تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۶ مهر ساعت ۱۹:۲۴ | بازدید: 2433 نظرات: 2 کد مطلب: 1963 |
هاژه ـ دوای به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رکه‌وتووانه‌ی یه‌که‌مین هه‌مایشی مامۆستا هێمن له شاری مه‌هاباد که به به‌شداری پێنج پارێزگای ڕۆژئاوای ئێران به‌ڕیوه چوو، ده‌بیرخانه‌ی ئه‌م هه‌مایشه له ڕێگه‌ی پێگه‌ی هه‌واڵی هاژه‌وه سوپاسنامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه. ده‌قی سوپاسنامه‌که به‌م جۆره‌یه:
"سه‌رکه‌وتووترین مرۆڤ، ئه‌م مرۆڤه‌یه که مێژوو به فه‌خره‌وه له ئامێزی بگرێ و ڕایگوێزێته به‌ره‌ی نوێ و داهاتووی پێبڕهنگێنێت."
ئه‌ده‌بیات له مێژووی کوردی‌دا به هۆکاری جۆراوجۆر نه ته‌نیا پێکهێنه‌ر و داڕێژه‌ری شوناس و بوونی مێژوویی بووه ته‌نانه‌ت کارکردی پێکهێنانی گوتاری فکری و مه‌عریفی له به‌شه جۆراوجۆره‌کانی ژیانگه" زیستجیهانی"ی مرۆڤی کوردی له سه‌ر شان بووه که مامۆستا هێمن وه‌ک بیرمه‌ندێکی ئه‌م بواره له لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا هه‌ڵگری ئه‌م تایبه‌تمه‌ندی و باره قوورسهیه که زۆر به جیددی زمان و گوتاری ئه‌ندیشه‌یی شێعری کردووه‌ته کڵاوڕۆژنه‌ی ڕوانین و دیالۆگی کۆمه‌ڵایه‌تی ـ کلتووری و ڕامیاریی بونیادنه‌ر له ئاست ئه‌و ده‌نگه پاوانخواز و سه‌ره‌ڕۆ و دهسهڵاتسهپێنانه که له کۆمه‌ڵگادا نه‌ک وه‌ک پردی پێوه‌ندی و دیالۆگ پێکهێنه‌ر، به‌ڵکوو ته‌نیا بیستنێکی په‌سیو و مهیویان هه‌بووه. یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمن، خۆی بوو به هێمایه‌ک و نیشانی دا که مێژوو ئه‌م لاپه‌ڕه زیندوویانهیه که هیچ کات فه‌خر و شانازی گهورهمرۆڤی مه‌زن له ئامێز جیا ناکاته‌وه و بگره به‌ره‌و نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رده‌م و داهاتووش ڕایده‌گوێزێ و ئه‌م به‌ره‌یه‌ش نیشانی دا به باوه‌شێکی ئاواڵا و پڕ له شانازیییه‌وه وه‌ری ده‌گرنه‌وه. هه‌ر چۆن وه‌ک هه‌میشه شارۆمه‌ندانی زۆر به‌ڕێز و له سه‌ر هه‌ستی مه‌هاباد به هه‌موو چین و توێژێکه‌وه له ساته وه‌خته‌کانی ده‌ستپێکی یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی ـ فه‌رهه‌نگیی مامۆستا هێمن تا دوایین کات به شێوه‌یه‌ک هاوڕێ و پاڵپشتیان له هه‌مایش کرد که هیچ زمانێک ناتوانێ به‌و جۆره‌ی که شیاوی ئه‌و گه‌وره‌یی و ههستیاریییه بێ، سپاس و پێزانینی خۆی ده‌رببڕێ. به‌ڵام به‌ڵێن بێ، هه‌نگاوه پیرۆز و پڕبایخه‌کانی هه‌مووی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست و خاوه‌ن هه‌ستی مڕۆڤدۆستانه و ئهندیشهخواز و هه‌موو ئه‌و که‌سایه‌تی و سیما بلیمه‌تانه له پێنج پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان، ئیلام، لوڕستان و کوردستان که به پیر بانگه‌وازی بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی،هونه‌ری ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد ـ ه‌وه هاتن و ڕوخساری کۆڕه‌که‌تان سه‌د هێنده گه‌یانده ئاستی دره‌وشانه‌وه و ڕووناکیبه‌خش. ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌م شۆق و ڕووناکییه ده‌که‌ین به ئه‌رک له سه‌ر شانمان بۆ داهاتوویه‌کی پڕشنگدارتر له خولقاندنی بزاڤی ڕۆشنبیریی وێژه و داهێنان و ڕێزگرتنی سه‌ر له نوێتر. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی سپاسی هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مه به‌توانایانه بکه‌ین که به نووسینی وتاره‌کانیان، پاڵپشتی گه‌روه و به‌پێزی فکری هه‌مایش بوون. هیوا ده‌خوازین ئه‌م کۆمه‌ڵه مرۆڤه خاوه‌ن بیر و مشوورخۆر و ژیره به‌رده‌وام بن له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی سامانی کلتووری، ئه‌ندیشه‌یی و زانستیی گه‌له‌که‌مان.
به دڵنیایییه‌وه له پڕۆسه‌ی به سهرئهنجامگهیاندنی یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی ـ فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمندا، کۆمه‌ڵێک مامۆستای خاوه‌ن پله‌ی زانستی گه‌وره وه‌ک به‌شی لێژنه‌ی داوه‌ری زانستی هه‌مایش به ڕوحی به‌رفراون و ماندوویینهناسانهیان، ئه‌مه‌گناسی خۆیان له پێناو خزمه‌تکردن به‌م بواره نواند. هیوا ده‌خوازین نموونه‌یان زۆرتر و هه‌وڵ و چالاکیان دره‌وشاوه‌تر بێت.
به ناوی ده‌بیرخانه‌ی هه‌مایش و هه‌روه‌ها بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی،هونه‌ری ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد(ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی) ڕێز و سپاس و پێزانینی ئه‌م ناوهندهتان پێشکه‌ش ده‌که‌ین که به به‌شداریی هه‌مه‌لایه‌نه و فهرههنگدۆستانهتان، بوونه هۆی شانازی به‌خشین به‌م هه‌مایشه و جوانینواندنهوهی سه‌رله‌نوێی ڕوخساری فه‌رهه‌نگی شار و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سیما جوانه فه‌رهه‌نگییه‌ی مه‌هاباد به‌تایبه‌تی و سه‌راسه‌ری پارێزگا و شاره کوردنیشنه‌کانی ئێران به‌گشتی له ناوخۆی وڵات و بگره ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش. ئه‌مه جوانترین دیاری و پێشکێشییه بۆ هه‌مووی به‌شداربووان و ڕێبوارانی ئه‌م هه‌مایش ـ ه؛ پیرۆزتان بێت.
جێی خۆیه‌تی هه‌ر به ناوی بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی،هونه‌ری ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد(ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی) و دبیرخانه‌ی یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی ـ فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمن ـ ه‌وه ڕێزی تایبه‌تیمان هه‌بێ بۆ هه‌موو ئه‌م بنکه فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری و ئه‌ده‌بیانه، بونیاد، ناوه‌ند و ڕێکخراوه کلتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ـ مه‌ده‌نییه‌کان که له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ههمایشدا به ده‌یان په‌یام و برووسکه‌ی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشانه‌یان بۆ ناردین که به‌هۆی که‌میی کات و پاراستنی ڕه‌وتی هه‌مایش نه‌گونجا ڕێز له گهورهیییان بگرین. هه‌روه‌ها جیا له پارێزگاکانی دیاریکراوی پانتای هه‌مایش، کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی و شارۆمه‌ندی به‌وه‌ج له شوێن و ناوه‌ند و پاڕێزگاکانی تر وه‌ک؛ تاران،مازه‌نده‌ران،خۆراسان و... ته‌شریفیان هێنابوو، جێی خۆیه‌تی تۆزی هه‌نگاوه‌کانیان بخه‌ینه سه‌ر چاوان. پێویسته هه‌ر به ناوی ئه‌م ناوه‌نده‌وه ڕێز و پێزانینی خۆمان پێشکێش بکه‌ین به؛ مودیرکوللی فه‌رهه‌نگ و ئێڕشادی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، مودیر کوللی ئومووری فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، نوێنه‌ری شاری بۆکان ؛ دوکتور قه‌سیم عوسمانی و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ی پاڕلمانی شووڕای ئیسلامی له پاڕلمانی ئێران، نوێنه‌ری ده‌فته‌ری ئه‌م خوله‌ی شاره‌ستانی مه‌هاباد، نوێنه‌رانی پێشووی شاری مه‌هاباد له پاڕلمان، نوێنه‌ران و ئه‌ندامانی پێشووی شووڕای ئیسلامی و بهخشدارهکانی مه‌هاباد و شاره‌کانی ده‌ورووبه‌ری مه‌هاباد، پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌ران و نوێنه‌رانی شووڕای ئیسلامیی خولی چواره‌می پاڕێزگا و شاره‌کانی تر، به‌رپرسان و به‌ڕێوه‌به‌رانی کاناڵه فه‌رمییه‌کانی خه‌به‌ری ناوخۆیی، گۆڤار، حه‌وتوونامه، ڕۆژنامه‌کان،سایت و هه‌واڵنێره‌کان و ...هتد.
لێره‌دا پێویست به ئاماژه‌یه بوترێ: ئه‌گه‌ر فه‌رمانداری خۆشه‌ویستی شاری مه‌هاباد، ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئێڕشادی مه‌هاباد و ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌کان، پاڵپشتی یاسایی و قانوونی‌یان نه‌کردباین. یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمن نه‌ده‌گه‌ییشته سه‌رئه‌نجام.
هه‌روه‌ها ڕیز و سپاس و پێزانینی تایبه‌تی بۆ هه‌موو به‌رپرسان، به‌ڕێوه‌به‌ران و ئه‌ندامانی به‌ڕێزی شووڕای ئیسلامی خولی چواره‌م به‌گشتی و کۆمیسیۆنی فه‌رهه‌نگی شووڕای ئیسلامی خولی چواره‌م به‌تایبه‌ت سه‌ید ڕه‌سووڵ نه‌به‌وی، شاره‌داری ماندوویینه‌ناس و فهرههنگدۆست؛ ئه‌ندازیار سه‌لاح کوردستانی، ده‌بیرخانه‌ی شووڕا به‌تایبه‌تی کاک که‌ماڵ مه‌ولوودپوور، به‌شی پێوه‌ندییه گشتییه‌کانی شاره‌داری(روابط عمومی شهرداری)، نوێنه‌ری به‌شی ماڵیی شاره‌داری؛ حاجی مسته‌فا ڕه‌سووڵی، موزهسهرای هێمن له بهسهرئهنجامگهیاندنی یه‌که‌مین هه‌مایشی زانستی فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمندا که به دڵفراوانییه‌کی به‌رپرسیارانه و هاوکاریی ماڵی و مه‌عنه‌وییان له هه‌رچی باشتر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌مایش و هه‌روه‌ها بوون به پاڵپشت و هیوابه‌خشی بۆ کۆمه‌ڵگای فه‌رهه‌نگی هونه‌ری ئه‌ده‌بیی شار و چالاکانی ئه‌م بواره. که‌واته جارێکی تر به ناوی ده‌بیرخانه‌ی هه‌مایش و بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی هونه‌ری ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد(ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی) هاوکات ده‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی سپاس و خۆشه‌ویستیمان، هیوا ده‌خوازین هه‌ر چه‌ند به کۆی ده‌نگ (مصوب شده) له لایه‌ن ئه‌ندامانی شووڕای ئیسلامی خولی چواره‌می شاری مه‌هاباد بڕیاری به‌ڕێوه‌چوونی خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی مامۆستا هێمن له چوارچێوه‌ی هه‌مایشی ساڵانه بۆ هه‌ر یه‌ک له که‌سایه‌تییه ناوداره‌کان دراوه. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌کرێ بهڵێنمهندانه و بڕیارده‌رانه ئه‌م حه‌ڕه‌که‌ت و ڕووداوه مێژوویییه‌ی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی مه‌هاباد و پاڕێزگاکانی تر له به‌ر چاو بگیرێ و بۆ ئاوه‌دانی و په‌ره‌پێدانی گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی و زمان و کلتووری وڵاته‌که‌مان به تێکڕایی و یه‌کگرتنی ناوه‌نده پێوه‌ندیداره‌کان و خه‌ڵکی فهرههنگدۆست، چراکه‌ی نه‌کووژێته‌وه و به جوانترین شێوه به‌ره‌و پێشه‌وه بڕوات تاکوو هه‌ڵسوکه‌وتی زانستی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نوێ بڕه‌وی پێبدره. ده‌شزانین ئه‌م ڕێبازه فه‌رهه‌نگی و زانستییانه، که‌ندوکۆسپی خۆی له سه‌ر ڕێ هه‌یه به‌ڵام دڵنیاین ئه‌م ڕه‌هه‌نده به‌پێی ئه‌وه‌ی که له هه‌ناوی ویسته‌کانی فکری نوێخوازانه‌ی سه‌رده‌مدا سه‌ری هه‌ڵداوه، شوێن و ده‌وری داهێنه‌رانه‌ی له به‌شه جۆراوجۆره‌کاندا ده‌بێ. چونکه به‌شداری و ڕووداوی فه‌رهه‌نگی بێوێنه‌ی 1ی ڕه‌زبه‌ری 1395 ی هه‌تاوی نیشانی دا نه ته‌نیا مێژوو، گهورهمهزنان به‌تایبه‌ت مامۆستا هێمن ـ ی به فه‌خره‌وه له ئامێز گرت، به‌ڵکوو نه‌وه‌ی نوێ و چاخی سه‌رده‌م ڕێزی تایبه‌تی بۆ گهورهمهزنانی خۆی نواند و جارێکی تر سه‌لماندی ڕوحی هێمن له ناخی کۆمه‌ڵگا و فهرههنگدۆستاندا زیندووه و هه‌روا به دره‌وشاوه‌یی ده‌مێنێته‌وه...
به سپاسه‌وه
بنکه‌ی فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری ئه‌ده‌بیی موکریانی مه‌هاباد(ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی)
ده‌بیرخانه‌ی هه‌مایشی زانستی فه‌رهه‌نگی ناوچه‌یی مامۆستا هێمن
|