زۆرێك لە خانمان لەكاتی دووگیاندا دوو چاری ئازاری پشت دەبنەوە، كەئەم حاڵەتە خانمان بێزار دەكات بەتایبەتی لەكاتي خەودا، وەستانی زۆر بەپێوە و هیلاكی و كەمی جوڵە و ئەنجام نەدانی وەرزش یەكێكە لەهۆكارەكان بۆ توشبون بە ئازاری پشت لەكاتی دووگیانیدا، پزیشكێكی پسپۆڕیش باس لەوەدەكات، لە % ٥۰ ئەو خانمانەی لە كاتی دووگیانی توشی پشت ئێشە دەبن دوای تەواوبونی ماوەی دووگیانی ئازارەكەیان نامێنێت.
هۆكارەكانی ئازاری پشت لەكاتی سكپڕی
د. هەڤین كەمال،ئەندامی ئەكادیمییای ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن، دەڵێت" زیاتر لە ( % ٥۰ ) ئەو خانمانەی دووگیانن تووشی پشت ئێشە دەبن و زۆربەیان دوای لە دایك بوون ئازارەكەیان كەم دەبێتەوە یان نامێنێت، لە هەمان كات بەشێكی خانمان پاش مناڵ بوون تووشی ئازاری پشتی دەبن یاخود زیاتر دەبێت"
1.زیاد بوونی كێش:- كاتی دووگیانی ئاسایی خانمان ( ۱۳- ۲۷ ) كیلۆگرام كێشیان زیاتر دەبێت، ئەمەش فشارێكی زیاتر لە سەر بڕبڕەكانی لەش دروست دەكات ۰
2. گۆڕانی هۆڕمۆنەكان : هۆرمۆنی ڕێلاكسین دەڕێژرێت بۆ خاوبوونەوەی بەستەرەكانی ناوچەی حەوز و نەرمبوونی جومگەكان بۆ ئامادە بوون بۆ مناڵ بوون، هەمان هۆڕمۆن دەبێتە هۆی بێهزبوونی بەستەر و جومگەكانی بڕبڕەی پشت.
3.گۆڕانی خاڵی فشاری لەش :- بە هۆی گەورە بوونی قەبارەی سكەوە پشت زیاتر بەرەو پێشەوە دەچەمێتەوە تەنانەت بێ ئەوەی خۆت بنووشتێنیەوە ۰
4.جیابوونەوەی ماسولكەیەكی بەهێزی دیواری سك لە یەكتر بۆ ڕێگەدان بۆ گەورەبوونی قەبارە و كێشی مناڵدان كە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی پشت ئێشە ۰
5. دڵەڕاوكێ و قەلەقی : لە كاتی سكپڕی زیاتر دەبێت بە هۆی ترس و چاوەڕوانی لە دایك بوونی منداڵێكی تازەوە ۰
6. كەمی كالسیۆم و ڤیتامین ( D ) و مەگنسێوم : بە هۆی دروست بوونی كۆرپەلەوە و گرنگی نەدان بە خواردنی تەندروستەوە ۰
7. زیادبوونی نیشانەكانی كێشەی ئینزلاق و نەخۆشیەكانی تری جومگەكان ئەگەر پێش سكپڕی هەبوو بێتن و ڕەنگە دەست نیشان نەكرابن یا وەك پێویست چارەسەر نەكرابن .
8. هەوكردنی جومگەی حەوز :- زۆر باوە كاتی سكپڕی.
9. وەستانی زۆر بەپێوە و هیلاكی و كەمی جوڵە و ئەنجام نەدانی وەرزش ۰
شێوازی چارەسەركردنی
ئەو پزیشكە پسپۆڕە،شێوازەكانی چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە بەم جۆرە دەخاتە ڕوو:
• زیادكردنی جووڵە و رۆیشتن بە پێ و ئەنجام دانی وەرزشی گونجاو ڕۆژانە ۰
• دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی كەمی ڤیتامین و كانزاكان لە ڕێگەی خۆراكی تەندروست و گونجاوەوە ۰
• بەكارهێنانی حەپی پاراسیتامۆڵ كاتی ئازاری زۆر و بە بڕی كەم ۰
•پابەند بوون بە هەندێ ڕێنمیایی پزیشكییەوە سەبارەت بە شێوازی پاڵ كەوتن و دانیشتن و وەرزش و شت هەڵگرتنەوە.
ئەوەشی ووت، پێویستە لەكاتی بوونی ئازارێكی زۆر بە بەردەوامی و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك كە بە پشوو دان نەڕوات یان نەهێڵێت بخەویت و بوونی ئازار یان هاتنی ئازارەكە بۆ سمت و قاچ و پێ، هەروەها بوونی سڕ بوون و تەزین و هاتنی تەزوو و مێرولەكردن بە پەنجە و پێ و قاچ دا سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت.