تاريخ: ۱۳۹۸ جمعه ۱۷ خرداد ساعت ۱۱:۴۳ | بازدید: 3461 نظرات: 0 کد مطلب: 11111 |
ناوەندی لێکۆڵینەوەی
پزیشکیی منداڵان لە ئەمریکا دەڵێ منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ نابێ سەیری تەلەڤیزیۆن
بکەن.
منداڵەکەتان کار بە ئایپەد و موبایل و تەبلێت دەزانێ و ئێوەش گەزگەز باڵا دەکەن و لە کۆڕ و کۆمەڵدا ئەوە باس دەکەن و دەڵێن منداڵی ئێستا زیرەک و پیتۆڵن. بەڵام ئەوە نیشانەی زیرەکی منداڵ نییە. گەمەکردنی منداڵان بەو جۆرە کەرەسانەش کە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتان گونجاو نییە زیاتر کەمتەرخەمی و خەمساردی ئێوە دەگەیەنێ، نەک هۆش و زیرەکی منداڵەکەتان.
توانایی منداڵی خوار تەمە 3 ساڵ لە کایەکردن بە موبایل و ئایپەد هیچ شانازییەکی نییە، چونکی جیا لەوەی زیان بە مێشکی منداڵەکە دەگەیەنێ، بوار بۆ ئێعتیاد و گیرۆدەیی منداڵ بە ئێنتێڕنێت و کایه کامپیوتێڕییەکان لە داهاتوودا زیاتر خۆش دەکا. ئەوەش زۆر زیاتر لە گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو منداڵە زیانبارە.
منداڵ بە بزۆزی و جموجۆڵ و پێوەندییەکان گەشە دەکا و ساغ دەمێنێ. کاتێک منداڵ بەردەوام سەیری تەلەڤیزیۆن دەکا، پتر لەوەی کەسێکی بەپرسیار بێ، دەبێتە بینەرێکی بێ پرسیار.
نیشانەکانی خووگرتوویی منداڵان بە موبایل و تەبلێت کامانەن؟
· لەگەڵ ئەوەی ڕۆژێک موبایل و تابلێتی پێنەبێ تووشی بێ تاقەتی و خەمۆکی دەبێ.
· لە کاتی ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێدا دەسبەجێ موبایل و تەبلێتەکەی دەست دەداتێ.
· هۆگرییەکی ئەوتۆی بە یاری و سەرقاڵی دیکە نامێنێ.
· هەموو جارێ داوای کاتی زیاتر بۆ گەمەکردن و خۆخافڵاندن بەوان دەکات.
· بە دزی و دوور لە چاوی دایک و باوکی یاری بە موبایل و تەبلێت دەکات.
زەین و مێشکی منداڵ وەک کاسێتێکی خام وایە کە لە توانایی وەرگرتنی هەموو شتێکی هەیە، پێویست دەکات دایک و باب بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ مندڵ بکەن و لەگەڵی بجووڵێنەوە. کایە کردن بیری منداڵ بەرەو گەشە دەبات و دنیای ئارەزووەکانی تاو دەدات. دایک و باوکەکان ئاگادار بن کە منداڵی 2 هەتا 7 ساڵان تەنیا بۆی هەیە ڕۆژانە نیو سەعات و ئەو پەڕەکەی دوو نیو سەعاتی، واتە کاتژمێرێک سەیری تەلەڤیزیۆن بکا.
|