تاريخ: ۱۳۹۵ شنبه ۳ مهر ساعت ۱۸:۳۶ | بازدید: 1671 نظرات: 2 کد مطلب: 1941 |
شاعیری نوێخواز: سمایل عەزەمی
بۆ یەکەمجار دوای کۆچی دوایی مامۆستا هێمن و دوای پتر لە سی ساڵ، لە شاری مەهاباد هەمایشێکی ناوچەیی یەک رۆژە بۆ ئەو شاعر و خەباتگێڕە مەزنەی گەلەکەمان بەڕێوەچوو.
بەڕێوەچوونی ئەو مێهرەجانە لە جێگەی خۆیدا کارێکی زۆر پێویست بوو، هێمن پێگەیەکی مەزنی هەیە لە ئەدەب و مێژووی ئێمەدا. چ وەک پردی پێوەندی نێوان ئەدەبی کلاسیک و هێنانە ئارای زمانێکی ساکار و ئەمڕۆژی لە نووسیندا ، چ بە هۆی رێخستنی گۆڤاری سروە و زیندووکردنەوەی جموجووڵی فەرهەنگی و فیکری لە کوردەواریدا.
بەڵام ئەوەی باسی سەرەکی ئەم بابەتەیە شێواز و ئاستی بەڕێوەچوونی ئەم مێهرەجانە و بەراوەردکردنی لەگەڵ کۆڕ و کونگرە و هەمایش و خەڵاتەئەدەبیەکانی ئەم چەن ساڵە؛
یەک: بە شێوەی رەسمی هەمایشی مامۆستا هێمن لە شاری مەهاباد بۆ یەک رۆژ ئامادەسازی کرابوو بەڵام بەهۆی دووربووی هەندێ ناوچەوە، بەڕێوەبەران لە رۆژی بەر لە هەمایشەکەوە ئامادەی پێشوازی لە میوانەکان بوون تا یەک رۆژ دوای ئەو بەرنامەیە، یانێ نزیک بە سێ رۆژ میوانداری!
دوو: بە هۆی خۆشەیستی هێمنەوە زۆر کەس و کەسایەتی و لایەن لە شوێنەکانی کوردەواریەوە بێ ئەوەی بانگهێشت کرابن لەو مەراسمە بەشداربوون و شوێن و هاتووچۆ و خۆراک و هەمووچتێک بێ جیاوازی بۆ هەمووان دابین کراو و بە باشترین شێواز و نەزم هەموو شتێک بەڕێوە چوو.
سێ: بەشی زانستی ئەم مەراسمە، پێچەوانەی زۆر مەراسمی ئەدەبی و فەرهەنگی دیکە کە لەم ساڵانەی دوایی لە کوردەواریدا بەڕێوەچووە و زۆرجار دەیان رەخنە و گازەندەی بەرکەوتووە و گومانی بێلایەنی خراوەتە پاڵ، ئەم هەمایشە کەمترین کێشە و رەخنەی لەسەر بووە و بە باشترین شێوە بەڕێوە چوو. زیاتر لە 60 وتار بۆ ئەم هەمایشە یەک رۆژەیە ناردرابوو کە لە سێ مەرحەلەدا داوەری کرابوو تا بتوانرێ دە وتاری لێ هەڵبژێردرێت لە مەراسمەکەدا. زۆرتر هەوڵدرابوو ئەو وتارانە لەو ماوە کەمەیەدا بخوێنرێتەوە کە مێتۆدیک و علمیانەتر ئامادەکرابوون.
چوار: لە هەمووشتێک گرینگتر هاوکاری و هاودڵی و ماندوونەناسی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی موکریان مەهاباد بوو کە زۆر بە رێک و پێکی و لە خۆ بوردوویی و ماندوونەناسی خزمەتی میوانانیان کرد و هەموو بەوپەڕی ئەدەب و ژیریەوە دەستیان کردبووە فەرشی بەر پێی ئەو خەڵکە و میوانانی هێمن! لە راستیدا هەموو کەس لەو مەراسمە خۆی بە بەرپرس ئەزانی و هەر کەس بە شێوەیەک هەوڵی ئەدا کارەکان بە باشترین شێواز و لەوپەڕی ئارامی و هێمنایەتیدا بەڕێوەبچێ.
بەڕێوەچوونی هەمایشی ناوچەیی هێمن لە شاری مەهاباد ،جارێکیتر ئەوەی بۆ ئێـمە خستەڕوو کە ئەگەر بمانەوێ خزمەت بە زمان و گەل و نیشتمانمان بکەین ، یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە ئەرکە راسپێردراوەکانمان بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەین و بەرلەوەی هەوڵبدەین هەموو شتێک بەناوی خۆمانەوە تەواوبکەین، هەوڵبدەین زۆرترین هاوکاری و هەرەوەز بێنینە ئاراوە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارەکان.