تاريخ: ۱۳۹۷ چهارشنبه ۳۰ آبان ساعت ۱۸:۴۰ بازدید: 2381      نظرات: 0      کد مطلب: 10287
له دیمانه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هاژه

23 شاعیر، نووسەر، لێکۆڵەر و ڕەخنه‌گری کورد لەسەر هه‌مایشی مامۆستا هه‌ژار دەدوێن


دووه‌مین هەمایشی ناوچەیی مامۆستا هەژار بە بەشداری ئەدیبان، شاعیران، نووسەران، ڕەخنەگران، ڕۆژنامەوانان، توێژەران و لایه‌نگرانی وێژه و ئه‌دەبی کورد لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ی خەزەڵوەر لە تالاری وەحدەتی مەهاباد بەڕێوەچوو، تاقمێک لە بەشداربووان لەسەر ئەم پرسیارە‌ی هاژە کە «هەمایشی مامۆستا هەژار چۆن هەڵدەسەنگێنن و به‌ڕێوە چوونی ئەو جۆرە ڕێ‌وڕەسمانه لە کوردستان چەنده بە گرینگ دەزانن؟» دەدوێن:

بەرات قەوی ئەندام "وەرگێڕ" / قوچان

کۆڕێکی ئاوا کە دێتە ساز کردن، بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێ دەکرێت، ئەمن لە کەم ناوچەی کوردەواری دیتوومە کە لەم هەمایش و کۆنفڕانسانە ئاوا بکردرێت. وتارەکان کە خوێندرانەوە گەلێک ڕەنگین و دەوڵەمەند بوون. بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە کاران بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەدەب و زمانی کوردی یەکجار گرینگە و لەسەر ئەو بڕوایەم فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی بەو جۆرە کارانەوە زیندووترە.

ئاکۆ حسێن‌پوور "وەرگێڕ" / ئیلام

وتارەکان زۆر بەهێز بوون و ئەو کەسانەی وتاریان خوێندەوە، بە شرۆڤە کردنی وان من بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی مامۆستا هەژار ئاشنا بووم. ئەو هەمایشە ئەزموونێکی باشی لەسەر هەمایشی مامۆستا هەژار دایە دەستی من. ئەو کەسانەی کە قەڵەمیان لەسەر وتارەکان دابوو زۆر بە وردی لە ژیانی مامۆستا هەژار ڕووا بوون. بەڕێوەبردنی ئەو جۆرە هەمایشانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەموو ئەدیبان، شاعیران و نووسەرانی کوردستان لە دەوری یەکتری خڕ کاتەوە بۆ ئەوەی چاکتر یەکتر بناسن و هات‌ووچۆیان گەرم‌وگوڕتر بێ. ئاواتە خوازم بۆ سەرجەم کەسایەتییەکانی کوردستان ئەو جۆرە بەرنامانە لە دار بدرێ.

سەلاحەددین ئاشتی "نووسەر، وەرگێڕ" / مەهاباد

بەگشتی کۆڕبەندەکەم بە ڕێک‌وپێک هاتە بەرچاو و جێگەی دەسخۆشی و پێزانینە. بەختەوەرانە چەند وتار و بۆچوونی بەپێزیشی تێدا خرایەڕوو، کە خۆی دەسکەوتێکە و نیشانەی بەخۆداپەڕموون و پڕ‌دەسەڵاتیی نووسەران و وتاردەران بوو. بەڵام بەداخەوە لە ڕووی کەم کاکڵیی بەشێک لە وتارەکانەوە لاوازی بە ڕەوتی هەردک قۆناخی داوەرییەوە دیار بوو.

پێداگری لەسەر چواربەندەیەکی ڕووتی زانستی بۆ شێوازی داڕێژرانی وتارەکان بە هەو ناگرم. خۆزگە سەرەتا کاکڵ و پەیام مەبەست بووبا، پاشان چواربەندەیەک کە تایبەتە بە کۆڕی یەکجار تایبەت و ئاکادیمیک؛ بۆ؟ چونکە زۆربەی هەرە زۆری میوانەکان بە شوێن تیشکەی تازەوە بوون بۆ سەر بەرهەمەکانی هەژار و هێندێک مەبەست یان زۆر دوور کەوتبوونەوە لە باسەکە  یان بەڕاستی بێ‌نێوەرۆک بوون.

بێ‌گومان ئەم شێوە داوەرییە دەکرێ وتاری وای دەرهاویشتبێ کە جێی خۆی بوو خرابانە بەرچاو. هیچ وتارێک بێ خوێندرانەوە و تەنیا لە ڕووی فۆرمەوە داوەریی لەسەر نێوەرۆکی ناکرێ. هەڵبەت ئەمە خەسارێکە لە زۆربەی ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە‌دا وەبەرچاو دێ.

ئەوەی ڕاستی بێ پێک‌هێنانی ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە بۆ تاوتوێی شوێنەواری کەسانێکی شوێن‌پەنجە دیار و کاریگەری وەک مامۆستا هەژار جێی خۆیەتی و پێویستە. هەڵسەنگاندنی ورد و گۆشەنیگای ڕەخنەگرانە دەتوانێ یاریدەری بەرەی ئێستا و داهاتوو بێ بۆ خۆبواردن لە دووپاتی هەڵەکان و گەشەدان بە ڕەوتە ڕاست و ڕەواکان. بەڵێ ئاڵ‌وگۆڕی بیروڕا و درکاندنی مەبەستی نوێ دەتوانێ کۆمەڵگا بەگشتی و چالاکانی بواری فەرهەنگی- ئەدەبی بەتایبەت بەرەوپێش بەرێ.

عەزیز نیعمەتی "نووسەر" / ورمێ

بەڕاستی بۆ ئێمە پێویستە کەسایەتی زانستی و ئەدەبییەکانی خۆمان بناسین، بەڵام دەبێ ئەو ناسینە لە شێوازێکی ڕووتین بێتە دەرێ، ئێستا ناسینی ئەو کەسایەتیانە بە پێی بەرهەمەکانیان بەدی دەکرێت. بۆیە شرۆڤە کردنی بەرهەمەکانیان لە لایان کەسانی ئاکادێمیکەوە ئەو ناسینانە پتەوتر دەکات. بە گشتی ئێمە لە هەر کۆڕبەند، سێمینار و کۆنفڕانسی کوردی‌دا لە بیوگڕافی ناساندنی کەسایەتییەکانمان دەێینە دەرێ و وردە وردە بەرەو ناسینێکی ئاکادێمیکانە هەنگاو دەنێین، کە لە هەمایشەکەی مامۆستا هەژار ئەو شتەم تێدا بەدی کرد. وتارەکان بە گشتی زۆر بە هێز بوون کە توانیبوویان بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار لە نێو نووسراوەکانی خۆیاندا تاوتوێ بکەن. هیوادارم کە ئەو کارانە بەردەوامیان هەبێ. کێشەیەک کە لە هەمایشەکەدا بەدی دەکرا، کێشەی کات و زەمان بوو، دەبینی کەسێک وتارێکی باشی لەسەر مامۆستا هەژار نووسیوە، کاتەکە هەلی ئەوە نادا نووسراوەکەی بە ڕێک‌وپێکی ئاراستە بکات. ئەو جۆرە کارانە لە کوردستان بەردی بناغەی کاری زانستی پتەو دەکات و هەر هەمایش نیسبەت بە هەمایشەکەی دوای خۆی زۆر ڕێک‌وپێک‌تر دەبێ و ئامانجی دیاری کراوی خۆی دەپێکێ.

عەزیز ئالی "شاعیر، نووسەر، ڕەخنەگری بواری ئەدەبی" / مەهاباد

ئەگەر بمەوێ وەڵامێکی سەرڕاست بدەمەوە، دەڵێم هەمایشێکی باش بوو، چونکە کەمترین قازانجی ئەم ڕووداوە فەرهەنگی‌یە ئەوە بوو کە دەرفەتێکی پێک هێنا تا بەشێک لە ئێمەی کورد لە دەوری یەک کۆ بینەوە و وەبیرمان بێتەوە کێین و چیمان هەیە و لەچیمان کەمە. بەڵام ئەگەر بمەوێ وەڵامێکی وردتر بدەمەوە دەڵێم هەم لایەنی بەهێزی هەبوو، هەم لایەنی لاواز.

لایەنە بەهێزەکەی ئەوە بوو کە بەڕێوەبەرانی هەمایشی هەژار هەوڵیان دابوو بۆ وتار و لێدوانەکان لە پسپۆڕان یا بە وتەیەکی تر لە 'ئەهلی فەن' بگێڕنەوە. بابەتی وتارەکانیش جۆر بە جۆر بوون و زۆر لایەنی قاڵب و ناوەرۆکی بەرهەمەکانی مامۆستا هەژاریان کردبووە ئامانجی لێکۆڵینەوە. چەندێک لە وتار و پەنێلەکان زانیاریی زۆر بەكەڵکیان لەمەڕ بەرهەمەکانی مامۆستا هەژارەوە خستە ڕوو کە ئەمە دەسکەوتێکی هێژای هەمایشە کەبوو. بە بەر ئەمەوشەوە پەردەیان لەسەر تەمری مامۆستا هەژار لادا و دوو بەرنامەی مۆسیقاشیان لە نێوان بەشەکانی وتاربێژی‌دا گونجاندبوو کە بوو بە مایەی شادی میوانەکان.

لایەنی لاوازی هەمایشەکەش بە ڕای من ئەوەبوو کە هەموو وتارەکان بە مێعیاری قاڵب و مێتۆدۆلۆژیی ئاکادێمیک هەڵبژێرابوون. ئەم مێعارە بۆ کۆڕێکی ئاکادێمیک کە موخاتەبەکانی هەموو خوێندکار و مامۆستای زانستگا بن، نەک هەر لەبارە، بگرە زۆر پێویستە؛ بەڵام ئەم هەمایەشە موخاتەبی عامی هەبوو کە ژمارەیەکان نەیاندەتوانی بەهرەیەکی ئەوتۆ لە وتار و لێدوانەکان وەرگرن. بە داخەوە هێندێک لە وتارەکانیش تەنیا ڕواڵەتیان زانستی بوو، یانی مێتۆدۆلۆژی‌‌یەکەیان زانستگایی بوو کەچی کەرستە و لێکدانەوەکەیان داهێنەرانە نەبوو. جەوهەری لێکۆڵینەوە، بریتی‌یە لە هێنانە گۆری باسی تازە و ئاشکرا کردنی شتی بەنرخی نادیار. گەرەکمە بێژم لێکۆڵینەوە با قاڵب و ئامرازەکانیشی زۆر زانستی بن، مادام پەردە لەسەر حەقیقەتێکی بایەخدار لانەدا، کاری خۆڕایی‌یە. ڕوون کردنەوەی شتێ کە خۆی ڕوونە، بە کاری چی دێ؟ برێشت گوتەنی پێی ناوێ بە مەردم بێژین باران سەرەوژێر دەبارێ و دار هەڵدەچێ. لاوازی‌یەکی تر ئەوە بووە کە خوێندنەوەی زوربەی وتارەکان لەو دەرفەتەی بۆیان دیاری کرابوو دەترازان؛ وتاربێژ تا دەهات لە ناساندنی چوارچێوەی تیۆریکی تۆژینەوەکەی بێتەوە، مۆڵەتی بە سەر دەچوو و ناچار دەبوو بەشی شی‌کردنەوەی کەرستە (دەیتا)کەی بە سەروگوێلاک شکاوی بخوێنێتەوە و ئینجا باز داتە سەر نەتیجەی لێکۆڵینەوەکەی. خوێندنەوەی نووسینی سەر لاپەڕەیەکی A4  دوو و نیو تا سێ دەقیقە دەگرێ؛ دەکرا بە وتاربێژ بڵێن لە پێنج شەش لاپەڕە زیاتر لەگەڵ خۆت مەبە سەر تریبوون و لە خوێندنەوەی وتارەکەش لامەدە با باسەکەت نیوەچڵ نەبێ!

بە لای منەوە، هەمایشی وا زۆر پێویستە، بۆ؟ چونکە لە سەرێکەوە سەرنجی خەڵک بۆ لای سامانی فەرهەنگیی گەلەمان ڕادەکێشێ و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێ 'مرۆڤ تەنیا بە نان ناژی' و ئێمەی کورد سامانێکی فەرهەنگیمان هەیە کە بۆ ژیانێکی باشتر بە کار دێ و پێویستە بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین؛ لە سەرێکی ترەوە زمینەیەکی لەبار بۆ پسپۆڕەکان پێک دێنێ تا لەم سامانە بکۆڵنەوە و بایەخەکانی ئاشکرا بکەن و ڕێگاکانی گەشە کردنی دیاری بکەن.

لە کۆتایی‌دا ماندوو نەبوونی لە بەڕێوەبەران و پشتیوانانی هەمایشی هەژار دەکەم و ئاواتی ئەوەیان بۆ دەخوازم کە لە درێژە پێدانی خزمەتی فەرهەنگی‌دا ورەیان لە کزی نەدا.

خالید ئەمانی "شاعیر، نووسەر" / سنە

هەماشەکە ڕێک‌وپێک بوو، کاری ئاوا لە لای من گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەو دەم بۆ هەمایشی مامۆستا هێمنیش هەر هاتبووم. هەر چەند هیچ کارێک بێ کەم و کوڕی و ڕەخنە نابێ، بەڵام بە گشتی تا ئێستا باش بەڕێوەچووە و جێگای دەست خۆشییە. گرینگی ئەو جۆرە کارانە لە سەر کەسایەتییەکان لەوە دایە کە هەموویان وەک گەنجینەیەکی پڕ بایەخ وان کە دەبێ نەوەی نوێ بیانناسێ.

بەڕێوەچوونی ئەو جۆرە هەمایشان بە شێوەی ئەمڕۆیی دەتوانێ هەموو لایەنەکانی بیر و ئەندێشەی کەسایەتییەکان و ناوەرۆکی بەرهەمەکانیان بپێکێ و کاریگەری خۆی لەسەر کۆمەڵگا نیشان بدات. بەڵام لە سەر کۆڕبەندی مامۆستا هەژار ئەو ڕەخنەیەم هەیە کەم ئاوڕ لەسەر ئەو زاراوانەی کە ناوبراو بەتایبەتی کە لە "وەرگێڕانی قوڕئان، بەرەو موکریان، چوارینەکانی خەیام، پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست" لە کاری کردوون درابۆوە. چون لەو بەرهەمانەدا مامۆستا کەڵکی لە وشە و دەستەواژەی هەموو زاراوەکان کردووە و دەبا گرینگی پێدرابا. لە لایەکی دیکەشەوە لە وتارەکان‌دا گرینگێکی ئەوتۆ بە بەشی لێکدانەوەی فەلسەفی چوارینەکانی خەیام نەدرابوو، هیوادارم لە هەمایشەکانی داهاتوو کە لەسەر مامۆستا هەژار دەگیرێت ئەو کەلێنانە پڕ کرێتەوە.

گرینگی ئەو کارانە نەوەی نوێ لەگەڵ گەورەکانی خۆی ئاشنا دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاری باشتر و ڕێک‌وپێک‌تر لە سەر باقی کەسایەتیەکانی کوردستان بکرێت.

ڕەسووڵ کەریمی (سووتاو) "شاعیر و وەرگێڕ" / مەهاباد

بە نیسبەت هەمایشەکەی مامۆستا هێمن ڕێک‌وپێک‌ترم هاتە بەر چاو و وتارەکانم بە دڵ بوون. بەڕێوەچونی ئەو کارانە لەسەر نەسلی سەر لێ‌شێواوی ئەوڕۆکە کە لە بەر دنیای مەجازی و ئینتێرنێت ئاگایان لە گەورەکانیان و مێژووی خۆیان نییە، دەتوانێ جۆرێک گەڕانەوە بە سەر ئەسالەتی نەتەوەیمان بەدی بێنێت.

سۆران حسێنی "شاعیر، نووسەر" / بانە

دەست خۆشی لەو کەسانە دەکەم کە بۆ هەمایشەکە وتاریان ناردبوو. گوڵبژێری وتارەکان لە ئاستێکی باش دا بوون. هەر چەند دەکرا دەرفەتی زیاتر بدرێت و وتاری بەهێزتر بۆ هەمایشەکە بەڕێ کرابا و بە جۆرێک بەرفراوانتر بەڕێوەچوبا.

