مەهـئاباد، ناوێكی خۆشی خۆمانە و ئێرانییانەیە، كە چەندێك گۆڕیبوویانە سەر توركی، پێیان ئەگوت "صاوجبولاق" [واتە] كانیی سارد؛ ناوێكی ساردوسڕ!
وە ئەنجا ئێمە جارێك لە خدمەت "شێخ محەممەدی موفتی" و "شێخ مستەفای نەقیب"دا بە كارێكی سیاسی و ئایینی چووبووین.
كچێكی ئەرمەنی و تەبەعەی ئینگلیز كە زۆر دەوڵەمەند بوو، بە هیدایەتی خوایی لە خەودا موسوڵمان بووبوو، ڕایكردبوو بێتە خاكی عوسمانی. خدمەتكارێكی خۆیان كە ناوی "عەزیز" بوو، لەگەڵ خۆی هێنابووی، تا گەیشتبوونە مەهـئاباد. لەوێ حكوومەتی ئێران بە تەضییقاتی (۱) ئینگلیز ڕێی لێ بەستبوون؛ خۆیان هاویشتبووە شەهبەندەرخانەی عوسمانی. شابەندەر، گاورێكی مووسڵی بوو، هاتبوو بیداتەوە بە ئێران. "قالەی عەزەشەكە"ی خەڵكی ئێرە، جاڕی بە شارا دابوو كە موسوڵمان بەزۆر ڕادەكێشن. مەهـئابادی ورد و درشت دەورەی شەهبەندەرخانەیان دابوو، شابەندەر بكوژن؛ ڕایكردبوو. ئەوانیش کچەیان نەدا بەدەستەوە، بەرامبەر بە هەموو قووەتی ئێران وەستابوون. حکوومەتی ئێران دوازدە فەوجی سەرباز و "سالاروددەولە"ی مامی شای ناردبوو. "سەعیدپاشا"ی ئێمە ناظیر خاریجییە بوو(۲)، عەرزی سوڵتان "حەمید"ی كردبوو كە لە "سولەیمانی"یەوە هەیئەتێك بچن بۆ ئەم ئیشە. ئیرادەی دەركرد كە لێرەوە ئەو زاتانە بچێ. ئەوسا من فارسیم باش ئەزانی، لە خدمەت نەقیبدا چووم. شەوی جەژنی قوربان بە سەلەف گەیشتینە بەر مەهـئاباد، بەڵام دوازدە فەوج بە دوازدە ڕیز دەوری شاریان دابوو. سالاروددەولە، خەبەری نارد بێنە لای من، جارێ نابێ بچنە شار.
هەر وا لە بیرمە دەمەوبەیان شێخ مستەفا سەڵایێكی بەو دەنگە خۆشەی خۆیەوە كرد، (ئاخ گڵە كوێربی!). (۳) پاش نوێژ، سوار بوو، بانگی كرد: "یاران دوام كەون، تیپی لەشكر ئەدڕین، ئەچینە شارەوە." خوا شاهیدە، ئەو ڕۆژە سوارەی ئەم كوردەم وەك نەڕەشێڕ ئەهاتە بەرچاو، كە بخوڕێ و هەڵمەت بەرێ؛ گریانم ئەهات. ناچار سالاروددەلە خۆی بە پێیان هاتە سەر ڕێمان، وتی: "هیچ بەربەڵستێك نییە، لادەنە خێوەتەكەی من، چایێك بخۆینەوە. خۆم لە تەكتانا دێم." بەیانی كە چووینە شارەوە، ئای لەو زەمزەمە و جونبوش و شیربازی و ئازاییی مەهـئابادییە! وای لەو دەستە سوارەی كوردە كە نەقیب هێنابوویی! زۆرتریان شێخانی گۆپتەپە و سوارەی هەمەوەند بوون؛ لەشكری دوازدەهەزاریی سالاروددەولەیان بە ڕستە هەنجیر ئەزانی!
---------------------------------------------------
۱- تین بۆ هێنان، تەنگەتاو کردن.
۲- مەبەستی سەعیدپاشای خەندان و باوکی شەریفپاشای خەندانە. شەریفپاشا نوێنەری کورد بوو لە کۆنفرانسی ئاشتیی پاریس. بنەماڵەی سەعید پاشا خەڵکی سولەیمانی بوون و پاش ڕووخانی حکوومەتی بابان پەڕیوەی ئیستانبووڵ بوون و لەوێ خوێندوویەتی و پێگەیشتووە و بۆتە نازیر خاریجییە، واتە هەمان وەزیری کاروباری دەرەوە.
۳- بە باری ئەدەبیدا دەبێتە رستەی نزایی. لە موکریان ئای/ ئەی/ هەی گڵە مەرگت بێ باوترە و لەگەڵ ئاخ گڵە کوێر بێ هاوواتان. دەربڕینی ئەوپەڕی پەرۆشییە پاش نەمانی خۆشەویستێک.
تێبینی:
پیرەمێرد( ۱۸٦۷- ۱۹۵۰)، لە جەنگەی سەفەرەکەیدا بۆ سابڵاغ (مەهاباد) ۲۴ ساڵانە بووە. ئەم وتارەی لە لاپەڕە ۴ی ژمارە ۸۱٦ی ڕۆژی ۱۰/ ۱/ ۱۹۴٦ی ڕۆژنامەی"ژین"دا نووسیوە. برای گەورەم مامۆستا سدیق ساڵح بە دیاری بۆی ناردم و به ڕێنووسی ئێستا نووسیمەوە و وەک بابەتێک ئامادەم کرد بۆ بڵاوکرانەوە.
بەپێی نووسینی ڕێزدار محەممەدڕەزا داودی، گرینفیڵد کۆنسوولی پێشووی بریتانیا بووە و ماوەیەکی زۆر لە کوردستان ژیاوە و کەوتۆتە شوێن کاروباری بازرگانی. پاشان ژنێکی ئەرمەنیی هێناوە و کچێکی لێی بووە و ناوی ناوە "کاتی"، کە دەبێتە هەمان کچە هەرمەنی (ئەرمەنی). گرینفیڵد هەر لە موکریان گیرساوەتەوە و دێی "سەراوڕەحیمخان"ی کڕیوە و لێی بۆتە ئاغا و دەبێ چەند پارچە مڵکی دیکەشی کڕیبێ. ئەو عەزیزەی پیرەمێر باسی دەکا پیاوی خانەوادەی گرینفیڵد و باوکی میرزا خەلیل بووە. کاتی خۆی میرزا خەلیلی کوڕی عەزیزبەگ بۆتە موباشیری سەیفولقوززات. قەومانی ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۳۰۸ی کۆچی/۱۸۹۱ی زایینی. کاتی گرینفیڵد دوای موسوڵمان بوونی ناوی خۆی گۆڕیوە بە فاتمە (فاتم).
سەرچاوە:
ماجرای دختر گرینفیلد (کچە هەرمەنی) در مهاباد، تحقیق و تٲلیف: محمدرضا داودی، صص ۹-۱۱ و ۳۵-۴۲، چاپ اول ۱۳۷۱.
٭٭
٭٭٭ ئەم بابەتە ساڵی ۱۳۹۷، لە ژمارە ۲۰۷ی گۆڤاری مەهاباددا چاپ کراوە.