تاريخ: ۱۳۹۵ يکشنبه ۱۱ مهر ساعت ۱۱:۳۲ بازدید: 1825      نظرات: 1      کد مطلب: 1990

چۆمی زێ و جوانەمەرگی

ئەحمەد غەم پەروەر(شوان) : خوێندکاری دکتۆرای جوگرافیای سیاسی – زانکۆی خارەزمی تاران


 دەرکەوتنی ڕێنسانس کۆمەڵگەی مرۆیی تووشی ڕاچڵەکانێکی گەورە کرد. پاش ئەم ڕێکەوتە شتێک زۆر بەرجەستە بۆوە ئەویش چەمکی"پێشکەوتن" بوو. بنەمای ئەم چەمکە لە کۆگیتۆی دێکارتەوە سەرچاوە دەگرێ کە دەڵێت "گومان دەکەم کەواتە هەم" پێشکەوتن کە سەرچاوەی لە بڕوا بە خۆبوون و بە عاقڵ بوونەوە دێت، فەلسەفەی ڕوون و ئاشکرا بوو؛ ئەوپەڕی چەوساندنەوە و کەڵک وەرگرتن لە زەوی. بەم لۆژیکە بەختەوەری و ئاسایشی مرۆڤ لە سەروی هەموو شتێک دێت. دروست کردنی بەنداو لە سەر رووبارەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەی ئەم فەلسەفەیە. 

 
گەرم بوونی زەوی و زیادبوونی حەشیمەت لەگەڵ ئایدیای "پێشکەوتن" سێ کوچکەیەک پێک دێنن کە هەناوی زەوی هەڵدەمژن. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە دروست کردنی بەنداو لە سەر رووبارەکان بێ گوێدان بە ئاکام و ئاسەوارە خەراپەکانی بەرەو زیادبوون دەچێت. جوگرافیای کوردستان کە لە بواری ئاو بە یەکێک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێتە هەژمار، زیاتر ئەم مەترسییە بە خۆوە دەبینێت. ئەم دۆخە لە ئێرانی خۆمان بە داخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ روو لە زیاد بوونە و هەموو جوگرافیای ئێرانی بەخۆوە گرتووە، هەر ساڵی ڕابردوو بوو لە هەورامانی خۆشەویستمان لە ئاکامی چێ بوونی بەنداوی "داریان" کانی "بڵ" بوو بە بەشێک لە مێژوو.

ئێستاکە واقعێک لە داریان مەترسیدارتر لە بن گوێی ئێمە روو دەدات، ڕووباری زێ کە لە فارسیدا بە "زاب" ناسراوە، ئەم بوونەوەرە خولقێنەرە کە بە درێژایی مێژوو ڕوحی بە دانیشتوانی ناوچەکە بەخشیوە ئێستا چەند بەنداو (بەنداوی سێڵوێ، کانی سێو[1]، گردەبن، کۆڵەسە، باوەلە – لە داهاتوویەکی نزیک ) جەستەکەیان کردۆتە ئامانج. سەرەڕای ئاسەواری خەراپی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هتد ئەوەی لەم وتارەدا هەڵوێستەی لە سەر دەکرێ گرینگ بوونی لایەنی کلتورییە.

بە مانەوەی زیاتر لە پێنج ساڵ لە هەر شوێنێک پێوەندییەکی ڕوحی لە نێوان مرۆڤ و جوگرافیا دروست دەبێ بە شێوەیەک کە ئاڵوگۆرە جوگرافییەکان لە سەر ڕوحی مرۆڤ بە دی دەکرێ. ڕووباری زێ لە سەرچاوە بەرەو خوارەوە جوگرافیایەکی ئینسانی تایبەتی خولقاندووە، کە چاوێک بە ئاقاری ئەم ڕووبارە دەخشێنی دیمەنە مرۆڤییەکانی ئەم ڕاستیە باشتر دێنە بەرچاو. کەش و هەوای تایبەتی زێ، لایەنی مادی و فەزاکەی لە هزر، شێعر، مۆسیقا و ڕوحی دانیشتوانی خۆی نیشان داوە، ئەم وردەکاریانە کەسایەتی دانیشتوانی زێی پێکهێناوە، ئەوە جیا لەوەیە کە لە بواری سەلامەتیشە­وە سیستەمێکی تایبەتی پێکهیناوە و لەشی مرۆڤی ئەم ناوچەیەی لەگەڵ ژینگە ڕێکخستووە و مکانیزمی بەرگری لەشی هاوئاهەنگ کردووە. ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوە کە ژیارێکی زیندوو و تایبەت بە زێ "ژیاری زێ" چێ بێت. ئەم ڕێکخستنە سروشتیە ئێستاکە تووشی مەترسیەکی زۆر گەورە هاتووە، ئەویش ڕاگواستنی ئاوی زێ لە جوگرافیایەک بۆ جوگرافیایەکی­ترە – گۆلی ورمێ - (لە ئاوڕێژگە­یەک بۆ ئاوڕێژگەیەکی­­تر).

بێ­گومان ئەو سێ کوچکەی کە پێشتر باسمان کرد بەشێکە لە دۆخی چێ­ بوو، بەڵام لایەنەکەی ­تر دەگەرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی خراپ و چاوچنۆکی دانیشتوانی دەورووبەری گۆلی ورمێ[2]. هەر هەمان بەڕێوەبەری خراپ ئێستاکە ڕزگارکردنی گۆلی ورمێ لە مردن بە لە ناوبردنی زێ و ژیارەکەی بەستۆتەوە[3][4] و چەنگی بەرژەوەندی خستۆتە ناو دڵی زێ. تێکۆشانەکانی خۆی وەگەڕ خستووە تا بۆ شینگێڕی پێشوەختی زێ و ژیار و دانیشتوانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوی بەزم و شایی بگێڕێ. بۆ ئەوەی کە شینگێڕیەکە زۆر هەستیار نەبێ و دەنگی نارەزایەتی بڵیند نەبێ ستراتژی کورت­خایەن وەکو خستنەگەری پرۆژەی ئاوی بارانی بو دانیشتوانی دەورووبەر خستۆتە گەڕ. گۆلی ورمێ بێگومان بەشێک لەمێژوومانە بەڵام لە گۆل گرینگتر "ژیاری زێ" یە کە مەترسی لە ناوچونی لێ دەکرێ. بۆیە ئێستا دەبێ بە هەمان لۆژیکی ئاشتیانە بەرسیڤی خولقێنەرانی ئەم پرۆژەیە بدرێتەوە کە: "گەر مردن ئەمڕۆ لە گۆلی ورمێیە؛ سبەش لە زێیە".

هەرەها پێویستە نوێنەرانی شارەکانی دەورووبەری ئاوڕێژگەی زێ (خانێ و سەردەشت، مەهاباد، شنۆ و نەغەدە، بانە و سەقز و هتد) بەرپرسیارەتی خۆیان لەم بوارەدا بە جێ بێنن کە تا ئێستا بەداخەوە زۆر کەمتەرخەم بوونە چی­تر کات بە فیرۆ نەدەن، تریبونی یاسا بۆ ئەم مەبەستە بە کار بێنن و بە ئەرکی گەر نوێنەرایەتیش نەبێ بەڵکو مرۆیی خۆیان هەستن بە زووترین کات لێژنەیەکی قەیران لە مەجلیس چێ کەن و "ژیاری زێ" و نەوەکانی لەم کارەساتە دڵتەزێنە ڕزگار کەن.

[1] - لە پرۆژە دایە کە ئەم دوو بەنداوە ساڵانە ٧٥٠ملیۆن سێ­جا ئاو هەناردەی گۆلی ورمێ بکەن.

[2] - بە پێی وتەکانی مەحموود دروێش – بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی ڕاهێنان و هاریکاریەکانی خەڵکی ڕێکخراوی ژینگە - ئەوپەری پانتایی کە بۆ زەوی کشت و کاڵ لە ئاوڕێژگەی گۆلی ورمێ تەرخان کراوە ٣٢٠ هەزار هکتارە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێستاکە ئەم قەبارەیە ٦٨٠ هەزار هکتاره. هەرەها ٧٢ بەنداو لە سەر ١١ چۆمی دەورووبەری گۆلی ورمێ بنیاد نراوە و بوونەتە کۆسپ لە گەیشتنی ئاوی ڕووبارەکان بەم گۆلە.

[3] - جێی ئاماژەیە کە بەشێک لە چڕ بوونەوەی ئەم هەنگاوانە دەگەرێتەوە بۆ ئەم لۆژیکە کە ئاوی ڕووباری زێ مافی خۆمانە، کەواتە بە هەر شێوەیەک مەبەستمان بێ دەتوانین بەکاری بێنین ئەوە لە حاڵێکدایە کە بابەتەکە پێش ئەوەی کە چییەتیەکی سیاسی هەبێ، ڕەهەندی جوگرافی هەیە، ئاورێژگەی ڕووباری زێ ئێکۆسیستمێک پێک دێنێ کە دەستێوەردان لە هەر شوێنێک بە شێوەی نالۆژیکانە ئاسەواری خراپ لە سەر هەموو بەشەکانی­تر دادەنێت.

[4] - بە پێی بڕیاری کۆمسیۆن مادە ٢ی ڕیکخراوی ژینگە، ڕاگواستنی ئاوی زێ بۆ گۆلی ورمێ بە لێژنە بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ ڕاگەیەندراوە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۳۹۵/۷/۱۱
خداوند بیامورزتش

نظر خود را براي ما ارسال كنيد