تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۲۲ مهر ساعت ۱۱:۱ بازدید: 1740      نظرات: 3      کد مطلب: 2059

بۆ مرۆڤ دەبێ دەست لە ئازاردانی گیانداران هەڵگرێ؟

ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)




مرۆڤ بە بەردەوامی هەوڵی لەسەر ئەوە بووە ڕێز لە سرووشتی دەوروبەر و گیاندارانی نێو ئەو بگرێ. بە هۆی ئەوەی کە "ژیان"(حیات) ئاڵقەیەکی بەیەک گرێدراو و تەواوکەری دامەزراندووە، دەبێ هەموو گیاندارەکانی کە جیاواز لە جڤاتە مرۆڤییەکان پێناسەیان بۆ دەکەین بەشێکی گەورە و گرینگ لەم سووڕە بزانین. لەم ڕوویەوە، پاراستن و پێش گرتن لە داپچڕان و هەڵوەشانەوەی ئەم ئاڵقەیە چ بۆ مرۆڤ، چ بۆ گیاندارانی دیکە و چ بۆ ژینگە پێداویست و چارەنووسسازە.

ئەگەر بەباشی سەرنج بە شێوازی ژیانی گیانداران بدەین بەوێنەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان، تەکووزی و ڕێکوپێکییەک تێدا بەدی دەکرێ. ئەگەرچی بوون و نەبوونی گیاندارێک گرێدراو بە سرووشتی خۆیەتی و سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤ بەردەوام دەست تێوەردانی ئەو دەکات؛ بەڵام هەر هەموویان بەشێکی ژیانبەخش لەم ئاڵقەیەنە. هەروەها، جێی دوودڵی نییە کە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەوان هەڵگری جیاوازییە خۆزایییەکانی تایبەت بە خۆیەتی کە بە ڕوونی لە بەر چاومانە و ژیان دەکرێ.

ئەمڕۆکە سنوورە خۆزایییەکان لە ئاکامی پەرەسەندنی شارنشینی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە لایەن مرۆڤەوە پێشێل دەبن. جیا لە ئەوەش، گرینگە بە وردی خوێندنەوەمان لەسەر تێگەیشتنی مافەکان و ڕەچاوکردنی ئەخلاق بۆ گیاندارانی دیکە ببێ و بەیاخەوە لەم هەڵسوکەوتە بڕوانین. چونکوو هەر چەشنە ئازارێکی جەستەیی یا دەستدرێژی بۆ هەر مەبەستێک دەتوانێ کاریگەرییەکی نەرێنی نەک تەنیا لەسەر ڕەوانی ئەو گیاندارانە دانێت بەڵکوو لەسەر هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانیش خۆی دەربخات.

ئەم پرسە – ڕێزگرتن لە گیاندارانی دیکە – لەناو ئایینەکاندا ئاوڕدانەوەیەکی باشی لەسەر دراوەتەوە. ئایینی ئیسلام پێگەیەکی بەرزی بۆ کەسانێک کە بەزەییان بۆ گیانداران هەیە، دەست نیسان کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئازاردانی ئەوان بە هەر بیانوویەک هۆی لێپرسینەوە لە بەردەم دادگای دادی خوداوەندی دەبێ. بەپێی ئایات، گێڕاندنەوە و بنەما ئایینییەکان نابێ هیچ جۆرە ئازاردان یا دەستدرێژییەک بکرێتە سەریان و گرینگە شوێنی گونجاو بۆ حەوانەوە و تێرکردنی زگی ئاژەڵە دەستەمۆیەکان دابین و لەبەرچاو بگیردرێ. ڕاگرتن و بەخێوکردنی ئاژەڵە هەڵبڕاوەکان زۆر ڕاشکاوانە قسەی لەسەر کراوە و بە شەڕدانی ئەوان وەکوو کردەوەیەکی ناحەز و نەشیاو دانراوە.

جیا لە ئەوەی کە لە ڕووی ئایینی بایەخێکی باش بەم بابەتە دراوە گرینگە لە ڕووی "کۆمەڵایەتی بوونەوە" – ش هاوڕێیەتی لەگەڵ ژینگە و گیانداران بە شێوەیەکی پتەو پێک بێت و دامەزرێ. بەپێی ئەم نزیکایەتییە دەبێ لە ئازاردانی ئەوان خۆمان بپارێزین و ئاژەڵەکانی وەک گەماڵ و پشیلە کە زێدەتر لە جاران تێکەڵاوی ژیانی شاریمان بوونە، بە بەردەوامی بۆ پێش گرتن لە کوشتن و قڕکردنیان، چاودێرییان بکەین. بەداخەوە، وادیارە هەڵسوکەوتی ئێمە هەتا ئێستاکەش لە هەمبەر ئەم ئاژەڵانە بە چاوێکی دوژمنکارانە و وەکوو ئەندامێکی نامۆ بووە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بەواتای لەناوبردنی بە ئەنقەستی ئاڵقەیەکی بەهێز لەم سووڕە دایە.

ڕوون و ڕاشکاوانەیە کە ژینگە و سرووشتی دەوروبەر – چ ئاژەڵ و چ گیا – زۆرترین خەسارییان لە ئاکامی بەشداری و کردەوە هەڵەکانی مرۆڤ بەرکەوتووە. لەم ڕوویەوە، تەنیا ئەگەر بۆ وەدەست هێنان و دابین کردنی هێمنایەتی ئەخلاقی و سرووشتی خۆمان و دەوروبەریش بێ؛ پێداویستە دەست لە ئازاردانی ئەندامانی دیکەی ئەم سووڕە کە لە هەزاران ئاڵقە پێک هاتووە، هەڵبگرین. کەوایە، باشترە وێڕای هەستیارییەکی زۆر بەتایبەت مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵەکانی وەک گەماڵ و پشیلە بکەین و ئەرکێک کە دەکەوێتە سەر شانی تاک بە تاکی ئێمەوە پێکی بهێنین. لایەنێکی دیکەی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ڕەنگە بەم جۆرە بتوانین پێش لە توندوتیژییەک کە لە نێو کۆمەڵگا و جڤاتە مرۆڤییەکان وەک دیاردەیەکی ئاسایی و باو سەیرییان دەکەین و خەریکی ڕۆنیشتنن، بگرین.

بەگشتی، هەتا ڕادەیەک دیاردە خراپ و نەرێنییەکانی وەک کوشتن و ئازاردانی مرۆڤەکان بنەچەی لە ئەشکەنجەدانی گیاندارانی دەوروبەرماندا دەدۆزێتەوە. وێدەچێ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان کەسایەتییەکانی کە دژی ژیانی کۆمەڵایەتی دەوەستنەوە بە شێوەیەک لە سەردەمی منداڵیدا لە هەمبەر ئاژەڵەکان ڕەق ئەستوور و بێبەزەیی پەروەردە و گەورە کرابن هەیە. جیاواز لە ئەوانە، گرینگ ئەوە نییە کە ئێمە سەدلەسەدا خەریکی بە خێو کردنی ئاژەڵێک یا باڵندەیەکی دەستەمۆ ببین بەڵام نابێ هەر وا بە سووکی و ساکاری لە تەنیشت کردەوە هۆڤەکانی دژ بە گەماڵ و پشیلە تێپەڕ ببین. کەوایە، لەسەر پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە گیانداران پێداگری بکەین و وەکوو بوونەوەرێکی ژیر و خاوەن ئاوەز دەست لە دوژمنایەتی ئەوان هەڵگرین.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

خالیدئه رکات ۱۳۹۵/۷/۲۴
واققالطف کرده چنین مطلبی رانوشته وبه جا بودظلمی بزرگ درحق حیوانات انجام میدن
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

محمد جوان ۱۳۹۵/۷/۲۳
سلام. به نظر من از فعالان حقوق حیوانات استان استفاده میکردید بهتر بود. کسانی مانند خانم قلندری و آقای صمدی که سالهاست در این زمینه فعالیت دارند و جایزه های بسیاری برده اند.
0
0
پاسخ به این اظهارنظر

کیوان صمدی ۱۳۹۵/۷/۲۳
با تشکر از زحمتشون اما به نظر بنده برای این موضوع به این مهمی بسیار ضعیف بود. بنده به عنوان یکی از فعالان حقوق حیوانات استان و آشنا به این زمینه فکر میکنم جای بیشتری برای بسط دادن و بحث داشت.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد