بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی هاژه، نوێترین بەرهەمی نووسەری بەتوانا "عەزیز وەلیانی" بە ناوی تاسەی قەڵەم لە لایەن ناوەندی نەشری ژیر بڵاو کرایەوە.
"تاسەی قەڵەم" کە لەخۆگری کۆمەڵە وتارەکانی ئەم نووسەرەیە لە سایزی وەزیری و لە ٦٥٦ لاپەڕەدا لە چاپ دراوە.
ناوەندەکانی فرۆش و بڵاو کردنەوە تاسەی قەڵەم بریتین لە:
مەهاباد، کتێبفرۆشی گزینگ، شەقامی سەلاحەددینی ڕۆژاوا، ڕووبەڕوی بانکی میللی
سەقز، کتێبفرۆشی خانی _ نەشری گوتار
لە پشت بەرگی ئەم کتێبەدا نووسەرە دەڵێ:
"لە مەڵبەندێکی ئەوتۆدا قەڵەم چۆن بسەکنێ کە لووزەوی فرمێسکی چارەڕەشان بەری سووتانی دڵ ناگرێ؟ قەڵەم جۆن لە نووسین بوەستێ کە هاوار بۆ نان و ژیان لە بن باڕستی ڕنووان دەخنکێ؟ قەڵەم چۆن ڕۆبندرێ کە مەنجەنیقی مەینەت و بێبەشی و... گەنج و لاوانی وڵات تاو دەدا کە ڕا کەن بەرەو هەندەران، بەرەو چارەنووسی نادیار، دە جا، قەڵەم! بە نووکی بە بڕشت کێوی غەم و پەژارە تێکڕمێنە و پێ بنێ هەرێمی هەراوی هیوا و هومێد بۆ نەخشاندنی کۆشکی تاسە و ئاواتە پیرۆزەکانت. سەرلەنوێ، دیسان بنووسەوە بۆ نەمانی شەڕ، بۆ نەمانی دەرد و میحنەت، بۆ یەک بوون و ڕێز لە کەڕامەتی ئینسان. بنووسە بۆ هەورەکان. بە خوڕ ببارێنن، با لە جێی گۆلاوە شلوێ و لیخنەکان، جاڕەگوڵی سەربەستی بڕوێن. بنووسە لە پێناو تاسەی وڵاتێکی پڕ شکۆ و ئاوەدان. بنووسە پیرۆزبایی لە بەهارێکی هەتاهەتایی..."
شیاوی ئاماژەیە بەرهەمێکیتر لەم نووسندەیە ئامادەی چاپه بە ناوی"پرتوی از دیدار کهن" (تحقیقی در مبانی ادبیات فولکلور کوردی) کە ١٠ بەش لەخۆ دەگرێ.
عەزیز وەلیانی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٣٤ هەتاوی لە گەڕەکی "ئەرمەنیان"ی مەهاباد لە بنەماڵەیەکی پڕ عایلە چاوی بە دنیا پشکوت. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەم شارە تێپەڕ کردووە. ساڵی ١٣٥٥هـ بۆ خوێندن لە زانستگای ڕاهێنانی مامۆستا، دەچتە شاری ورمێ. ساڵی ٥٧ی هەتاوی هەر لەم شوێنە شەهادەی باندیپلۆم لە لقی زانستە ئەزموونییەکان (علوم تجربی) وەردەگرێ و قوتابخانەکانی مامناوەندی (راهنمایی) دەرس دەڵێتەوە.
ساڵی ٥٩ی هەتاوی لە لایان ئیدارەوە، قوتابخانەی ئاوایی ئیندرقاشی بەردەکەوێ و پاش نیوەڕۆکان بە هاندان و ڕێنوێنی مامۆستا قزڵجی، وانەی ڕێنوسی کوردی (نووسین و خوێندنەوە) دەڵێتەوە.
دووەم ئەزمونی خۆی بە وەرگێڕانی "جامعە و تولید" تاقی دەکاتەوە کە بەداخەوە نوسخەی دەستنووسەکەی بەر لەوەی ڕووی چاپ بە خۆیەوە ببینێ تێدادەچێ و دەفەوتێ.
لە ساڵەکانی حەفتادا بە وەرگێڕانی چەند کورتەچیرۆک و نووسینی چەند وتار لە مەڕ ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی و... هاوکاری خۆی لەگەڵ گۆڤاری سروە درێژە پێدەدا.
هەر لە سەرەتای چاپ و بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری مەهاباد لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٠ی هەتاویدا بە نووسینی وتاری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی هاوکاری ئەم گۆڤارەی کردووە. لە ژمارەی ٢٥ڕا تا ئێستاشی لەگەڵ (ژمارەی ٢٠٧) وەک ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤار چالاکی نواندووە. وەک خۆی دەڵێ لە سایەی ڕێنوێنی مامۆستایانی بلیمەتی ئەم ناوەندە، گەلێ ئەزمونی وەسەریەک ناون و ئێستاش وەک قوتابییەک دەڕوانێتە بەستێنی هەراوی فێربوون و تێگەیشتن.
ژیلەمۆ وەک یەکەم کتێبی چاپکراوی نووسەر بە ئەژمار دێ، هەروەها ساڵی 1396 کتێبی "کارەساتێکی مێژوویی" ڕووی چاپی بەخۆیەوە دی. نێوەرۆکی کتێبی ناوبراو، هەوڵێک بوو لە پێناو بزر نەبوونی جینایەتێکی سامناک لە سیاچاڵی مێژوودا. لە جۆزەردانی ١٣٩٧ چاپی دووەمی ئەم بەرهەمە بە ڕووبەرگ و دیزاینی جیاواز لە لایەن نەشری گوتار چاپ و بڵاو کرایەوە.