تاريخ: ۱۳۹۷ يکشنبه ۲۵ آذر ساعت ۱۵:۴۰ بازدید: 3941      نظرات: 1      کد مطلب: 10299

وت‌ووێژێکی کەمتر دیتراو لەگەڵ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو سمکۆ پاکزاد


 *ئیسماعیل پاکزاد "سمکۆ" ١٣ی جۆزەردانی ١٣٣٩ی هەتاوی لە گوندی نۆبار سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە.

*ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی دیپڵۆمی زانستی ئینسانی وەرگرتووە.

*ساڵی ١٣٦٠ لە ڕادیۆ مەهاباد دامەزراوە و بۆ ماوەی ساڵێک لەو ناوەندەدا کاری کردووە.

*پاییزی ١٣٥٥ لە خانەی جەوانانی مەهاباد لە لای "حسێن قەلعەجوغەیی" فێری هونەری نەقاشی و نیگارکێشیی بووە.

*لە ساڵی ١٣٥٧ لە کێ‌بەرکێی نەقاشی (خانەی جەوانان) لە ڕامسەر لە ئاستی ئێراندا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و میداڵی زێڕی وەرگرتووە.

*نزیکەی ٢٠٠ وێنەی کەسایەتی گەورەی کوردستانی کێشاوەتەوە.

*چەندین پێشانگای تاکەکەسی و گشتی لە شاری مەهاباد و سلێمانی داناوە.

 

١. چۆن بوو کە نێوی "سمکۆ"یان لێ‌نان؟

مامۆستا مەلاعەزیز داشبەندی کە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی خوالێخۆشبووی بابم (عەباس پاکزاد) بوو، جارێکیان بە خزمەتی گەیشتم و بەسەرهاتی نێو لێنانی منی ئاوا باس کرد. پێش ئەوەی کە منی سمکۆ لەدایک بم، لەگەڵ بابم پێکەوە بڕیاریان داوە کە هەر کامیان زووتر خودا کوڕێکی داتێ، ئەوە نێوی بنێن "سمکۆ". ئەو نێوە لە بنەماڵەدا بەسەر مندا بڕاوە و زیاتر بە سمکۆ ناسراوم تا ئیسماعیلی پاکزاد.

 

٢. دەکرێ باسێکمان لەسەر ژیانی هونەری خۆتان بۆ بکەن...

هەر لە منداڵییەوە هۆگرێکی یەکجار زۆرم بە نەقاشی و کاری کێشانەوە هەبوو. مامە (لەتیفی نەقشی) لەگەڵ خوالێخۆشبوو (ئیبڕاهیم ڕۆستەم‌زادە) لە شەقامی سەیدنیزام دووکانی کەرەسە و وەسایلی ڕەنگیان هەبوو و دەیانفرۆشتن، تابلۆکانی خۆشیان هەر لەوێ دانابوو، هەتا بەو گوزەرەدا ڕۆیشتبام، زۆر لەبەر دەرکی دووکانەکەیان ڕادەوەستام و سەیری تابلۆکانم دەکرد. ئەو عەلاقەیەی من هەروا پەرەی ئەستاند، بەڵام بەداخەوە کەس نەبوو دەستم بگرێ. لە خولی ناوەندی‌دا (دورە راهنمایی) کاکە ڕەحمانی قازی مامۆستای مەدرەسە بوو، ئەگەر وێنەیەکی لەسەر تەختە کێشاباوە، بەدووی ئەوی‌دا دەڕۆیشتم و وێنە‌یه‌ک وەک وێنەی ئەوم دەکێشاوە، دوایی هەر ئەو وێنەیەم بۆ دەبردەوە و نمرەی ٢٠ی دەدامێ و باشتری هان دەدام. بەڵام ئەگەر دوایە ویستبام هەر ئەو وێنەیە بکێشمەوە، بۆم جێبەجێ نەدەبوو، دیارە ئەوە کەلێنێک بوو کە لەمندا بەدی دەکرا. ساڵی ١٣٥٥ی هەتای کە چوومە قۆناغی دواناوەندی (دبیرستان) لەگەڵ دۆستێک بە نێوی کاک عوسمانی بێهرووز ئاشنا بووم کە دەستێکی باڵایی لە کاری مینیاتۆردا هەبوو. هەروا کە یەکترمان ناسی پێی‌گووتم لە (خانەی جەوانان) کلاسی هونەری بەڕێوەدەچێ، ئەرێ نەچین؟

کاک حسێن قەلعەجوغەیی کارمەندی ئیدارەی دوخانیات بوو کە دانی پاش‌نوێژان دەرسی خەت و نەقاشی بە هونەرجوویان دەگووتەوە، بۆخۆم وزە و توانا و عەلاقەم بە کارەکەم هەبوو، کاک حسێنیش کە ئەو شتەی لەمندا دەدیت زۆری یارمەتی دەدام. لە مابەینی ساڵەکانی ٥٥ تا ٥٦ هەستم کرد کە شتێک فێر بووم، بەڵام لە ساڵی خوێندنی ٥٦ ـ ٥٧ بەڕاستی زۆر چاک بەرەو پێش چووم و توانیم لە کێبەرکییەکانی (وڵات، پارێزگا، ناوچە و شار)دا پلەی یەکەم وەدەست بێنم. زەمانی شا ئاوا باو بوو ئەگەر گەنجێک سەرکەوتنی بەدەست دێنا، لەسەر خەرجی دەوڵەت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بۆ "هەوارگەی ڕامسەر"یان دەبردن. ئەمن و کاک ناسر سینا و کاک جەماڵ کەریمی لە مەهاباد ئەو چەند ڕۆژەی لەوێ بووین. لەو چەند ڕۆژەدا کچ و کوڕی وام دەدیت دەستیان دەتگووت ئاورە دێ و دەچێ، هەر کایەیان بە قەڵەمووی نەقاشی دەکرد. دیتم کە بەڕاستی من لە هەمبەر ئەوانەدا هەر هیچ نازانم. یەکێک لەوانە کوڕی ماڵە داداشییەکانی تاران بوو کە هەر بنەماڵەتەن نەقاش بوون و یەکێکی‌تر (عەلی مافی) بوو کە لەو چەند ڕۆژەی لەوێ بووم زۆر شتیان لێ فێر بووم. ئەگەر لە ڕامسەر بووین  کاتی کێبەرکێی نەقاشی (خانەی جەوانان) لە ئاستی وڵات‌دا هات کە من لەو کێبەرکێیەدا بەشداریم کرد، کە تەوەری نەقاشییەکە بابەتی ئازادیان داینێ و پێیان گوتین لە هەر نوقتەیەکی خانەی جەوانان کە پێتان خۆشە تابلۆیەک بکێشنەوە. ئەمنیش ڕووبەڕووی شەقامی (ئوستاد بەرزگەر) دانیشتم و وێنەیەکم لە دوورترین نوقتە تا نزیکترین نوقتە (بەر لاقی خۆم) کێشاوە و لەوێ توانیم هەموو ئیمتیازەکان وەدەست بێنم و میداڵی زێڕ وەرگرم.

 

سمکۆ پاکزاد، جەماڵ کەریمی، ڕەسووڵ ساڵح‌زادە، ناسر سینا، ساڵی ١٣٥٧ هەوارگەی ڕامسەر

٣. بەڕێزت لە نەقاشییەکانت لە چ شتێک ئیلهامت وەرگرتووە و زۆرتر لەسەر چ شتێک کار دەکەی؟

من پەیڕەوی سەبکێکی تایبەت نیم، بەڵام ڕیالیزم کە زیاتر سەبکێکی واقع‌گەرایە لەوی کەڵکم وەرگرتووە. نەمویستووە کارێک بکەم نە بۆخۆم تێی‌بگەم و نە بینەریش. بۆخۆم لە کاری مۆدێرن ناگەم کە مەبەستی هونەرمەند لە پێوەدانی پەڵە ڕەنگێکی کە بە دیواری داداوە و چۆڕاوەتەوە چییە؟ جا ئەو بۆخۆی چلۆنی لێک دەداتەوە کەیفی خۆیەتی.

دوای ساڵی ١٣٥٧ کە خانەی جەوانان نەما، بۆخۆم زۆرتر لە سەر دم‌وچاو (چێهرە) کارم دەکرد. هەمیشە کاغەز و قەڵەمم پێ‌بوو. هەر کات توانیبایەم و کەسێکم وەگیر کەوتبایە وێنەیەکم لێ دەکێشاوە. هەروەها لەسەر دیمەن و سروشتی ڕەنگاوڕەنگی باخی مکاییل، دیواری سەدی مەهاباد، بەردە گڕاوانی ڕەبەت و... وێنەم کێشاوەتەوە. بەڵام من لە کاری هونەری خۆم‌دا زۆرتر لەسەر کەسایەتییەکانی گەورەی کوردستان کارم کردووە. وێنەی گەورەی مامۆستا هێمنم لە ساڵی ١٣٦٧ بۆ مەڕاسێمەکەی کە لە سینەما تەربییەتی مەهاباد لە لایان گۆڤاری سروە بەڕێوە چوو ساز کرد، پێش ئەو وێنەیەش، وێنەیەکی ڕەش‌وسپی (سیاە و سفید) مامۆستا هێمنم کە تازە بەرەو کوێستان گەڕابۆوە کێشابۆوە.

ساڵی ١٣٦٩ کە مامۆستا هەژار کۆچی دوایی کرد، بۆ چلەکەی تابلۆیەکی گەورەم کێشاوە کە بەداخەوە مەڕاسیمەکە بەڕێوە نەچوو. ئەو دوو تابلۆیەی مامۆستا "هێمن" و "هەژار" لە پێشانگا و کۆڕ و کۆبوونەواندا بوونەتە برا گەورە و هەمیشە لەو شوێنانەدا دادەندرێن. زیاتر لە ١٤٠ پۆرترە بە قەڵەم ڕەنگی لەسەر کاغەز لە ناودارانی گەورەی کوردم کێشاوەتەوە،کە هێندێکیانم لەسەر دیواری فەیسبووکەکەم داناوە کە کاک خوسرەو مەعڕووفی ئەرکی وێنە کێشان و دابەزاندنیانی لە ئەستۆ بووە. هەڵبەت پێش ویش کاک جەعفەر حسێن‌پوور "هێدی" کە نزیکەی ٦٠ تابلۆیەکی کارەکانی منی لە لا بوو لەسەر دیواری فەیسبووکەکەی خۆی داینابوو، بەڵام کاک خوسرەو پیاوەتییەکەی کردە هی خۆی و گەشەی پێدا، کە من سپاسی هەر دووکیان دەکەم.


٤. لە کەنگێوە هۆگریتان بە زمان و ئەدەبی کوردی پەیدا کرد؟

لە ساڵی ١٣٥٣ بابم زەبتێکی کڕی، نەوارێکی کاسێتی مامۆستا شووکروڵڵا بابانمان هەبوو کە هەمیشە گوێمان دەدایە، بۆخۆم حەزم لەو خوێندنەوە و لەو شێعرانە بوو کە بەڕێزیان دەیخوێندەوە، هەر چەند ئەو دەم نە بۆم دەخوێندراوە و نە بۆشم دەنووسراوە، گەرچی بەعزێکیانم نووسیبۆوە بەڵام بە ڕێنووسێکی تەواو هەڵە. کتێبێکی مامۆستا "گۆران"مان هەبوو زۆر جار بە دزی لێم دەڕوانی، بەڵام چم بۆ ساغ نەدەبۆوە، ساڵی ١٣٥٧ کە هێستا شۆڕش لە ئێران دەستی پێ‌نەکردبوو، کاک کەریم دانشیار کە مامۆستای دەرسی جۆغڕافیامان بوو، دوای ئەوەی کە دەرسی پێ‌دەگوتین، دەهات لە لای ئێمە دادەنیشت. جارێکی لێم پرسی ئەو حەوتانە "بزوێن" چین لە سەر و لە بنی وشەی کوردین؟ ئەویش لە پشت کتێبی جۆغڕافیاکەم بە تەواوی بۆی شی کردمەوە کە بۆ نیشانەی بزوێن لەسەر پیتی و، ل، ی و بۆ لە بن ڕێیە کە لەگەڵ ویش چۆنییەتی گوتنەوەی ئەوانی لە نێو وشە و ڕستەدا فێر کردم. ئیدی هەر ئەوە بۆ من بوو بە کلیدی کرانەوەی هەموو وشەیەکی کوردی. چون ئەو دەم کتێبی کوردی کەم بوو، لەگەڵ کاک جەعفەر حسێن‌پوور "هێدی" هەر کتێبێکی کوردی کە وەدەستمان کەوتبایە بە تامەزرۆییەوە دەماننووسێوە. ئێستاش بۆ نموونە چەند کتێبی وەکوو "پاییزی جاران/ مامۆستا ساڵح دیلان"، "سروشت و دەروونی / مامۆستا گۆران"، "شەونامەی شاعیرەکێکی تینوو / مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو"، "نەورۆزی کوردستان / حەبیب عەلی میرانی"م کە بە دەستی خۆم نووسیومنەوە هەر ماومن. بەو نووسینانە دەستم زۆر باش ڕاهات، هەر کتێبێکی کە وەدەستم دەکەوت، بۆ ئەوەی کە فێری وشە و مەعناکەیان بم، دەست بەجێ فەرهەنگۆکەکەیم دەنووسێوە. لەویش سەیرتر ئەوە کە من لەگەڵ شێعرەکانی کاک سوارەی ئیلخانی‌زادە ئاشنا بووم. کاک "سەدیق ئیسلامیان" و کاک "فەتاح جەوانمەردی قازی" کە لە دۆستانی هەرە نزیکی کاک سوارەی بوون، نووسخە شێعرییەکانی ئەویان لە لا بوو، ئەو دەم لێم وەرگرتن و نووسیمنەوە. ئەوەندەم عەلاقە بە شێعری کاک سوارەی پەیدا کردبوو، هەر هەموو شێعرەکانی (خەوەبەردینە، کچی بەیان، تۆ دەریامی و ...) بە دوو جار خوێندنەوە بۆم لەبەر بوون. بە خوێندنەوەی ئەو دەست‌خەتانە بۆخۆم وەک سوارەناسێکم لێهات. هەر وەها شتێکی گرینگتری کاک سوارە نەسرەکانی بوو کە لە "ڕادیۆ کوردی تاران" لە بەرنامەی "تاپۆ و بوومەلێڵ"دا بڵاو دەبوونەوە کە ئەویشم وەک شێعرەکان وەدەستم کەوت و نووسیمنەوە.

کاتێک کە مامۆستا هێمن گەڕایەوە. لەساڵی ١٣٥٨ لە (خانەی جەوانان) کلاسێکی زمانی کوردیان دانا. ئەمنیش وەک زۆربەی لاوان بەشداریم کرد، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە پێشدا مایەکم هەبوو، بە نمرەی ٢٠ لە خزمەت مامۆستا هێمن‌دا ئیمتحانم دا و دەرچووم.

 

٥. یەکێک لە شانازییەکانی گەورەی جەنابت ئەوە بووە کە لە خزمەت مامۆستا هێمنی‌ دابوون، ئاشنایەتی ئێوە و مامۆستا هێمن لە کوێ‌ڕا بوو و مامۆستا وەک کەسایەتییەکی گەورەی کورد چ شۆێندانەرییەکی لەسەر بیر و بۆچوونی جەنابت لەسەر زمان و ئەدەبیاتی کوردی و کۆمەڵگای کوردستان‌دا هەبووە؟

بە هۆی ئەوەی کە ئامینی خوشکم لە شیلان‌ئاوێ موعەلیم بوو، ساڵی ١٣٥٤ لەگەڵ کاک سەلاحی کوڕی ناسیاویمان پەیدا کرد و هاتووچۆی ماڵە یەکتریمان دەکرد. هەر لەوێش ڕا لەگەڵ باقی کوڕەکانی ماڵە شێخولئیسلامی دۆستایەتیمان گەرم و گوڕتر بوو. لە نێو مەجلیس و دانیشتنی ئەواندا شێعری مامۆستا هێمن هەر گاڵەی دەهات. کاتێک کە ئەو شێعر خوێندنەوانە هاتنە گۆڕێ هێمنم وەک شاعیرێک ناسی، کە بەڵێ شاعیرێک بە نێوی "هێمن" هەیە. ئەگەر کتێبەکانی "ناڵەی جودایی"، "تاریک و ڕوون" و "تۆحفەی موزەفەرییە"م لێ خوێندەوە. ئیدی بەڕاستی تێگەیشتم کە هێمن یەکێک لە شاعیرانی هەڵکەوتەی کوردستانە. جا هەر بە هۆی ناسیاوی کاک سەلاحەوە زۆر جاران لە خزمەتی دادەبووین. ئەو دەم مامۆستا زانی کە ئێمەی منداڵی کوردی زەمانی شا، لە تەمەنی ١٧ ساڵی‌دا کوردی دەزانین و توانای خوێندنەوە و نووسینەوەمان بە زمانی کوردی هەیە، سمکۆی پاکزاد شێعری بۆ دیکلەمە دەکرد، لە لای ئەو شتێکی سەیر بوو کە مێرمنداڵێک لەو تەمەنەدا ئاوا کوردی باش بزانێ. یەکەم شت کە لە مامۆستا هێمن فێر بووم ئەوە بوو کە کاتێک ئێمەی منداڵ سەردانیمان دەکرد، یەک پێ لەبەرمان هەڵدەستا. چون ئەو ئەدەبە لە کەم کەسان‌ دا هەیە کە لە بەر منداڵێک هەستێ.

هەر کات لە کۆڕ و کۆبوونەوان‌دا لەگەڵی دادەنیشتین، هەر قسە و ڕستە و وشەیەکی گوتبایە، زوو لێمان وەردەگرت. بۆ نموونە زۆر یەک لە شاعیرانی لاو وەک کاک قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ"، شەریف حسێن‌پەناهی، کاک ڕەسووڵ ڕەش‌ئەحمەدی "هەڵوەدا" لێی کۆدەبوونەوە و شێعری خۆیان بۆ دەخوێندەوە و ئەویش قسەی لەسەر دەکردن. ئیدی ئەو جار وای لێهات ئەودەم کە خانەی جەوانان هەبوو لە کتێبخانەکەی وێدا کۆڕ و کۆبوونەوەیان ساز دەکرد. لە سەردەمی دواناوەندی‌دا (دبیرستان) لە لایان مەدرەسەکەمان (ئیبنەسینا) کۆڕ و کۆبوونەوەیەکمان لە سینەما تەربیەت پێک هێنا. کاک قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ"، کاک ڕەسووڵ ڕەش‌ئەحمەدی "هەڵوەدا"، کاک جەعفەر حسێن‌پوور "هێدی" لەوێ وەک شاعیر لە کۆڕەکەدا ناسران. مامۆستا هێمن وەک داوەر بانگهێشتنمان کرد. کاک محەممەد ماملێ و کاک عەزیز شاروخ بە هاوڕێیەتی ڕێزداران "ڕەشید فەیزینیژاد / وێڵۆن"، "حسێن ڕەهبەر / زەرب"، "فاڕوق مەتین / سەنتوور" و "بەهمەن مەتلوب / تار" بە بێ ئەوەی چاویان لە هیچ شتێک بێ کۆڕەکەیان بۆ ڕازاندینەوە. دوایی کە نۆرەی مامۆستا هێمن هات و هاتە سەر سێن، فەرمووی: "من نەهاتووم لێرە شێعر بخوێنمەوە، بەڵکوو وەکوو میوانێک هاتووم و بەڕاستی پێم شەرمە لە دوای قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ" شێعر بخوێنمەوە". مامۆستا هێمن گەورەیی خۆی بەو وتەیەی کە بە کاک قاسمی گوت، گەیاندە لووتکە کە فەرمووی: "پێم وابوو لە ژێر زووڵم و زۆری شادا نەتەوەکەمان وەجاغ کوێر دەبێ، تەماشا دەکەم کوڕی وەک قاسمی پێگەیوە". دوایەش بە کاک جەعفەری حسێن‌پووری "هێدی" گوت: "کاک جەعفەر غرور نەیگرێ، ئەگەر غرور نەیگرێ دەبێتە شاعیر".

 

قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ"، قادر بابامیری "ئاکی"، سمکۆ پاکزاد، ساڵی 1366 هەتاوی

 

بۆ مامۆستا هێمن وەک خالیدئاغای حیسامی "مامۆستا هێدی" دەفەرموێ: "هێمن هەر ئەوەندە بەسە، بڵێی هێمن بوو". ئیدی بەحسی لەسەر نەکەی...چون هێمن ئەوەی لە پاشی بەجێ ماوە، دەیسەلمێنێ کە هێمن بۆ میللەتی خۆی چی کردووە. هێمن سەرەڕای ئەو شێعرە بەرزانە و نووسراوە، وەرگێڕان و مەقالانەی کە لە پاشی بەجێ ماوە، دەنک بە دەنکیان جێگای وردبوونەوەن. جێگای سرنجە کە ئایا هێمن ئەو هەمووە وشە موکریانییەی چۆن زانیوە و چۆنی لە نووسراوەکانی خۆیدا خڕکردۆتەوە. بۆ نەموونە لە شێعری "زیندە بە چاڵ"دا دەڵێت: "ژینی نێو گەند و هەڵالم تا کەی"؟ جا تۆ لێرەدا بچو لەسەر وشەی "هەڵاڵ" بکۆڵەوە، بزانە چەند مەعنای لێدەردێنی. لە قەدیم‌دا ئەگەر پێستەیان خۆش کردووە، پنگ، بێژان و جاترە و هێندێک گیا و گۆڵی‌تریان لە گەڵ ئاردی تێکەڵ دەکرد، ئەو پێستەیان لە سوێنەیان دەنا. خودی سوێنە وەک تەشتی وایە کە لە قوڕی دروست دەکرا و دوایە لە کڵ‌دا سوور دەکراوە کە بۆ هەویر شێلان و نان کردن و شیو کردن کەڵکیان لێ ‌وەردەگرت. جا ئەو هەموو گیا و گۆڵەیان لە پاڵ یەکتری ڕادەکرد کە دیارە بۆنێکی ناخۆشی دەبێ، ئەوە یەکێک لە مەعناکانی "هەڵاڵ"ە. دەی ئەگەر هێمن ئەو وشەیەی نەپاراستبایە، چۆن ئێمە دەمانزانی؟ یا زۆر وشەی نایابی دیکە کە مامۆستا لە شێعر و نەسری خۆیدا کۆی کردۆتەوە کە بەڕاستی جێگای پێزانینە. ئەگەر ئێمە حەولێ بدەین ئەو وشانە خڕکەینەوە، دەتوانین وەک "فەرهەنگی موکریان" کەڵکی لێ وەرگرین.

 

٦. دیارە لەو کۆڕەدا مامۆستا هێمن بە بەڕێزتانی گوتبوو: "سمایل دنیای شێعرە..."

ئەو دەم مێشکم زۆر چاکی کار دەکرد، هەر شێعرێکم دوو جار خوێندباوە، تازە لەبەرم دەبوو. ئێستاش ئەگەر کەسێک شێعرێکی بخوێنێتەوە، دەزانم بە دروستی یا بە هەڵە دەیخوێنێتەوە. مامۆستا هێمن وەک تەشویق و هاندانێک ئەوەی بە من فەرموو. ئەگەر لە کۆبوونەوەیەک من لەوێ بام، بۆخۆی دەیفەرموو: "هەستە سمایل ئەو شێعرەیان بۆ بخوێنەوە".

ساڵی ١٣٦٠ کە لە ڕادیۆ مەهاباد بووم و بەرنامەی "شێعر و شاعیران"م لە ئەستۆ بوو، مامۆستا هێمن لە شیلان‌ئاوێ فەرمووی: "قوربان ئەگەر ئێواران کە لە خەو هەڵدەستم، ڕادیۆکەم هەڵدەکەم، چاوەڕێم، هەتا دەنگی جەنابت ببیستم". ئەو دەم شێعری "ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە"، بۆ سەر فارسی وەرگێڕاوە و تەئید بوو کە من لە ڕادیۆدا بیخوێنمەوە، جا ئەو ساڵەی شتێکی زۆر سەیر بوو کە شێعری مامۆستا هێمن لە ڕادیۆ مەهاباد بخوێندرێتەوە.

مامۆستا هێمن زۆر جار بەسەرهاتی گەنجێتی خۆی کە ئەو سەردەم لە خانەقای شێخی بورهان بووە و لەوێ خوێندوویەتی بۆی دەگێڕامەوە و باسی سەید ڕەشیدی دەکرد. دیارە سەید ڕەشید ئەو سەردەم لە شێعری فی‌البداهە‌دا کەسێکی نابغە بووە، ئیدی هەر قسەی کردووە و شێعری بۆ هاتووە. مامۆستا هێمن بۆخۆی کەسێکی زۆر قسە خۆش بوو و هەر قسەیەکی کە بۆی گێڕاومەوە هەموویم هەر نووسیوەتەوە.

بۆی گێڕامەوە، ئەو دەم کە کتێبی "تۆحفەی موزەفەرییە"ی ساغ کردەوە، فەرهەنگستانی دەوڵەتی عێراق، هەزار و ٥٠٠ دیناری خەڵات دەکا، ئەو پووڵە ئەو دەم مەعادیلی ٤ هەزار و ٥٠٠ دۆلار  بووە. مامۆستا بەو پووڵەی هەڵدەستێ تەواوەتی ئورووپای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات. بۆ ماوەیەک لە وڵاتی "فەڕانسە" دەمێنێتەوە. لەوێ وەک لە بیرم بێ لەگەڵ کاک کەریم حەداد و کاک خەلیل پێشنەماز، ئەو وەک دیلمانج لەگەڵیان دەبێ کە بە بازاڕی شانزەلیزەدا دەگەڕێن، ئەویش تەماشا دەکەن کەوڵە ڕێوێک لەوێ هەڵاوەسراوە کە قیمەتێکی چەند فڕانکی لەسەر نووسراوە. ئەویش بە پێکەنینەوە  دەفەرمووی: "ئەهی، کوڕە وەڵڵاهی ئەوە شتێکی غەریبە، بڵێی شاعیرێکی کورد نەبووبێ...". ئەوانیش دەڵێن: "چۆن مامۆستا"؟ مامۆستاش دەفەرمێ: "ئەخە شاعیری کورد تا نەمرن، خەڵک قەدریان نازانێ و کەوڵیان وەقیمەت ناکەوێ".

زۆر جاران کە لە بن دارە گوێزەکانی شیلان‌ئاوێ‌دا لە خزمەتی دادەبووین، لە عەینی ئەوەیدا کە قسەی بۆ دەکردین، قوتووە تووتنەکەی هەڵدەپچڕی، پەڕە سیغارێکی دەست دەدایە، بە قامکە چکۆلەکەی قوتووەکەی دەگرت، پەڕەکەی لە نێو قامکی دادەبوو، قسەی بۆ دەکردین، تووتنەکەی هەڵدەگرت لە پەڕەکەی دەکرد، هێندەی قسەی بۆ دەکردین، لە کاتی قسە کردن‌دا، ئەوەندە قامکی بە پەڕی سیغارەکەی دا دێنا، تا تووتنەکەی بەردەبۆوە و خەلاس دەبوو. جاری وا بووە بە پێنج جار وای لێ‌دەهات. ئەگەر چی زیاتر لە ٣٠ ساڵە مامۆستا هێمن نەماوە، بەڵام لە کن من هەر زیندوویە و لە گەڵی دەژیم.

 

٧. زۆرتر لەگەڵ کام یەک لە شاعیران، نووسرران و هونەرمەندانی کوردستان دۆستایەتی و هات‌وچۆت هەبووە و هەیە؟

هەر وەک کە دوایەش ئاماژەم پێ‌کرد چ لە مەهاباد و چ لە شیلان‌ئاوێ زۆر جار لە خزمەت مامۆستا هێمنی دابووم. لە ساڵی ١٣٦٦وە لەگەڵ خالید ئاغای حیسامی "هێدی" دۆستایەتیمان هەیە و ئێستاش پەیوەندی و خۆشەویستیمان هەر هەیە. هەر کەس ئەگەر لە مەهاباد ڕا بچێتە هەولێرێ حەتمەن لێی دەپرسێ، سمکۆی دەناسی؟

کاک جەعفەر حسێن‌پوور "هێدی چکۆڵە" کە لە خۆشەویستی مامۆستا هێدی نازناوی "هێدی" لە خۆی ناوە، دکتور جەعفەر شێخەلئیسلامی کە لە ڕادیۆ مەهاباد پێکەوە بووین، پێش لە ڕادیۆ و دوای ویش هەر پەیوەندیمان هەبووە. بەڵام لەوەتی پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بووە، زۆر جاران نامەی بۆ دەناردمەوە و ئێستاش نامەکانیم هەر ماوە. من بە گشتی لەگەڵ هەموو ئەدیبانی کوردستان وەکوو برایانی سەمەدی (کاک سەید محەممەد و کاک سەید عەبدوڵڵا)، کاک ڕەسووڵ کەریمی "سووتاو"، کاک ئەحمەدی بەحری، کاک سەلاحەددینی ئاشتی، کاک کەریم سۆفی مەولوودی، کاک سەلاحی پایانیانی کە زەحمەتێکی یەکجار زۆری لەسەر "فەرهەنگی زارەکی موکریان" کێشاوە و بەڕاستی جێگای دەست خۆشییە، کاک عەزیز وەلیانی، کاک عەلی ئیسماعیل‌زادە "ڕێبوار"، کاک عەبدوڵڵای گولابی "هونەر" و... بە گشتی دۆستایەتیم هەیە.

لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم کاک خوسرە مەعڕووفی وەک "پیر و موریدی قەدیم" واین. ئێمە منداڵی گوندێکین، ئەو کات کە لە مەڵلالەر ماڵمان هاتە وتەمیشێ. لەگەڵ ماڵە کاک خوسرەوی حەسارێکمان مەعبەین بوو، بنەماڵەی حاجی قاسم‌ئاغای، بابمیان یەکجار خۆش‌دەویست، هەر بۆیە من بە گشتی لەگەڵ کوڕەکانی وان تێکەڵاویمان هەبوو. ئەو دەم کە ماڵمان هاتە مەهاباد، لەگەڵ ماڵە کاک خوسرەی بووین بە جیران و دۆستایەتیمان قووڵتر بوو و ئێستاش لە ماڵە ئێمەدا وەک کوڕی ماڵێ وایە.

 

خالید حیسامی "هێدی"، سمکۆ پاکزاد، ساڵی ٢٠٠٨ی زایینی هەولێر

٨. وەک دەبینین هەموو ئەندامانی بنەماڵەتان ئەهلی ئەدەب و هونەر و موسیقین، ئەو شتە سەرچاوەکەی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟

بابمان لە مەدرەسە دەرسی نەخوێندبوو، بەڵکوو لە خزمەت مامۆستایەک بە نێوی میرزا برایمی نیک‌ئەندیش ناسراو بە "میرزا برایمی بەرەجۆیە"، کە ئەو دەم لە سەردەمی منداڵی ماڵیان لە بەیرەم و بەرەجۆیە بووە، دەرسی علوومی دینی، بوستان و گوڵستان و... لە کن خوێندووە. بابم کە ئەو خوێندەوارییەی پەیدا کردووە، لە خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامە و... ڕانەوەستاوە و خەتێکی خۆشیشی هەبوو. چون بابم کەسێکی گەڕیدە بوو و لە مەحاڵ، لێڕەوار، گەورکایەتی و مەنگوڕایەتی ژیا بوو، ئینسانێکی پڕ بوو. ئەو کات کە فێری کوردی نووسین و کوردی خوێندنەوە بووم، هەر کتێب یا شێعرێک کە دەخوێندەوە و وشەیەکم نەدەزانی، لێم دەپرسی، هەموویانی دەزانی، ئەوە بۆ من زۆر جالب بوو، یانی من فەرهەنگێکی زیندووم لەبەر دەست بوو، سەرە ڕای ئەوەی کە بابم مەعنای وشەی زۆر دەزانی، شێعریشی دەگوتن، یا بە هۆی دەنگێکی خۆشی کە هەی بوو، زۆر جار گۆرانی "لاوە لاوە، وەرە قوربان، لە سیلەی قەبران"ی بۆ دەگوتین، کە بۆخۆم تاقمێک لە گۆرانییەکانیم لێ تۆمار کردووە و هەر ماومن.

جا بۆیە ئەو شتە وەک ژێنێتیکێک لە بابمان ڕا پێمان گەیشتووە، دیارە منداڵەکان هەموویان زەوقی هونەریان هەیە. هەمووشیان بێجگە لە من چونەتە زانستگا و ڕادەی خوێندەواری باشیان وەدەست هێناوە.

ئازادی براشم سەرەڕای ئەوەی کە درێژەی بە خوێندنەکەی نەدا، بەڵام لە بواری گۆرانی و مۆسیقای کوردی بۆ خۆی کەسێکی سەرکەوتووە. تەنیا خوشکێکمان نەیخوێندووە و ئیشی خەیاتی دەکات و لە کاری خۆیدا شارەزایەکی بێ‌وێنەیە.

 
عەباس پاکزاد و سمکۆ پاکزاد 

٩. لە چ کاتێکه‌وە کاری دیکلەمەی شێعری کوردی دەکەن؟

ساڵی ١٣٥٧ کە دیار بوو تەواو لە نووسینی کوردی ڕاهاتبووم و کاری وەرگێڕانم دەکرد، نووسراوەیەکی (کارۆم) وەرگێڕابۆوە، پێشانی کاک قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ"م‌دا سەرەڕای ئەو کرچ و کاڵییەم زۆری پێ‌ باش بوو. هەر ئەو دەم عەلاقەیەکی تایبەتم بە شێعر خوێندنەوە هەبوو، شێعرم زۆر لەبەر بوو.

ئەو کات کاسێتەکانی مامۆستا ئەحمەد شاملووم دەکڕی و گوێم دەدایە. ئێستاش هەموو ئاسەوارە دەنگییەکانی جا لە "شێعرەکانی خۆی، خوێندنەوەی شێعرەکانی حافز، سەعدی، مەولانا و وەرگێڕاوەکانی شاعیرانی بێگانە وەکوو ویکتۆر خارا و..." هەیە. جا شێوەی  شێعر خوێندنەوە و دیکلەمەی شاملوو زۆر لەسەر من شوێندانەر بوو.

 

١٠. تا ئێستا بۆ کارە هونەرییەکانتان لە چەند پێشانگادا بەشداریتان کردووە؟

ئەو کات کە خانەی جەوانان هەبوو لە چەندین پێشانگادا بەشداریم کردووە، لە ساڵانی ڕابردوو ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد تابلۆی لێ‌وەگرتووم و لە پێشانگا و بۆنە جۆراوجۆرەکان‌دا کەڵکیان لێ‌وەرگرتووە. هەروەها لە پێشانگا فۆلکلۆرییەکاندا زیاتر لە ١٥ پێشانگادا بەشداریم کردووە. جارێکیش زانکۆی میعادی مەهاباد داوای پێشانگای لە کارەکانی خۆمی لێ‌کردم، کە لەوێش نزیکەی ١٠٠ تابلۆم دانابوو.

 

١١. ئایا تا ئێستا لەسەر ژیانی هونەری خۆتان کەس لەگەڵتان دواوە؟

بەڵێ، کاک کیان جیهانی کە لە کاناڵی گەلی کوردستان بەرنامەی "گەشتەکانی ئەو دیوی چیا"ی بەدەستە. جارێکیان هاتۆتە ماڵێ و وت‌ووێژی لەگەڵ کردووم و وێنەی لە تابلۆکانم هەڵگرتۆتەوە. لە تەلەویزیۆنی مەهابادیش لە سەر ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا هێمن ووتووێژیان لەگەڵ کردووم.

 

١٢. بیر و ڕاتان لە سەر تەرانەکانی حاجی هاشم نانەوازادەگان چییە؟

بە بڕوای من حاجی هاشم لە شێعری گۆرانی‌دا لە نابغەکانی گەلی کوردە، ئێمە بەداخەوە تەسنیف‌سەرامان کەمە، ئەو بەڕێزە شێعری بۆ گۆرانی داناوە، دیارە بۆخۆشی مۆسیقا و ئاوازی زانیوە.

وەک دەگوترێ کاک محەممەد ماملێ زیاتر لە ٢٠٠ شێعری ئەوی بە گۆرانی گوتووەتەوە. گۆرانی "لالە بەدەستان" یا "مەجنون جەوری کێشاوە" زۆر کەس وەدەزانێ فۆلکلۆرە، لە حاڵێک‌دا ئەوانە شێعری حاجی هاشمین. کاک محەممەد هەر لەسەر زار نارەی بۆ کردووە، حاجی هاشم هەر لەسەر ئەو نارەیەی کاک محەممەدی شێعری هۆنیوەتەوە و بۆ سبەینێکەی داوێتێ. جا بۆیە بەداخەوە حاجی هاشم ئەو جۆرەی کە دەبێ، لە نێو خەڵکی خۆیدا نەناسراوە.

 

١٣. ئاخرین وتەتان...

داخی ژیانی من ئەوەیە، ئەو زەوقەی لەسەر هونەر و ئەدەب و ئەو شتانەی کە بە گشتی هۆگریم پێیان پەیدا کردبوو و یا ئەو دەم کە لە ڕادیۆ مەهاباد کاری وەرگێڕانم دەکرد و دەستم زۆر باش ڕاهاتبوو، بەڵام لە ڕووی نەبوونی بژیوی ژیان، ساڵی ١٣٦٤ چوم وەدووی پیشەی مکانیکی کەوتم.

جا بۆیە ئەو وزە و توانایەی کە لە ئاسنەواڵەدا سەرفم کرد، ئەگەر لەگەڵ خوێندن، نووسین و نەقاشی‌دا سەرفم کردبا و برسی نەبام، لەوانە بوو سەرم بە جێگایەکییەوە بەند با. بەڵام برسێتی وەک کاک قاسم مۆئەیەدزادە "هەڵۆ" دەڵێ: "برسێتی بە نەحسێتی لە گوێن خێو..."  هێرشیان هێنا و مەجبوور بووم نانێک پەیدا بکەم و لە دنیای هونەر و ئەدەب دوور کەومەوە، بەڵام دیسانیش خۆم لە خوێندنەوە دانەبڕاندووە.

شایانی ئاماژەیە ئەم وت‌ووێژە لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە ماڵی خوالێخۆشبوو سمکۆ پاکزاد لە لایان ڕێزداران کاک خوسرەو مەعڕووفی، عەلی ئازیز و ئاڕەش نەدا ئەنجام دراوە.

 

ڕێکخستن و نووسینەوەی دەق: ڕێبوار عەجەمی

 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

روناک آقایی ۱۳۹۷/۹/۲۶
روحی شادبی

نظر خود را براي ما ارسال كنيد