لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەری ساڵی نوێ، کاندیدەکانی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان ئاماده دهکرین بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی هەڵبژاردنی شاجوانی نوێی کوردستان.
له شاری ههولێر چۆمان مەحموود بەڕێوەبەری کارەکانی شاجوانی کوردستان له وتووێژێکدا لەگەڵ هاژه ڕایگهیاند: لە ئێستادا ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان دەستی پێکردووە و بڕیارە لە ٢٢ی دسامبری ٢٠١٨ (بەرانبەر به ۱ی بهفرانباری ۱۳۹۷ی ههتاوی) لە ئاهەنگێکدا لە هەولێر شاجوانی نوێی کوردستان هەڵبژێردرێت.
بەڕێوەبەری کارەکانی شاجوانی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو زیاتر لە ۶۰ کەس لە چوارپارچەی کوردستانەوە ناوی خۆیان تۆمارکردووە، جگە لەوەش هەندێکێش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
لەبارەی ئەو هوکارەی که شاجوانی ئێستای کوردستان بۆچی زیاتر له دوو سال وەک شاجوانی کوردستان ماوەتەوە، چۆمان مەحموود وتی: لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان شاجوانی کوردستان هەڵنەبژێردراوە، بۆ ئەم خولە خاتوو ژالیا سیروان هاندەری کچانی کوردستان دەدات کە بەشداریی بکەن لەم فێستیواڵه.
لە ماڵپەڕی فەرمی شاجوانی کوردستان که لە رۆژی ٢٠ی ئوکتوبر (بەرانبه ر به ۲۸ی رەزبەر) ناونوسین دەستی پێکردووە و لە رۆژی ٢٠ی نوڤامبر (۲۹ی خەزەڵوەر) ناو تۆمارکردن ڕاگیراوە
بەپێی مەرجەکانیش پێویستە ئەو کەسە کورد بێت و هیچ نەشتەرگەرییەکی جوانکاری نەکردبێت، جگە لەوەش نابێت هاوسەرگیریی کردبێت و تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت و لە ٣٠ ساڵ زیاتر نەبێت، درێژیی باڵای لە ۱۷۰ سانتی میتر کەمتر نەبێت و ڕۆشنبیرییەکی گشتیی هەبێت.
تا ئێستا سێ جار هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، شینێ عهزیز ئاكۆ، له ساڵی ٢٠١٢ بووه یهكهمین شاجوانی كوردستان، لەساڵی ٢٠١٣ فێنك محهممهد وەک دووهمین شاجوانی كوردستان ههڵبژێردرا، لەساڵی ٢٠١٦ ژالیا سیروان وەک سێهەمین شاجوانی كوردستان ههڵبژێردراوە.