تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۱۵ مهر ساعت ۱۱:۴۳ | بازدید: 1826 نظرات: 1 کد مطلب: 2026 |
ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)
ڕۆژی ٤ مانگی ڕەزبەر کە وەکوو "ڕۆژی جیهانی ئاژەڵەکان" دەست نیشان کراوە، لەئاستی ئێران و جیهان بەبێ دەنگی تێپەڕی. ئەم ڕۆژە سەرەتا لەناو ئایینی مەسیحییەت بەڕێوە دەچوو بەڵام ئەمڕۆکە هەتاڕادەیەک لە چەند لاوە گرینگایەتی پێ دەدرێ. بەشێک لەم ئاوڕدانەوەیە بەهۆی تێکەڵاوی زۆرتری ئاژەڵەکان لەگەڵ شوێنی مرۆڤ لەئاکامی پەرەسەندنی شارەکان و هاتنی ئاژەڵەکانی وەک گەماڵ و پشیلە بۆ نێو گەڕەک و شەقامەکانی شار دەگەڕێتەوە. لەم نووسراوەیە زێدەتر لە ئەوەی کە ئاماژە بەم ڕۆژە بدەم، دەمهەوێ سووڕانەوەی گەماڵ و پشیلە لە دەوروبەری شوێنی ژیانمان - بەپێی پێناسەی مرۆڤەکان لە شوێنی ژیان – بەتایبەت کە وەک دیاردەیەکی لێ هاتووە، بە کورتی شرۆڤەیەکی لەسەر بکەم.
ماوەیەکی کورتە کە مژاری ڕێوەبەرایەتی ئاژەڵە بەرەڵاکانی وەک گەماڵ بۆتە جێی باسوخواس و گرینگایەتی پێ دەدرێ. کاربەدەستانی پەیوەندیدار، ڕێکاری لەناوبردن و کوشتنی ئەوان بۆ ئەم مەبەستە پەسەند و خستووە بەردەستەوە و وادیارە دەستووری پێداویست – بەڵام ناتەواو – بۆ هەموو شار و گوندەکان نێردراوە. ئەم گەڵاڵەیە کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی حەشیمەتی ڕوو لە زۆر بوونی ئاژەڵەکانی هەڵگری نەخۆشی قسە و کاری لەسەر کراوە خاوەن خاڵی بەهێز و نەرێنی گرێدراو بە خۆیەتی.
وەها خۆیا دەکات کە گەماڵ و پشیلەکان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکانی وەک هاری، کیست، لاکوت و چەندین نەخۆشی مەترسیداری دیکەنە. زۆرجاریش هەواڵی هێرش کردنی گەماڵ بۆ سەر مرۆڤەکان دەبیسین کە بەداخەوە ئەم هێرشە لەهەمبەر منداڵان بەگیان لەدەستدانی ئەوان کۆتایی هاتووە. کەوایە، جیا لە نەخۆشییەکان کە ئەگەری گیرۆدەبوونیان هەیە، بابەتی مردنی مرۆڤەکان – و نیشاندانی گەماڵ وەک بکەرێکی هار و مەترسیدار لە چاندی ئێمەشدا – دێتە ئاراوە.
گەماڵ وەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی پیس کردنی پارک و شوێنەکانی حەسانەوە لە نێو شار و دەوروبەری ئەو چاوی لێ دەکرێ. لەم ڕوویەوە، پێداویستە ڕامیارییەکی درێژخایەن، تەکووزمەند و وەڵامدەر بۆ ئەم دیاردەیە کردەوەیی و هەڵبژێردرێ. بەباوەڕم هەر جۆرە هەنگاوێک بۆ چارەسەری یا لانیکەم ڕێوەبەرایەتی ئەو دەبێ ئەم خاڵانە بە باشی بپێکێ هەتا بتوانێ دەستکەوتێکی گونجاوی ببێ:
یەکەم؛ کار لە پێناو پێش گرتن و تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکانی کە ئەگەری گواستنەوەیان لە ئاژەڵ (گەماڵ، پشیلە و مشک) بۆ مرۆڤ هەیە،
دووەم؛ ڕێوەبەرایەتی حەشیمەتی ئەوان و
سێهەم؛ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی گشتی خەڵک لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردەیە.
ئەمڕۆکە شاری مەهاباد هاوشێوازی زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ دیاردەی ڕوو لە بەرزبوونەوەی گەماڵ و پشیلە لەئاستی شار و دەوروبەری ڕووبەڕوویە. سەرەڕای ئەوەی کە "شارەوانی مەهاباد" وێڕای "شۆڕای شار" ساڵانە پارەیەکی زۆر تێچووی ئەم کارە دەکەن بەڵام دیسان ڕێژەیەکی جێی سەرنج لەم ئاژەڵانە دەبینرێن. وێدەچێ دوو هۆکاری سەرەکی لە سەرکەوتوو نەبوونی بژاردەی بەردەست خاوەن دەورگێڕانێکی بەرچاو بن؛
یەکەم، ئەوەی کە گەماڵ و پشیلە لە هەر زاوزێکەرییەکدا زۆرتر لە ٦ یا ٧ تووڵەیان دەبێ و
دووەم، کەسانێک کە وەک پەیمانکار ئەم کارە لە ئەستۆ دەگرن بە هۆی ئەوەی کە ڕێکاری کوشتن قازانج و سەرمایەیەکی باش بۆ ئەوان کۆ دەکاتەوە، حەز بە لەناوبردنی یەکجارەکی ئەوان ناکەن. بەم جۆرە، ساڵانە هیچ دابەزین یا کەم بوونەوەیەکی ئەوتۆ لە ڕێژەی ئەوان بەدی ناکرێ و تەنیا هەوڵی سڕینەوەی ڕواڵەتی پرسەکەیان داوە.
ماوەی چەند ساڵێک دەبێ کە لە ئاستی ئێران، بەتایبەت لە شارەکانی وەک کەرەج، تەورێز و یەزد "ڕیکاری خەساندن یا دابین کردنی شوێن" بۆ گەماڵ – چ دێڵ و چ گۆڵ – وەک هەنگاوی یەکەم لە لایەن شارەوانی یا لایەنە سەربەخۆیەکان دراوە. لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدرێ سەرەتا شوێنی حەوانەوەیان بۆ دەرەوەی شارەکان ڕاگوێزرێ و دواتر کار بۆ ڕێوەبەرایەتی و سنووردارکردنی ئەم بابەتە بدەن. لێرەدا وێڕای سەرنجدان بەئاستی کاریگەری و سەرکەوتوویی ئەم ڕێکارە دەمهەوێ زۆر بەکورتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەوان، ئاماژە بە هیندێک خاڵ بدەم:
ئەگەر بە هەر شێوازێک ڕێکاری خەساندنی گەماڵە دێڵ و گۆڵەکان بەخێرایی و ڕادیکاڵانە کردەوەیی نەبێ، بەدڵنیایی شایەتی ژمارەیەکی بەرچاوتر دەبین. تەنانەت لە ئەگەری ڕوودانی بچووکترین هەڵە یا کەموکووڕی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ئەم کارە، دیسان لە سەرەتای ڕێگا خۆمان دەبینینەوە. بەپێی ژمێرکۆیەکان، گەماڵ بەرەڵاکانی شاری مەهاباد نزیک بە ٨٢٠ گەماڵ مەزەندە کراوە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە. هەروەها، ئەگەر تەنیا ٣٠٠ لە ئەوان گەماڵی دێڵ بن، سەر لە نوێ لە زاوزێکەرییەکی ئاسایی ساڵانەدا شەش بەرانبەری ئەم ژمارەیە تووڵەیان دەبێ.
بەگشتی، بۆ دەستپێکی کار لە سەر ئەم باوەڕەم کە خەساندنی ئەوان زۆر بە خێرایی و ڕادیکاڵانە دەبێ پێک بێ و درزی کوتان لە تەنیشت ئەو بە مەبەستی پێش گرتن لە زاوزێکەری، هاری و گواستنەوەی نەخۆشییەکان ڕەچاو بکرێ. لەم بارودۆخەدا، ئەگەر سەرنج بە ڕێباز یا گەڵاڵەیەکی درێژخایەن و بەردەوام نەدرێ، ئەم هەنگاوە بێ کەڵک بوون و ناکارامەیی خۆی دەردەخات و سووڕێکی ناڕێک دووپات دەبێتەوە. کەوایە، گرینگە هاوکات لەگەڵ خەساندن و دامەزراندنی شوێنێکی تایبەت بۆ ئەوان لە دەرەوەی شار، سەرچاوەکانی دابین کردنی خواردنی ئەوانیش کە پاشماوەکانی ناوماڵی خۆمانن لەئاستی شار تەکووزمەندتر ببن. هەروەها، پێداویستە شێوازی شاردنەوەی پاشماوەکان لە دەرەوەی شاریش ئاوڕدانەوەیەکی باشتری لەسەر بدرێتەوە کە وەکوو سەرچاوەی ڕاکێشانی ئەوان نەبێ.