تاريخ: ۱۳۹۷ سه شنبه ۲ مرداد ساعت ۲۳:۳۲ بازدید: 1653      نظرات: 0      کد مطلب: 9861

وتووێژێکی کورت لەگەڵ بەرپرسی سمیناری خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی


بەرەو سمیناری خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی (وتووێژێکی کورت لەگەڵ ڕێزدار ئەنوەر ڕەوشەن، بەرپرسی سمیناری خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی)
 
[تێبینییەکی پێویست: ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان، لە ساڵی ۱۳٦۹دا دامەزراوە و تا ئێستا چەندین سمینار و کۆنگرەی بەڕێوەبردووە. بۆ نموونە: کۆنگرەی بێسارانی، کۆنگرەی قانع، سمیناری فەرهەنگنووسی، سمیناری ڕەخنە و لێکدانەوەی شیعری نوێی کوردی و... 
 
ئەنوەر ڕەوشەن، بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە و بەرپرسی سمیناری "خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی"یە]
 
 
بەڕێز کاک ئەنوەر ڕەوشەن، چۆن بوو بیرتان لەم سمینارە کردەوە؟
هەر وەک جەنابتان ئەزانن ئەمساڵ سەدوبیستەمین ساڵوەگەڕی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردییە. ئێمە وەکوو دەستەی بەڕێوەبەریی "ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان"، هەر بەم بۆنەوە ویستمان ئاوڕێک لە بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی بدەینەوە و سمینارێک بە بەشداریی شارەزایانی ئەو بوارە ساز بدەین. بڕیاردرا لەو سمینارەدا باسی خەسارناسیی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکرێ و ئاوڕێکیش بدرێتەوە لە جیهانی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئەمڕۆدا. لە سەرەتادا بڕیار وابوو کۆڕێکی ناوخۆیی لە مەریوان بەڕێوە بچێ، بەڵام لێژنەیی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان پێداگریی لە سەر ئەوە کرد کە سمینارێکی بەربڵاو ڕێ بخەین. بانگهێشت بڵاو کرایەوە و داوا لە شارەزایانی ئەو بوارە کرا بە ناردنی وتارەکانیان یارمەتیی ئەنجومەن بدەن. لە ماوەی دیاریکراودا نزیکەی سی وتار گەیشتە دەستمان و یانزە وتار لەو سی وتارە هەڵبژێردران و لە سێ پانێلدا وتارەکانیان پێشکەش ئەکەن؛ سێ کەسیش بە شێوەی سوخەنڕانی و وتووێژ لە سمینارەکەدا بەشدار ئەبن. مەبەستی سەرەکیی ئێمە ئاوڕدانەوە لە چاپەمەنییەکانی کوردەواری بوو بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و هەڵسەنگاندنیان و باسکردن لە ئاستی چاپەمەنییەکان لە چاو چاپەمەنییەکانی ئێران و جیهان. خستنە بەر باسی هۆکارەکانی گەشە و هەر وەها شکستهێنانی چاپەمەنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، یەکێکە لە هۆکارەکانی سازدانی ئەم سمینارە و هیوادارین لەم سمینارەدا بە وردی باسی تەنگەژەکانی ئەم بوارە و ڕێگاکانی دەربازبوون لەو تەنگژانە بکرێ.
ئاخۆ چاپەمەنییەکانی ئێمە توانیویانە متۆد و شێوازی نوێی ڕۆژنامەگەری ڕەچاو بکەن؟ ئایا ئەو کەسانەی کە لەبواری ڕۆژنامەگەریدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار ئەکەن، خوێندەواری و پسپۆڕییا هەیە لەم بوارەدا یا هێشتا خەریکی ئەزموونن و بە هۆی دڵسۆزیکردن یا هۆکارگەلی‌ترەوە هاتوونەتە ئەم بوارەوە؟ لەم سمینارەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێ پرسیاری‌تر ئەدرێتەوە.
چ کەسانێک وتاریان ناردووە بۆ ئەم سمینارە؟
ئەو کەسانە کە وتاریان بۆ ئەم سمینارە ناردووە، بەشێکیان ئەوانەن کە ئەزموونێكی باشی ڕۆژنامەنووسییان هەیە و ساڵانێکە لە هەفتەنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا خەریکی چالاکین؛ بەشیکی‌تریشیان کەسانێکن کە سەرەڕای چالاکبوون لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، دەرچووی بەشی ڕۆژنامەنووسین. سمینارەکە لە سێ پانێلی جیادا بەڕێوە ئەچێ و پێش هەر پانلێکیش یەکێک لە ئامادەبووانی سمینارەکە بە شێوەی سوخەنڕانی بابەتێک ئەورووژێنێت و ئەبێتە هۆی ئەوەی پانێلەکە گەرموگوڕتر بەڕێوە بچێ.
 بڵاوکراوە خوێندکارییەکان کاریگەرییەکی باشیان لە سەر بزاڤی ڕۆژنامەگەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە؛ لەم سمینارەدا ئاوڕ لە بڵاوکراوە خوێندکارییەکانیش ئەدرێتەوە؟
ئەو وتارانەی گەیشتوونەتە دەستمان باسی بڵاوکراوە خوێندکارییەکانیان تێدا نەکراوە، بەڵام هەوڵ ئەدرێ لە بەشەکانی‌تری سمینارەکەدا ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و باسیان بکرێ. چاپەمەنییە خوێندکارییەکان تەنها بۆ ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان و خۆتاقیکردنەوە نەبوون و هەندێکیان لە ئاستێکدا بوون کە قەت ناکرێ لە بیر بکرێن و بە دڵنیاییەوە کاریگەرییان لە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی هەبووە و لە داهاتوویشدا ئەیانبێت.
لە هەرێمیشەوە وتارتان بۆ هاتووە؟
ئەم سمینارەی ئێمە تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، سەرەڕای ئەمەیش ئەگەر پاش بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیشەوە وتارمان بۆ بهاتایە کەڵکمان لێ وەر ئەگرت. بەهیواین ئەم سمینارە بنەمایەک بێ بۆ سمینارێکی گەورەتر لە داهاتوودا و هیوادارین لەو سمینارەدا بتوانین لە هەموو ناوچە و شارەکانی کوردەوارییەوە پسپۆڕەکان بانگهێشت بکەین و خەسارناسییەکی باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکەین.  
ئەو کەسانە کە بە شێوەی سوخەنڕانی بەشدارن لەم سمینارەدا ...
بەڵێ، وەک پێشتریش وتم سێ پانێلمان هەیە. پانێڵی یەکەم پێش‌نیوەڕۆ بەڕێوە ئەچێ و دوو پانێلەکەی‌تر پاش‌نیوەڕۆ. پێش هەر پانێلێک یەکێک لەو سێ کەسە بابەتەکەی خۆی پێشکەش ئەکات و باسێک ئەورووژێنێ و دواتر پانێلەکە دەست پێ ئەکات.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد