تاريخ: ۱۳۹۵ پنج شنبه ۲۵ شهريور ساعت ۱۰:۳۳ بازدید: 2039      نظرات: 0      کد مطلب: 1875

شێعری کلاسیکی کوردی و چەند تێبینی


عەبدولقادرنیازی

 

ڕەنگە ئەگەر بە زێدەڕەوی نەزاندرێ، بتوانین بڵێین، بناغە و بنچینەی ئەدەبی کوردی لە سەر شێعری کلاسیک دامەزراوه و ئەدەب و مێژووی کوردیش گەلێک کەڵەشاعیری بەخۆیەوە دیوە کە شوێن پێیان تا ئێستاش هەر دیارە و دیاریش دەمێنێتەوە و دەکرێ بکوترێ ئەدەب و مێژووەکەی پێیان قەرزدارە. بەڵام ئەوە هیچ کات بەو مانایە نییە کە شێعری کلاسیکی کوردی لە ڕەخنە و پێداچوونەوە دوورەپەرێز بکرێ و شاعیری کلاسیکیش بە هۆی شێعرەکانییەوە وەک ئۆستوورە بێنە ئەژمار.

مەبەست لێرەدا بێ ڕێزی کردن بە شەئن و شکۆ و هەیبەتی هیچ شاعیرێکی کلاسیک نییە، هاوکات لەسەر ئەو باوەڕەش نیم کە لێک گرێدانی شێعر و کەسایەتی شاعیریش کردەیەکی دروست و شیاو بێ. لەگەڵ هەموو ئەوانەش ناکرێ ڕەخنە و شڕۆڤەی شێعری کلاسیک بە تاوان بزاندرێ. وەک ئەوەی وا تا ڕادەیەکی زۆر لە نێو ئێمەدا بۆتە باو کە ڕەخنە و تاوتۆی شێعری کلاسیکی کوردی بە بڤە دەزاندرێ ئەوەش قەیرانێکە کە ئەدەبی ئێمە تووشی هاتووە و ڕەخنە لە شێعر لە لایەن زۆر کەسەوە بە بێ ڕێزی بە شاعیر هاتۆتە ئاراوە و تابۆیە.

لەو لاشەوە حاشا لەوە ناکرێ کە شێعری کلاسیکی کوردیش بە هەموو قالب و فۆڕمەکانییەوە، ئەگەر ڕەخنە لە ڕواڵەت و کێش و شێوەی داڕشتنیشی نەگیرێ بەو مانایە نییە کە لە باری ناوەرۆک و تێم و بەک گڕاوەندەوە، جێگای هیچ ڕەخنە و پێداچوونەوەیەک نییە.

لایەنی دیکەی ئەوەی تا ئێرە وترا، شێوازی ئەو ڕەخنە گرتن و شڕۆڤەگەلەیە کە تا ئێستا لە شێعری کلاسیکی کوردی کراوە و زۆر جار خۆی لە قەرەی گوتار داوە کە زۆر جارتریش تەڕ و ئیشکی بەیەکەوە سووتاندووە. مەرجیش ئەوە نییە کە هەموو ئەو ڕەخنە و شڕۆڤەگەلەی کە کراوە لە لایەن شاعیرانی نوێخواز بووبێ بەڵکوو زۆر جاریش لە لایەن ئەوانەوە بووە کە بە بیانووی نوێخوازییەوە، دەمارگرژی و حیزبایەتی و....لەسەر و گوێلاکیان دەڕژێ.

ئەوەیکە بەشێکی زۆر لەو ڕەخنەگەلە، لە تەوەرە جیاوازەکانەوە بەرەو ڕووی شێعری کلاسیکی کوردی دەبێتەوە ڕەنگە زۆر جاریش بووبێتە هۆی ئەوەی کە پاڵ وەپاڵ هەڵکوتان و نکۆڵی و تەنانەت پاکتاوکردنیش بێ،  کە بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین جاروبار ئامانجی سڕینەوە و ژینۆسایدی فەرهەنگیشی لە پشت بووە، کە ئەوەش خۆی لەخۆیدا یا زەق و بەرجەستەبوونەوەی ئەو ڕەوتەی لێکەوتۆتەوە یا کڵێشەسازی و دژبەرایەتی و تەقابول و شەڕەگەڕەکی بەناو ئەدەبی.

لە حاست هەموو ئەو کێشەگەلەی تا ئێرە وترا، بێ هەڵوێستی و ئینفعالی شێعری کلاسیکیش ناشێ لە بیر بکرێ، ئەگەر شێعری کلاسیک لە لایەکەوە بە بیانووی پشت بەستن بە فۆڕم و قالبەوە، جێگای هیچ مانۆڕدانێکی ئەوتۆی زمانی و ناوەرۆکی نوێی بۆخۆی هەموار نەکردووە، لە لایەکی دیکەشەوە هاوکات شاعیران بە بێدەنگی لەمەڕ ئەو بێ جموجۆڵییە، ئەوەندەی تریشیان پەرە بەو کێشە گەلە داوە و قوربانی سەرەکی لێرەدا شێعری کلاسیک بووە کە کارکرد و ڕاندۆمانی ئەوەندە نزم کراوەتەوە کە ماددی خوازی و سیاسەتی بەلێشاو پێوە دیارە، بێ ئەوەیکە خۆی لە قەرەی بوارگەلی دەروون ناسی و کۆمەڵ ناسی و ماریفەناسییەکی(epistemology )شیاو و ئەوتۆ و.....دابێ.

هەموومان دەزانین کە نەبوونی فرەدەنگی (پۆلی فۆنیک) و بەرجەستەکرانی چاوەڕوانییەکی تاک لایەنە و قەتعی و لە پێشدا دیاری کراو و ئاشکرا و هەروەها ناوەندخوازییەکی چەقبەستوو و مسۆگەرکراو و داسەپاو، لە شێعردا دەبێتە هۆی دەپەراوێزدا مانەوەی زۆر یەک لەو مەدلوول گەلەی وا دەکرێ وەک نێوبژی ئەدەب و کۆمەڵگا لێیان بڕواندرێ،  ئەو ئاڕێشەیە ئەگەر چی دەبەشێکی زۆر لە شێعری شاعیرانی نوێخوازیشدا دەبیندرێ بەڵام شێعری کلاسیکی کوردیش هیچ کات لێیان بێ بەری نەبووە.

کێشەی شار و شارنشینی وەک مەکان و بارودۆخ (وضعیت)، یەکێکی تر لەو پرس گەلەیە کە ڕەنگە بکرێ لە زۆر بواری دەروون ناسی و فەلسەفی و کۆمەڵناسانییەوە سەیری بکرێ بەڵام کەم وا هەبووە لە شێعری کلاسیکی کوردیشدا ڕەنگی دابێتەوە. ئەگەر باری ئایدیالۆژیک بوونی ئەدەب لە لایەن زۆر کەسەوە کەوتبێتە بەرباس بە دڵنیاییەوە ئەو تاک ڕەهەندییەی وا لە بەشێکی زۆر لە شێعری کلاسیک دادیارە، یەکێ لەو بیانووانەیە کە هەمیشە لە دەستی ئەو کەسانەدا بووە و زۆر پرس و کێشەی تریش.....کە لەو نووسراوەیەدا ناکرێ باسیان لێ بکرێ.

بە هەرحاڵ وەک وترا ئامانجی ئەو نووسراوەیە بێ ڕێزی کردن بە هیچ شێعر و شاعیرێکی کلاسیک و نوێخواز نییە و ڕووی پتر لەو ئاسۆگەلە مۆدێڕن و چەمەخوازییە زمانێیە (انعطاف زبانی) کە زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە بۆ داهاتووی ئەدەبی کوردی.

ئەوەیکە لە داهاتوودا چارەنووسی شێعری کلاسیکی کوردی چی لێ بەسەر دێ گرێدراوی ئەو نووسراوەیە نییە، شێوە ڕوانین وچلۆنایەتی داڕشتن و دیاری کردنی بارگراوەندە کان بە شێوەیەکی مۆدێڕن لە لایەن شاعیرانەوە بە یەقین ئەو چارەنووسە دیاری دەکا.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد