ئاوڕدانەوەیەک لە رابردوو:
سەردەمانێک بوو ڕادەی مزگەوت و حوجرە ئایینییەکان لە کوردستان ئەوەندە زۆر بوو کە کەمتر گوندێک هەبوو، کە مزگەوت و حوجرەی فەقێیانی لێ نەبا و ژمارێکی بەرچاوی منداڵانی ئەو نەتەوەی وەک خویندکاری زانستە دینی و ئیسلامییەکان وەخۆ نەگرتبا و ئاڵا هەڵگرانی دین و باوەڕی پەروەردە نەکردبا.
ناکرێ لە بەژنی ئەو بابەتە کورتە دا، درێژی دادڕین و خەساری کەین. بەڵام تەنیا ئاوڕێک وە ساڵانی 1337 هەتا 42، لە شاری مەهاباد دەدەینەوە: بە پێی وتەی مامۆستا «خالید خالیدی» بەرپرسی رابردووی ئیدارەی ئەوقاف، مەهاباد بە ڕێژەی جەماوەری ئەوکاتی رەنگە پازدە مزگەوتی بوبێ، مزگەوتی سوور 61 فەقێی بووە و حەوت مزگەوتیش حوجرەی ئاوەدانیان بووە. ئەوە وێڕای ئەوەیە کە خانەقای برهان و زۆربەی دێهاتەکانی وەک: ئیندرقاش، قومقەڵا، وسوکەند، قەرەخان، دێبوکر، سەرچنار، خێڕاوا، رەسوڵاوا، هەمزاوا، قسقەڵا، قەرەگۆل، کۆخان، قەباقکەندی، دارەلەک، بەردەڕەشان، سونجاخ، یاڵاوەی سەرێ، کانیڕەش، سەردەراباد، کولیجە و هیتد، خاوەن حوجرە و فەقێ بوون. کەچی بەداخەوە ئێستا لە هەشتا مزگەوتی شاری مەهاباد، تەنیا سێ مزگەوت و ئەویش یەکی سێچوار فەقێی لێیە. لەو کەش و هەوایە دا، هۆنراوەکەی «مەولەوی تاوەگۆزی»مان بیر دێتەوە کە دەفەرمێ:
فەقێ بێ تەدریس، مەدرەسە بێزەوق/ مزگی بێ ئیمام، جەماعەت بێ شەوق،/ عالمان بێ فکر، شاعیران ماتەم/ نازک خەیاڵان غەرقی دەریای خەم.
ساڵێکی کە رابرد، بۆ جەماوەری دینداری ناوچەی مەهاباد، بە تایبەت مامۆستایانی ئایینی، ساڵێکی پڕ ماتەم بوو. کۆچی دوایی و لە دەستدانی چەند مامۆستای بلیمەت، کە هەر یەک لە جێی خۆی دا شاباڵێکی دینداری و زانایی و ئازایی بوون. سەرەتای ساڵی 97 بە ماتەمی کۆچی خوا لێخۆشبوو مامۆستا «مەلا عەزیز تەئید» دەستی پێکرد کە ماوەی 72 ساڵ پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی «حاجی ئەحمەد» بوو. کە بە داخەوە لەو ماوە دا، کەمتەرخەمی کرا و مامۆستا کە هاودەورەی پڕۆفسۆر «مستەفا زەڵمی» بووە، وت و وێژێکی پڕ و پوختی دەگەڵ نەکرا و لە گەنجینەی زانست و بیرەوەرییە بەنرخەکانی ژیان و عومری بەخێر رابردووی، کەڵک وەرنەگیرا. چی پێ نەچوو کە بە بیستنی هەواڵی کۆچی مامۆستای حوجرە و زانکۆ دیتوو، خاوەن پێنوس، دوکتۆر «محەممەد ساڵح ئیبڕاهیمی»، وەرگێڕی قورئان، نوسەری چەند بەرهەمی دی و ئوستادی ئیلاهیات لە زانکۆی تاران، برینمان برژایەوە. کەمێک دواتر بینەری کۆچی مامۆستای خاوەن هەڵوێست، مامۆستا «رەشید قەرەنیزادە» ئیمامجومعە پێشووی شار، پێشنوێژی مزگەوتەکانی «شەهید شاریکەندی» و «بازاڕ» بووین، کە ئیشاڵڵا خودا بە بەهەشتی بەرینی شاد بفەرمێ. بەرەبەری کۆتایی ساڵ کە هات، سەر لە بەیانی رۆژێکی پێنجشەممۆ، 2ی رەشەمە، هەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا «مەلا محەممەدی سەباتی» تازیەی تازە شکاوی، پێ نوێ کردینەوە. هەستم کرد بە جێیە ئەگەر، قەندیلی ئەو کوردستانە وەک مەندیلی دامێنەکەی رەشپۆش بێ. بە بیستنی ئەو هەواڵەش مچوڕکێکم پێ داهات و ماوەیەک بۆ لە دەستدانی مامۆستایەکی خۆشنێو و خاوەنهەست و شارەزا، تاسام و رامام. کە هیچکات پرسیارە ورد و حەستەمەکانی فیقهی و شەرعیم لە لای بەڕێزیان بێ وڵام نەدەمانەوە. جێی خۆیەتی بۆ مامۆستا، بۆ مزگەوتی «بەری شیلانان»ی مەهاباد و وتارە هەینوانە و دەرسی شەریعەتەکەی بە پەرۆش بین. کە لەو وتارەش دا زیاتر لە ژیان و کەسایەتی خوالێخۆشبوویان دەدوێین.
سەرەتای ئاشنایی:
ساڵی 1378 بوو کە لە گوندی حەمامیانی بۆکان، دەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای دی، میوانی مامۆستا سەید مستەفا محمودیان بووین و بۆ یەکەم جار بە خزمەت مامۆستا گەیشتم. کە ئەوکات لە گوندی قەباقکەندی سەر بە میاندواو مامۆستا بوو. لێی پرسیم: کاکە مەلا ناوت چییە و خەڵکی کوێی؟ خۆم پێ ناساند و ئەو فەرمووی: ساڵی 1348 لە خزمەت مامۆستا «سەید نورەددین واژی» لە «سینگان»ی شنۆ فەقێی موستەعید بووم و محەممەدخالیدی برات سوختە و فەقێی من بوو. تۆ لە گوندی «هێیە» بە وەلەد بووی. کە دایکت لە وێ بە رەحمەت چوو، ئێمە و حاجی مامۆستا هاتینە هێیە و هەتا قەبرساز بوون قورئانمان لە سەر خوێند.
ژیان و بەسەرهات:
رەنگە باشتر وابێ کە بەسەر هاتی مامۆستا لە زمان خۆی و بە پێی ئەو وت و وێژەی دەگەڵ ماڵپەڕی «سۆزی میحڕاب» کردویەتی، ئاوا بگێڕینەوە:
«نێوم محەممەدی کوڕی قادرە، لە ساڵەکانی 30 یان 31، لە گوندی «سوتوو»ی سەر بە شاری بانە لە بنەماڵێکی مامناوندی لە دایک بووم. منداڵ بووم کە بنەماڵەکەم بەرەو گوندی «گۆلێ»ی ناوچەی سەردەشت کۆچی کرد. منداڵیم لە وێ رابوارد و ئەلفوبێم لە لای فەقێی ئەوێ خوێند. ساڵانی سەرەتایی هاوینان دەبوومە شوان و زستانان دەبوومە قوتابی حوجرە و ئەو بەندەیان لە حاڵی من دەخوێندەوە: «هاتەوە حوجرەی بە کەلکە لەقێ، هاوینان شوان و زستانان فەقێ». مانگی گوڵانی بەهاری ساڵی 42 ی بە فەرمی بوومە فەقێ و چوومە گوندی «شەمۆڵە»ی. ئەوکات لە قورئان دا گەیشتبوومە سوڕەی قەسەس و چی وام نەدەزانی و کلاسی سێهەمیشم دەخوێند. قورئانیان لە سەر هەڵگرتم و تەسریفی زەنجانییان لە بەر دانام. هەتا ساڵی 54 ، کە لە گوندی «سارتکێ»ی ناوچەی سەردەشت، لە خزمەت مامۆستا «مەلاخدری عەباسیی سیسێریی»، خودای لێ رازی بێ و جێگای نێوقەد بەهەشت بێ ـ ئیجازەم وەرگرت و بە شانازی مەندیلی مەلایەتیم لە سەرنا. بۆ ماوەی 12 ساڵان بەدوای خوێندندا لە شار و گوندەکانی سەردەشت و سەقز و شنۆ و بانە و خانێ و کوردستانی باشوورێ( وەک گوندی گەڵاڵێ) گەڕام و تاڵی و شیرنی رۆژگارم چاشت. ئەگەر بە سەر مێژووی ئەو دوازدە ساڵەی دا بێمەوە، کە چم خوێندووە و چۆنم خوێندووە، چم دیوە و چۆنم بە سەرهاتووە، بە چەند دەفتەر پڕ نابێتەوە؛ هەموم تێکڕا لە بیرن، بۆ هێندێک رووداو دەگریم و بۆ هێندێکان پێدەکەنم.»
کەسایەتی مامۆستا بە چەند لایەنەوە جێی باسە:
یەکەم: مامۆستا هۆگری مێژوو و رابردووی نەتەوەکەی بوو. راهاتوویی ئایینی سەردەمی لاوی و فەقێیەتی و هەستی نیشتیمانخۆشەویستیی، کارێکی کردبوو کە لە باری فکرییەوە کەسایەتییەکی نەتەوەیی ـ ئایینی بێ. ئەو باوەڕە لە بیر و بۆچوونەکانیدا خۆی دەنواند.لە وت و وێژەکەی دەگەڵ ماڵپەڕی سۆزی مێحڕاب دا دەڵێ: «لە خۆشییەکانی کات و دەورانی فەقێیەتیم، شۆڕشی پیرۆزی ئەیلوولی کوردستانی عێڕاق بوو. ئێستاش لە گوێم دا دەنگ دەداتەوە کە رادیۆی دەنگی کوردستان بە سروودێکی تایبەت دەبۆوە و دەیگوت: ئێرە دەنگی کوردستانی عێراقە و پاش خوێندنی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز، گوێمان بۆ هەواڵە تازەکانی رادەگرت» هەروەها مامۆستا زۆر لە ژێر تیشکی فکری مامۆستا مەلا خدری عەبباسی سیسێری دابوو. دەگێڕێتەوە: «جارێک مامۆستا عەبباسی لە گوندی «واوان»ی سەردەشت لە سەر قەدیمییەتی عالەم دەگەڵ دوکتۆر خەلیقی بەحسیان دەکرد، کە پێشتر دوکتور خەلیقی کتێبێکی لە سەر قەدیمبوونی عالەم نووسیبوو و چاپی کردبوو.» هەروەها ئاماژە بە گفتوگۆی مامۆستا عەبباسی و کاک سەلاحی موهتەدی دەکا کە جارێک لە گوندی «زاواکێو»ی بۆکان لە سەر مەکتەبی کومونیزم و فەلسەفەی مارکسیسم بەحسیان بووە و زانایی مامۆستا بۆ وی جێی سرنج بووە. ئەو لە سەر بیرەوەریی دەورانی فەقێیەتی و روداوە کۆمەڵایەتییەکان حافزە و بیرێکی تیژیی هەبوو.
دووهەم: مامۆستا پیاوێکی خۆشکەلام، مەجلیسخۆش و نوکتەزان بوو. گەنجینەیەک بوو لە وتەی نەستەق و نوکتەی جوان. کە ئەگەر کۆکرابانەوە، رەنگە رشتە مروارییەکی دیکەی لێ ساز بایە. ئەو هۆگرییەی بە ئەدەب و وێژەی کوردی ببوە هۆی ئەوە کە بە سەر وشەی کوردی و رەسەن دا زاڵ بێ، لە رەیشەی وشە بکۆڵێتەوە و وڵامی بەجێ بدۆزێتەوە. جێی خۆیەتی لە خۆشکەلامیی مامۆستایان دا، یادی خوا لێخۆشبووان «مامۆستا مەلا سەعید رەسولی» پیشنوێژی مزگەوتی فەقیران و کۆچکردووی 1382 و «مامۆستا مەلا خدری موەحدی(وەتەمیشی) »پێشنوێژی میراوێی شنۆ و رەحمەتچووی ئەوساڵ، لە بیر نەکەین.
سێهەم: بە هۆی زانیاری و شارەزایی لە شەرع و زانستە دینییەکان، ئەندامی لێژنەی مامۆستایانی ئایینی مەهاباد بوو. کە دوو ساڵ لە مەوبەر لە لایەن مامۆستایانی شار و لادێی ناوچەی مەهاباد لە مزگەوتی حاجیئەحمەد هەڵبژاردرابوون. وەک مامۆستا لە سەر چەند بابەت سوور و پێداگر بوو: 1 ـ لە چوارچێوەی مەزهەبی ئیمامی شافیعی لانەدرێ، چونکوو ئەو کارە شیرازەی فکری شەرعی کۆمەڵگا دەترازێنێ. 2 ـ ناکۆکی فکری و عەقیدەتی مامۆستایانی ئایینی بە لاوە خۆش نەبوو. 3 ـ بانگەکان بە ئاسۆی شار بگوترێن و یەککات بن. 4 ـ بۆ بابەتی سەرەخۆشی، فشار و ئاستەنگی لە سەر ماڵی کەسی کۆچکردوو کەم بکرێتەوە و سەرەخۆشی تەنیا دانی ئێوارەی ئەو دوو رۆژە بێ.
چوارەم: مامۆستا سەباتی دەگەڵ ئەوە کە هەست و دەرونی هۆگری ئەدەب و هۆنراوە بوو و شێعری کوتوە، بەڵام بڵاوی نەکردونەتەوە، محەبەتێکی زۆری بە بنەماڵە و خێزانی بووە، کە بە تایبەت سەبارەت بە هاوسەری رەحمەتچوو و خۆشەویستی لەو دوو بەیتەی خوارەوە دەردەکەوێ:
شەرتە هەتا هەم وەفای تۆم هەر بمێنێ
یادی تۆ لەم جیهانە، ژیانم بجوڵێنێ
ئاکاری بەرزت بۆم بێتە خەمرەوێنێ
بەڵام کۆچەکەت، تاوڵی هیوام دەڕمێنێ
وەک دوا وتە جێی خۆیەتی ئاماژە بە چەند نوکتەی دی بکرێ:
چاوەڕوان دەکرا دەنگ و ڕەنگی مەهاباد لە سەر کەسایەتی مامۆستا بدوێ، کە بەداخەوە نەکرا.
هیوادار بین مامۆستایانی ئایینی بۆ زیندوو کردنەوەی حوجرەکان حەول بدەن و جەماوەر بۆو کارە پشتیوانیان بن. چونکوو بەداخەوە خەریکە چینێک دەگاتێ کە زۆر کەم رووی دە فەقێیەتی و گەیشتن بە مامۆستایەتی و راگرتنی مزگەوت و حەڵقەی دەرس و حوجرەیە. بۆیەش مامۆستا و کۆمەڵگا زیاتر لێک نیزیک بنەوە و روناکبیران ئاوڕدانەوەیەکی جیددییان بۆو بەشەی کۆمەڵگا هەبێ، چونکوو هیچ کۆمەڵگەیەک بێ ئایین نابێ و ناژی، چاوەڕوان دەکرێ شوڕاو وشارەداری شەقام بەنێوی ئەم گەورە پیاوانە بکرێ.لە کۆتایی دا هیوادارم بە وەبیرهێنانەوەی ئەو هۆنراوەی مامۆستای کۆیە، ئەو دەردەمان چارەسەر کەین کە دەفەرمێ:
هەتا دەمرم لە بۆ کوردان دەناڵم
عیلاجیان چۆن بکەم هاوار بە ماڵم
بە زۆری جاهیل و نەخوێندەوارن
لە لای نەوعی بەشەر بێقەدر و خارن
کەسێ قەدری لە لای خزمان نەمێنێ
لە لای بێگانە قەدری چۆن دەمێنێ
کلیلواژەکان: مامۆستا سەباتی، مامۆستا عەبباسی، دوکتۆر خەلیقی، فەقێ، حوجرە،