لە ساڵی 2004ەوە بە شێوەیەكی جیدی كاری وەرگێڕانی لە زمانی فارسییەوە بۆ سەر زمانی كوردی دەست پێکردووە ‌و هەتا ئێستا ئەم كتێبانەی وەرگێڕاوە و نووسیوە:

1 ـ وەرگێڕانی کتێبی "لەبارەی ئەدەبیات ‌و هونەرەوە"، چاپ ‌و بڵاوكردنەوەی سلێمانی 2009 پڕۆژەی كتێبی هەنار .

2- دوو بەرگی پرۆژەی ئەدەبیی "ڕۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان"، کە پێنج بەرگە و هەر بەرگێکی تایبەتە بە ژانرێکی ئەدەبی کە پێکهاتوون لە کۆمەڵە دیدار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و بەرگی یەکەم و دووەمی لە ساڵانی 2013و 2014 لە بەڕیوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی چاپ بوون.

3ـ وەرگێڕانی کتێبی "چەند تێڕامانێك لە حكوومەتی هەڵبژێردراو" چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا سلێمانی 2017.

4 ـ وەرگێڕانی کۆمەڵە چیرۆکی مێرمنداڵان "حیكایەتەكانی ئەو ساڵانە" (چیرۆك ـ عەلی ئەشرەف دەروێشیان) چاپەمەنیی مانگ – بانە 2017

5 ـ وەرگێڕانی کتێبی "مێژووی نەورۆز‌و كڕۆنۆلۆژیای ئێران " ساڵی چاپ 2013دەزگای موكریانی، هەولێر.

6- كۆكردنەوەی دوو بەیتی فۆلكلۆریكی ڕەسەنی كوردی بە ناوی (عەزیز و كوبرا و وەنەوش و بەڕەزا) بە یارمەتیی حەسەن سەلیمی، ساڵی چاپ 2013 ئەنستیتۆی کەلەپۆری کورد، سلێمانی.

7- ماڵاوا ئیمپراتۆری شیعر، کۆمەڵە وتار و پەیام بە بۆنەی کۆچی دوایی شیرکۆ بێکەس ساڵی چاپ 2013 دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عیرفان، سلێمانی.

8 -وەرگێڕانی ڕۆمانی "نەشتەرگەی شێت" ساڵی چاپ 2013 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا، سلێمانی.

9- نووسین و وەرگێڕانی دەیان وتاری لە بوارەکانی سیاسەت و فەرهەنگ و ئەدەب لە ڕۆژنامە و هەفتەنامەکانی هەرێمی کوردستان.

 

ئامادەی چاپ:

نووسین و ئامادەکردن:

2-جادەکان دەگەنە دەریا، کۆمەڵە شیعر.

3- کەشکۆڵی بەندی کوردی، کۆکردنەوە، بە هاوکاریی سووسەن کەنعانی.

وەرگێڕان:

1ـ ژیانێكی‌تر كورتە چیرۆكی ئیتالیایی (ئەلبێرتۆ موراڤیا). وەرگێڕان لە فارسییەوە.

2- دزیی ئەدەبی ڕۆمان، نووسینی هانری تروایا، وەرگێڕان لە فارسییەوە.

3- زستانی تووش، ڕۆمان، نووسینی ئیسماعیل کادارێ، وەرگێڕان لە فارسییەوە.





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد