تاريخ: ۱۳۹۵ شنبه ۲۷ شهريور ساعت ۱:۱۶ بازدید: 1794      نظرات: 3      کد مطلب: 1889

مێژوویەکی بێ قەدر و یادێکی لە بیرکراو

صلاح الدین خدیو



ئەوڕۆ 27ی خەرمانان، ڕێک سی و شەش‌ ساڵ بە سەر‌ ڕوداوی خۆمپارەبارانی مەهاباد لە ساڵی 1359 تێدەپەڕێ. ڕۆژی 1359/6/27 شەڕ لە نێوان هێزەکانی دەوڵەت و حیزبەکان لە سەنتەری شاری مەهاباد هەڵایسا و ئاوربارانێکی دوازدە ڕۆژەی لێکەوتەوە کە بە ئاگربەستی ڕۆژی 1359/7/7 کۆتایی پێهات. نریکەی شەشسەد کوژراو لە خەڵکی بێتاوان و سێ هێندەش بریندار ئاکامی ئەم شەڕە کاولکەرە بوون. بەشێک لە مەیتەکان لە بەر هەل و مەرجی شەڕ لە حەساری ماڵان و یان مزگەوتی گەڕەکەکان نێژران و لە ڕۆژەکانی کۆتاییش دا شار تووشی کەمبوونی نان و ئاوی خواردنەوە هات.

نەمدیتوە و نەمبیستوە لە ساڵانی دواییدا باسی ئەو ڕوداوە گرینگە کرابێ و بەهای تایبەتی خۆی پێدرابێ. تەنانەت ڕەنگە ئەگەر ئاماری بونیادی شەهیدی کۆماری ئیسلامی نەبا کە ناوی بەشێکی بەرچاوی گیانبەختکردوانی تۆمار کردووە، زەحمەت بوو ناو و ڕادەی قوربانیانیش بە دروستی بزانین. دەسکورتی و هەژاری مێژوونووسی یەکێک لەو پەتا گەورانەیە کە قەت بەرۆکی بەرنەداوین. نە 600 کەس ئەوەندە کەمە و نە ساڵی 59ش ئەوەندە دوورە کە ئاوا سووک و هاسان لە بیرمان بچێتەوە.

 فەوریەی 2016ش سەتەمین ساڵیادی کوشتاری بە کۆمەڵی پێنج تا حەوت هەزار نەفەر لە خەڵکی سابڵاغ و گوندەکانی دەور وبەر بوو کە چەن مانگ لەوەی پێش‌ بێ بچووکترین ئاوەڕدانەوە بەڕێمان کرد.

هەریەک لەو ڕوداوانە و دەیان ڕوداوی گەورە و بچووکی دیکە، ئەو دار‌ و پەردوویانەن کە جیهانی ئەمڕۆمانیان دروست کردوە. ئەگەر دەرکێکی دروستمان لە ڕابردوو نەبێ چۆن دەتوانین دەرسی لێوەرگرین و چۆن دەکرێ توانای فام کردنەوەی تێپەڕینی کات وەک وزەیەکی دەرونناسانە لە ناخماندا بپارێزێن. لە ڕۆژاوا و تەنانەت لە ئێرانیش دا دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیا و ناوەندە فێرکاریەکان شەو و ڕۆژ خەریکی چرپاندنەوەی مێژوو بە گۆی خەڵک دان. چونکا ئەوە بەشێکی گرینگ لە مکانیزمی سیاسەت سازییە. مخابن لێرە وانییە. زەمان ڕانەوەستاوە، بەڵام هەمیشە سەعات بە کاتی ئێستایە. ئێستا پردی نێوان دوینێ و سبەی نییە، بەس بۆ خۆیەتی و تەواو. ڕوداوێکی تیژپەڕ دەبێتە هەوێنی باسێکی گەرم و گوڕی فەیس بووکی و چەن ڕۆژان خەڵک بەخۆیەوە دەخافڵێنێ. پێشینە و پاشەرۆکیشی‌ نادیترێ تا تەواو دەبێ و دەڕوا. ئێرە بە کاتی ئێستایە و ڕوداو قەت نابێتە مێژوو. ئاخۆ کەی " یەرواند ئابڕاهامیان"یکیش لە نێومان هەڵدەکەوێ و چۆن خۆری مێژوونووسی لە وڵاتی ئێمەش هەڵدێ؟!




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

1
0
پاسخ به این اظهارنظر

abrahim ۱۳۹۵/۷/۲
جوان بوو ده ست خوش بي
1
0
پاسخ به این اظهارنظر

مریم قاضی ۱۳۹۵/۶/۲۷
من ئه و روژانه م چاک له بیره
1
0
پاسخ به این اظهارنظر

عبدالقادرسابلاغی ۱۳۹۵/۶/۲۷
براستی جالب بودپیم وانیه کس له بیری مابه

نظر خود را براي ما ارسال كنيد