بە پێی هەواڵی هاژە، فەرهاد ساڵحی فەر کتێبی "ئەلۆ" کۆمەڵێک غەزەل و چەند چوارپارەی کوردی لەخۆگری بەرهەمی ساڵانی ۹۳ تا ۹٦ی هەتاوی چاپ و بڵاو کردەوە.
ئەم شاعیرە سەردەشتییە ساڵی ۹۷ی هەتاوی کتێبی "سەرەتای شێتی " کە شێعری نوێن و کتێبی "ئەلۆ" کە کۆمەڵێک غەزەل و چەند چوارپارەی کوردین لە شاری ورمێ و لە لایەن ئینتشاراتی "آیید" چاپ کردوون.
شایانی باسە هەوڵی شاعیر لەم کۆمەڵە غەزەلەدا جەختکردنی زیاترە لەسەر غەزەلی نوێ و ئەمڕۆیی بە دەرباز بوون لەو حاڵەتە کلاسیکە سیرفە کە تا ئێستا بوویەتی.
كەريم خزری له دێڕی كۆتایی پێشەكی كتێبەکەی فەرهاددا نووسيويەتی: فەرهاد بۆخۆی شيعرێكی نەنووسراوە و ئەگەر بڵێین ئەوه شێعره فەرهاد دەنووسێتەوه ڕەنگه به لاڕێدا نەچووبين.
فەرهاد ساڵحی فەر له دایک بووی ساڵی 1360ی هەتاوی لە ئاوایی بێژوه ناوچەی ئالانی سەر بە شاری سەردەشتە کە لە ساڵی 1376وە دەستی بە نووسین کردووە و تێکەڵاوی دنیای ئەدەبیات بووە.
بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسیویەتی و بە شێوازی کلاسیک و نوێ و هەروەها چیرۆک کاری ئەدەبی کردووه هەروەها چەند کۆمەڵە شێعری بە زمانی کوردی و فارسی ئامادەن کە ساڵی 1394 دوو کتێبی شێعری بە زمانی کوردی بە ناوی "با حەریفی پەردەکەم نابێ" و شوێن پێی با" لە لایەن ئینتشاراتی زانکۆی بۆکان چاپ کراون،
کتێبی “شوێن پێی با” شیعری ساڵانی ههشتای ناوبراوه و له شێعره سهرهتاییهکانی شاعیر به ئهژمار دێت. کۆمەڵه شێعری “با حهریفی پهردهکهم نابێ” دووهمین کتێبی شێعری ساڵانی ٩٠ تا ٩٢ی شاعیر لهخۆ دهگرن، که ههوڵی شاعیر له شێعری ناوەرۆکییەوه بۆ شێعری زمانی لهم شێعرانەدا زیاتر بهرچاوه. شایانی باسه ههر دوو کتێبهکه به شێوازی نوێ نووسراون.