تاریخ: ۱۳۹۸/۳/۱۷
کاریگەری سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و ياری بە موبایل لەسەر منداڵان

 ناوەندی لێکۆڵینەوەی پزیشکیی منداڵان لە ئەمریکا دەڵێ منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ نابێ سەیری تەلەڤیزیۆن بکەن.

 

توێژینەوەی ئەو ناوەندە دەریخستووە کە منداڵانی خوار تەمەن 7 ساڵ لە بڕی هەر یەک سەعات سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن 10% مەترسیی کەم زەینی لەواندا زیاتر دەبێ.

منداڵەکەتان کار بە ئایپەد و موبایل و تەبلێت دەزانێ و ئێوەش گەزگەز باڵا دەکەن و لە کۆڕ و کۆمەڵدا ئەوە باس دەکەن و دەڵێن منداڵی ئێستا زیرەک و پیتۆڵن.  بەڵام ئەوە نیشانەی زیرەکی منداڵ نییە. گەمەکردنی منداڵان بەو جۆرە کەرەسانەش کە لەگەڵ تەمەنی منداڵەکەتان گونجاو نییە زیاتر کەمتەرخەمی و خەمساردی ئێوە دەگەیەنێ، نەک هۆش و زیرەکی منداڵەکەتان.

توانایی منداڵی خوار تەمە 3 ساڵ لە کایەکردن بە موبایل و ئایپەد هیچ شانازییەکی نییە، چونکی جیا لەوەی زیان بە مێشکی منداڵەکە دەگەیەنێ، بوار بۆ ئێعتیاد و گیرۆدەیی منداڵ بە ئێنتێڕنێت و کایه کامپیوتێڕییەکان لە داهاتوودا زیاتر خۆش دەکا. ئەوەش زۆر زیاتر لە گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر بۆ ئەو منداڵە زیانبارە.

منداڵ بە بزۆزی و جم‌وجۆڵ و پێوەندییەکان گەشە دەکا و ساغ دەمێنێ. کاتێک منداڵ بەردەوام سەیری تەلەڤیزیۆن دەکا، پتر لەوەی کەسێکی بەپرسیار بێ، دەبێتە بینەرێکی بێ پرسیار.

نیشانەکانی خووگرتوویی منداڵان بە موبایل و تەبلێت کامانەن؟

· لەگەڵ ئەوەی ڕۆژێک موبایل و تابلێتی پێنەبێ تووشی بێ تاقەتی و خەمۆکی دەبێ.

· لە کاتی ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێدا دەسبەجێ موبایل و تەبلێتەکەی دەست دەداتێ.

· هۆگرییەکی ئەوتۆی بە یاری و سەرقاڵی دیکە نامێنێ.

· هەموو جارێ داوای کاتی زیاتر بۆ گەمەکردن و خۆخافڵاندن بەوان دەکات.

· بە دزی و دوور لە چاوی دایک و باوکی یاری بە موبایل و تەبلێت دەکات.

زەین و مێشکی منداڵ وەک کاسێتێکی خام وایە کە لە توانایی وەرگرتنی هەموو شتێکی هەیە، پێویست دەکات دایک و باب بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ مندڵ بکەن و لەگەڵی بجووڵێنەوە. کایە کردن بیری منداڵ بەرەو گەشە دەبات و دنیای ئارەزووەکانی تاو دەدات. دایک و باوکەکان ئاگادار بن کە منداڵی 2 هەتا 7 ساڵان تەنیا بۆی هەیە ڕۆژانە نیو سەعات و ئەو پەڕەکەی دوو نیو سەعاتی، واتە کاتژمێرێک سەیری تەلەڤیزیۆن بکا.