ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ۹۷ی هەتاوی یەکەمین کۆڕی زانستی مۆسیقا لە لایەن بەشی فەرهەنگی پێگەی هەواڵیی هاژە لەسەر تەوەری "پێگەی دەف و گۆڕانکارییەکانی هونەری دەفژەنی کوردستان لە قۆناغی هاوچەرخ" بە وتاروێژی شۆڕش ماملێ و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کوردستان لە ساڵۆنی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی مەهاباد بەڕێوە چوو.
لەسەرەتای کۆڕەکە قادر مورادی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی مەهاباد وێڕای ئاماژە بە ئاسانکاری ئەم ئیدارەیە بۆ دانی مۆڵەتی بەڕێوە چوونی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبیی لە مەهاباد وتی: بە نیازین بە هاوکاری هەمە لایەنە ئەو جۆرەی شایانی ناوی مەهابادە حەولێکی پتر بدەین بۆ چالاکی و خزمەت بە فەرهەنگ و هونەری کورد و بەردەوام پێشەنگ بین لە ڕێگای خزمەت بە هونەر و هونەرمەندانی ناوچەییمان.
وتاروێژی کۆڕ وێڕای ئاماژە بە پێگەی دەف لە ڕوانگەی سازناسی بە درێژایی مێژوو، گۆڕانکارییەکانی هونەری دەفژەنی لە کوردستان شرۆڤەی کرد و خەسارەکانی ئەم ڕێگەیەی هێنایە بەرباس.
شۆڕش ماملێ وێڕای باسێکی تێروتەسەل لەسەر کۆمەڵێک فەرزییەی بەردەم، هۆکارەکانی تایبەتمەندبوونی هونەری دەفژەنیی کوردستانی شی کردەوە و لەم ڕوانگەوە حەولی دا پێگەی ئێستای دەفژەنیی کوردستان بخاتە ڕوو.
لە رێژەی باسەکەیدا وێڕای پێداگری لەسەر ڕەوتی مێژوویی گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هەڵکەوتنی سازی دەف لەنێو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانە، لەسەر گۆڕانی قالبەکانی دەفی خانەقایی و دەف لە گرووپەکانی مۆسیقاییدا دوا.
ماملێ لە کۆتاییدا ئاماژەی بە لایەنەکانی ئەم گۆڕانکارییانە کرد و کۆڕەکە لە دوای چەند پرسیاری ئامادەبووان و وڵامدانەوەی وتاروێژ کۆتایی پێهات.