تاريخ: ۱۳۹۷ جمعه ۳۰ آذر ساعت ۱۹:۳۹ بازدید: 373      نظرات: 0      کد مطلب: 10418
توێژینەوەی مێژوویی

یەڵدا وشەیەکی سریانی یا وشەیەکی میدی کوردی؟


 مراد نەزەری شنۆیی

بۆ ڕوون کردنەوە و لادانی تۆزی سەدان و بگرە هەزاران ساڵە لە سەر دار و پەردووی تێکڕماوی مێژوو و دەرخستنی ڕاستییەکان پێویستە بزانین سەرچاوەی دەسپێکی ڕووداوەکان لە کەیەوە ساز بوونە یا کاتی ڕوودانیان لە گەڵ یەک دەگونجێن یا نا

پەیدا بوونی ناوی سریانی؛ سریانی شێوەزارێکە لە نێوان ئارامی و سامی و وشەیەکی یۆنانییە کە لە کۆتایی سەتەی ٤ی زایینی و سەرەتای سەتەی

٥ی زائینی بۆ ئەم زمانە دەکار هاتووە و بە دوو شێوەزاری نەستووری و یەعقووبی دابەش دەبێت، هەوەڵین دەقێک کە بە زمانی سریانی واتە ئەم زمانەی کە تەوڕاتی پێ نوسراوەتەوە بۆ سەتەی هەوەڵی زایینی دەگەڕێتەوە، لە سەتەی ٤ تا ٨ ی زائینی یەکێک لە خەتە بە برەوەکانی خۆرەڵاتی ناوین بوو،جەرگەی ئەم خەتە لە نێوان دووچۆمان تا چیاکانی زاگرۆس و ئانەدۆڵی دەگرتەوە( هەموو خاکی کوردستان)

دەسنیشان کردنی شەوی چللە لەلایەن مەسیحییەکان وەک ڕۆژی لەدایک بوونی عیسا واتە نۆئێل بۆ ساڵی ٤۰۰ ی زایینی دەگەڕێتەوە، بە مانایەکی تر یانی ٤۰۰ ساڵ دوای لەدایک بوونی مەسیح، کەچی لە ڕاستیدا ئەم جێژنە هیچ چەشنە پێوەندییەکی بە ڕۆژی لەدایک بوونی مەسیح نییە و زۆر دواتر چۆتە ناو کەلتووری سریانی و کریستیانەکان.

مێژووی یەڵدا و دابەشینی ساڵ بەسەر چللە، هەیڤ و حەوتە لانی کەم مێژوویەکی ۳٥۰۰ ساڵەی هەیە و ئەم مێژوویە بە پێی گۆڕانی کەش و هەوا، هەڵاتن و ئاوابوونی ئەستێرەکان بۆ سۆمێر و بابێلی کۆن دەگەڕێتەوە،

باسی کوردبوونی ڕەچەڵەکی سۆمێرییەکان لەم بەشەدا ناگونجێ بەڵام پێویستە هێندێک ئاماژە سەرەتاییان پێ بکەین کە سۆمێری وشەیەکە کە یۆنانییەکان پێیان وتوونە و خۆیان بەم ناوە نەدەناساند و لە تێکست و دەقە بەجێماوەکانیان بە سەدان وشە و دێڕی کوردی ئەمڕۆیی هەیە، بیرۆسۆسی بابێلی کە خۆی کلدانییە ۳۰۰ی پێش زایین ئەوها باسی سۆمێرییەکان دەکات کە دوای لافاوەکە زێئۆسۆدرا کە کەسێکی زۆر زانا و تێگەیشتوو بوو( ئێستاش دوای چەند هەزارساڵ لە کوردستان وشەی سەرە سۆدرە بۆ کەسی زیرەک و فیڵزان دەکاردێت) ۷ کتێبەکەی دوای لافاوەکە کە هەموو دونیای گرتبۆوە لە شاری سیپارا لە ژێر هەرد دەرهێنا و بابێلی درووس کردەوە و لە کۆی٨٦ دەسەڵاتدار کە حوکمی ئەم شارەیان کرد ٨٤ یان میدی بوون و تەنیا دوویان کلدانی بوون کە دوای ئەوان ئەمجار سەر لە نوێ میدەکان حوکمی بابێلیان گرتەوە دەست و ئەوجار ٨۰ پاشای تر بۆ ماوەی ۲۲٤ ساڵ حوکمیان کرد، جا هەر ئەم بابێلیانە شارەزایەکی بێوێنە بوون لە باری ئەستێرەناسییەوە و سینۆهە پزیشکی تایبەتی فیرعەونیش ۳٥۰۰ساڵ پێش ئاماژە بەم ڕاستییە دەکات کە بابێلییەکان  لەباری ئەستێرەناسییەوە بێ وێنەن و تەنانەت مانگەکانیشیان بەسەر حەوت ڕۆژی حەوتەدا دابەش کردووە.

لە دەقی بەردەنووسەکانی ئاخامەنێشییان کە ناسناوی پاشای پاشاکانیان لە مادەکان وەرگرتەوە و بوونە میراتگریان و هەر بە ئەلف و بێی میدی و تەنانەت زمانەکەی وان دەقەکانیان نووسیوە، لە دەقی بەردەنووسی بێستوون ٥۰۲ ی پێش زایین واتە ۲٥۰۰ ساڵ پێش باسی مێهر و ئانەهیتە بە دەیان جار دەکرێت و نووسراوە " مێسرە واتە مێهر دەگەڕێتەوە و ڕۆژەکان درێژ و شەوەکان کورت دەبنەوە ... "  لە دوای ویش لە ئاویستا کە دەقێکی مەزداییە (مەزدایی لە ئەورووپا سەتەی ۱۷ و ۱٨ بە زەردەشتی ناودێر کراون کەچی خۆیان دەڵێن مەزدایین واتە خودایی و خۆیان بە زەردەشتی ناناسێنن) بە مێسرا باسی دەکات.

وەبرەو کەوتنی  ئۆلی میترائی لە ئەورووپا بۆ دوای ڕووخانی ئەخامەنێشەکان و هاتنەسەرکاری ئەشکانییان دەگەڕێتەوە جێی ئاماژەیە کە میدەکان دوای ڕووخانی ئەخامەنیشەکانیش تا ٨۰۰ ساڵ دواتر هەر خاوەن پاشای خۆیان بوون تەنیا ناسناوی پاشای پاشاکانیان لێ وەرگیردرابۆوە

تێدان و چوونی ئائینی مێهر یان مێر بۆ یۆنان و ئەورووپا لە ڕێگەی شەڕوانان و بازرگانان گوازرایەوە و دەیان مێهراوە لە ئەورووپا درووس کران و تا ماوەیەکی زۆر دوای هاتنی مەسیح پێ بەپێی وی لە گەشەدابوو و لە سەتەی سێی زائینی میترائی بە فەرمانی ئیمپڕاتۆری یۆنان یاساخ کرا.

#چللە

ساڵ هەر لە زۆر کۆنەوە( ۳٥۰۰ ساڵ پێش) بەسەر دوو چللە دابەش کراوە، چللەی هەوەڵ لە وەرزی هاوینە و بۆ ئەوپەڕی گەرمی دەگڕێتەوە کە لە هەوەڵی مانگی پووشپەڕ تا ڕۆژی دە لە مانگی گەلاوێژ دەگرێتەوە و بە چللە گەورەی هاوین ناسراوە و چللەی بچووک بیست ڕۆژە کە لە ڕۆژی دە لە مانگی گەلاوێژ تا کۆتایی ئەم مانگەیە کە گەڵاوێژ ئەنگووتووە و هەوا بەرەو فێنکی دەڕوات، چللەی هاوین گرینگییەکی ئەوتۆی نییە،

بەڵام دووهەم چلەی ساڵ چلەی زستانە کە بەهۆی سەرما و ترس لە مردن و نەمانی ئەنجێنە و دانەوێڵە و ئالیک بۆ ئاژەڵەکانیان لای خەڵکانی کۆن زۆر گرینگی پێ دراوە، ئەم چلەیەش بە دوو چلەی گەورە و بچووک دابەش دەکرێت

چللەی گەورە کە  لە هەوەڵی مانگی بەفرانبار دەس پێدەکات و تا دە ڕۆژ لە مانگی ڕێبەندان بەردەوامە و چللەی دووهەم لە ڕۆژی دە لە مانگی ڕێبەندان تا کۆتایی ئەم مانگەیە و ماوەکەی بیست ڕۆژە، ئەم دوو چللەش خۆی بە چەند جێ دابەش دەبێت وەک چوار چوار کە بریتییە لە چوار ڕۆژی کۆتایی چللەی گەورە و چوار رۆژی هەوەڵی چلەی بچووک،

شەشەڵە کە بریتییە لە دوو سێ ڕۆژ، سێ ڕۆژی و دوای کۆتایی ئەم دوو چللەیە بە سەرمای پیرێژن ناسراوە.

