عەزیز ئالی
ڕەسووی نادری یەکێ لە خۆشخوانە ناودارەکانی مەڵبەندی موکریانە کە دەنگ و شێوەی گوتنی، دەسبەجێ دەناسرێتەوە. گۆرانییەکانی کاک ڕەسوو لەبەر ئەوە کە زوربەیان بابەتی زەماوەندن، لەسەر هەوای کورت و گشتی خۆماڵی دانراون و شیعرەکانیشیان پەیوەندیان بە زمان و فەرهەنگی لادێی موکریانەوە هەیە. ئەڵبەتە جگە لە بەستە و گۆرانی، خۆی لە قەرەی 'بەند'یش داوە کە ئەوەندەی من بزانم لەو ناوەدا حەیرانەکانی لەباری وێنە و خەیاڵەوە زۆر دەوڵەمەند و لەباری زمانەوە زۆر ڕەوان و لەباری ڕیتمەوە (بە نیسبەت کاری حەیرانبێژەکانی ترەوە) گشت و خێران.
ڕەسووی نادری، خۆشخوانێکی خۆوێژە، یانی خۆی خاوەنی زەوقی شاعیرانەیە و لە گۆرانییەکانیداجگە لە شیعرەکانی باوی ناو خەڵک، شیعری خۆیشی تێهەڵکێش دەکا. شیعرکانی خۆی، لەباری زمان و ناوەرۆکەوە ئەوەندە لە ئەدەبی فۆلکۆر نزیکە کە بەشێکیان تێکەڵێ ئەم خەرمان بوون و بەسەرگرتنەوە و جیا کردنەوەیان زۆر دژوارە.
خۆوێژ بوونی رەسووی نادری، ڕێگەی بۆ هونەرێکی تری ئەم خۆشخوانە خۆش کردووە کە لە مەڵبەندی موکریان'فڕهاوێژی'ی پێیدەڵێن. فڕهاوێژی جوابەجەنگییەکی مەوزوون و قافیەدارە کە لە نێوان دووکەسی نوکتەزان و قسەڕەواندا ڕوو دەدا و بە سەرکەوتنی لایەک دەبڕێتەوە. لەبیرمە مێرمنداڵ بووم، لەلای سێڕای مەیدانی ئارد، بە بەر قاوەخانەی تەرمیناڵی ئەوکاتەدا ڕادەبووردم، لەناکاو گوێم لە هەراهەرایەکی نائاسایی بوو. کاتێ بە کەلێنێکی جەماعەتی بەردەرگای قاوەخانەکەدا سەرم بە ناوەوەدا کرد، کابرایەکی میانساڵی لادێیم دی کە لە ناو دانیشتوانی چڕوپڕی قاوەخانەکەدا داوای لە 'کاڕەسوو' دەکرد شەڕەفڕی لەگەڵ بکا و خەڵکەکەش تکایان لێ دەکرد دڵی کابرا نەشکێنێ و یەک دوو بەندی جواب بداتەوە. کاک ڕەسووڵ دیار بوو ئەم وەزعەی بە دڵ نەبوو بەڵام لەبەر دڵی خەڵکەکە دوو بەند جوابی کابرای دایەوە و ئیتر هەستا قاوەخانەکەی بەجێ هێشت. وەک ئێستا بیری لێدەکەمەوە کابرای فڕهاوێژ'یش زۆر شارەزا و نوکتەزان بوو بەڵام خەڵکەکە تێکڕا ئافەرینیان لە کاک ڕەسووڵ دەکرد و لەپەستا بە کابرایان دەگوت: "کوڕە بابم ئەوە ڕەسووی نادرییە ڕەسووی نادری! ئەتۆ کوا لەگەڵ ئەوت پێدەکرێ؟" سەیر ئەوەیە من لەو شەڕەفڕە تەنیا ئەم دوو میسراعە کورتەی کابرام لەبیر ماوە: "مامۆستا لەسەربانی/ دەستی ناوەتە گیرفانی..." چەند نموونەی هونەری فڕهاوێژیی ڕەسووی نادری، لە ناو هەندێ لە نەقڵە تۆمارکراوەکانی ئەم خۆشخوانە شیرینزمانەدا پارێزراوە و کەرستەیەکی باشە بۆ ئەوانەی بیانەوێ لەم قاڵبە ئەدەبییەی زمان و فەرهەنگی کوردەواری بکۆڵنەوە.
بەڵام ئێستا با بێینە سەر گرینگترین هونەری ڕەسووی نادری کە 'نەقڵ گێڕانەوە' بێ. بە ڕای من ئەو نەقڵانەی ڕەسووی نادری دەیانگێڕێتەوە، خەللاقانەترین بەشی توانستی هونەرمەندانەیەتی. هیچ شکی تیا نیە کە بەشێکی زۆر لەو نەقڵانە کاری هێزی داهێنەرانە و دانەرانەی خۆیەتی و ئەگەر گەڵاڵەی چیرۆکەکانیش ڕوویان دابێ، ئەو بە خەیاڵی هونەرمەندانەی خۆی، ئەوەندەی شاخوباڵ لێناون و لقوپۆپ لێهەڵپەرتاوتوون کە ئیتر بوون بە بەرهەمگەلی سەربەخۆی هونەری.
هەندێ کەسی 'بەڕێز' و 'خاوەنفەرهەنگ' نەقڵەکانی ڕەسوووی نادری، بە قسەی سووک و بێئەدەبانە و بە پەڵەی سەرشانی کوردەواری دەزانن. ئەوانە لایان وایە کە ئەو نەقڵە تۆمارکراوانە، دەبێ بفەوتێن و لە هەرێمی فەرهەنگ و ئەدەبی کورد پاک بکرێنەوە. هەندێ کەسی تر کە عاشقی زمانی کوردین و دەزانن زمانی ڕەسووی نادری چەندە ڕەسەن و دەوڵەمەندە، لایان وایە ئەگەر ئەو نەقڵانە بە وردی بژار بکرێن و جوێن و قسە دزێویان لێ دەرباوێژرێ، بایەخی ئەوەیان دەبێ لە دیوەخانی ئەدەب و فەرهەنگی کوردیا جێگەیەکیان بۆ تەرخان بکرێ. بەڵام ئەوی ڕاست بێ نەقڵەکانی ڕەسووی نادری هەر بەم شێوەیەی خۆیان، تەواون و نابێ بە هیچ بیانوویەک دەسکاری بکرێن. ئەم نەقڵانە جگەلەوەی کە لەباری هونەری و ئەدەبییەوە پڕوردەکاری و سەرنجڕاکێشن، لە چەندین زەمینەی تری وەک لێکۆڵینەوی کۆمەڵناسانە و مێژوونووسانە و ڕەوانشناسانەشەوە بایەخدارن و دەبێ دەقاودەق بپارێزرێن. ئەم نەقڵانە ئاوێنەی ژیانی بەشێ لە کۆمەڵگەی کوردەوارین لە سەردەمێکی تایبەتیدا. ئاوێنەیەکی عاجباتی کە بە شێوەیەکی نائاسایی واقیعنوێنە و گەلێک شتی وامان پێشان دەدا کە لە ئاوێنە باوەکانی ترا نەماندیون و نایانبینین...
رەسووی نادری، ئەگەر بەم ئیستیعدادەوە، لە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا پێی بنایاتە سەر دنیاوە، بێگومان دەبوو بە 'ستەندئاپ کۆمێدیەن'ێکی گەورە و لە ئەنجامدا وەک هونەرمەندێکی مەزنی ئەوان وڵاتان، سامان و ناوبانگ و ڕێزی بەسەردا دەباری؛ بەڵام دەڵێی چی؟ گۆران گوتەنی " بەڵێ دیارە لەناو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار/ وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لیخندا".
لە کۆتاییدا، حەز دەکەم لەبارەی شوێنی ناشتنی ئەم هونەرمەندەدا، قسەی دڵی خۆم بکەم. ئەو شوێنەی کەوا لە گۆڕستانی مەهاباد بۆ ناشتنی ئەدیب و هونەرمەندەکان تەرخان کراوە، هەر ئێستا تەرمی هەندێ کەسی وای تێدا جێکراوەتەوە کە بە پێوانەی ئەدەب و هونەر نەدەبوو لەوێ بنێژرێن. جا من پێم سەیرە هەندێ 'ئەدەبزان' و 'هونەرناس' نیگەرانی ئەوەن ناشتنی تەرمی ڕەسووی نادری لە گۆڕخانەی هونەرمەندان بێجێ بێ!