تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۲۷ مهر ساعت ۱۰:۵۴ بازدید: 994      نظرات: 1      کد مطلب: 2082

بەنداو؛ خەسارێکی بەبێ گەڕانەوەیە!

ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)




ئەمڕۆکە جیا لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ناو کۆمەڵگاکان بەدی دەکرین، ڕووبەڕووی قەیرانی جۆراوجۆری دیکەش هاتووێنەوە کە هەر هەموویان بە هۆی دەست تێوەردان و هەڵەکانی مرۆڤ بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕۆن. وێدەچێ ئاستی ئەم دەست تێوەردانە لەناو سرووشتی دەوروبەرمان بە ڕادەیەک زەق بۆتەوە کە ئەگەری گەڕانەوەی بەشێک لە ئەوان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان زۆر ئەستەمە. بە پێی ئەم نزیکایەتییە، دەست بردن بۆ ژینگە بە مەبەستی بەرهەم هێنان و دەستەبەرکردنی قازانج – سەرمایەی زۆرتر بە لووتکەی مەترسیداری خۆی گەیشتووە.

دامەزراندنی کارگە و بەنداوەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسکەرەکان بە بیانووی پەرەپێدان و پێشخستنی کۆمەڵگا کاریگەرییەکی نەرێنی لە پاش خۆی جێهێشتووە. یەکێک لە گەڵاڵەکانی کە زۆرترین کارتێکەری لەسەر سرووشت و ژیانی گیانداران داناوە، کردەوەیی بوون و دامەزراندنی بەنداوەکانە. ئەم ڕەوتە لە ئاستی ئێران بەر لە شۆڕشی ١٩٧٩ بە پشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستی پێ کرد و ئەمڕۆکە لەسەر ناوی دەوڵەتەکان بەڕێوە دەچێ.

ئەم گەڵاڵەیە لە دەوڵەتی هاشمی ڕەفسەنجانی زۆرتر لە جاران گرینگایەتی پێدرا و بەنداوێکی یەکجار زۆر لە پارێزگاکان و لەم نێوانەدا لە ڕۆژئاوای ئێران ساز کران. ئەم قەوارە گەورەیە بوو هۆی ئەوەی کە لە داڕشتنی شێواز و شوێنی بەنداوەکان گوێ بە لێکۆڵینەوە زانستییەکان نەدرێ و لە بنەڕەتدا، تەواوی پاسا هێنانەوەکان لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ ئەم پرسە؛ لۆژیکی و ستراتیژیک وەبەرچاو کەوتن. هەربۆیە، قەت هیچ جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕین یا بەدواداچوونێک لە هەمبەر ئەو بەدی نەکراوە و خەسارە ژینگەییەکان لەلایەن دەوڵەت و دەسەڵاتداران کەم بایەخ سەیری کراون. ڕەنگە تەنیا پاساوێک کە دەوڵەتەکان لە ئێران پشتیان پێ بەستووە ئەوەیە کە "بەنداوەکان" سەرچاوەیەکی گرینگ و چارەنووسساز بۆ داهاتووی خەڵک، بەشی کشتوکاڵ و پیشەسازینە. بەڵام گەلۆ بە قووڵ بوونەوەی ئەم قەیرانە – کە ئێستا زۆربەی پارێزگاکان کێشە کەم ئاوی و بێ ئاوییان هەیە – ئەم بابەتە وەڕاست و دەگەڕێ؟

لەڕاستیدا، ئێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەموکووڕی و کێشەکانی دەرکەوتوو لە شێوازی ڕێوەبەرایەتی ئاوەکانی سەر زەوی دەبینین کە جێی تێڕامان و مەترسیدارە. ئەم بژاردەیە جیا لە کۆچبەری دانیشتووانی ناوچەکان هۆکاری تێکدانی ژینگە لە ڕووبەرێکی بەربڵاوتریشدا دەبێ. بەدڵنیایی، گۆڕانکارییەکانی لەم چەشنە کە بە شێوەیەکی دەستکردانە ڕوو دەدەن باندۆرێکی نەرێنی و پێچەوانەی نەک تەنیا لەسەر ژینگە بەڵکوو لەسەر بوون و نەبوونی مرۆڤ لەسەر زەویش دادەنێ.

بەگشتی، سازکردنی بەنداو لەلایەن دەوڵەتانەوە، ناڕەزایەتی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ناڕازییان لەسەر ئەم باوەڕەن کە ئەم کارە خەسارێکی بەبێ گەڕانەوە لە ژینگە و سرووشتی دەوروبەری ئێمە دەدات کە ئێستا پەیهاتەکانی ئەو بەباشی هەست پێ دەکەین. هەمگە جێی دوودڵی نییە کە ڕووبارەکان بە وێنەی دەمارە ژیانبەخشەکانی ئەم سووڕەنە و بەنداوەکان لەمپەڕی جووڵەی ئەوانن. کەواتە، لێدانی بێ سەرە و بەرەی بەنداو کێشەی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری، ئابووری و چاندی زۆری بۆ خەڵکی هەر دوو لای بەنداو لێ دەکەوێتەوە. لەم ڕوویەوە، پیداویستە بۆ خواردنەوە، پیشەسازی و کشتوکاڵ کە ئاوێکی زۆر بە فیرۆ دەدرێ، پیاچوونەوەیەکی هەمەلایەنە بە ڕێبازەکان لە گۆڕی خۆزا بۆ ئەم مەبەستە پێک بهێنین.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
1
پاسخ به این اظهارنظر

ئه مین ۱۳۹۵/۷/۲۷
به بروای من سازکردنی به نداو به تایبه ت له ناوچه ی ئیمه(سه ر قه لاو جییران)سه رپیلی زه هاو زور پیویسته وه له داهاتوودا ده بیته هوی نه مانی بیکاری ،ئه گه ر ئاو هه بیت به رهه می کشتوکالی زورتر به دس دیت وه ژیانی خه لک له هه موو بو اره کان چاکتر ده بیت

نظر خود را براي ما ارسال كنيد