"خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان" لە درێژەی زنجیرە چالاکییەکانی خۆیان دا، کە بۆ خوێندنەوەی بەرهەمە ناسراوەکانی ئەدەبیاتی گەلانی جیهان تەرخان کراوە، رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوەیان خستنە بەر تیشکی سەرنج و تێڕامان و لایەنە جوداکانی ئەو بەرهەمە ئەدەبییەیان شیکردەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامادەیی سەدان خاتوونی خوێندەوار و کتێبخوێنی بۆکانی و شارەکانی درواسێ بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەەکەدا، سەرەتا کەسایەتی و بەرهەمهکانی نووسەر بە ئامادە بووان ناسێندران و پاشان باسێک لە سەر ناوەڕۆک و هێڵی گێڕانەوەیی رۆمانەکە خرایە بەر باس. دواتر لە سێ پەنێل دا بەرنامەکان بەو شێوەی خوارەوە پێشکەش بەشداربووان کران:
پەنێلی یەکەم بە تەوەرەی سەرەکی " کاریگەریی توند و تیژی بنەماڵەیی لە سەر ناکارا کردنی رۆڵی ژنانە لە رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە دا"
ئەو پەنێلە بە بەشداری ئەو خاتوونانە بەڕێوە چوو: نیشتمان ئەبووبەکری، بەیان ئیسماعیلنژاد، پەروین شیخی
پەنێلی دووەم بە تەوەرەی سەرەکی (کێشە و کەڵکەڵەی ژنانە لە رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە دا"
ئەو پەنێلە بە بەشداری ئەو خاتوونانە بەڕێوە چوو:
لەیلا نوورانی، ژیلا ئیسلامی، فەوزیە سوڵتانبەگی
پەنێلی سێیەم بە تەورەی سەرەکی(شوناس لە هونەری رۆمان دا، بە پێی رەنگدانەوەی لە رۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە دا )
ئەو پەنێلە بە بەشداری ئەو خاتوونانە بەڕێوە چوو:
لەیلا ساڵحی ، هاجەر هووشیار، خانمی حوسێنی
بەشی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیە وەک باقی کۆبوونەوەکانی "خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان"، تەرخان کرابوو بە بەخشێنی کتێب لە لایەن خاتوونە کتێب خوێنەکانەوە بە کتێبخانەی ئاواییەکانی سیمینە و داشبەند. شایانی باسە خاتوونەکانی وشە و کتێب، هەر مانگەی کتێبخانەی یەکێک لە دێهاتی سەر بە شاری بۆکان بە کتێبەکانی خۆیان دەوڵەمەند دەکەن. لەو کۆبوونەوەیەدا زیاتر لە سەدان بەرگ کتێب بۆ دوو کتێبخانەی سەتتارخانی سیمینە و بەشارەتی داشبەند کۆکرایەوە.