تا ئێرە بۆمان ڕوون بۆوە ئەم جێژنەی کە بە ناوی یەڵدا، مێهر، مێسرا ،مێر، مێرێتی و چللە ناسراوە بە هیچ جۆر پێوەندی بە ڕۆژی لەدایک بوونی مەسیح نییە بەڵکوو مێژووی ئەم نەریتە ۱٥۰۰ تا ۲۰۰۰ ساڵ کۆنتر لە ئائینی مەسیح.

ئەوسا با بزانین ئەم وشەیە واتە یەڵدا لە زمانی کوردی چۆن بووە و لە زمانی سریانی چۆن بێژە کراوە وەک ئاماژەمان پێ کرد جەرگەی سەرهەڵدانی سریانییەکان نێوان دووچۆمان تا زاگرۆس و ئانەدۆڵە واتە سەرانسەری خاکی کوردستانی ئەمڕۆ تا دەگاتە یۆنانی دەگرتەوە، پێگەی سەرەکییان لە نێوان دووچۆمان شاری ئەدسا بوو کە لە سریانی بە ئەرها بێژە دەکرێت و لە دوای هاتنی عاڕەبی موسوڵمان بە ئەلڕەها و ئێستاش هەر خاکی کوردستانە و کوردەکان بە ئورفا ناوی دێنن تەپۆڵکەی گرێ ناڤۆکی لە نزیک ئەم شارەیە و مێژووی بەردە تاشراوەکانی بۆ ۱۲ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە و ئەم شارە بە شاری پێغەمبەران ناسراوە، شارە گرینگەکەی دیکە کە وەک پێتەختی ڕۆحانی سریانییەکان دەناسرا شاری نوسەیبین بوو کە ئەویش شارێکی باکووری کوردستانە تێکەڵاوییەکی زۆر لەنێوان سریانی و کوردەکان بەدرێژایی مێژوو هەبووە و زۆر لە کوردەکان بوونەتە مەسیحی وەک لە دەقێک کە لە کەنیسەیەک لە ئەرمەنستان دۆزراوەتەوە و بە پیتی ئەرمەنی و زمانی کورمانجییە و بە زمانی میدی ناوی هاتووە باسێک لە مەسیح و لەخاچ دانی دەکات بە گشتی لە تێکەڵاوی ئەم ئائینە و سەرهەڵدانی لەم جوگرافییە کە سەتان ساڵ و بگرە هەزاران ساڵ پێشتر ئەم ڕۆژانەیان دابەش کردووە و ناویان بۆ داناوە ناکرێ ئەم وشەیە سریانی بێت و ئەم ئائینە نوێیە ئەم نەریتەی بۆ خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەم شوێنە بە دیاری هێنابێ.

وشەی شەوچللە یان سواوەکەی واتە شەو چەرە هەر بەمانای شەوی چللەیە و دواتر بە تێپەڕینی چاخ ئەم ناوە خۆی لەهەموو ئەم شتانەدا دۆزیوەتەوە کە لە شەونشینییەکان دەخواردرێت و ئەویش ئاماژەیەکە هەر بۆ خواردنەکانی شەوی چللە.

مێژووی شەوی یەلدا وەک ئاماژەمان پێ کرد بۆ ۳٥۰۰ ساڵ پێش دەگەڕێتەوە تەنانەت پێش ئائینی مەزدایی و دوای هاتنی ئۆلی مەزدایی مێهر وەک یەکێک لە فریشتەکان ئاماژەی پێ دەکرێت، بە بڕوای من هەر لەم سەرووبەندەدا واتە ۳٥۰۰ ساڵ پێش کوردانی میتانی دانیشتووی ڕۆژئاڤای ئێستا کە خۆیان بە میرانی دەناساند و ناوی مێرێتی، مێر و مێرینۆ کە بۆخۆیان هەڵبژاردبوو هەر بۆ ئەم نەریت و بڕوایەی مێهرە دەگەڕێتەوە و تەنانەت لام وایە مێهر کە لە تێکستەکان ئاماژەی پێ کراوە هەر هەمان میر و مێری کوردی ئەمڕۆکەیە.

یەلدا بە زمانی یۆنانی بە ناتالیس ئێن ویکتدس Natalis_ lnvictus بە مانای لەدایک بوونی مێهر ، تێک نەشکاو و بێ هاوتا مانا دەدات، ڕۆمەکان ئەم جێژنەیان بە جێژنی ساترنالیا دەناسن و بە جێژنی خوای کەیوان واتە ئەستێرەی زوحەلە دەیناسن،

یەلدا لە دەقە کۆنەکانی سریانی بە مانای لەدایک بوون و زان واتە لەدایک بوونی مێرە(مێتر، مێسرا، مێر) ە.

لە زمانی کوردی ئەمرۆییش هەڵدان هەر ئەم مانایەی هەیە و هەڵدانەوە  بە مانای زیندووبوونەوەی دووبارەیە هەروەها بەمانای بڵندی و بەرزییە، با سەرنجێک بخەینە سەر ئەم وشانە،هەڵدان، هەڵداشتن، هەڵدانەوە، هەڵدێر، هەڵدێراو و... کە سەرجەمیان مانای بڵندی و بەرزییان تێدا بەدی دەکرێت و سەدان وشەی لەم چەشنەمان لە کوردی دا هەیە هەر بۆیە من وای بۆ دەچم وشەی یەڵدا سەرەتا هەڵدا یان هەڵدان بووبێت بە واتەی ژیانەوی دووبارە ژیانەوەی مێر، میترا، خۆر، چون لەمە بەدوا ڕۆژەکان بەرەو درێژی هەڵدەکشێن و شەوەکان لەکورتی دەدەن.

ئەم ڕۆژە لە کتێبی ئەبووڕەیحان بە خۆر ڕۆژ ناوی هاتووە کە بەمانای ڕۆژی خۆرە.

تەنیا وشەیەکی بەجێماوی کوردی کە وشەی هەڵ بە یەڵ دەس پێبکات و ئاماژەیەکیش بێ بۆ خۆر و گەرما وشەی یەڵموم،، ە کە بەمانای مەشغەڵ و گەرما و خۆرە،

بزانین هەڵدان لە چی پێک هاتووە

هەڵ پێشگرە بەمانای بڵندی،زۆر بەشیدەت، بەرزی،درێژ، ژیان،

دان بە مانای، وەرز، کات، هەڕەت، وادە،کاتێکی بەرز،

کە سەرجەم بەمانای بڵیند وادە، کاتێکی درێژ و...

کە هەموویان ئاماژەن بە شتێک کە ماوەکەی جیاوازە و بڵیندترە وەک شەوی هەڵدا یان چللە کە وادەی بڵیندترین شەوی ساڵە

بۆیە زۆر نزیکە کە لە بنەڕەتدا وشەی یەڵدا سەرەتا هەڵدا یان هەڵدان بێت کە پیتی ه بە ی گۆڕابێت و ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە.

گرینگترین میوەیە کە لەم شەوەدا دەخوردرێت شووتی و هەنارە، بە بڕوای من چەند هۆکاری هەیە

هەوەڵ هەردووک لە ڕواڵەتدا وەک زەوی خڕن و هێمایەکن لە زەوی

دووهەم سووری ناوەیان کە هێمایەکە بۆ خۆر و ڕۆژ و ڕووناکی

سێهەم، دەنکی زۆری ناوەیان کە هێمایەکە بۆ شەو و ڕۆژەکانی ساڵ واتە ۳٦٥ ڕۆژ هەر بۆیە لە کوردستان پیرۆزی هەنار بە ڕادەیەکە کە هەمووساڵێ چێژنی هەناران دەگرن، بە بڕوای من جێژنی هەناران هەمان جێژنی چللە، مێهر یان مێرە کە تا ئێستاش بەردەوامە .



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد