ڕۆژی یه‌ک شەممه 11ی سەرماوەزی 97ی هه‌تاوی، به بەشداری به‌رچاوی ئه‌دیبان، هونه‌رمەندان و هۆگرانی وێژه و ئه‌دەبیی کورد کۆڕی پەردەلادان له سەر کتێبی "فێرکاری جلوبەرگی ناوچەی موکریان" نووسینی ماپەرە لاهیجانی به هیممه‌تی بەشی فەرهه‌نگی پێگه‌ی هه‌واڵی هاژه به‌ڕێوە چوو.
له سەرەتای ئه‌م کۆڕەدا قادر مورادی بەرپرسی ئیدارەی فەرهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی وێڕای به‌خێرهێنانی میوانەکان ڕایگه‌یاند: ئه‌وە یازدەهه‌مین کۆڕی پەردەلادان له کتێبه که له سەرەتای ساڵی 97ی هه‌تاوییه‌وە له شاری مەهاباد به‌ڕێوە دەچێت، ئه‌وەش مایه‌ی شانازییه که به هه‌وڵ و تێکۆشانی نووسەرانمان کتێبخانه‌ی کورد ڕۆژ به ڕۆژ دەوڵهمهندتر دەبێت.
سوهه‌یلا مام قادری مامۆستای زانکۆ له‌م کۆڕەدا وێڕای ئاراسته کردنی وتارێکی تایبه‌ت له‌سەر کتێبه‌که، دەوری ژنانی له کۆمەڵگادا گرینگ وەسف کرد و وتی: ژنی کورد له گۆڕەپانی خەبات، فەرهه‌نگی، هونه‌ری، پێشکه‌وتن و... سەلماندوویه‌تی که شان له شانی پیاوان بۆ پێشکه‌وتنی کۆمەڵگاکهیان تێدەکۆشن.
دکتور ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌دیان له‌م ڕێوڕەسمهدا وتی: لایه‌نی شاراوەی ئه‌م کتێبه فێرکاری زمانی کوردییه، چوون به زمانی کوردی و فەننی باس له فێرکاری دروومان دەکات و تووشی وشەگه‌لێک دەبین که هاوتای بۆ دانراوە.
ئه‌م ڕەخنهگرەی بواری فه‌رهه‌نگ و ئه‌دەب هه‌رەها وتی: لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌م کتێبه لایه‌نی لێکۆڵینهوەیی بوونی کتێبه‌که‌یه که پانتاییه‌کی دیاریکراوی به ناوی موکریان له‌خۆ گرتووە.
له درێژه‌ی بەرنامەکەدا دکتور مێهری پاکزاد وتی: نووسینی فەرههنگێک دەتوانێ ببێته هۆی پاراستنی دابونه‌ریتی نه‌ته‌وەیه‌ک له مێژوودا، هه‌ر بۆیه خوێندنەوەی شرۆڤەکارانهی به‌یته کوردییه‌کان و سرنج‌دان به جلوبەرگ له‌م کتێبانه‌دا زۆر گرینگه.
نووسەری کتێب ویڕای ئاماژه به‌وە که به‌شی فێرکاری کتێبه‌که به پێی ئه‌زموونی خۆی بووه، وتی: جلوبه‌رگ یه‌کێک لە ماکه‌کانی سەرەکی هه‌ر نهتهوەیهکه، شانازی هه‌ر نه‌ته‌وەیه‌ک به بنەما کلتوورییه‌کانی گرێ دراوە و دەبێته هۆی مانایی ئه‌و نهتهوەیه.
ماپەرە لاهیجانی هه‌روەها ڕایگه‌یاند: ئه‌م کتێبه له چەند بەش پێکهاتووه که لە بەشی پێشەکی کورتەیەک لەسەر مێژووی جلوبەرگ و ئه‌و سەرچاوانهی سەبارەت به جلوبەرگی کوردی دواون باس کراوە، له بەشی دووەمدا جلوبەرگ له قورئانی پیرۆزدا ئاماژه‌ی پێکراوە، له بەشی فێرکاری له زمانی سەر زارەکی (محاوره‌ای) که‌ڵک وەرگیراوە.
وتیشی: له بەشی چوارەم جەدوەل یان خشته‌یه‌ک له سەر ئه‌ندازه سرووشتییه‌کانی خاتوونەکان و منداڵان گونجاوە که ته‌نیا به دیاری کردنی ته‌مه‌ن یان سایز ئه‌ندازەی جلوبەرگ دیاری دەکرێ و له بەشی پێنجەم ڕەنگدانه‌وەی جلوبەرگ له ئه‌دەبیاتی کوردی‌دا، لەسەر دیوانی شاعیرانی کلاسیک و نوێخواز کڕوکاش کراوە و ئه‌و شێعرانه‌ی سەبارەت به جلوبەرگ، ئامێرەکانی تایبه‌ت به خەییاتی و دروومان، جۆری پارچەکان و جۆری دروومان هەڵبژێردراوە و هاتۆته به‌ر دیدی خوێنه‌ر، هەروەها له بەشی فێرکاری جلوبەرگی ژنانه و پیاوانه به شێوەیه‌کی ساکار لەگەڵ خوێنه‌ر دەدوێ و وێڕای کێشانی ئۆلگوو (نوێنه‌ک)، شێوەی بڕین و دروون و تەڕڕاحی و دیزاین و چۆنییه‌تی ئامادە کردن و هەروەها پارچەی پێویست بۆ هەر لیباسێک دیاری کراوە.
به وته‌ی نووسەر بەشی پاشکۆی ئه‌م کتێبه تایبه‌ته به هێندێک شتی کلتووری و دەستکرد و دوا به‌شیش له خۆگری فەرههنگۆکێکه که دەستەواژەکانی تایبه‌ت به خەییاتی و پارچه و جۆری دروومان له خۆ دەگرێ.
له‌م کۆڕەدا هه‌ژیر کۆکه‌یی پارچه موزیکێکی به شیوەی پلەی به‌ک پێشکه‌ش به ئامادەبووان کرد.
له بەشی کۆتاییشدا به ئامادەبوونی هێندێک له مامۆستایانی بواری فەرهه‌نگ و هونه‌ر پەردە له‌سەر کتێبی "فێرکاری جلوبه‌رگی ناوچه‌ی موکریان" هه‌ڵدرایه‌وە.
مۆڵه‌تی بڵاو بوونه‌وەی ئه‌م کتێبه له لایه‌ن نه‌شری زانکۆ وەرگیراوە و له لایه‌ن چاپی ئۆفسێتی کیان و چاپخانه‌ی ڕاهنەما له ته‌ورێز سەححافی کراوە.
وێنه‌گرانی هاژه: سەید یۆسف عەباسی تاهیر، پۆڵا ئاغاز