تاريخ: ۱۳۹۸ سه شنبه ۳۱ ارديبهشت ساعت ۰:۰ بازدید: 541      نظرات: 0      کد مطلب: 10944

وت‌ووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ عوسمان ڕەحمان‌زادە ناسراو بە "باوکه ژێپێتۆی ئێران"


·         عوسمان ڕەحمان‌زادە "ناچیتی" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە حەمامیانی بۆکان لەدایک بووە

·         بە "باوکە ژێپێتۆی ئێران" دەناسرێت

·         ناوبراو لە کارەکەی‌دا گرینگی بە داب و نەریت و کلتووری کۆنی کوردەواری داوە

·     لە بەشێکی کارەکەی‌دا سرنجی داوەتە ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کورددا هاتوون

·         تا ئێستا چەندین پێشانگای لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەڕێوە بردووە

·         پێشانگایەکی دایمی لە کارەکانی لە زێدەکەی خۆی "ناچیت" کردۆتەوە کە ١٦٠٠ دانه کەرەسە و شتی جۆراوجۆر لە خۆ دەگرێت

 

هاژه ـ چۆن بوو دەستتان بەو کارە کرد، ئایا ئەو شتە سرووشتی لە دەروونی ئێوەدا بوو یا لە شوێنێک فێری بوون؟

لەسەر ئەو بابەتە زۆر جار ئەو پرسیارەی ئێوەم لێکراوە، من کاتی منداڵیم، هەر وەخت کە بە ڕێگادا دەڕۆیشتم یا لە لە شاخ و کێو دەبووم، بە قووڕ، بەرد و دار حەتمەن شتێکم سازم دەکرد. من لە سەرەتادا ئەگەر دەستم بەو کارە کرد، لە پێش‌دا هۆگریم بە شتی تیژ وەکوو (چەقۆ و تەشوێ و...) بوو یا دەهاتم جێگای کەوچک و چەنگاڵ و جێ نەوار کاسێتم ساز دەکرد، جا یا لێیان دەستاندم، یا دەمبەخشی یا دەمفرۆشتن. دواتر هێنام چەند دانە شەوخاب ساز کرد و کەللەسەری باڵندە و پەلەوەرم لە تەنیشتی دەدا، خەڵک ئەو شتەیان زۆر بە کەیفێ بوو و پێشوازێکی لە ڕادەبەدەریان لێ کرد. هەر بە دوای ئەو شتانە‌دا دەستم گەرم بوو و چاکتر ڕاهاتم.

من هەشت منداڵم هەبوو، پیشەی ڕۆژانەشم بەنایی بوو، خوداخودام بوو لە ڕۆژێ‌دا نیو ساعەت یا ساعەتێکم کات هەبێ و لە دیوەکەی خۆم‌دا خەریکی کارێ بم. دیوەکەشم چکۆلە بوو، دڵۆپەی دەکرد، ئەگەر شەوێک باران و بەفر باریبایە، ئەو شەوە من خەوم نەدەبوو، بۆ ئەوەی تەڕ نەبن یان نایلۆنم تێدەهاڵاندن یان بۆ دیوێکی دیکە ڕامدەگوازتن. بەڕاستی بە منداڵەکانی خۆمەوە ئەوەندە ماندوو نەبووم، بەو کارەوە ئەوەندە ماندوو بووم.

هاژه ـ ئەو دەم کە دەستت باش ڕاهاتبوو، هەوەڵین شتێک کە سازت کرد چ بوو؟

هەر بە دوای ئەو پێشوازییەی دەوروبەرییەکانم، تەمام گرت کە جووت و گایەکی ساز کەم، ئەو دەم بە هەر کەسم دەگووت دەمهەوێ بە داری ئەو شتە ساز بکەم، پێیان دەگوتم: "نابێ، چۆن بە داری شتی وا ساز دەبێ؟" بەڵام بۆخۆم لەسەر ساز کردنی ئەو شتە سوور بووم، کە دەستم بە ساز کردنی ئەو "جووت و گایە" کرد، نزیکەی سێ مانگی خایاند، دەنگدانەوەیەکی سەیری لەسەر دەورووبەرم هەبوو، خەڵک بەو کارە زیاتریان هان دام و من بە تەشویقی ئەوان دڵگەرم‌تر دەبووم، جا بۆیە دواتر تەمام گرت کە بۆ ئەو جووت و گایە وەرزێر و مەزرا و زەوی و کێڵانی (هەر وەک مەزرایەکی ئاسایی) بۆ دانێم و جووت و گایەکە لە کێڵان خەم.

ئەو دەم کە لە شیراز پێشانگام دانابوو، نزیکەی چەندین جار لە لایەن مۆزەخانەی شیراز هاتن و داوای ئەو جووت و گایەیان کرد و گوتیان دەمانهەوێ لە مۆزەخانە بۆ دیتنی گەشتیارانی دانێین، ئەمنیش پێم فرۆشتن و ئێستا لە مۆزەخانەی شیراز داندراوە.

هاژه ـ پێشانگاکەتان لە گوندی ناچیت که‌نگێ کراوە‌‌ته‌وە؟

ئەو پێشانگایە پاییزی پار داندراوە، ئەگەر بتهەوێ ئەو پێشانگایە بە تەواوی و ڕێک و پێکی بچنی، ١٢٠ میتر درێژایی و دەوری ١٠ میتر پانی دەوێ. بەداخەوە چون لێرە جێگاکەم کەمە، زۆر یەک لە شتەکان دانەنراون. چون من بێجگە لە کلتوری ناوچەی کوردەواری، فەرهەنگ و داب و نەریتی ئازەریشم کار کردووە، بۆیە لە نەزەرم دایە، بەو بەری باخەکەدا، پێشانگاکە دەوری پێ لێدەمەوە و گەورەی کەمەوە.

 

هاژه ـ ئەو پێشانگایە چەند جۆر شتی تێدایە؟

لەو پێشانگایەدا وەرزەکانی ساڵ وەکوو (زستان و بەهار)، کشت‌وكاڵ، تۆو چاندن، ژن خواستن، کایەکانی کوردەواری، دیوەخانی ئاغا، دەرکی مزگەوت، مەراسیمەکانی کۆنی کوردەواری و... داندراون و زۆر شتیش ماوە کە دەبێ کاریان لەسەر بکەم. ئەو پێشانگایە ١٦٠٠ قەڵەم شتی تێدایە، بەڵام جارێ سەرەتای کارە و زۆری ماوە تا تەواو بێ. ٣٥ ساڵە کاری لەسەر دەکەم، ئەگەر دوو ٣٥ ساڵی دیکەش کاری لەسەر بکەم قەت تەواو نابێ و قەت لێی ماندوو نابم.

 

هاژه ـ وادیاره لەسەر کارەساتی هەڵەبجەش کارتان کردووە...

کاتێک که ئه‌و کارەساتەم لە ڕۆژنامەکاندا دەدیت و خەڵک باسی ئەو کیمیابارانەی دەکرد، ئەو شتە هاتە زەینمەوە و تەمام گرت کە منیش کاری لەسەر بکەم و مەجموعەیەکی بۆ ساز بکەم، ئەوەی کە تۆ دیتت، بەشێکی کەمی ئەو کارەساتەیە کە دامناوە، زۆر شتی ماوە و دەمهەوێ گەورەتری کەمەوە.

       

هاژه ـ لەو پێشانگایەدا گرینگێکی تایبەتتان داوە بە پەندی پێشینیان، ئەو شتە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئەمن کە زەینم دەدا خارەجییەکان کە سۆفال و کەرەسەی کۆنی خۆیان زیندوو دەکردەوە، پێشانی خەڵکیان دەدا و ئاماژەیان بە مێژوەکەی دەکرد، منیش هەر لەوەوە تەمام گرت کە پەندی پێشینیان لە کارەکەم‌دا بخزێنم و سرنجی تایبەتی بدەمێ. چون من هۆگریم بە ڕابردووی نەتەوەکەم هەیە، پێم خۆشە ئەوەندەی هەیە، دە ئەوەندەی دیکە کاری لەسەر بکەم و جوانتری بڕازێنمەوە تا بۆ داهاتووەکان بمێنێتەوە.

ئاواتی چەند ساڵەی منیش ئەوە بوو کە تا بۆخۆم زیندووم و ماوم کارەکانم لە پێشانگایەکی دایمی دانێم. زۆر حەول و تەقەلام لە کن بەرپرسان دا، ڕۆژێکی دەیانگوت لە کێوەڕەشی بۆکان جێگای بۆ دیاری دەکەین و... بەڵام هەر بەڵێنیان پێدام و چم لێ نەدیتن. ئەگەر شتەکانی ئەو پێشانگایە تێکەڵاو کەم، بێجگە لە خۆم هیچ کەسی دی بۆی لێک نادرێتەوە و ناتوانێ بیچنێتەوە. بەڵام من ئەو ١٦٠٠ شتە هەموویان وەک منداڵەکانی خۆم دەیانناسم، ئەگەر شتێکی کەم بێ یا لەجێی خۆی نەبێ، دەزانم دەستی دراوەتێ یا هەڵگیراوە یا بە هەڵە لە جێگای خۆی دانراوە.

پێرار لە لایان شارەداری بۆکان پێشانگام لە کوی محەممەدی دانا، سێڵاو هات و هەموو شتەکان وەسەر ئاو کەوتن و خەسار بوون، هەر ئەوە دەم لەگەڵ کوڕەکان تەمامان گرت ئەو شوێنە ئاوەدان کەینەوە و پەرەی پێ‌بدەین تا بەم جۆرە بە ئاواتی چەند ساڵەم بگەم.

            

هاژه ـ لە پێشانگا جلی کۆنی کوردەواری و غه‌یره کوردیت لە کن یەک داناون، چۆن بوو تەمات گرت شتی نوێش دانێی؟

بۆ ئەوەی ئەو کەسە سەری خۆی بخوێنێتەوە، دۆینێ چۆن بووە، ئەورۆ چۆنە، بزانێ لە ڕابردوودا چیان لەبەر دەکرد و ئەرزیشی خۆی و دایک و باب و کوردایەتی خۆی ببینێ. ئەو کارە بە شێوەیەک بۆ زەم کردنی ئەو کارە بوو کە خۆی ببینێتەوە و خۆی بخوێنێتەوە.

 

هاژه ـ ئەوەندەی ئاگادار بم لە شارەکانی‌تری ئێران (بێجگە لە شارە کوردەکان) پێشنیاری ئەوەیان پێداوی کە وا پێشانگاکەت بە شێوەی دایمی لەوێ بکەیەوە...

بەڵێ، زۆر جاران هەبووە، من لە جۆلفا بووم، ئێستاش هەر پەیوەندیم پێوە دەگرن، دەڵێن: "چت دەوێ دەددەینێ، ئەو شتانەی تۆ لەو کاروانسەرایە (کە لە قەراغ چۆمێکی بوو) وەک پێشانگایەکی دایمی دایدەنێین و ئەوێ بۆ دیتنی گەشتیاران ئاوەدان دەکەینەوە. من کە لێرە دڵم لە بەرپرسان سارد ببۆوە و بۆخۆشم ئەو تواناییەم نەبوو، دڵم لەگەڵ وان نەرم ببوو. دوایە لەگەڵ تاقمێک لە هونەرمەندان (وەک: برایانی قوڕەیشی و...) پەیوەندیم گرت و لەسەر ئەو بابەتە پرسم پێ کردن، کە ئەوە شتێکی ئاوا دەڵێن، ئێوە دەڵێن چی؟ ئەوان گوتیان ئەگەر ٤٠ – ٣٠ ساڵی دیکەش ئەو شتانەی تۆ لە نێو جەعبە و سەندووقان دابێ، نابێ ئەو کارەی بکەی، هەر لەسەر قسەی وان پەشیمان بوومەوە و شوکر بۆ خودا ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە پێشانگاکەم لە کن خۆمه.

 

هاژه ـ لە ساز کردنی شتەکان لە چ کەرەسە و مەوادێک کەڵکت وەرگرتووە؟

شتەکان هەموویان سازکراوی دەستی خۆمن، لە هیچ شتێکی بەرقی کەڵکم وەرنەگرتووە، بەڵکوو لە "تەشوێ، مشار، چەقۆ، کەرەسەی دەسکەنە، شیشە (لە سوور کردنەوەی ئەو بۆ قوڵ کردنی بەرچاو و ساز کردنی برۆ)" کەڵک وەردەگرم. ئەو دارەی کە من ئە شتانەی پێ دروست دەکەم، داری چنارە، دارێک کە ویشک بێ، گرێی نەبێ و خاو نەبێتەوە. ئێستا داری گێلاس و سێو بۆ ئەو کارە نابێ چون خاو دەبێتەوە و خوار دەبێ، بەڵام چنار ڕەقە و وای لێ نایەت.

 

هاژه ـ تا ئێستا چەند پێشانگاتان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران‌دا داناوە؟

لە ئێرا‌ندا تا ئێستا نزیکەی ٦٠ – ٥٠ جارم لە شارەکانی ئێران وەکوو تاران، شیراز، قەزوین، کرماشان، جوانڕۆ، بۆکان، مەهاباد و... داناوە و لە هەرێمی کوردستانیش کە دەعوەتی مام جەلال بووم لە شاری سلێمانیش دامناوە. قەرار وایە لە ژاپۆنیش داینێم، ئەگەر جێبەجێ بێ دەچم، دەنا بڕیارم داوە پێشآنگاکەم هەر لە شوێنی خۆی بێ و بۆ هیچ کوێ نەچم.

هاژه ـ تا ئێستا چ خەڵات گەلێکیان داوێی و نازناوی "باوکە ژێپێتۆی ئێران" لە کوێ بە بەڕێزتیان دا؟

لە گشتی ئەو شارانەی ئێران کە پێشانگام تێدا بەڕێوە بردووە، خەڵات و لەوحی ڕێزلێنانیان پێ بەخشیوم. ٦ – ٥ ساڵ لەوە پێش کە لە بورجی میلادی تاران پێشانگام دانابوو، تاقمێک لە هونەرمەندان کۆ ببوونەوە و لە سەر کارەکانی من جەلەسەیان پێک هێنابوو و هەر لەوێ بڕیاریان دابوو کە نازناوی "باوکە ژێپێتۆی ئێران" بە من ببەخشن.

 

هاژه ـ لەو شوێنانەی کە پێشانگاتان داناوە پێشوازی خەڵکی چۆن بووە؟

من هەر شوێنێک کە چووم، خەڵک پێشوازییەکی لە ڕادەبەدەریان لێ کردووە. لە بورجی میلادی تاران دوو کوڕ بابیان هێنابوو، ئەو پیاوە زۆر پیر بوو، هەر کە شتەکانی دی، واقی وڕمابوو، کەمێک دەچووە پێشێ و بە دەم گۆچانەکەوە چاوی لە شتەکان دەکرد کە بەسەر دەم کەوتە نێو شتەکان کە هەموو گیانی کاواوی و گێچاوی بوو. هێنایانە دەرێ و دانیشت، بە کوڕەکانی گووت:"ئەمڕۆ ناتوان چاوی لێ بکام، بەڵام سبەینێ دەبێ حەتمەن بمهێننەوە". بۆ سبەینەکەی کە هێنایانەوە، ئەو یەک دانی تەواو لە مۆزەخانەی نەچۆتە دەرێ و هەر تەماشای شتەکانی کردووە و گریاوە.

ئەو دەمیش کە لە بۆکان پێشانگام دانابوو، چاوم لێ بوو ژنێک لە کن ئاشەکە دانیشتبوو، سەیر دەگریا و فرمێسکی بە چاوانییەوە بەند نەدەبوو، منیش لێی چوومە پێش و گووتم: ئەوە بۆ دەگری؟ وتی: "من تاقە کچەی بابم بووم، ئاشەوان بوو، هەموو جارێ کە نانم بۆ دەبرد کە ئەمنی دەدی، باوەشی بۆ من دەکردەوە و ماچی دەکردم، ئەلان ئەو کابرایە کە خەریکی ئەو ئاردەیە، ئەوەم وا لە نەزەر دایە وەک ئەوەی بابم لەوێ بێ بۆم وایە..."

ئەو پێشانگایە ڕابردووی ئەو خەڵکەیە، هەر کەس کە سەیری ئەو شتانەی کردووە، بە جۆرێک چاوی لەو پێشانگایە کردووە، سەردەمی منداڵی خۆی یا ڕابردووی باب و باپیرانی خۆی وەبیر هاتۆتەوە.

 

هاژه ـ ئایا لەو مەجموعانەی کە سازتان کردوون، بە کەستان فرۆشتوون؟

بەڵێ، کەسی وا هەبووە، داواکاری شتی تایبەتی خۆی هەبووە و منیش بۆم ساز کردووە، لە مۆزەخانەی جوانڕۆش چند تیکە لە کارەکانی خۆم پێ فرۆشتوون.

هاژه ـ ئایا حەولت داوە کەسانێکیش فێری ئەو هونەرە بکەی؟

نەخشەی کارەکە دەروونییە، دەبێ ئەو کەسەی ئەو شتەی دەکا، تامەزرۆی بێ، کچێکم کە ڕشتەکەی خوێندنی تەڕاحییە، تا ڕادەیەک شتەکان دەناسێت، بەڵام ئەوەندەی کە حەولم داوە و کەرەستەم داوەتە دەستی، هەر بۆی جێبەجێ نەبووە. ئەلانیش هەر کەس پێی خۆشە فێری ئەو شتە بێ، من پێم خۆشە و پێشوازی لێ دەکەم.

هاژه ـ ئەو پێشانگایە تا چەندە توانیوێتی، هەلی گه‌شتیاری بۆ ناچیت و ناوچەی بۆکان بڕەخسێنێت؟

زۆر شوێندانەر بووە، ئێستا تاقمێک لە قوتابخانەکان، شاگردەکانیان هێناوە یا لە شارەکانی ئێران خەڵکێکی زۆر سەردانی کردووە و هەر کەس کە بۆ شاری خۆی گەڕاوەتەوە، حەتمەن تاریفی پێشانگاکە و شتەکانی کردووە و بۆ چەند ڕۆژ دواتر کەسانی دیکەی بۆ ئێرە ناردووە. چون پێشانگاکە شتێکی زیندووە، هەموو چین و توێژێک لە هەر ڕەگەز و نەتەوەیەک داخوازێتی.

هاژه ـ شتی تازەی دیکە چیتان لە نەزەر دایە بە پێشانگاکه‌ی زیادی بکەن؟

زۆر شتم لە نەزەر دایە، وەک ناکۆکی ژن بە ژنە، هەریشتە بڕینەوە، خەتەنەی منداڵان و... کە وردەوردە کاریان لەسەر دەکەم.

هاژه ـ زۆر سپاس که وڵامی پرسیارەکانی ئیـمه‌تان داوە.
دەست و چاوی ئێوەش خۆش بێ، ماندوو نەبن. 








ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد