تاريخ: ۱۳۹۹ شنبه ۲۳ فروردين ساعت ۱۹:۱۵ بازدید: 2022      نظرات: 3      کد مطلب: 14508

وشیاریی زمانی!

د. سەعد قازی


 
لە وتووێژی ئەو ڕۆژانەی هاژەڕا دەردەکەوێ، کە زمانی ئاخێوەران ئالوگۆڕیکی زۆری بەسەردا هاتووە. ئەو ئالوگۆڕانە، ئەو پرسیارە دروست دەکا، کە گەلۆ... ئەوە ڕەوتی ئاسایی ئالوگۆڕی زمانی کوردییە و وازی لێ بهێندرێ باشە، یا شێواندنی زمانی کوردییە و پێویستە لە بەرامبەریدا هەلوێستمان هەبێ؟ ئایا وەک "هاڵ" دەلێ واز لە زمانەکەمان بێنین  و لێی بگەڕیین بۆ کوێ دەچێ بچێ، یا وەک فیشمەن دەڵێ، وازی لێ نەهێنین، بەڵکوو خەمی لێ بخۆین و بە وشیاری خۆمان پلانی بۆ دابرێژین و بیپارێزێن و داهاتوویەکی گەشی بۆ بنەخشێنین؟  لێرەدا هەوڵ دراوە، بە پشت بەستن بە تیۆرەکانی سەر بە پلانداڕیژیی زمانی، کە دەکەونە بواری زمانناسی کۆمەڵایەتییەوە، بە خێرایی وڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە. 
١. پلانداڕێژیی پێگە: زۆربەی هەرەزۆری ئەو کەسانەی کە هاژە گفتوگۆی لە گەڵ کردوون، لە فەرماندارەوە بگرە هەتا دکتورەکان و مامۆستایان و نوسەران و ڕووناکبیران و بازاری و خەڵکی ئاسایی سەرشەقام، بە زمانی کوردی وڵامیان داوەتەوە. ئەوە پەیوەندی بە پلانداڕێژیی پێگەی زمانییەوە هەیە و دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی پێگەی زمانی کوردی. ئاخاوتن بە زمانی کوردی، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، سەرەڕای ئەوەی پێگەی زمانەکە بەرز دەکاتەوە هاوکاری بە ستاندارد بوونی زیاتری زمانی کوردیش دەکا. ئەمیر حەسەنپوور لە سەر ئەم بابەتە دەڵێ، یەکێک لە پێداویستییەکانی بە ستاندارد بوونی زمان ئەوەیە، کە زۆربەی خەڵک پێی بدوێ و لە بوارە جیاوازەکانی ژیان دەکاری بکا (حەسەنپوور، ٢٠١٤: ١٠٩). واتە، ئەوە ڕەوتێکی باشە و جێی خۆیەتی کە بە سپاس و ڕێزەوە بۆ بڕوانرێ. 
٢. پلانداڕێژیی جەستە: چۆنییەتی ئاخاوتن و مامەڵە کردن بە ماکەکانی جەستەی زمان لە ئاخاوتندا، پەیوەندی بە پلانداڕێژیی جەستەی زمانەوە هەیە. چۆنییەتی ئاخاوتن جگە لە جەستەی زمان، کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر پێگەی زمان هەیە. ئێستا لە ڕووی ئەو چەند نموونەی خوارەوە کە بەشێکن لە ئاخاوتنی ئاخێوەرانی مەهابادی زیاتر دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە.
* "لە مەرحەلەی ئەوەلدا ئەمە ئیقداممان بە تەهەییە و تەوزیعی مەلزووماتی پزیشکی بۆ بیمارستان کرد."
* "بە دەرخاستی زۆرێک لە خەیرینی شار و مەنتەقە، تەوزیعی پەکی غەزایی و بەستەی مەعیشەتیمان  شرووع کردووە، ئێستا بەرەو  کامیل بوونە کە بگاتە دەستی نیازمەندانی واقیعی."
* "بۆ شناسایی ئەو ئەفرادەی کە زەربەی کاریان وێ کەوتووە."
* "کمکهایەکیان دە حیسابی سازمانی نیزام پزیشکی کردووە، کە ئەمە بەو کۆمەگانە ئەقلامێکی بۆ ئەو کەسانە کە  لە نەزەر مەعیشەتی دوچاری موشکیل بوون و ئیحتیاجیان هەیە تەهەییە دەکەین."
ئەگەر لە ڕوانگەی جەستەی زمانەوە ئەم ئاخاوتنانەی سەرەوە هەڵسەنگێندرێن، دەردەکەوێ، کە سەرنج نەدراوەتە وشە، ڕێزمان و نۆرمی بەکارهێنانی زمانی کوردی کە بەشێکن لە جەستەی زمان. واتە لادانە لەو ستانداردە زمانییەی، لە سەدساڵی رابردوودا، کورد بە زەحمەتێکی زۆر بەرهەمی هێناوە. بەشێک لە هۆی ئەم جۆرە هالۆزییە، سیاسەتی زمانی ئەم وڵاتەیە کە ڕێگەی نەداوە تاکی کورد بە زمانی دایکی بخوێنێ. تەنانەت، ڕێگە نەدراوە کە وەک لە قانووندا هاتووە، وانەیەکی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێ. بەڵام، ئەوە هەموو چیرۆکەکە نییە. باهەمی ئەو کەمایەسیانەی سیاسەتی زمانی وڵاتی ئێران هەیەتی، زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران، بە شێوەیەکی ڕەها قسەی پیدەکرێ و کاروباری رۆژانەی نیوماڵ و پەروەردە و بازار و ڕاگەیاندنی پێ بەڕێوە دەچێ. لە وەها حالەتێکدا، وشیاری زمانی سەبارەت بە جەستەی زمان ئەرکێکی گرنگ لە پاراستن و گەشەی زمانەکەدا دەبینێ.
 کەواتە، بە پشت بەستن بە وشیاری زمانی و بە سەرنجدان بە جۆری ئاخاوتن و ماکەکانی جەستەی زمان، تاکی کورد دەتوانێ ئەم دەسکەوتانە مسۆگەر بکا: ١. خزمەتی جەستەی زمانەکەی بکا، ٢. ئاستی ڕۆشنبیری خۆی دەربخا، ٣. شوناسێکی زیاتر بە خۆی و زمانەکەی ببەخشێ، ٤. ڕەوتی بە ستاندارد کردنی زمانەکەی خێراتر بکا، ٥. لە دەرفەتە قانوونییەکان سوود وەربگرێ و مەجالەکانی بەرینتر بکاتەوە، ٦. ڕەنج و ماندوو بوونی بەرەکەنی بەر لە خۆی بە فیرۆ نەدا، ٧. سەربەخۆیی و جوانی و پاراوی زمانەکەی زیاتر نیشان بدا و ٨. چێژ بە بیسەرانی ببەخشێ و کاریگەری زیاتر لە سەر بەرامبەرەکەی دابنێ.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سه لیم دیمۆکری ۱۳۹۹/۳/۲۶
ڕێزو حورمه تم هه یه بۆ جه نابی ئاغای دوکتوور سه عد قازی ئوستادی گه وره ی زمان وه ئه ده بی کوردی
له پێش دا ئه وه ی بڵیم که ئه من خۆم به که سایه تیکی شاره زا له بوواری زمان وه ئه ده بی کوردی نازانم ' به ڵام به هۆی گرێنگی پێدانم به زمانو فه رهه نگه که مان 'زۆر جار ده بینم وه هه ست به ئاڵوگۆڕی له جه سته ی زمانه که مان دا ده که م . به بڕوای من به شێکی گه وره و به رچاووی ئه و ئاڵوگۆڕیی نه خۆازراوه ' له کاتی مناڵی ڕا به هۆی نه بوونی مافی خوویندن به زمانی نه ته وه یمان ' له قووتابخانه کاندا ' وه دوور که وتن له فه رهه نگو ئه ده بی ڕه سه نه که مان دا ده ست پی ده کات . وه هه ر ئه وه ش بۆته ' هۆکاری سه ره کی ئه و کوسپه گه وره یه .
لێره دایه که پێویسته زانایان وه پسپۆڕانی بوواری ئه ده ب وه فه رهه نگه که مان وه کو پاریزه رانی دیکه ی نیشتمان ' چاوه دێری وه پێداچوونه وه به سه ر ئه و بابه تانه دا بکه نه وه ' وه به له هیڵه گ دانو به ردبژیر کردنی وشه و وه زاراوه کانی نامۆ که به ئه سپایی وه به شێوه یه کی نه خۆازڕاو له نێو کۆمه ڵگادا جیگایان کردۆته وه ' ئه ده بو فه رهه نگی نه ته وه یمان بپاریزن .
به سپاسه وه ـ سه لیم دیمۆکری
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

اسعد خوشنود ۱۳۹۹/۱/۲۳
دەستیان خۆش بێ ئەو بابەتەی ورووژاندویانە یەکجار گرینگە، بەلەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستیە کە بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە پێویستە هاوکات و لەتەواوی بوارە پێوەندی دارکان بە زمان کار بکرێ، پێشنیارێکم هە ئەویش ئەمەیە: بە کوردی ئاخاوتن بکەینە شانازی، لە پێشدا لە ناو ئەو کۆڕە خۆبەخشانە و دامەزراوە مەدەنیانە، ئەو لاوە خوێن گەرمانەی لە حاستی کۆمەڵگا هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەن، بەدڵنیایەوە کاتی بۆ دادەنێن و حەولی بۆ دەدەن ئەوان دەبنە وێنە و نموونە بۆ باقی کۆمەڵگا. بەسپاسەوە
0
1
پاسخ به این اظهارنظر

نیعمەتی راد ۱۳۹۹/۱/۲۳
وێڕای سڵاو دەست خۆشی لە ئاغایی دوکتور دەکەم ئەمن پێم وایە پێویستە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی وەک هاژە دەبێ کارناسێکی زمانی کوردیشیان لەگەڵ هاوکار بێت و لانی کەم ئەو پۆستانەی بە شێوەی نوسراوەن ئەگەر بە زمانی کوردی دایدەنێن کوردییەکی درووست و ڕەسەن بێت نە ئەوەکە دەقی قسە کانی ئاخێوەران بڵاو کەنەوە دیسانیش سپاسی دوکتور سەعدی قازی دەکەین

نظر خود را براي ما ارسال كنيد