مامۆستا هەژار و کارەکانی ئەوە هەڵدەگرێ کە هەمایشەکەی لە ناوەرۆکدا بەرفراوانتر بێ. وتارەکان جوان بوون، بۆیە پێویستە ئەو وتاران لە چاپ بدرێن و خوێنەری ئێمە ئاگاداری ئەو دەق و وتارە بەنرخانە بێ کە شرۆڤەیان لەسەر کراوە، مامۆستا هەژار شانی زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ و تا هەمایش و کاری تری زانستی لەسەر بگیرێ کەمە. بەڵام من پێشنیارم ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی کە ئەو کۆڕە لە مەهاباد بەڕێوە بچێ بریا لە سنە، کرماشان یا ورمێ بەڕێوەچووبایە. لە بەر ئەوەی کە تاکی کورد پێی وانەبێ کە مامۆستا هەژار مڵکی مەهابادە و تەنیا بەو شارەوە گرێ دراوە. بەڵکوو دەبێ پێمان وابێ کە مامۆستا هەژار ئینسانێکی کوردە بە بەرفراوانێکی جیهانییەوە و دەبێ وەک ئەندیشمەندێکی گەورەی کوردی زیندوو سەیر بکرێ و لە سەر کارەکانی لێکدانەوە بکرێ و لێی بڕواندرێ.

فەرهاد ئەمین‌پوور "نووسەر، ڕۆژنامەوان" / سەقز

بە گشتی کارێکی باشە، هەلێک دەرەخسێنێت کە لایەنە نادیارەکانی کارەکانی مامۆستا هەژار هەڵسەنگێندرێ و لێکدانەوە و شرۆڤەی لەسەر بکرێ. ئەو هەمایشە ناسینی زیاتری مامۆستا هەژار بە ئامادەبووان و کۆمەڵگای کوردی پێک دەهێنێت.

کەلێنێک کە لە هەمایشەکەدا بەرچاو بوو، بێ‌نەزمی لە کاتی دەست پێکردن و کۆتایی هاتنی پەنێل و خوێندنەوەی وتارەکاندا بەدی دەکرا. بەداخەوە لە گشت بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی وڵاتی ئێمە ئەو شتە بەرچاوە و وەک نەریتێکی لێ‌هاتووە. تاقمێک لە وتارەکان ڕاستەوخۆ کاکڵێکی ئەوتۆیان لەگەڵ تەوەرەکانی هەمایشەکەدا نەبوو، زیاتر کەمێک کراوەیە و ئەو کەسانەی کە وتاریان ئاراستە کرد، لە دەرەوەی دەستووری کاری هەمایشەکەدا بوون و ئەوە بۆ وان بۆتە هەلێک کە بێن لێرە ئەو باسانە بوروژێنن، کە ڕەنگە پەیوەندی زۆر بە هەمایشەکەوە نەبێ.

ئێمە کەلێنمان لە بواری ناسینی کەسایەتییەکانمان و خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان یەکجار زۆرە، کە ئەو هەمایشانە دەتوانێ هەلێک بۆ خوێندنەوە و ناسینی ئەوان بێنێتە ئاراوە و بەردی بناغە بۆ کاری جیدی‌تر پێک بێنێت.

ئەگەر بەڕێوەبەرانی ئەو هەمایشە بتوانن هەموو ساڵێ یا بە دوو ساڵ جارێک نە تەنیا لە مەهاباد، بەڵکوو لە شارەکانی‌تری کوردستانیش بەڕێوەبچێ، کارێکی زۆر باش دەبێ.

مۆحسین جەڵدیانی "نووسەر، توێژەر" / شنۆ

من بۆخۆم هەر ئەمڕۆ پێنج‌شەممە هاتووم. بەشی پانێلی وەرگێڕانی مامۆستا هەژار زۆر جوان بەڕێوەچوو، ئەو کەسانەی کە لە پانێلەکەدا بەشدار بوون زۆرتر لەسەر وەرگێڕان و بەتایبەتی وەرگێڕانی قوڕئانەکەی مامۆستا هەژار قسەیان کرد کە زۆر جوان و بەهێز بوو. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە زەروورەتی باس کردن لە سەر کەسایەتییەکانی کوردستان و بەرهەمەکانیان، بۆ نموونە کەسێکی وەک مامۆستا هەژار نەتەنیا بە یەک هەمایش، بەڵکوو بە دەیان بەرنامە و کۆنگرە و هەمایشی دیکە پیویستە، چون ئێستا لایەنێکی زۆر کەمی حەول و تەقەلاکانی مامۆستا هەژارمان ناسیوە. هیوادارم لە داهاتوودا کۆنگرە و هەمایشی باشتر و بەپێزتر لە سەر کەسایەتییەکانی نەتەوەکەمان لە مەهاباد بەڕێوە بچێ.

عومەر ئیمام "نووسەر، شاعیر" / پیرانشار

دیارە کاری گەورە کەم‌وکوڕیشی هەر دەبێ، بەڵام بە هەموو کەم‌وکۆڕییەکانییەوە کە لەسەر کەسایەتییەکی گەورە و ناوداری کورد لێکۆڵینەوەی زانستی دەکرێ و خەلەوخەرمانی ئەو لێک دەدرێتەوە، ئەو کۆڕانە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی زیاتر بە ناخی دەقی نووسراوەی ئەو بلیمەتەدا شۆڕ بینەوە.

دیارە هەمایشەکە لەخۆیدا کارێکی پیرۆزە و خاڵە بەهێزەکانی خاڵە لاوازەکانی داپۆشیوە. بەڕێوەبردنی ئەو هەمایشانە بۆ کەسایەتییەکان لەسەر ئەدەبیاتی کوردی وەک نان و ئاو لەو بەشەی کوردستان‌دا پێویستە. هیوادارم ئەو ڕەوتە وەجاغ‌کوێر نەبێ و هەموو ساڵێک لە هەموو شارەکانی کوردستان‌دا ئەو کۆڕانە بگیرێ و تەنیا بە مەهابادەوە نەبەسترێتەوە. چون کاریگەری ئەو جۆرە کارانە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و شاعیران و نووسەران بەتایبەتی شتێکی حاشاهەڵنەگرە.

فەوزییە سوڵتان‌بەگی "شاعیر، نووسەر" / بۆکان

بە سرنجدان بەو کۆمەڵە وتارەی وەک وتاری بەرتەر و هەڵبژاردە ئیرائە دران، دەتوانم بڵێم ئەم هەمایشە ڕوانینێکی جیدی و ئاکادیمیک و نوێ بوو بۆ بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار بە دوور لە هەر پێداهەڵکوتن و باسێکی کلیشەیی. وتارەکان بە گشتی لە قالب و چوارچێوەیەکی زانستی و عیلمی‌دا شیکارییەک بوون لە سەر وشەناسی، زمانناسی، کەلەپوورناسی، ڕەوایەتگەری و ئایدۆلۆژیا و هەروەها میتۆدەکانی وەرگێڕان لە بەرهەمە بەنرخەکانی مامۆستا هەژاردا. بەگشتی لە کۆی ئەم بەرهەمانە وادەردەکەوێ کە هەوڵێکی شێلگیر و جیددی بۆ بە عیلمی کردنی زانستی لێکۆڵێنەوە لە ئەدەبی کوردی‌دا لە ئارادایە کە زۆر جێگای ئومێد و دڵخۆشییە.

بوون و بەڕێوەچوونی ئەم هەمایشانە هەنگاو گەلێکی پیرۆزن و یەکێک لە نیازە سەرەکییەکانی گەشە کردنی ئەمڕۆی ئەدەبیاتە لە کوردستان‌دا. لە ڕێگای ئەم هەمایشانەوە جیا لەوەی یاد و ناوی زانایان و ناودارانی گەلەکەمان بەرز و زیندوو ڕادەگیرێ، درووستکردنی پردیێکیشە بەینی نووسەر و ڕۆشنبیری ئەمڕۆ لەگەڵ ڕابردووی خۆی. هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ دەرخستن و گەشە‌کردنی قەڵەم و دەنگە نوێیەکان، لەم ڕێگەیەوە بەردەنگ لەگەڵ زۆر دەنگ و داهێنانی تازە ئاشنا دەبێت و دەرفەتێکە بۆ ئابدەیت بوونەوەی بەردەوامی بیر و هزر و دیدگای کۆمەڵگای ئەدەبی.

کەریم دافعی "شاعیر" / بانە

هەمایشەکە زۆر جوان و ڕێک‌وپێک بەڕێوە چوو، هەر کارێکیش کە دەکرێ بە دڵنیاییەوە، خاڵی باش و لاوازی هەر تێدایە.  لێرە جێگای زۆر کەس خاڵییە لە لایەکی‌تریشەوە هەر چەند ئاماژە بەوە کراوە کە کۆڕەکە ناوچەییە، بەڵام مامۆستا هەژار کەسایەتییەکە کە هەموو کوردستان دەیناسێ و هەر بۆیە لەسەر ئەو بڕوایەم دەبا لە پارچەکانی‌تری کوردستانیشەوە کەسانێک کە مامۆستا هەژار دەناسن و بەرهەمەکانی ئەویان خوێندۆتەوە و قەڵەمیان لەسەر لێداوە بانگهێشت کرابان.

هەمایشەکە باری زانستییەکەی زۆر لە سەرێ بوو و ئەو وتارانەی کە لەوێدا ئاراستە کرا لە لای من گرینگییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. مامۆستا هەژار زۆر شت هەڵدەگرێ هەر بۆیە دەبا لایەنەکانی ئەو کەسایەتییە وەک بەشی "ئایینەکەی، موفەسیرییەکەی، فەرهەنگ‌نووسییەکەی، شاعیرییەکەی و باری سیاسییەکەی" جیا بکرێتەوە، چون هەر یەک لەوانە پانێلی و وتاری تایبەت بەخۆی دەوێ، کە لەو هەمایشەدا هەموویان پێکەوە تێکەڵ کردووە و زۆرتر لەسەر بەرهەمەکانی ڕاڤەیان کردووە و کەسایەتییەکەی مامۆستا هەژاریان وەک شەخس پەڕاوێز خستووە.

بەڕێوەبردنی ئەو هەمایشانە، لە بەڕێوەنەبردنیان باشترە. ئەلان کەسایەتییەکی وەک مامۆستا هەژار زۆر شت هەڵدەگرێ. ئەگەر ئەو هەمایشە لە سنە یا لە شارێکی دیکە بەڕێوە چوبایە، ڕەنگ و بۆنی تایبەت بە خۆی دەبوو. ئێرە شاری خۆیەتی و جۆغڕافیای کوردستانیش بەربڵاوە، ئێستا کەسانێک وەک میوان لە ئیلام و کرماشان ڕا هاتوون کە ئەوە زەحمەتێکی زۆری دەوێ.

جا بۆیە ئەگەر ئەو هەمایشە بەشێکی لە سنە و بەشێکی لە مەهاباد بەڕێوە چووبایە. جوانتری جواب دەدایەوە. لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێوەچونی بانگەوازەکە و کۆنداکتۆڕی بەرنامەکە لاوازییەکی پێوە دیارە. ئێمە دوو ڕۆژە لێرەین. بەرنامەکە لە دۆینێ ئێوارێ دەستی پێکردووە تا ئەمڕۆ کە دووهەم ڕۆژێتی کەم تا کورتێک لە وەختی خۆی لای داوە و بەرنامەکان بە شێوەی کاتی دیاری کراو بەرەو پێش ناچن. ئەگەر هەمایشەکە بەرەو تەواو بوون چوو، لەسەر ئەو بڕوایەم ئێستاش لەسەر کەسایەتی و بیرەوەرییەکانی مامۆستا هەژار یەک لە دەی نەگوتراوە.

فەرەیدوون حەکیم‌زادە "نووسەر، توێژەر" / مەهاباد

دیارە مامۆستا هەژار کەسێک بووە کە لە بوارەکانی ئەدەبی، فەرهەنگی و سیاسی کاری کردووە. کە بەشی قۆناغی ئەدەبییەکەی بە ساڵەکانی (١٣٢٥ - ١٣٢٠) و کاتێک کە لە ساڵەکانی (١٣٥٤ - ١٣٢٥) پەڕیوەی باشوور دەبێ لەوێ خەریکی کاری سیاسی دەبێ. دوای ئەو ساڵانەش کە بەرەو ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە و لە کەرەج بۆ ماوەی ١٦ ساڵان کاری فەرهەنگی دەکات. کە ئێمە دەتوانین بڵێین باشترین ساڵەکانی مامۆستا هەژار ئەو ١٦ ساڵە بووە کە گەڕاوەتەوە. دیارە مامۆستا هەژار مرۆڤێکی هەڵکەوتە و چەند لایەنە بووە.

دووهەمین هەمایشی مامۆستا هەژار لە مەهاباد زۆر جوان بەڕێوەچوو، پەنێلەکان زۆر بەهێز بوون، ئەو کەسانەی کە هاتبوون و تریبوونیان بەدەست بوو، دیارە شارەزاییەکی باشیان لەسەر مامۆستا هەژار هەبوو، دیارە ئامادەبووانیش کەڵک و بەهرەی چاکیان لێ وەگرت.

من لەسەر ئەو بڕوایەم کە ڕێز گرتن لە گەورەکانمان، نوێژەن کردنەوە بۆ نەوەی نوێ و نەوەی داهاتوو پێک دەهێنێت کە دەتوانن وەک سەرمەشقێک بە شوێنیان‌دا بڕۆن.

کەماڵ شەنگالی "شاعیر، ڕەخنه‌گری بواری ئه‌دەبی"/ سنه

لەم دوو ساڵەدا دوو ئەزموونی باش ڕوویان‌دا یەکیان هەمایشی مامۆستا هێمن بوو و ئەوی تریشان هەمایشی مامۆستا هەژارە کە ئەوە لە حاڵیی بەڕێوەچون دایە. لەم هەمایشەی مامۆستا هەژار گرینگێکی یەکجار زۆر بە وتاری زانستی درا تا وتارێک کە وەک یادداشتێک نووسرابێ، دەکرێ ئەو وتارانە چاپ بکرێ و کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کات.

دیارە ستاڤی هەمایش کە ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد وەخۆی گرتووە، هەموو حەول‌ و تەقەلای خۆی بۆ بە پرینسیب کردن و نەزمی هەمایشەکە دابوو کە جێگای خۆشحاڵییە. ئێمە کێشەیەکی هەرە گەورەمان لەگەڵ ئەدەبیاتی پێش خۆمان "پەخشان، شێعر" هەیە، چون بەداخەوە کەمترین خوێندنەوە کورد بۆ پێش خۆی کردوویەتی یا ئەگەر کردبێشتی تەنیا لە یەک مێتۆد کەڵکی وەرگرتووە. بۆ ئەوەی ئێمە بمانهەوێ خوێندنەوە لەسەر دەقەکان و کۆمەڵگای ئەو کاتی کورد بکەین، دەبێ لێکۆڵینەوەمان زیاتر بکرێ تا یەکەم کێشەکان بناسین، ئەو کێشانە بدۆزینەوە و وەک دەرفەتێک بۆ ئێستا و داهاتووی زمانی کوردی کەڵکی لێ ‌وەرگرین. هیوادارم ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد ساڵانە بۆ ناودارانی ئەدەبی پێش ئێستای خۆمان بەرنامە و کۆڕ و کۆبوونەوەی ئاوا دابنێتەوە و گرینگی زیاتر بە وتاری زانستی بدات.

کاوان محەممەدپوور "نووسەر، ڕۆژنامەوان" /سەردەشت

لە بواری زانستییەوە ئاستێکی زۆر باشی هەبوو، لە چاو ئەوەی کە لە زمانی کوردی‌دا لە بواری وتاری زانستییەوە کز و لاوازین، بەڵام ئەو هەمایشە بە نیسبەت هەمایشەکانی دیکە کە لە کوردستان‌دا بەڕێوەچووە، ئاستێکی زانستی لە سەرتری پێوە دیار بوو. زەروورەتی ئەو کارانە، دووبارە پرسیار کردنەوە و دووبارە خوێندنەوەی مێژووی ڕۆشەنبیری خۆمان دێنێتە بەر باس کە دەتواندرێ نەوەی داهاتووی پێ پەروەردە بکرێ.

ئەحمەد چاک "نووسەر، ڕەخنەگری ئەدەبی" / بۆکان

هەمایشەکە زۆە بە پێزە، تواندراوە لە گشت شارەکان وتار وەربگیرێت کە ناوەرۆکی جۆراوجۆریان تێدا بەدی دەکرا. بە چەند ساڵ جارێک هەبوونی کۆڕێکی ئاوا لە شوێنێکی وەها کە کۆمەڵی نووسەرانی کوردستان لە دەوری یەک خڕ کاتەوە و لەوێ کۆمەڵێک وتار بخوێندرێتەوە، دەتوانێ لایەنێکی زۆر لە ئاستی نووسین، شێعر و پەخشانی ئەو کەسایەتییانە بێنێتە بەر لێکدانەوە. مامۆستا هەژار لە کارەکانی‌دا زیاتر خۆی نیشان دەدا. زەروورەتی گیرانی ئەو کۆڕانە بۆ ناسینی گەورەکانی خۆمان تا بگیرێ کەمە، چون ئەو کۆڕ و هەمایشانە ئامانجی نوێتر دێننە بەر باس و ئەدەبی کوردی ڕەنگین‌تر دەکەن.

شەماڵ ئەڕژەنگ "نووسەر" / کرماشان

هەمایشەکە خۆی لە خۆی‌دا کارێکی جوان بوو، بەڵام ئەگەر لە سنە بەڕێوەچوو بایە زۆر باشتر دەبوو. چون هەموو شارەکانی کوردستان تا ڕادەیەک لە ئاست دووری ڕێگاوە هەر وەک یەک دەبوون و لە لایەکی تریشەوە بۆ ناوچەکانی لەکستان، لۆڕستان، هەمەدان و کرماشانیش نزیکتر دەبوو. زۆر جار وتارەکان لە ناوەرۆکدا لە کاکڵی ئەسڵی دوور دەبوونەوە. لە هەمایشەکەدا هەر هیچ باسێکی ئەوتۆ لەسەر شێعری مامۆستا هەژار و فەرهەنگ‌نووسینەکەی ئەو نەکرا. لە حاڵێک‌دا بنەماڵەی فەرهەنگ‌نووسانی کوردی ئەو ١٠٠ ساڵەی دوایی، مامۆستا هەژار بووە، کە بەداخەوە کەمتر لەسەر ئەوانە دوان. هیوادارم ئەو جۆرە هەمایشانە نەک بۆ مامۆستا هەژار، بەڵکوو بۆ هەموو زانایانی‌ تری کوردستان چ ئەوانەی ماون و چ ئەوانەی کە کۆچیان کردووە، بەڕێوە بچێ. شوێندانەری ئەو کارانە بەسەر پەیوەندی شاعیران و نووسەران زۆرتر دیار دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندی ناوچەکان گەرم و گووڕتر بێ. لە لایەکی دیکەشەوە چاویان بە ڕەخنە و پێشنیارە ئەدەبییەکان هەڵبێت و وەک ئەزموونێک دەکرێ کەڵکی لێ وەرگرن.

ژیلا حیسامی "شاعیر" / نەغەدە

هەمایشەکە نە زۆر باش بوو و نە زۆریش لاواز بوو. هەڵبژاردنی وتارەکان جۆرێک تەنەوعی تێدا بوو، هەموویان لەسەر یەک بابەت نەدوابوون. لە پەنێلی یەکەم‌دا زۆرتر تیشک لەسەر توانای وەرگێڕانی مامۆستا هەژار کرابوو و شێعرەکانی پەراوێز خرابوون. هەرچەند بۆخۆم تەئکیدم لەسەر ئەوەیە کە مامۆستا هەژار وەرگێڕێکی باشە تا شاعیرێکی هەڵکەوتە. ڕەنگە هەر بۆیەش زۆرتر سرنج لەسەر کارە وەرگێڕاوەکانی ئەو درابوو.

کەسانێک کە زیندوون و لە نێومان‌دا هەن، بۆ ناسینی زیاتری ئەوان پێویستە کاتێک کە خۆیان زیندوون، کۆڕیان بۆ بگیرێ و کارەکانیان لێک بدرێتەوە نەک کاتێک کە کۆچی دواییان کرد، هەڵبەت باس کردن لەسەر کارەکانی مامۆستا هەژار و کەسانی دیکە کە لە نێومان‌دا نەماون، ئەویش گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە و دەبێ بایەخی زیاتریان پێ بدرێت.

فەریدە کەمانگەر "مامۆستای زانکۆ" / سنە

هەمایشەکە زۆر چڕ و پڕ بوو، وتارەکان لە ناوەرۆک‌دا شتی زۆر تازەیان تێ‌دا بوو. چەمکەکانیان زۆر بە وردی و بە ڕوونی هێنابوویە بەر باس و شرۆڤە کە جێگای دەست خۆشییە. هەبوونی ئەو جۆرە بەرنامانە بۆ ناسینی شاعیر و نووسەرەکانمان  و بەتایبەتی بۆ پەروەردە کردنی بەرەی داهاتوو زۆر پێویستە. چون بەداخەوە منداڵەکان لەسەر داب و نەریتی کوردەواری شتێکی ئەوتۆ نازانن کە بەڕێوە بردنی ئەو جۆرە هەمایشانە تا ڕادەیەک دەتوانێ ئەو کەلێنە پڕ کاتەوە.

ئەو هەمایشانە خەڵک بە گشتی و لاوەکان بەتایبەتی زیاتر بە کار و زەحمەتەکانی گەورەکانی خۆیان ئاشنا دەکات. لە لایەنێکی تریشەوە چون ئێمە خوێندنی فەرمی زمانی کوردیمان لە قوتابخانەکان‌دا نییە، ئەو جۆرە کۆڕبەندانە دەتوانێ نەوەی داهاتوو وەبیر زمانی خۆی و کەسایەتییەکانی گەلەکەی بێنێتەوە و لەم ڕێگایەوە دەتوانێ سەری خۆی بخوێنێتەوە.

مەسعوود بینەندە "نووسەر. مامۆستای زانکۆ" / مەریوان

 ئاستی زانستیی هه‌ر هه‌مایش و میهره‌جانێک به‌پێی هه‌ندێ پێوه‌ری تایبه‌ت هه‌ڵده‌سه‌نگرێت که ده‌کرێ به چه‌ند پێوه‌رێکیان ئاماژه بده‌ین؛ یه‌که‌م ئاستی لێژنه‌ی زانستی و داوه‌ریی بابه‌ته‌کان، دووهه‌م ئاستی بابه‌ته گه‌یشتووه‌کان، سێهه‌م ئاستی پانێله زانستییه‌کان، چواره‌م سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌مایه‌ش و... . ئه‌گه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م پێوه‌رانه‌وه چاو له کۆڕبه‌ندی مامۆستا هه‌ژار بکه‌ین ده‌توانین پله‌ی زانستیی ئه‌م کۆڕیاده له ئاستێکی شیاو و گونجاودا بسه‌نگێنین و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆڕبه‌نده‌کانی ‌تر، به‌ گه‌شبینییه‌وه چاو له به‌ڕێوه‌چوونی یه‌که‌مین هه‌مایشی ناوچه‌یی مامۆستا هه‌ژار بکه‌ین. مژار و شێوازی نووسینی بابه‌ته‌کان؛ واته که‌ڵک‌وه‌رگرتن له ئایدیای جیاواز و هه‌روه‌ها تیۆری و میتۆدی نوێ، به‌رزنرخاندنی ئه‌م کۆڕبه‌نده‌مان به باشی پێ ده‌سه‌لمێنن. ئه‌م روانگه ئه‌رێنییه به واتای ئه‌وه نییه که که‌موکوڕییه‌کان نه‌بیندرێ و هه‌وڵ بۆ گه‌شانه‌وه و باڵاکردنی ئه‌م چه‌شنه کۆڕانه نه‌درێت؛ بێگومان به ڕه‌خنه‌کاری و خستنه به‌رچاوی بۆشایی و که‌لێنه‌کان ده‌کرێ هه‌نگاوی به‌رزتر بهاوێژرێ و ده‌سکه‌وتی مه‌زنتر مسۆگه‌ر بکرێت. 

هیچ فه‌رهه‌نگ و مێژوویه‌ک به‌بێ به‌سه‌رکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه ڕووی گه‌شانه‌وه نابینێت و پاش ماوه‌یه‌ک وه‌کوو به‌ربه‌ست و به‌سته‌ڵه‌کێکی تووش، ڕێگای نوێبوونه‌وه و گۆڕانکاری له‌مپه‌ر ده‌کات. له فه‌رهه‌نگی ڕۆژئاوادا لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بۆ وێژه‌وانان و بیرمه‌ندان ده‌کرێت و بیروهزری نوێ و ڕوخساری جیاواز له‌و که‌سایه‌تیانه به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ شێکسپیه‌ر و گۆته له ئاستی جیهانی‌دا زیندوو و شوێن‌دانه‌رن، هۆکاره‌که‌ی بۆ خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌ی به‌رده‌وامی کار و به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و که‌سانه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له ڕوانگه‌ی ئێستایی و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه ڕاڤه‌ و شیکارییان بۆ ده‌کرێت و به‌م چه‌شنه وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی زیندوو و هه‌رمان به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. هه‌ژار نه‌ته‌نیا وه‌کوو که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌ت به قۆناغێکی مێژوویی به‌ڵکوو وه‌کوو فه‌رهه‌نگێکی کراوه و ده‌قێکی ئاوه‌ڵا، به‌رده‌وام ئاماژه و واتای نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له پێکهێنانی بیروهزری سه‌رده‌میانه‌دا هه‌ڤاڵ و هاوڕێمان ده‌بێت.

سەحەر موعیزی "شاعیر، نووسەر" / سنە

هەمایشەکە زۆر چڕ بوو، ئاستی ڕانانی وتارەکان بێ‌وێنە بوو، لە نێو وتارەکان خوێندنەوەی تازە و نوێم لەسەر ژیانی مامۆستا هەژار بەدی دەکرد. هەموو بەرهەمەکانی مامۆستا هەژاریان هێنابۆ بەر ڕاڤە و لێکدانەوە کە بۆخۆم وەک تاک لەم کۆڕبەندەدا ئەزموونێکی باشم لێ وەدەست هێنا.  بەڕێوەچوونی ئەو کارانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کارەکانی کەسایەتییەکان لێک بدرێتەوە ئامانجی وان لە نووسینی بەرهەمەکانیان بۆ خەڵک شی بکرێتەوە.

فاتمە حیجازی "شاعیر و نووسەری منداڵان" / سەقز

من بۆخۆم لە هەمایشەکەی مامۆستا هێمن بەشدار بووم، ئەو جۆرە کارانە جێگای پێزانینن. بۆ ئەو کەسانەی کە نووسەر یا دڵسۆزی ئەدەبی کوردن، پێویستێکی یەکجار بەجێیە. دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم کە فکر و بیرۆکەی ئەو شتەیان داڕشتووە. بڕێک لە وتارەکان دوور و درێژ بوون کە ئەوە کاتی دیاری کراوی پێشکێش کردنی بەرنامەکە کەم دەکاتەوە و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ باس و تەوەرەکە هەیە، نامێنێت. تێۆرییەک کە لە زانکۆکان دەوترێتەوە، جێگای لێرە نییە، دەبێ وتار کورت و پوخت بێ، بەڵام بە گشتی کارێکی جوان بوو. ئەگەر بتواندرێ درێژە بەو کۆڕانە بدرێ، زۆر باش دەبێ و نەوەی نوێ بەو کارانە دەتوانێ سەری خۆی بخوێنێتەوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد