تاريخ: ۱۳۹۵ چهارشنبه ۳۱ شهريور ساعت ۱۶:۴۵ بازدید: 1377      نظرات: 0      کد مطلب: 1925

شارستانییەتی مێزۆپتامیا؛ گرێدراوی تاک و سرووشت

ئەرسەلان بورنا(شرۆڤەکاری سیاسی)


گرێدراوییەکی جێی سەرنج، حاشا هەڵنەگر و پتەو بە بەردەوامی لە نێوان مرۆڤ، کەرەستە / شت و ڕووداوەکان لەناو سرووشتی دەوروبەرمان بەدی کراوە. ئەگەرچی هەر کام لە ئەوان خاوەن کاریگەری و قورسایی خۆیانن بەڵام مرۆڤ ئەرکێکی بەرچاوتر و ناوەندی تری لەم پەیوەندییە لە ئەستۆ گرتووە. لەم ڕوویەوە، هەموو کاتێک هەوڵی لەسەر ئەوە بووە لەئاست بە خۆزا و دیاردە دەرکەوتووەکان هاوسەنگی بپارێزێ و پێش لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوە یا دەست تێوەردان بە مەبەستی تێکدان یا لەناوبردنی ئەو پێک بهێنێ.

ئەم گرێدراوییە لە ڕووی مێژوویی و ئاکاری بەتایبەت لە مێزۆپتامیا لە نێوان سرووشت و مرۆڤ بەهێز و دوولایەنە بووە. تەنانەت ڕەنگدانەوەشی لەسەر تاک و کۆمەڵگا بەرچاوە و هەرچەشنە دەست تێوەردان یا هەوڵدان بۆ لە خشتە بردن و چەوساندنەوەی ئەوی دیکە بێ بایەخ و نەشیاو نیشان دراوە. هەربۆیە، ئێمە دەبینین لە شارستانییەتی مێزۆپتامیادا پیگەیەکی تایبەت بۆ تاک، جڤاتە مرۆڤییەکان و کۆمەڵگا ڕەچاو کراوە و ئەم پەیوەندییە هەتا ئاستی سرووشتی دەوروبەریش خۆی دەرخستووە.

جێی شۆپی چاندی گوندێتی کە بنەماکانی لەسەر پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن پێناسە دەکات بەدرێژایی چەند هەزار ساڵ لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئێمەوە کاریگەری داناوە. بە جۆرێک کە هەتا ئەمڕۆکەش لە ژێر باندۆری ئەم شارستانییە و چاندی نوێ بەردی هەڵسوکەوت و نزیکایەتی دەکەین. بەپێی پێوەرەکانی ئەم چاندە؛ تاک بۆ کۆمەڵگا پەروەردە دەبێ و هیچ چەشنە دەستدرێژی یا کەڵک وەرگرتنێکی خراپ لەم پەیوەندییەدا نابێ ڕوو بدات. هەربۆیە، هەردەم هەوڵ دراوە هیچ جۆرە سەرکوت یا داپچڕانێک لەم سووڕەدا دەرنەکەوێ.

تاک ئەمڕۆکە پیناسەیەکی جیاوازی لە خۆ – بوون و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. پێناسەیەک کە پێداگری و باسی لێ دەکات یەکجار لاوەکی و زۆربەی کات بێ واتا و کەم بایەخ بە هەژمار دێ. لەم چوارچێوەیەدا، شێوازێک لە حاشاکردن و ئاسمیلاسیۆنی بە زۆرەملێ لەسەر کۆمەڵگا بەڕێوە دەچێ و لە لایەکی دیکەوە، پاکتاو و سڕینەوەیەکی تەکووزمەندی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی لەئاست بە تاک – و بە تایبەت لە هەمبەر ڕەگەزی مێینە – خەریکی پەرەسەندن و خۆداسەپاندنە.

پێوەرەکانی جیهانی مۆدێڕن و پیشەسازی گۆڕانکاری بەرچاو و لە هیندێک خاڵدا دژایەتی و ناتەبایی لێ کەوتۆتەوە. چاندی ڕۆژئاوایی کە گشتگیرییەکی بەرچاو و هەموولایەنەی لە ئاستی جیهانی و ئەم هەرێمە بووە لە ئێستادا کۆک بوونێکی ئەوتۆی لەگەڵ چاندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە و لە زۆربەی وڵاتان ناڕێکی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تاک و جڤاکە مرۆڤییەکان بەجێی هێشتووە. ئەم پرسە و پشت گوێ خستنی کۆمەڵگا خۆی لە خۆیدا جۆرێک بێ واتایی و کۆیلایەتی بە هەژمار دێ. لەڕاستیدا، ئەم دۆخە ڕێگەی لە بەردەم داپچڕان و داڕمانی هەموولایەنە خۆشتر دەکات و ئاکامەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆی لەسەر بنەوانی دەستەبەرکردنی قازانج – سەرمایەی زۆرتر بەناو و ناساندووە.

دەرکەوتنی لیبراڵیزم بەوێنەی سەرچەشنێکی نوێ کە هەردەم پێداگری لەسەر تاکەکەسگەرایی دەکات، ئاسەواردانێری و دیاردەکانی ئەم بابەتەی قووڵتر کردۆتەوە. جیا لە ئەوە، سەرمایەداری لە ئاستێکی بەربڵاودا، سەرەڕای ئەوەی کە دەورگێڕانێکی بەرچاوی لە ئاسوودەیی گێراوە بەڵام ئاستی دەست تێوەردانی لە سرووشتی دەوروبەر چەند قات زێدەتر بووە. دەست تێوەردان بە مەبەستی بەرهەم هێنان و پاشەکەوت کردنی سەرمایەی زێدەتر نەک تەنیا کۆمەڵگا و جڤاتە مرۆڤییەکان بەڵکوو سرووشتیشی بەرەو سنووری داڕمان بردووە. سەرمایەداری بە هۆی ئەوەی کە گرینگایەتییەکی زۆر لە ئاستی چاوەڕوانکراوە بە بانگەشە و کەرەستەیی – بوون دەدات؛ پێشێلکاری و کاریگەر نەرێنی ئەو لەسەر ئاکاری جڤاتی و هەروەها، پێگە و گرێدراویی تاک و کۆمەڵگا زۆر بە ڕوونی بەدی کراوە.

جیا لە پرسی سەرمایەداری یا ئاستی ئاسەواردانێری و دەستچوویی ئەو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوە یا گەیشتن بە پێوەرەکانی ڕۆژئاوایی لە گۆڕی چاندێکی بەکاربەر دۆخێکی شڵەژاو و مەترسیداری خووڵقاندووە. ئەم بژاردەیە سرووشت و کۆمەڵگای مرۆڤی لە سەروبەندی داڕمان و داڕووخان داناوە و بە بەردەوامی بۆ مەبەستە تایبەت و دیاریکراوەکان دەکەوێتە بەر دەستدرێژییەوە. ئەم دەست تێوەردانە لە تەنیشت پەیڕەوکردنی چاندێکی نامۆ هۆکاری داپچڕان لە بنەما دیرۆکییەکان بووە و ئەمڕۆکە گرینگە تاک ئاشتبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵگا و خۆزای دەوروبەری ببێ هەتا پێش لە هەر ئاوابوونێکی یەکجارەکی بگیردرێ.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد