تاريخ: ۱۳۹۸ جمعه ۱۳ ارديبهشت ساعت ۱۲:۴۶ | بازدید: 1949 نظرات: 0 کد مطلب: 10915 |
"ئێواره غه‌زەل" به هیممه‌تی بنکه‌ی فەرهه‌نگی هونه‌ری موکریانی مه‌هاباد له ئامفی تەئاتری ئیدارەی فەرهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد به‌ڕێوە چوو.
به پێی ڕاپۆرتی پێگه‌ی هه‌واڵی هاژه، ڕۆژی پێنج شەممه 12ی بانه‌مه‌ڕی 98ی هەتاوی له درێژه‌ی کاروچالاکییه‌کانی بنکه‌ی موکریانی مەهاباد (ئه‌نجومه‌نی ئه‌دەبی) "ئێواره غه‌زەل"ێک به بەشداری شاعیرانی ناوچه به‌ڕێوە چوو.
له‌م کۆڕه شێعرییه‌دا که به پێشوازی گه‌رمی لایه‌نگرانی وێژه و ئه‌دەبیی کورد به‌ڕێوە چوو، 12 شاعیر هونراوەکانی خۆیان ئاراسته‌ی به‌شداربووان کرد.
له سەرەتای کۆڕەکەدا سالار پوورمه‌ند به‌رپرسی بنکه‌ی فەرهه‌نگی هونه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی ئامادەبووان، پەیامی ئه‌و ناوەندهی خوێندەوە.
پاشان له سێ پاژدا خوێندنه‌وەی غه‌زەل له لایه‌ن شاعیران و به هاوڕێیه‌تی پیانۆی هونه‌رمه‌ند دیاکۆ وەتمانی دەستی پێ‌کرد، شاعیران بریتی بوون له:
حه‌سەن محه‌ممه‌دی "پیرمام"، ئه‌بووبەکر عه‌زیزان، هه‌تاو خورشیدی، ئامینه سونبولی، محه‌ممه‌د سەعید نەجاڕی "ئاسۆ"، نه‌رمین ئیبڕاهیم ئازەر "تەوار"، ڕۆیا ئاسیابان، ڕێبوار عوسمانی، عەلی ئازیز، قاسم موئه‌ییه‌دزاده "هەڵۆ"، شێرکۆ خزری، بایه‌زید بێ خویش.
هەر لەم کۆڕەدا پەنێلێک لە سەر ڕەوتی شێعری کلاسیکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری دوکتور خالەق جەلیل نژاد و ئەحمەد چاک بەڕێوە چوو. بەڕێوەبەری ئەو پەنێلە قادر نیازی بوو کە بە پێشکەش کردنی خوێندنەوەیەکی مێژوویی لە سەر ڕەوتی شێعری کلاسیکی کوردی لە پاش نالی و سالمەوە تا هێمن و هەژار و حەقیقی و خاڵەمین و ئاوات و نووری و... باسەکەی دەست پێ‌کرد. بەشوێن ئەودا ئەحمەد چاک نووسەر و توێژەر، بە پۆلێن بەندییەکی تر باسەکەی درێژە پێدا و جۆرێک کە پۆلێن بەندییەکەی شاعیرانی باکووری کوردستانیشی گرتەوە کە مەلای جەزیری یەک لەوان بوو.
ئەحمەد چاک بەستێن و بەستەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وەک ناسیۆنالیزم و هێژمۆنی فەرهەنگی و سیاسی وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک پێوەر و پێودانگی سەرهەڵدانی کلاسیزمی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنا ئاراوە. هەروەها باسێکی تەسەلی لەبارەی فۆڕم و ناوەرۆک و جیاوازی ناوەرۆکی غەزەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس کرد و بە پێشکەش کردنی هەندێ بەڵگەی دێکۆمێنتی لە سەر ڕۆڵی زمان بۆ پێشکەوتوویی غەزەل دوا.
لە درێژەی باسەکەدا دوکتور جەلیل نژاد بە هێنانە ئارای باسێکی کۆمەڵناسانە و خوێندنەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵناسانە لە سەر میرنشینەکانی بابان و ئەردەلان شێعری کلاسیکی کوردی شرۆڤه کرد و لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە سەرهەڵدان و ڕەوەندی گەشەی شێعری کلاسیکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کرد.
جەلیل نژاد بە قەرائەتێکی کۆمەڵناسانە هەروەها ئانالیزی ئەو دۆخەی کرد کە بە شێوەیەک لە شێوەکان شوێندانەر بوون لە سەر ڕەوتی شێعری کلاسیکی کوردی. لە درێژەی باسەکەدا قادر نیازی بە هێنانەئارای چەمکی شار وەک عەقڵییەتێکی پێویست بۆ شێعر و گەشەی شێعر باسێکی کورتی ئاراسته کرد و باسەکە بە گشتی لە لایەن بەشداربووان و میوانانی بەرنامەکە کۆتایی پێهات.
|