تاریخ: ۱۳۹۹/۱/۲۳
وشیاریی زمانی!
د. سەعد قازی
 
لە وتووێژی ئەو ڕۆژانەی هاژەڕا دەردەکەوێ، کە زمانی ئاخێوەران ئالوگۆڕیکی زۆری بەسەردا هاتووە. ئەو ئالوگۆڕانە، ئەو پرسیارە دروست دەکا، کە گەلۆ... ئەوە ڕەوتی ئاسایی ئالوگۆڕی زمانی کوردییە و وازی لێ بهێندرێ باشە، یا شێواندنی زمانی کوردییە و پێویستە لە بەرامبەریدا هەلوێستمان هەبێ؟ ئایا وەک "هاڵ" دەلێ واز لە زمانەکەمان بێنین  و لێی بگەڕیین بۆ کوێ دەچێ بچێ، یا وەک فیشمەن دەڵێ، وازی لێ نەهێنین، بەڵکوو خەمی لێ بخۆین و بە وشیاری خۆمان پلانی بۆ دابرێژین و بیپارێزێن و داهاتوویەکی گەشی بۆ بنەخشێنین؟  لێرەدا هەوڵ دراوە، بە پشت بەستن بە تیۆرەکانی سەر بە پلانداڕیژیی زمانی، کە دەکەونە بواری زمانناسی کۆمەڵایەتییەوە، بە خێرایی وڵامی ئەو پرسیارانە بدرێتەوە. 
١. پلانداڕێژیی پێگە: زۆربەی هەرەزۆری ئەو کەسانەی کە هاژە گفتوگۆی لە گەڵ کردوون، لە فەرماندارەوە بگرە هەتا دکتورەکان و مامۆستایان و نوسەران و ڕووناکبیران و بازاری و خەڵکی ئاسایی سەرشەقام، بە زمانی کوردی وڵامیان داوەتەوە. ئەوە پەیوەندی بە پلانداڕێژیی پێگەی زمانییەوە هەیە و دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی پێگەی زمانی کوردی. ئاخاوتن بە زمانی کوردی، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، سەرەڕای ئەوەی پێگەی زمانەکە بەرز دەکاتەوە هاوکاری بە ستاندارد بوونی زیاتری زمانی کوردیش دەکا. ئەمیر حەسەنپوور لە سەر ئەم بابەتە دەڵێ، یەکێک لە پێداویستییەکانی بە ستاندارد بوونی زمان ئەوەیە، کە زۆربەی خەڵک پێی بدوێ و لە بوارە جیاوازەکانی ژیان دەکاری بکا (حەسەنپوور، ٢٠١٤: ١٠٩). واتە، ئەوە ڕەوتێکی باشە و جێی خۆیەتی کە بە سپاس و ڕێزەوە بۆ بڕوانرێ. 
٢. پلانداڕێژیی جەستە: چۆنییەتی ئاخاوتن و مامەڵە کردن بە ماکەکانی جەستەی زمان لە ئاخاوتندا، پەیوەندی بە پلانداڕێژیی جەستەی زمانەوە هەیە. چۆنییەتی ئاخاوتن جگە لە جەستەی زمان، کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر پێگەی زمان هەیە. ئێستا لە ڕووی ئەو چەند نموونەی خوارەوە کە بەشێکن لە ئاخاوتنی ئاخێوەرانی مەهابادی زیاتر دەپەرژێینە سەر ئەم بابەتە.
* "لە مەرحەلەی ئەوەلدا ئەمە ئیقداممان بە تەهەییە و تەوزیعی مەلزووماتی پزیشکی بۆ بیمارستان کرد."
* "بە دەرخاستی زۆرێک لە خەیرینی شار و مەنتەقە، تەوزیعی پەکی غەزایی و بەستەی مەعیشەتیمان  شرووع کردووە، ئێستا بەرەو  کامیل بوونە کە بگاتە دەستی نیازمەندانی واقیعی."
* "بۆ شناسایی ئەو ئەفرادەی کە زەربەی کاریان وێ کەوتووە."
* "کمکهایەکیان دە حیسابی سازمانی نیزام پزیشکی کردووە، کە ئەمە بەو کۆمەگانە ئەقلامێکی بۆ ئەو کەسانە کە  لە نەزەر مەعیشەتی دوچاری موشکیل بوون و ئیحتیاجیان هەیە تەهەییە دەکەین."
ئەگەر لە ڕوانگەی جەستەی زمانەوە ئەم ئاخاوتنانەی سەرەوە هەڵسەنگێندرێن، دەردەکەوێ، کە سەرنج نەدراوەتە وشە، ڕێزمان و نۆرمی بەکارهێنانی زمانی کوردی کە بەشێکن لە جەستەی زمان. واتە لادانە لەو ستانداردە زمانییەی، لە سەدساڵی رابردوودا، کورد بە زەحمەتێکی زۆر بەرهەمی هێناوە. بەشێک لە هۆی ئەم جۆرە هالۆزییە، سیاسەتی زمانی ئەم وڵاتەیە کە ڕێگەی نەداوە تاکی کورد بە زمانی دایکی بخوێنێ. تەنانەت، ڕێگە نەدراوە کە وەک لە قانووندا هاتووە، وانەیەکی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێ. بەڵام، ئەوە هەموو چیرۆکەکە نییە. باهەمی ئەو کەمایەسیانەی سیاسەتی زمانی وڵاتی ئێران هەیەتی، زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران، بە شێوەیەکی ڕەها قسەی پیدەکرێ و کاروباری رۆژانەی نیوماڵ و پەروەردە و بازار و ڕاگەیاندنی پێ بەڕێوە دەچێ. لە وەها حالەتێکدا، وشیاری زمانی سەبارەت بە جەستەی زمان ئەرکێکی گرنگ لە پاراستن و گەشەی زمانەکەدا دەبینێ.
 کەواتە، بە پشت بەستن بە وشیاری زمانی و بە سەرنجدان بە جۆری ئاخاوتن و ماکەکانی جەستەی زمان، تاکی کورد دەتوانێ ئەم دەسکەوتانە مسۆگەر بکا: ١. خزمەتی جەستەی زمانەکەی بکا، ٢. ئاستی ڕۆشنبیری خۆی دەربخا، ٣. شوناسێکی زیاتر بە خۆی و زمانەکەی ببەخشێ، ٤. ڕەوتی بە ستاندارد کردنی زمانەکەی خێراتر بکا، ٥. لە دەرفەتە قانوونییەکان سوود وەربگرێ و مەجالەکانی بەرینتر بکاتەوە، ٦. ڕەنج و ماندوو بوونی بەرەکەنی بەر لە خۆی بە فیرۆ نەدا، ٧. سەربەخۆیی و جوانی و پاراوی زمانەکەی زیاتر نیشان بدا و ٨. چێژ بە بیسەرانی ببەخشێ و کاریگەری زیاتر لە سەر بەرامبەرەکەی دابنێ.