بە پێی هەواڵی هاژه، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 23ی ڕەزبەری 97، یەکەمین دانیشتنی "لێکدانەوەی توخمە دڕاماتیکەکانی ئەدەبی کورد" بە خوێندنەوەی شێعر، چیرۆک و شرۆڤەی دوو بەرهەمی ئەدەبیی ئەبولقاسم موئەییەدزادە (ناسراو بە هەڵۆ) لە ئامفیتئاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامیی شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای ئەم کۆڕە کە کۆمەڵێکی بەرچاوی لایەنگرانی ئەدەبی کورد تێیدا ئامادەببوون، قادر مورادی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامیی شاری مەهاباد گوتی: "هەڵۆ" سەرمەشقی هەر تاکێکی کوردی خاوەن کەڵکەڵەی ئەدەبییە کە بە جوڵانەوەی بەرپرسانە لە ماوەی نیو سەدەدا توانیوێتی جێگە و پێگەیەکی شیاو لە میژووی ئەدەبی کورددا بۆخۆی دەستەبەر بکا.
پاشان شاعیری بروسکەهۆن، ئەبولقاسم موئەییەدزادە دوو بەرهەمی ئەدەبی بە ناوەکانی "تارمایی مار" (شێعر) و چیرۆکی "دووپشکە باڵدارەکان"ی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
ئینجا بەختیار پەنجەیی، کارناسی باڵای ئەدەبی شانۆیی و بەرپرسی ئەنجومەنی هونەرە شانۆییەکانی مەهاباد، تێکۆشانی پەنجا ساڵەی "هەڵۆ"ی بەرز نرخاند و گوتی: وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی سەرشانمان، هاتووین ڕێز بگرین لە نیو سەدە چالاکی مامۆستا هەڵۆ کە بەڕای من وەک گەورەیەکی ئەدەبی مەهاباد پێویستە زۆر زیاتر ڕێزی لێ بگیرێ و ئاوڕێکی قایمتر لە بەرهەمەکانی بدرێتەوە.
پەنجەیی لە درێژەی گوتەکانیدا بە هێنانەوەی ڕێفرێنس لە پۆئێتیکی ئەرەستوو، جوانیناسیی (زیباییشناسی) هێگێل و مانای تڕاژێدی لە لای نیچە، بەرهەمەکانی "هەڵۆ"ی (بە تایبەت چیرۆکەکانی) شەنوکەو کرد و شڕۆڤەی کردن.
بەرپرسی ئەنجومەنی هونەرە شانۆییەکانی مەهاباد لە بەشی کۆتایی گووتەکانیدا باسی لە تایبەتمەندییەکانی دڕام کرد و گوتی: مشتومڕی بەرهەمهاتوو لە کردەوە، زاڵبوونی تەمی دیالۆگ، بەخاوەنکردنی دوو لایەنی خێر و شەڕ بە حەق و ڕاگواستنی هزر و ئەندێشە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی "دڕام"ن کە بە گشتی لە بەرهەمەکانی "هەڵۆ"دا بەدی دەکرێن.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، "هەڵۆ"ی شاعیر چەند بەرهەمێکیتری پێشکەشی ئامادەبووان و کرد و لەکۆتاییشدا لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامیی شاری مەهاباد، ئەنجومەنی هونەرە شانۆییەکانی مەهاباد، شووڕای شاری مەهاباد و بنەماڵەی شاعیر، ڕێز لە تێکۆشانی پەنجا ساڵەی ناوبراو گیرا.