تاریخ: ۱۳۹۸/۷/۲۴
بۆچی خانمان لەكاتی دوگیانی توشی پشت ئێشە دەبن؟
زۆرێك لە خانمان لەكاتی دووگیاندا دوو چاری ئازاری پشت دەبنەوە، كەئەم حاڵەتە خانمان بێزار دەكات بەتایبەتی لەكاتي خەودا، وەستانی زۆر  بەپێوە و هیلاكی و كەمی جوڵە و ئەنجام نەدانی وەرزش یەكێكە لەهۆكارەكان بۆ توشبون بە ئازاری پشت لەكاتی دووگیانیدا، پزیشكێكی پسپۆڕیش باس لەوەدەكات، لە  % ٥۰  ئەو خانمانەی  لە كاتی دووگیانی توشی پشت ئێشە دەبن دوای تەواوبونی ماوەی دووگیانی ئازارەكەیان نامێنێت.
‎‎ هۆكارەكانی ئازاری پشت لەكاتی سكپڕی
‎د. هەڤین كەمال،ئەندامی ئەكادیمییای ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن، دەڵێت" زیاتر لە ( % ٥۰ ) ئەو خانمانەی دووگیانن تووشی پشت ئێشە دەبن و زۆربەیان دوای لە دایك بوون ئازارەكەیان كەم دەبێتەوە یان نامێنێت، لە هەمان كات بەشێكی خانمان پاش مناڵ بوون تووشی ئازاری پشتی دەبن یاخود زیاتر دەبێت"
1.‎زیاد بوونی كێش:- كاتی دووگیانی ئاسایی خانمان ( ۱۳- ۲۷ ) كیلۆگرام كێشیان زیاتر دەبێت، ئەمەش فشارێكی زیاتر لە سەر بڕبڕەكانی لەش دروست دەكات ۰ 
2. گۆڕانی هۆڕمۆنەكان : هۆرمۆنی ڕێلاكسین دەڕێژرێت بۆ خاوبوونەوەی بەستەرەكانی ناوچەی حەوز و نەرمبوونی جومگەكان بۆ ئامادە بوون بۆ مناڵ بوون، هەمان هۆڕمۆن دەبێتە هۆی بێهزبوونی بەستەر و جومگەكانی بڕبڕەی پشت.
3.گۆڕانی خاڵی فشاری لەش :- بە هۆی گەورە بوونی قەبارەی سكەوە پشت زیاتر بەرەو پێشەوە دەچەمێتەوە تەنانەت بێ ئەوەی خۆت بنووشتێنیەوە ۰ 
4.جیابوونەوەی ماسولكەیەكی بەهێزی دیواری سك لە یەكتر بۆ ڕێگەدان بۆ گەورەبوونی قەبارە و كێشی مناڵدان كە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی پشت ئێشە ۰ 
5. دڵەڕاوكێ و قەلەقی : لە كاتی سكپڕی زیاتر دەبێت بە هۆی ترس و چاوەڕوانی لە دایك بوونی منداڵێكی تازەوە ۰ 
6. كەمی كالسیۆم و ڤیتامین ( D ) و مەگنسێوم : بە هۆی دروست بوونی كۆرپەلەوە و گرنگی نەدان بە خواردنی تەندروستەوە ۰ 
7. زیادبوونی نیشانەكانی كێشەی ئینزلاق و نەخۆشیەكانی تری جومگەكان ئەگەر پێش سكپڕی هەبوو بێتن و ڕەنگە دەست نیشان نەكرابن یا وەك پێویست چارەسەر نەكرابن .
8. هەوكردنی جومگەی حەوز :- زۆر باوە كاتی سكپڕی.
9. وەستانی زۆر بەپێوە و هیلاكی و كەمی جوڵە و ئەنجام نەدانی وەرزش ۰ 
‎ شێوازی چارەسەركردنی 
ئەو پزیشكە  پسپۆڕە،شێوازەكانی چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە بەم جۆرە دەخاتە ڕوو: 
•‎ زیادكردنی جووڵە و رۆیشتن بە پێ و ئەنجام دانی وەرزشی گونجاو ڕۆژانە ۰ 
• دەست نیشانكردن و چارەسەركردنی كەمی ڤیتامین و كانزاكان لە ڕێگەی خۆراكی تەندروست و گونجاوەوە ۰ 
• بەكارهێنانی حەپی پاراسیتامۆڵ كاتی ئازاری زۆر و بە بڕی كەم ۰ 
•پابەند بوون بە هەندێ ڕێنمیایی پزیشكییەوە سەبارەت بە شێوازی پاڵ كەوتن و دانیشتن و وەرزش و شت هەڵگرتنەوە.
ئەوەشی ووت، پێویستە لەكاتی ‎ بوونی ئازارێكی زۆر بە بەردەوامی و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك كە بە پشوو دان نەڕوات یان نەهێڵێت بخەویت و بوونی ئازار یان هاتنی ئازارەكە بۆ سمت و قاچ و پێ، هەروەها بوونی سڕ بوون و تەزین و هاتنی تەزوو و مێرولەكردن بە پەنجە و پێ و قاچ دا  سەردانی پزیشكی پسپۆڕ  بكرێت.