تاريخ: ۱۳۹۵ يکشنبه ۶ تير ساعت ۱۹:۵۱ بازدید: 1291      نظرات: 0      کد مطلب: 1180

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ عومڕان نیكدووست ته‌نیا پاشماوه‌ی خێزانێکی 13 که‌سی ژارگرتووی شیمیابارانی سه‌رده‌شت

ئاماده‌کردنی: سه‌عدوون مازووجی


ئاماده‌کردنی: سه‌عدوون مازووجی
 

لە درێژەی شەڕی ماڵ وێرانکەری ئێران و عێراق دا زیاتر لە 30 جار شار و گوندەکانی ئێران و کوردستان (شنۆ ،پیرانشار،سەردەشت،بانە،مەریوان نۆدشە،نەوسوود،کرمانشا،زەردە،ھەڵەبجە و سەرپێلی زەھاو و ...) کەوتنە بەر ھێرشی چەکی شیمیایی و کەسانێکی بێ ئەژمار بریندار بوون و کوژران . بەرچاوترین ھێرشی شیمیایی ئەو سەردەم لە دیوی کوردستانی ئێران بۆ سەر شاری سەردەشت بوو ، کە لەگەڵ بایکۆتێکی خەبەری سەر سوڕ ھێنەر بەرەوروو بوو . ھەرچەند لە پاش شەڕ حەولێکی شیاوی رێز بۆ خستنە رووی لایەنە دیار و نادیارەکانی ئەو جەنایەتە دراوە بەڵام زیاتری ئەو حەولانە رووی دە دەرەوەی وڵات و کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی بووە . یەکێك لەو کەسانەی لەش و رووح و کات و ساتی خۆی وەك بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر دە خزمەت ئەو پڕۆسەیە ناوە عومران نیک دووستە . ئەو بەرێز ھەرچەند ئازارە رووحی و رەوانی و جستەیەکانی ئەو ھێرشە نائینسانییە و غەمی لە دەست دانی دوازدە نەفەر لە ئەندامانی خێزانەکەیان زۆر بەتووندی برینداری کردووە ، بەڵام بە ورە بەرزکەی توانیوێتی بەسەر زۆر لایەنی ئەو ئازارانە دا زاڵ بێ . ئەو رەوایەتێکی شیاوی بیستنی لە دەرئەنجامەکانی ئەو جەنایەتە پێیە کە لەو دیمانەیە دا حەول دراوە بەشێکی بگێڕدرێتەوە

کاك عومڕان تۆ چت لە بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت لە بیرە ؟

من ھیچم وەبیر نایە، کاتێك ئەو جەنایەتە رووی داوە من دوو ساڵ و نیوم تەمەن بووە .

بێشك منداڵێکی دوو ساڵ و نیوەی خۆ نەناسیو ھەر چەند ئازاریشی گەیشتبێتێ نازانێ چی بەسەر ھاتووە ،کەی تۆ زانیت نەخۆشیت و سەر چاوەی نەخۆشیەکەت چیە ؟

من زۆر زوو دەخۆم گەیشتم کە نەخۆشم و لەشم یاریدەی نەدەکردم وەك ھاوتەمەنانی خۆم ھەڵس و کەوت و قومار و ھەڵبەز دابەز کەم . بەڵام ھیچم لە سەر ھۆی نەخۆشیەکەم نەدەزانی بابم ئەوکات لەبەر بێدەرەتانی و نەخۆشی خۆی منی لە گوندی دێگە لە ماڵە باپیرم دانا بوو . نەنکم زۆر باشی ئاگا لێم بوو ، خواردنی باشی دەدامێ ، دەوا و دەرمانەکانمی بەوەخت پێدەگەیاندم ، نەیدەھێشت خۆ لەکاری سەخت دەم و وەك چاو دەیپاراستم ... ساڵی چواروم یا پێنجومی سەرەتایی بووم کە پاپیرم و نەنکم بە دڵێکی پڕ لە پەژارەوە و بە پارێزێکی ژیرانەوە ھەموو رووداوەکانیان بۆ گێڕامەوە .

گێڕایانەوە شەڕێکی ناخۆش لە نێوان ئێران و عێراق دا رووی داوە و زۆر کەس زیانیان گەیشتۆتێ . بەتایبەت لە ساڵانی ئاخری شەڕ دا حکوومەتی سەدام لە چەکی شیمیایی کەلکی وەرگرتووە و دەو نێوە دا شاری سەردەشتیش وەك یەکەم شاری ئێران و کوردستان کەوتۆتە بە بۆمباران . لەو بۆمبارانە دا لە ماڵی ئێوە و ماڵی مامت یازدە کەس بە ژاری خەردەل گیانیان لە دەست داوە . مریم ئیبراھیمی (دایکم)، زێنەب و کلسووم و پەری (خوشکەکانم) عەباس (برام) و ھەروەھا مامە رەسووڵم و منداڵەکانی بێگەرد و فواد و فەرەیدوون و دایکی مامم دایە مرۆت و ئامۆژنم فاتمە ھەموو ببوونە قوربانی زێدەخوازی و جەنایەتی سەدام حوسێن .

بنەماڵەی ئێمە و مامم سەرجەم سێزدە نەفەر خێزان بووین ماڵمان لە لە چاکە چکۆڵەی گەرەکی سەرچاوە بوو ، ھەموو ژارگرتوو ببووین . بە شوێن بۆمبارانەکە دا ڕفاندبوویانین بۆ تەورێز و دواتر نەخۆشخانەی بوو عەلی تاران . لەو نەخۆشخانەیە جگە لە من و بابم ئەوانی دیکە ھەموو مرد بوون . بێچارە بابیشم ئاخری ھەر بە دەرئەنجامەکانی ئەو ژارە لە ساڵی 84 گیانی لە دەست دا . تا ئەو کاتەی مابوو وەک شێران نەخۆشی و غەمی لە دەست دانی بنەماڵەکەی تەحەمول کرد .

کاکە عومڕان بەو جۆرەی باست کرد تا ئەو کاتەی داپیر و باپیرت ئاگاداریان کردوویەوە رەنگە ھەر واتزانیبێ نەنك و باپیرت ھەمان دایك و بابتن . بەو روون بوونەوەیە وێڕای ئەوەی لە کارەساتێکی سامناك واتا مەرگی یازدە ئازیز ئاگادار کراوی تێگەیشتووی ئەو ھۆویەتەی تا ئێستا ھەتبووە ھی تۆ نییە . ئەو دونیایەی سازت کردبوو بەسەرت دا رووخا . چۆن تابشتت ھێنا ؟ چۆن توانیت دەگەڵ دەوروبەری خۆت لە خزم و کس و شار و وڵات پێك بێیەوە ؟ من دەزانم ئەو زانینە زۆر پڕ ئازار بووە .

بەڵێ لە زووە گوتوویانە زانایی بێ خەرج و ھەزینە نییە ، ھەر چەند من بەو زانینەوە زۆر ئەزیەت بووم، زۆرم خەفەت خوارد و بە زەحمەت توانیم بەسەر بارودۆخەکە دا زاڵ بم ، بەڵام ئەو زانینە بەڕاستی بە نرخ بوو . ھەر وەک ئێوە فەرمووتان من ئەو ھۆویەتە و زۆر نیعمەتی دیکەم لە دەست دابوو . لە خۆشەویستی و لاوێنەری و راھێنانی دایک بێ بەری کرابووم . لە خۆشەویستی خوشکان و براکەم بێ نەسیب ببووم . باوکێکی نەخۆش و غەمبارم بۆ بەجێمابوو کە ھەر غەم و نەخۆشی خۆی بۆ تەحەممول دەکرا و بەس، بۆیە منیشی بە نەنکم و باپیرم سپاردبوو . دەنا ئینسانێکی زۆر بەروحم بوو . غەمی ماڵی مامم کە قەت کەسیان نەمابوو وەخت و ناوەخت خۆی بە ماڵی وێرانی دڵی من دا دەکرد . ئەوانە و زۆر بابەتی ورد و درشتی تر ببوون بە سەرباری ئازاری لەشم کە بە تەنیا بۆ لە بنە ھێنانی ھەر ئینسانێك بەس بوو . جا کەسێک ئەوەی بەسەر ھاتبێ بەدڵنیایەوە بە ھاسانی دەگەڵ کۆمەڵ پێك نایەتەوە، زۆری خایاند تا من توانیم وەك خۆم ، دوور لە رق و قین دەگەڵ دەوروبەری خۆم ھەڵس و کەوت کەم .

کێت بە تاوانبار دەزانی ؟ گلە و گازەندەت لە کێ ھەبوو ؟

من ھیچ شکم نەبوو و نیە کە ئەو جنایەتە لە دەستی رێژیمی بەعس و سەدام حوسێن قەوماوە و تاوانباری سەرەکی ھەر ئەوان بوون . ھەمیشە لە بەر خوا دەپاڕامەوە کە بە چاوی خۆم ببینم بە سزای تاوانەکانیان دەگەن ، شووکر بۆ خودا دوعاکەم گیرا بوو ، سەدام و ھاو بیرانی کەوتنە دەستی عەداڵەت و ئێمەی زیان دیتووش ئۆخژنێکمان ھاتە گیانی . ھێندێك کەس یا شیرکەتی ئورووپایی ھەن یارمەتی سەدامیان داوە بۆ وەدەست ھێنانی ئەو چەکانە ئەوانیش تاوانبارن . سەر ئەنجام ئەو راگەیەنەرانەی ھەواڵی شیمیایی بارانی سەردەشتیان سەرپۆش کرد و سەدامیان لە دەکارھێنانی ئەو جۆرە چەکە کۆمەڵ کوژانە سەرخۆش کرد ، بێ تاوان نین .

من بەر لە ھەموو پێکھاتەکان گلەییم لە مودیرییەی مەملەکەتی خۆمانه‌، کە بۆ چی ئاوڕ وە زیان دیتوانی بۆمبارانی شاری سەردەشت و باقی شوێنە سنووریەکان نادا . کوا نەخۆشخانەی تایبەت ؟ کوا تیمی لێکۆڵەر ؟ کوا قەرەبوو کردنەوە ؟ و... ئێمە خەڵکی کوردی نیشتەجێی ئەو سنوورانە ئەوەی لە دەستمان ھاتووە وەك ئەرکێکی ئینسانی و نەتەوەیی بە شیاوترین شێوە بەجێمان ھێناوە ، ئەو خاك و خەڵکە بەخوێنی ئێمە پارێزراوە . بەڵام ئاخۆ مودیران ئەرکەکانی خۆیان لە حاست ئەو بریندارە دڵبەغەمانە بەجێھێناوە ؟ تا چ رادەیەك ئەو برینە رووحیانە سارێژ بوونەوە ؟

پاشی ئەوان من پێم خۆشە سووکە ھەڵوێستەیەك لە سەر ھەڵس و کەوتی ئەو خەڵکەی ئەو ھەمووە رەنجەمان بەیەکەوە کێشاوە بکەم، بەداخەوە ئێستاش لە دەردی منی برینداری شیمیایی حاڵی نین . نازانن چیان بەسەرھاتووە ، ئەوەی بەسەر ئێمە ھاتووە دە راستی دا بەسەر ئەوان ھاتووە، خۆ ئێمە لە کۆرەیەکی دیکە را نەھاتووین ھەر کوڕی ئەو خاك و خەڵکەین . ئەو دەردەی لە منە ئەویش ئازاری پێوە دەبینێ .

کاک عومڕان تۆ بۆ ئاشکرا کردنی لایەنە شاراوەکانی ئەو جەنایەتە چت کردووە ؟

دوای ئاشنا بوونم دەگەڵ گرفتەکانی خۆم و ھاوشاریانم بێ راوەستان ئەوەی لە دەستم ھاتووە دریغم نەکردووە ،لە ئاستی نێونەتەوەیی دا لەشی خۆم کە زۆریشم خۆش دەوێ و بە ئەمانەتی خواشی دەزانم وەك بەڵگەیەك دە ئیختیاری ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەم ناوە . ھەموو دەمێك ئامادە بووم بۆ ھاوکاری ناوەندە نێو نەتەوەیی و خۆجێیەکان تا پەردە لە سەر جەنایەتەکانی دژە مرۆڤان لابدرێ . سەفەری زۆر وڵاتی وەکو بێڵژیک و ھولەند و ئاڵمانم کردووە ،. دەگەڵ ناوەندی بەرگری لە پەرەئەستاندنی چەکە کۆمەڵ کوژەکان ھاوکاریم کردووە .. چاوپێکەوتنم دەگەڵ دوا پاشماوەی جەنایتی ھیرۆشیما ھەبووە و...

لە ئاستی ناو خۆییش دا قەت لە چالاکی نەوەستاوم . دایمە و ھەمیشە دەفکری ناسین و ناساندنی جەنایەت و جەنایەکاران دابووم . لە کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنە و موناسیبەتەکان دا بەشداری چالاکانەم ھەبووە . سەردەمێك لە زانستگاکان بۆ خوێندکاران قسەم دەکرد و لە گیر و گرفتەکانی خۆم و ھاوشاریانم دەدوام .

ئێوە وەک زیان دیتوویەکی چەکی شیمیایی ئێستا سەرەکی ترین کێشەتان چیە ؟

سەرەکی ترین کێشەی ئێمە نەبوونی ناوەندی دەرمانی تایبەت و تێر و تەواوە . لە سەردەشت دەبوو ناوەندی دەرمانی ئاوای لێ بایە، بەڵام بە داخەوە نەتەنیا لە سەردەشت ناوەندی ئاوا نییە لە ئوستانیش وەگیر ناکەوێ . پزشکەکان زۆر بەزەحمەت فەرقی ئاسم و عەوارزی چەکی شیمیایی دەکەن . خەتا لە ئەوانیش نییە ئاشنایی دەگەڵ ئەو نەخۆشیانه‌ راھێنانی تایبەتی دەوێ . بێ لەوانە نەخۆش بۆ خۆی دەبێ فێربکرێ و رابھێندرێ چۆن دەگەڵ لەشی خۆی و نەخۆشیەکەی بجووڵێتەوە . بەداخێکی گرانەوە نەخۆشەکانیش لەو زانستە بێبەرین . زۆربەی نەخۆشەکان کە رادەشیان کەم نیە لە سەردەشتن و لە ئیمکانات دوورن . ئیمکاناتی کەم کردنەوە عەوارزی نەخۆشە شیمیایەکان تەنیا لە تاران ھەیە ، لە کاتێك دا زۆربەی نەخۆشە شیمیایەکان لە سنووری رۆژئاوای ئێرانن ، ناتوانن بەھاسانی بچن بۆ تاران . من خۆم لە ترسی بێ ئیمکاناتی لە سەردەشت بارم کردووە و ھاتوومەتە مەھاباد .

دیارە ئێوە سەرەرای تەواوی گرفتەکانتان ژیانێکی مانادارتان بۆخۆتان ساز کردووە ، چۆن گەیشتوونە ئەو جێگە و پێگەیە ؟

من توانیومە لەشی خۆم بناسم و لە رووی توانایەکانمەوە ھەڵس و کەوت دەکەم . زۆر خۆم گیرۆدەی دەرمان و ئۆکسیژێن و ... نەکردووە . وەرزشی تایبەت دەکەم و لەماڵێ خۆم نەتوڵاندۆتەوە . ئەو کارانە لەشێکیان بە من بەخشیوە کە یارمەتیم دەکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانم . لە رووی رووحیەوەش من دەگەڵ گرفتەکە پێکھاتووم ، حەولم داوە بە تێفکرینی خۆم کێشە رووحیەکان بناسم بەسەریان دا زاڵ بم .

دیارە ئەو گرفتانەی تۆ دەگەڵیان بەرەو روو بووی زۆر ھەراو و جۆراوجۆر بوون ئایا کەس یارمەتی داوی بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ ئەوان گیر و گرفتان ؟

بەڵێ مرۆڤ ھەرچەند خۆکردبێ بێ یارمەتی دەوروبەریان ناتوانێ سەربکا . ئینسان بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و دەکۆمەڵیش دا دان و ستانی کۆمەڵایەتیمان ھەیە، ھەر کەس بە گوێرەی نیاز دەستێنێ و بەگوێرەی توانا یارمەتی دەدا . من یارمەتی باشم لە لایەن بنە ماڵە و کۆمەڵگاوە وەرگرتووە . نەنکم و باپیرم یەکەم یارمەتیدەرانی من بوون ھەم لە جێێ خۆیان بوون و ھەم لە جێی دایك و بابم . ھاوبەشی ژینم کە بە ئاگاداریەوە دەگەڵم دەژی خۆبەخشانە ھەموو گیر و گرفتەکانی ژیانی منی تەحەمول کردووە و دەکا. لە زۆر جێگا رێزم لێگیراوە و یارمەتی دراوم قەت ئەو یارمەتیانە لەبیر ناکەم . بنەماڵەی من بە ھۆی نەخۆشیمەوە لە زۆر شت بێ بەری بوون بەڵام سەبوورانە رایانبواردووە . رێزم بۆ ھەموویان ھەیە .

من و ھەموو زیان دیتوانی چەکی شیمیایی پێویستیمان بە یارمەتی ھەموو لایەك ھەیە ، ھەر بۆیە بەر لە ھەموویان داوا لە خەڵك دەکەم ھەر چەشنە یارمەتییەکی کە لە دەستیان دێ دریغێ مەکەن، ئێمە ئەنجومەنێکمان ھەیە بۆ دیفاع لە ماف و بەرژەوەندیەکانی زیان دیتوانی بۆمبارانی سەردەشت باشترین شوێنە بۆ گەیاندنی ئەو یارمەتیانە . داوا لە پارێزەران دەکەم لە رووی حقووقیەوە یارمەتیمان بکەن ،تاك و کۆی ئێمە پێویستیمان بە یارمەتیان ھەیە . داوا لە پزشکانی خۆوەڵاتی و دەرەکی دەکەم لە ھەر دەرفەتێك بۆ گەیاندنی یارمەتی پزشکی کەلک وەرگرن . لێرە لەو جوغرافیایە دا کەسانێك بریندار ماونەوە رۆژ بە رۆژ برینەکانیان کاریگەرتر دەبێ، ھەموو رۆژێ نیازەکانیان بە زانست و دەرمانی دەستی ئێوە زیاتر دەبێ . ئێوە کە وەفادارن بەو سوێندەی کە خواردووتانە ، ئێرە باشترین شوێنە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو سوێندە .

بەر لە ماڵ ئاوایی دوا قسەت چیە ؟

من ھەرچەند بەقد نووکی سەرەدەرزێ لە مەرگ ناترسێم ، بەڵام ئاشقی ژیانم . پێم خۆشە پڕ بە سێیەکانم لە ھەوای ئەو نیشتمانە ھەناسە ھەڵکێشم. بەداخەوە سێیەکانم (ریە) زۆر خراب بوونە یاریدەم نادەن ، بۆیە ئێستا کاندیدای وەرگرتنی سێم (ریە) . پەیوەندی سێ زۆر سەختە دوعای دڵە پاکەکانی ئێوە و خوێنەرانی روانگەم دەوێ .

ھەر وەھا دەڵێن چەکی شیمیایی بۆ ماوەی سەد ساڵان تەئسیری لە سەر خاك و وڵات دەمێنێتەوە تۆ بڵێی سەردەشت لە ئاسارە زیانبارە پاك کرابێتەوە ؟!

 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد