تاريخ: ۱۳۹۵ چهارشنبه ۷ مهر ساعت ۲۱:۱۸ بازدید: 1849      نظرات: 0      کد مطلب: 1970

فەرهەنگی کورد و بەساڵاچوان (ساڵمەندان)


هاژە- دیارە کە ڕێز و حورمەتی گەورەی ماڵێ ئەرکی هەر یەک لە ئەندامانی بنەماڵە و تاکی کۆمەڵگایە کە ئەو ڕێز گرتنە جگە لە پەراوێزی ئەخلاقی بەڵکوو وەک ئەرکی سەرشان لە هەمبەر بەساڵاچوان دا خۆی دەنوێنێ، دەبێ ئەوەی باش بزانین کە ئەوان موی سەریان لە ئاشی دا سپی نەکردووە، بەڵکوو ئەوە ئەزموونی تاڵی و سوێری و سارد و گەرمی ژیانە کە وا ڕەنگی سپی بە مژۆڵی نێو چاوانی ئەوان دا هێناوە و هەمبانەی پەند وەرگرتنی لە خەرمانی ڕابردووەکانیان بۆ ئێمە وەک خەڵات بە دیاری هێناوە، گەرم و گوڕی نێو بنەماڵە بە ئامۆژگاری دایە پیرەکان و بابەگەورەکان دەڕازێتەوە.
بەداخەوە زۆر گەورەی ماڵێ هەیە کە بە ئەو پەڕی هەناسە‌ ساردی و چەلی واش هەبووە کە لەو پەڕ نائینسانیەتی دا عەولاد  هاتووە دایکی بەستەزمانی لە سەر شەقام و پەسیوی کۆڵاننان دا فڕێ داوە و خەڵکی ڕێبوار بە خێرا خۆیان ڕادەستی نەخۆشخانە و وەها جێگاگەلێکی دی کردووە یا کاتی وا بووە کە بێ ئەوەی پیری پشت چەماو و گۆچان بەدەست ڕووحی خەبەری هەبێ بەدەستی ناموبارەکی نۆبەرەکەیەوە سەر لە وێ دەردێنێ. بچوو چاو لە کوڕەکەشی کە کاتێک کە بە شەقام دا تێدەپەڕێ بە تەک و پۆزێکەوە دەڕوا و خۆی بە نۆ مانگای زاو ناگۆڕێتەوە، بێ‌خەبەر لەوەی کە لە داوێنی ئەو دایکە بەربۆتەوە، جا با باش لە خۆمان تێبگەین کە هەموومان کچ و کوڕ و ئەندامانی یەک ماڵین و ئەوانیش بێ‌هیچ جیاوازێک دایک و بابی ئێمەن و گەر لە دایک و بابی خوێنی خۆمان زیاتر نەبن، بەدڵنیاییەوە کەمتر نین، چ جوانترە کە سەرێکیان لێ هەڵێنین و دڵخۆشێکیان بده‌ینەوە و ئاوپڕژێنێکی هەناسە ساردیان بکةين. دیارە گر بە حەق بڵێن دەبێ ئەستۆ کەچی زەحمەت و ماندوونەبوونی 24 کاتژمێری سەرجەم ئەو بەڕێزانە بین کە بێ‌وچان و بێ‌هەدادان بە سەر ئەو خۆشەویستانە ڕادەگەن و لە گەڵ دەرد و نەخۆشی و ناسازی و پێکەنین و گریانی وان هەڵدەستن و دادەنیشن و بە دڵێکی ئاواڵەوە گوێ‌بیستی داخوازی و پێداویستێکانی وان دەبن و بە گەرمی دەستی قەڵشیو و لەرزۆکی وان وەک کەسوکاری خۆیان دەگوشن و گوێ بۆ ئاوات و خۆزگەکانیان ڕادەگرن.
لە فەرهەنگی ڕەسەنی ئێمەی کورد دا گەورە و چوکەیەک هەیە، ڕێز و حورمەتێک بۆ گەورەی ماڵێ هەیە، دیارە گەورەی ماڵێ بۆخۆی ڕووناکی نێو ماڵە و ئەزمونی وی ڕێگا نیشاندەری ژیانی بەرەی داهاتوویە جا لە زەماوەندی کچ و کوڕان ڕا بگرە تا چۆنیەتی ڕێز و حورمەتی بنەماڵەی یەکتر گرتن و گوێ ڕایەڵی یەکتر بوون و ڕێز و حورمەت دانان بۆ بنەماڵە و کەسایەتی یەکتر.
بە گەشە سەندنی دنیای ماشێنی و چوکتر بوونی چوارچێوەی بنەماکانی کلاسیکی و بەرەو ڕەوتی مۆدێرنیتە هەنگاونان، بەرە بە بەرە دنیای‌ پارە و هەڵات هەڵات بۆ دابین کردنی "خۆشترین ژیان" جێي لە نێو دڵی مڕۆڤەکان خۆش کرد و حوببی  کەس‌وکار لە پلەکانی دواتر و دواتر قەراری گرت و سامان وەسەر یەکنان بۆ زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی لە ئاستێکی باڵا دا خۆی نواند، فەرهەنگی کوردەواریش لەو ڕەوتە بێ‌بەری نەبووە و ئەو گەشە سەندنی لایەنەکانی فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دا تەنیوە کە بوو بە هۆی بەرزی خوێندەواری و پاک‌وخاوێنی و ئێستاش شت گەلێکی وەک ژیانی ئاپاڕتمانی و وەدووی زەرق و بەرقی شوشەیی ڕۆژمۆدی و زۆر شتی تر کە یەکێک لە ئاسەوارە نامۆکانی ئەو دونیای سەدەی ئێستا پەیدا بوونی خانەی بەساڵاچوان (ساڵمەندان) بوو.
دایکێک کە نۆ مانگە و نۆ ڕۆژەی بە عەولادیەوە کێشاوە، بە سەدان کەڕەت لایە لایە و لانکەی دەسترازە سووری بۆ ڕاژاندووە، شتویەتەوە، جلی لێگۆڕیوە، بە نەخۆشی و دەردی مەلۆتکەیی وی شەو نەخونی کێشاوە، بابێک کە بە دڵ و بە گیان شایی بە منداڵەکەیەتی، وەک بڕبڕەی پشتی خۆی چاوی لێدەکا، دڵی خۆشە کە عەولادم هەیە، وەجاخ کوێر نیم، دەیبا پێ دەخوێنێ، وەبەر پیشەیەکی دەنێ تا پێ بگا، سبەی کە کوڕە بەڕەی خۆی لە قوڕێ دەرکێشا و ژیانی هاوبەشی پێکهێنا، دایک و بابی لە پێش چاوی دەبنە دێو و سەرە ڕای هەموو شتێک منەت باریشیان دەکا کە ئەتۆ چت بۆ من کردووە، کوا چت دیارە؟ یا پیاوێک کە خێزانەکەی دەڵێ من خۆ قەرەواشی دایک و بابت نیم بە سەریان ڕاگەم و زۆر شتی تر کە زۆربەمان لە دەوروبەری خۆمان بینیومانە و بیستومانە کە بۆتە هۆی ئەوە کە دایک و بابی بێ‌ناز سەر لە خانەی بەساڵاچوان دەربێنێ و لە قوژبنی دیوار دا پاڵداتەوە، جا سبەینێش کە لە خانەی بەساڵاچوان دا پەیوەندیان پێوە گرت، فلانی دایکت، بابت کۆچی کردووە، بۆخۆت ناسڵامەت بی، تکایە وەرە تەرمەکەی بەرەوە.
بە سەرهاتێک هەیە لە سەردەمانی زوو داپیاوێک بابی لە سەوەتەیەک خست تا بچێ لە چۆمی فڕێي دا، کوڕی پیاوەی هەرای کرد، گوتی بابە گەر باپیرمت فڕێ دا سەوەتەکەی بێنەوە تا دوایە منیش گەورە بووم  تۆ لە سەوەتەکە خەم و فڕێت دەم، جا بۆیە گیا لە سەر پنچی خۆی دەڕوێ، گەورە کە ئاوی ڕشت چوکەش پێي ڕێ دەخا...
- ڕستەی "بابێک حەوت کوڕان بەخێو دەکا بەڵام حەوت کوڕ بابێکیان پێ بەخێو نابێ" ڕاست لێرەدا وەدەردەکەوێ،  بەو هیوایەی ئه‌و فەرهەنگە قێزێونە لە نێو کۆمەڵگای ئێمە دا بن‌بڕ بکرێ و ڕێزی گەورەکان بگرین، چون بە ڕێز گرتنی وان ڕێز و گەورەیی خۆمان گرتووە و خودا و ویژدانی خۆمان ڕازی ڕاگرتووە، لە کۆتایی دا لە سەرجەم ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن داواکارین کە لە بردنی کەرەسەی بەکارهێندراو یا جلی کۆنی خۆیان بۆ وێ خۆ ببوێرن، چون ئەوە هیچ کات خێر و سەدەقە نیە. گةر دەکرێ وەک دایک و بابی خۆت چاویان لێ‌بکە، چت بۆ وان دەکڕی، بۆ وانیش هەر وابە.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد