تاريخ: ۱۳۹۷ سه شنبه ۲۰ آذر ساعت ۲۲:۲۳ بازدید: 1169      نظرات: 0      کد مطلب: 10381

جێژنی ئاوانان، ئەناھیتە


موراد نەزەری ـ توێژەر

جێژنی ئاوان یەکێ لەم جێژنە گەورانە بوو کە لە چاخی کۆن تا پێش ھاتنی ئیسلام پتر لە ھەزار ساڵ بۆ خواژنی ئاوەکان ئەناھیتە بەڕێوە دەچوو. ئەم ڕێ‌وڕەسمە لە ھەیڤی ئاوان کە بەرانبەرە لەگەڵ ڕۆژی دە لە مانگی گەڵاڕێزان دەگیردرا.

ناونانی ھەرکام لە مانگەکان بە تێپەڕنی کات چەند جار گۆڕانیان بەسەرداھاتووە، گۆڕینی ئەم ناوانە بە پێی جۆری تێڕامان، گۆڕانی کەش و ھەوا، ڕووداوەکانی سروشتی و ئاسمانی یا ئایین دەگەڕانەوە. ناوی ئەسلی ھەیڤی ئاوان  [ئەرد- ئەوی- سوورە- ئەنا -ھیتە]یە کە بۆ سووکەڵەی سەر زمان تەنیا ئەناھیتە دەڵێن.

بە بڕوای من ناوی ئەناھیتە خۆی لەناو چەند شتدا دەبینێتەوه:

یەکەم ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە کە لەم وەرزەدا ھەڵدێت کە پێی دەڵێن ئەناھیتە یان ئەناھید یا ناھید.

ئەم ئەستێرەیە بۆیە بەم ناوە ناسراوە چون ھاوکات لەگەڵ ھەڵاتنی ئەم ستێرکە گۆڕانێک بەسەر کەش و ھەوا دادێت و وەرزی بارانەکانی پاییزی دەسپێدەکەن، ئاوی چۆم و ڕووبارەکان سەر لە نوێ ڕوو لە زیادبوون دەکەنەوە ھەر وەک ئەستێرەی گەلاوێژ یان سووەیل کە ھاوکات لەگەڵ ھەڵاتنی تەشقی ھەوا دەشکێ و ھەوا ڕوو لە فێنکی دەکات و دەڵێن گەلاوێژ ئەنگوتووە ھەر بۆیە کاتی ھەلاتن و ئاوا بوونی ئەم ئەستێرانە لە کۆن بەڕادەیەک گرینگی پێ دەدرا کە پێشبینی وەرزەکانی داھاتووشیان لەڕوویان مەزەندە دەکردن.

دووھەم چەمێکی پان و بەرین و خوڕێنە کە گەورەترین ڕووباری ئاسیای بچووکە و بە ناو چەند وڵاتدا تێدەپەڕێ وەک ئەفغانستان کە بەناوی ئەردەوی ئاموو کە ڕەنگە وەک چەمی نیل کە چۆن لە ڕۆژگاری کۆن بۆ میسرییان گرینگ بووە و تەنانەت پێش بینیشیان لەڕووی  دەکرد بۆ ئەم خەڵکەش گرینگییەکی ئەوھای ھەبووە بۆیە وەک ئەناھیتە خوای ئاوان سەیریان کردووە و ناوی ئەردەوە کە تایبەتی خوای ئاوانە پێیانداوە.

سێھەم خواژنی ئاوان کە ھەموو ئاوێکی سەر زەوی دەگرێتەوە بە چەم و ڕووبار و کانی و ھەورەکانیشەوە.

جێژنی ئاوان ھێمای پەرستنی ھێمانی ئاوە، لە ئۆلی کۆن چوار ھێمانی ئاو، ئاگر، با و خاک  پێک ھاتەی پیرؤز دەھاتنە ھەژمار و لەسەر ئەم بڕوایەبوون کە ئەم چوارانە پایە و پێچکی ئەم جیھانەن ھەر بۆیە بۆ ھەر کام لەمانە ئەمشاسپەند(فریشتە)ێکیان داناوە کە ئەم ئەمشاسپەندانە گیان لەبەرێکن کە لەسەر زەوی ناژین و لە جنسی خوانە کە یارمەتیدەری خوا واتە ئاورەمەزنە دەدەن.

با بزانین ڕیشەی وشەی  ئەردئەوی سوورە ئەناھیتە لە زمانی کوردیدا لە چی و چۆن درووس بووە.

ئەرد ئەوی سوورە ئەنا ھیتە

ئەر کورت کراوەی ئەردە، ئەرد بە مانای زەوی ، ئەوی سواوەی وەوی بە مانای بووکە، سوور بەمانای جۆرێک ڕەنگی وەک خوێن یان شاییە، ئەنا بەواتای دایکە، ھیتە بە مانای تەڕی و ئاوە کە سەرجەم دەبێتە بووکە سوورەی ھەرد دایکی ئاو کە لێرە مەبەست لە دایک مانای خوا دەگەیێنێ واتە بووکەسوورەی زەوی خوای تەڕی و ئاو یان جێژن و شایی بووکی خوای ئاو (دیارە ڕەگەزی ئەم خواوەندە مێیینەیە)

لە چاخی کۆن گرینگییەکی یەکجار زۆر بە ئاو کە سەرچاوەی بژیوە دەدرا بە پێی وەیکە شوێنی سەرھەڵدانی ئەم ئایینە چیاکانی زاگرۆس بوو بەڵام توانی تا وڵاتی ئەفغانستان و ھەموو ئەم وڵاتەی کە ئێستا بە ئێران ناسراوە تا دەگاتە نێوان دووچۆمان بگرێتەوە.

لە ھەیڤی ھاویین بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا ئاو زۆری لە کەمیی دەدا و بەھاتنی وەرزی پاییز و باران بارینە کانی وەرزی پاییز و سەر لە نوێ زۆر بوونەوەی ئاوی چەم و ڕووبارەکان و ھەڵکشانی ئاوەکانی ژێر زەوی و ژیانەوەی ھێندێک لە کانی ویشک بۆکان ئەم ھەیڤە بە ئاوان ناودێر کراوە واتە مانگێک کە ئاو ڕوو لە زیاد بوون دەکات ھەر بەھۆی ئەم بڕوایەیە زۆربەی ھەرە زۆری ئاگرگەکان لە تەک چەم بنیات نراون و جێژنی تایبەت بەناوی جێژنی ئاوانانیان گرتووە.

مێژووی ئەناھیتە بۆ پێش ئائینی زەردەشت دەگەڕێتەوە و ناوی ئەناھیتە دوای بەفەرمی ناسینی ئۆلی زەردەشت لە چاخی ساسانی بەھۆی تێکەڵی قووڵی لەناو نەریت و ژیانی خەڵک ھەر بەردەوام بوو و ناوی ئەم خواژنە لەناو خەڵکی ڕەمەکی زۆر بە برەو بوو و دەیان پەرستگە بەناوی ئەناھیتەیان بۆ درووس کرد، بۆ نموونە ئاگرگەی ئەناھیتە لە شاری کەنگاوەر [کەنگ بە واتای کەندەڵان + ئاور کە سەرجەم بەمانای کەند و شوێنی ئاگرە کە ناوی خۆی لەم ئاگرگەیەی وێ وەرگرتووە] لە نزیک کرماشان کە مەزەندە دەکرێ بۆ چاخی سلووکی یان ئەشکانی بگەڕێتەوە.

گەر بە سەرنجەوە بەراوردێکی ئۆستوورە‌ناسی ئەناھیتە بکەین و بزانین ئاخۆ ڕیشەی ئەم ئۆستوورەیە ئێستاش لەناوماندا ماوە یان دوای ھاتنی ئیسلام لەناو چووە؟ دەبینین کە ئێستاش ڕیشەی ئەم ئۆستوورەیە لە زۆربەی ھەرە زۆری گوند و شارەکانی کوردستان ھەر ماوە و بە شێوەی ڕێو ڕەسمی بووکەبارانە خۆی نیشان دەدات و لەم کاتانەی تووشی ویشکەساڵی دەبن یان وەرزی باران بارینەکانی ساڵانە وەدوا دەکەوێ پۆلێک مناڵ بەتایبەتی کچان بە درووس کردنی بووکەڵەیەکی کچ ( وەوی) بە ماڵاندا دەگەڕان و دەڵێن:

((ھەیاران و مەیاران

یاخوا ببارێ باران

بۆ فەقیر و ھەژاران

بووکە بارانە ئاوی دەوێ

ئاوی ناو دەخڵانی دەوێ

ھێلکەی باڕۆکانی دەوێ

دەرزی گەورە کچانی دەوێ))

خاوەن ماڵ بە دانی ھێندێک دیاری بڕێک ئاو بە بووکەڵە دادەکات و ھێندێکیش کەنیشکەکان تەڕ دەکا کە ئەمە بە مانای جۆرێک نزا و داخوازی لە ئەناھیتەیە بۆ باراندنی باران

ئەناھیتە خواژنی ئاوان پاسەوانی پاقژی و خاوێنییە لە جیھاندا، ئەناھیتە لە ئۆستوورەکان یەکێک لە درەوشاوەترین ڕواڵەتەکانە و لە ئاوێستا سروودێکی زۆر جوان بەناوی ئاوان یەشت ی بۆ وتراوەتەوە.

((ھەرئەو وەبەرھێنە و لە ھەموو شوێنان ناوبەدەرە. ھەر ئەوە  لە ڕادەبەدەر فرەمەندە ''فرە= زۆر  مەند= خاوەن، ویقاڕ، زۆرخاوەن ویقارە'' ھەر وەکوو ھەموو ئاوەکانی سەر زەوی، ھەر ئەوە بەھێز کە ئاو لە کێوی ھۆکەر بەرەو زەریا دەڕژێنێ، من ئاورەمەزدا ئەوم بەھێزی خۆم ئافراند تا ماڵ و گوند و شار و وڵات گەشە پێ بدەم و پشتیوان و پەناگە و پاسەوانیان بم))

(ئەھوورەمەزدا؛ ئەھوور بە مانای ئاورە و مەزدا بە واتای مەزنی و گەورەییە کە سەرجەم بە مانای ئاگرەمەزنە دێت چون لای زەردەشتیان ئاور یەکێک لەم چوار ھێمانەی پیرۆز و لایان وایە  خوا خۆی لە جنسی ئاگرە کە گەرمی و ژیان دەبەخشێ ھەر بۆیە بە ئاوری مەزن ناوی دێنن)

 

 




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد