تاريخ: ۱۳۹۷ چهارشنبه ۲۳ خرداد ساعت ۱۹:۲۰ بازدید: 530      نظرات: 0      کد مطلب: 8622

ژیان، ئاسەوار و کەسایەتیی «مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان»

ئامادەکار: بێهزاد مەولایی



ئاماژە: دوایین مانگی ساڵی 1391ی هەتاوی، کەناڵی ئاسمانیی «پەیام»، لە درێژەی بەرنامەی «میوانی ڕۆژهەپات»دا، فیلمێکی موستەنەدی لە سەر ژیان، ئاسەوار و کەسایەتیی ئایینی، فەرهەنگی و ئەدەبیی مامۆستا ئەحمەدیان بە ناونیشانی «مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان» بڵاوکردەوە. ئەو فیلمە کە بە بەشداریی کۆمەڵێک نووسەر و کەسایەتیی بواری فەرهەنگی پێکهاتووە، لە چوار بەشدا ڕۆژانی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە و لەودا ئاوڕ دراوەتەوە سەر گەلێک لایەنی کەسایەتیی مامۆستا ئەحمەدیان.

دەقی بەردەست، «بەشی چوارەم»ی ئەو فیلمەیە کە دابەزێندراوەتە سەر کاغەز. لە بەشی چوارەمدا، ئەو شەش کەسایەتی و چالاکە فەرهەنگییانە سەبارەت بە ئاسەوار و کەسایەتیی ئایینی، فەرهەنگی و ئەدەبیی مامۆستا ئەحمەدیان دوواون؛ بەڕێزان و مامۆستایان: عەبدلعەزیز سەلیمی (نووسەر و وەرگێڕ)، ئەحمەدی قازی (نووسەر و وەرگێڕ)، عەزیز ئالی (نووسەر و لێکۆڵەر)، دوکتور ئەحمەد نیعمەتی (نووسەر و مامۆستای زانستگا)، دوکتور شاهباز موحسینی (مامۆستای زانستگا)، دوکتور سەلاحەددین خەدیو (نووسەر و ڕۆژنامەوان).

بە پێویستی دەزانم، بە مەبەستی ڕوونبوونەوەی چەند بابەتێک ئاماژە بەو چەند خاڵە بکەم:

دوای دابەزاندنی بەشی چوارەمی ئەو فیلمە موستەنەدە (واتا: دەقی بەردەست) لە سەر کاغەز، بە پێویستم زانی دەقی وتەکان لە ئاستی واژە و دەستەواژەدا ـ بەبێ دەستکاری کردنی ناوەرۆکی وتەکان ـ هەندێک دەستکاری بکرێن؛ هەر بۆیە کۆمەڵێک لە واژە و دەستەواژەکان کە تایبەتن بە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرهاویشتراون و هاوتای گونجاوی ئەو واژە و دەستەواژانە داندراون. هەروەها، لە هەندێک شوێن ئەگەر دانانی واژە یان دەستەواژەیەک ـ بۆ باشتر گەیاندنی مەبەست ـ پێویست بووبێ، ئەو واژە یان دەستەواژەیە لە دەقی وتەکان زیادکراوە و ئەگەر واژە یان دەستەواژەیەک زیادی بووبێ، دەرهاویشتراوە.

ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی ئەو چواربەشەی بەرنامەی «میوانی ڕۆژهەڵات (کە تایبەتە بە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان): بەشی یەکەم: 25/11/91ی هەتاوی، بەشی دووهەم: 2/12/91، بەشی سێهەم: 9/12/91، بەشی چوارەم: 30/12/91 (بەشی چوارەم 16/12و 23/12 بڵاونەکراوەتەوە. لەو دوو حەوتەیەدا دوو بەرنامە لە جیات بەرنامەی «میوانی ڕۆژهەڵات» بە  بۆنەی «ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی زایینی لە باشووری کوردستان» بڵاوکراوەتەوە).

لە کۆتایی هەر کام لە بەشەکانی ئەو فیلمەدا، ئاماژە بە پێکهێنەران و بەڕێوبەرانی بواری تەکنیکیی ئەو فیلمە بەو شێوەیە کراوە:

ئامادەکار: بێهزاد مەولایی، کامێرا: موحەممەد مەولایی، [خوێندنەوەی] تێکست: بێهزاد مەولایی، مۆنتاژ: عادڵ عیزەت (وەک لە کۆتایی بەشی چوارەمدا ئاماژەی پێکراوە، مۆنتاژی بەشی چوارەم لە ئەستۆی بەڕێز «ئارام عەبدولکەریم» بووە)

هەر کام لە بەشەکانی ئەو فیلمە لە 40 خولەک‌دا ئامادە و بڵاوکراوەتەوە. ـ ج. ئەحمەدیان

 

عەبدلعەزیز سەلیمی:

هەوەڵین جار کە بە خزمەت خوالێخۆشبوو زانای بەرز و دڵسۆز و زەحمەتکێش جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان گەیشتم، لە کۆنگرەی ڕێزلێنان لە کەسایەتیی شاعیر و ئەدیبی بەناوبانگی کورد «مەولەوی تاوەگۆزی» بوو کە ساڵی 1371ی هەتاوی لە شاری سەقز بەرێوەچوو. ئێمە کە چەند کەسێک لە ناوچەی «جوانڕۆ» و «پاوە» و «ڕەوانسەر»ەوە لەو کۆنگرەیەدا بەشداریمان کردبوو، زۆر موعجیب بووین بەو سوخەنڕانییە کە مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان لە بارەی شێعر و ئەدەبیات و کەلتووری کوردی پێشکەشی کرد کە بەڕاستی زۆر ئەدیبانە، زۆر عالمانە و بە زمانێکی زۆر ڕێکوپێک و بەهێزبوو. زۆر خۆشحاڵ بووین لەوە کە عالمێک، مامۆستایەک لە لیباسی مامۆستای ئایینیدا لەو ئاستە لە عیلم و خوێندەواری و لە ئەدەبیات و کەلتووری کوردیدا شارەزاییان هەبوو.

جارێکیتر کە بە خزمەتی مامۆستا گەیشتین، میوانی یەکێک لە برایان لە شاری مەهاباد بووین؛ من پێشنیارم کرد بچینە خزمەت جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا. بە تەلەیفوون پەیوەندییان گرت و مامۆستا فەرمووی لە ماڵەوەم و ڕۆیشتین و نزیک بە سەعاتێک لە خزمەتی دا بووین و لە بارەی کتێبەکانی دا هێندێک پرسیارمان لێ کرد، مامۆستا بە تەواوی وجوودییەوە هەست دەکرا کە دڵسۆزی هەیە بۆ میللەتی مسوڵمان، بۆ میللەتی کورد و زۆر خۆش باسی کتێبەکانی دەکرد و هۆ و دەلیلی نووسینی هەرکامیانی باس دەکرد.

مامۆستا ئەحمەدی قازی:

دیارە ئێمە  لەگەڵ مامۆستا هاوشارین؛ ناسیاویمان هەر لە پێشەوە هەبوو؛ بەڵام ناسیاویی نزیک تر و وردتر لە خزمەتی دا کاتێک دەستی پێکرد کە ئەوکاتی ئەمن لە «ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی» بووم و سەرنووسەری گۆڤاری «سروە» بووم، ئەوکات بە قەڵەمی مامۆستامان زانی کە قەڵەمێکی بەهێز و بەتوانایە،و مامۆستاش زۆر بەهۆگرییەوە ئاوڕی داوەتەوە لە ئەدەب و زمانی کوردی؛ ئەو ئاشنایەتییە لەوکاتەوە زۆرزۆر بەهێز تر بوو، زۆر لێک نزیک بووینەوە و زۆر بە خزمەتی دەگەیشتین و داوای وتار و نووسراوەمان لێ دەکرد و ئیدی لەوە بە دواوە بووینە هاوکاری فەرهەنگی؛ وتارەکانیمان وەردەگرت و لە گۆڤاری «سروە»دا بڵاومان دەکردەوە؛ دوای ئەوەش لە ڕێوڕەسمەکان و لە کۆبوونەوەکان دا مامۆستا زۆرتر دەهاتە بەرچاو و بە وتە و وتاری جوان، بە سوخەنڕانیی ڕێک وپێک و بابەتیی، بەشداریی هەموو هەڵسووڕێنە فەرهەنگییەکانی دەکرد؛ لەو بۆنانەش دا هەر بە خزمەتی دەگەیشتین و کەلکمان لە ئاسەواری ئەو وەردەگرت، بۆمان چاپ دەکرد و ئەو نزیکایەتییە بەو جۆرە ڕۆژبەڕۆژ پتەوتردەبوو،و تا کۆتایی ژیانی هەر درێژەی هەبوو.

عەزیز ئالی:

مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیان یەکێک لەو قەڵەمانەیە کە (بەپێچەوانەی بەداخەوە زۆرێک لەو قەڵەمانەی ئه‌وڕۆ هەن) زمانەکەی لە ژێر کاریگەریی زمانانی تر وەک زمانی فارسی و زمانی عەڕەبی دا نەبوو (مەبەستم کوردییەکەیەتی). هەر چەند کوردییەکەی مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیان |ڕەنگ و بۆنی زۆر موکریانی پێوەدیارە، بەڵام باوەڕ ناکەم ئەوە عەیبێک بێ؛ چونکە زۆربەی ئەو نووسەرانەی ئێمە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کاتێک پەخشان دەنووسن، چیرۆک دەنووسن، وتار دەنووسن ڕەنگی زمانی ناوچەی خۆیانی پێوەدیارە. کەوابوو ڕەنگە هێندێک کەس بۆ وێنە ئەوانەی خەڵکی مەڵبەندەکانی دوورتری کوردستانن لە بەراوەرد  لەگەڵ موکریانەوە، تێگەیشتنی پەخشانی مامۆستا تا ڕادەیەک بۆ ئەوان دژواربێ؛ بە هۆی ئەوە کە پەخشانەکەی زۆر موکریانییە. بەڵام من پێم وایە هەر ئەو لایەنەی پەخشانەکەی مامۆستا یەکێک لە لایەنە ئیجابییەکانییەتی و بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە. ئەگەر توێژەرەوەیەک بیهەوێ لە بن لەهجەی موکریانی بکۆپێتەوە، بیهەوێ ڕێزمانەکەی تەوسیف بکا، بیهەوێ وشەنامەیەک بنووسێ یان فەرهەنگی ئیستیلاحاتی موکریانی بنووسێ، بە ڕای من یەکێک لە باش ترین و بەمتمانەترین سەرچاوەکانی کاری ئەو توێژەرەوەیە پەخشانەکانی مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیانن؛ لە پەخشانی مامۆستادا تووشی وشە و ئیستلاحی وا دێی کە تا ئێستا تەنانەت لە فەرهەنگە موعتەبەرەکانیش دا تۆمارنەکراون؛ مامۆستا هەژاری «موکریانی» (بۆیە دەڵێم «موکریانی»، چون خۆی موکریانییە)  لەگەڵ ئەوەدا کە هەنبانەبۆرینەکەی کارێکی زۆر پڕبایەخە، بەڵام تۆ دەتوانی لە کاری مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیان دا وشە و ئیستلاحی وا ببینییەوە کە هەنبانەبۆرینە نەیگرتووە. بۆیە دەپێم کارەکەی لەو بارەوە بایەخدارە.

د. ئەحمەد نیعمەتی:

من ئەو کاتە خەریکی ئەزموون وەرگرتن بووم دە فیقهی شافعی دا، بەڵام ئەو کاتە کە بیستم کوتیان مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان لێرەیە، لە خزمەتی دا بووم دوو ڕۆژ و دوو شەو. کۆمەڵێک پرسیار کە وا لێم ئەکرد، بە عالمێکی زۆر باش تێیگەیشتم، باشم ئەبینی،و زۆر بەتوانا بوو، بەلیغ بوو، چاک بێژ بوو، بەجوانی وڵامی دەداوە.

ئەو کاتە سەبارەت بە خۆی پرسیارم لێ کرد، کوتی من لە ساڵی 1312 لەدایک بووم، (لە ساڵی 1383دا بوو کە کۆچی دوایی کرد)، چەن ساڵی عومرکردووە؟ پەنجا ساڵ مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان خزمەتی کردووە لە دەرس کوتنەوە لە زانستگا و کارکردن لە «سەدا و سیما» و....

د. شاهباز موحسینی:

چەند ساڵێکە لە کۆچی دواییی یەکێک لە کەسایەتییە عیلمی و ئایینییەکانی کوردستان واتا «مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان» تێدەپەڕێت،و ئەو چەند ساڵە کە تێپەڕیوە ئێمە کە تەماشای کارنامەی عیلمی و عەمەلیی ئەو کەسایەتییە ئەکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو بلیمەتە لە زەمانی خۆی دا و تەنانەت لە دوای کۆچی دواییی خۆی دا زۆر کاریگەریی هەبووە لە بوارەکانی عیلمی لە کوردستان دا.

د. سەلاحەددین خەدیو:

ئەمن ساڵی 61 (ی هەتاوی) لەبیرمە منداڵێکی هەشت ـ نۆ ساڵە بووم، مامۆستا ئەحمەدیان تازە ئەرکی «ئیمام جومعەیی» مەهابادی وەئەستۆگرتبوو؛ لەبیرمە بەو تاریفانەی کە خزمێکمان (کە لە خۆمان گەورەتربوو) بۆی کردم و کوتی مامۆستا ئەحمەدیان بووەتە «ئیمام جومعە» و ئیمامەتی نوێژی جومعە دەکا لە «مزگەوتی سوور»، ئەمنیش بۆ لای ئەو کۆڕە ڕاکێشرام و کە چووم (سەرەڕای ئەوە کە منداڵ بووم و زۆر فامم نەدەکردەوە، بەڵام شتێک کە ئەلان وەک بیرەوەری لەبیرم ماوە، ئەوەیە کە)  لەگەڵ ئوعجووبەیەکی وتاربێژی و چاک بێژی ڕووبەڕووبووم؛ یانی فەننی بەیانی مامۆستا (کە یەکێک لە تایبەتمەندییە هەر سەرەکییەکانی بوو و یەکێک لە کەسایەتییە هەرە سەرکەوتووەکانی لانی کەم مەڵبەندی ئێمە بوو لە باری قسەکردن) تەواوی خەڵکیی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو؛ بەتایبەت مەهاباد ئەوکاتی لە فەزایەکی تاڕادەیەکی زۆر نائاسایی دا بوو، شەڕوشووڕ لە گۆڕێ دا بوو و بارێکی نائاسایی بە سەر وڵات دا کێشرابوو. ئەوە یەکەم بیرەوەریی من بوو کە بووە هۆی ئەوە کە تا ئەو کاتەی مامۆستا ئیمام جومعە بوو (کە پێموایە نزیکەی دوو ساڵ بوو)، ئەمن نوێژی جومعەکان دەچووم. ئەگەر زۆر لە ناوەرۆکی قسەکانیشی تێنەگەیشتبام، لانی کەم ئەو فۆڕمی قسەکانی (وەک ئه‌وڕۆ دەڵێن و ئه‌وڕۆ باوە) و شێوەی سوخەنڕانی و قسەکردن و ئەو فەساحەت و بەلاغەت و ئەو زمانە فاخیرەی کە لە زمانی مامۆستادا ئێمە دەماندیت، دەبووە هۆی ڕاکێشانی من و زۆری دیکە لە منداڵ و گەورە و پیر و جەوان بۆ «نوێژی جومعە»ی ئەوکاتی شاری مەهاباد.

مامۆستا ئەحمەدی قازی:

ئەگەر مامۆستا لە هەموو لایەنێکەوە بخەینە ژێر باس، یانی کەسایەتیی مامۆستا بخەینە بەر باس و زانینێک بە دەستەوە بدەین، مامۆستا عەللامەیەک بوو دە ڕاستی دا؛ مامۆستا، مامۆستایەکی ئایینی بوو، بەڵام موتالەعاتێکی زۆر و خوێندەوارییەکی زۆر زۆرتر لە ئاستی ئەو مەلایانەی هەبوو کە لە کوردەواری دا دەیانینین؛ زانستی زۆر لەوە باڵاتر بوو. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە خۆی بەهرەی هەبوو یانی ئیستیعدادی فێربوون. ئەوجار شەوق و زەوقی خوێندن و خوێندنەوە و ئیشتیا لە فێربوون و بەدواداچوون و... ئینسانێک بوو کە بە شێوەیەکی زۆر تایبەتیانە هاتبووە مەیدانی نووسین و قەڵەم لێدان لە هەموو بەستێنێک دا؛ دیارە لە بابەتی دینی و ئایینی دا زۆر شارەزا بوو؛ ئەمن دەخۆم ڕانابینم دەو بوارەدا داوەری لە سەر کارەکانی بکەم، بەڵام ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بە من هەبوو یانی بەشی ئەدەبیاتی کوردی و نووسین بە کوردی و قسەکردن بە کوردی و شێعر بە کوردی، ئەگەر لەو هەموو لایەنانەوە چاو لە مامۆستا بکەین، بەڕاستی بەبێ تەعاروف دەتوانم بڵێم دە کوردستان دا وێنەی زۆرزۆر کەم بوو. هۆیەکەشی هۆگرییەکی زۆر بوو کە بە ئەدەبی کوردی هەیبوو؛ هۆیەکەی ئەوە بوو کە مامۆستا دەیهەویست خزمەتێکی گەورە بە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کورد بکا کە ئەوکات دەرفەتێکی بووژاندنەوەی پێدرابوو بەو کارە.

مامۆستا لە باری ئەدەبییەوە کەسایەتییەکی گەورە بوو؛ هەم وتارنووس بوو، هەم تەنزنووس بوو، هەم شاعیر بوو، لە شی کردنەوەدا بەتوانا بوو، ئەوجارەکە لە سەرەوەی هەمووان توێژکارێکی زۆرزۆر دەقیق و زۆر بە شێوەیەکی زانستی لە سەر کەسایەتییەکان و لە سەر ئەو بلیمەتانەی دەنووسی کە لە پێش دا ژیابوون و ئێمە لە ژیانیان بێ خەبەر بووین، وەک ئەو مامۆستا گەورانەی کە دە حوجرەکانی کوردستان دا پەروەردەبوون و شاعیری چاک بوون و نووسەری چاک بوون و تەفسیر و حەدیس و ڕیازیات و زانستەکانی قەدیمیان باش زانیوە؛ ئەوانەی زیندوو دەکردەوە و بە شێوەیەکی زانستی لێیان دەدوا و ئێمەش جاروبار سەربوردەییمان لە مەجەلەی «سروە»دا چاپ دەکرد.

لە هەموو بارێکەوە مامۆستا بەڕاستی هەڵوارتە و ئیستیسنا بوو؛ زۆر کەسایەتییەکی هەڵکەوتە و بەرچاو بوو.

د. ئەحمەد نیعمەتی:

ئەگەر کەسێک گەرەکی بێت لە بارەی کەسێکەوە داوەری بکات، دەبێ کتێبەکانی بخوێنێتەوە؛ ئەوە ئێستا دەرسێکە کە ئیمڕۆش داوەری لە بارەی هێندێک لە کەسایەتییەکان ئەکەین هێشتا کتێبەکانی ئەومان ڕاستەوخۆ نەخوێندووەتەوە. کۆمەڵێک کەس ئەبینی کە تەعن، نەقد، جەرح ئەدەن لە «محەممەد عەبدۆ»، لە «ڕەشید ڕەزا»، لە «قەڕزاوی»، لە «سەید قوتب» و کەسانی دیکە، بەڵام کتێبەکانیان نەخوێندوونەتەوە. بەڵام من کاتێک کە کتێبەکانی «مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان»م خوێندەوە (کە ئەڵبەتە کتێبی فرەی هەیە، بەڵام من دە کتێب لە کتێبەکانیم خوێندەوە)، یەکێک «سیمایِ صادقِ فاروقِ اعظم» (کە کتێبێکی زۆر گەورە بوو، زۆر عیلمی بوو، زۆر سەردەمیانە بوو)، «تجزیه و تحلیلِ زندگانی امام شافعی»م خوێندەوە کە زۆر بە لامەوە گرینگ بوو و «قرآنشناسی»یەکەشی زۆرباشە.

د. شاهباز موحسینی:

لە وڵاتی ئێمەدا، بە هۆی هەندێک گیروگرفت ئەبێ بەداخەوە ئەوە بڵێین کە کەسانی وەک ئەو ئینسانە بەداخەوە ئێستا کەمن،و ئومێدەوارهەین کە جێگەی ئەو پیاوە گەورانەی وەکوو مامۆستا ئەحمەدیان، بە کۆشش و و کار و خوێندن و توێژینەوەی لێکۆڵەران و فەقێکان و کەسانی ناو زانستگاکان پێببێتەوە.

مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان زاتێک بوو کە کەسایەتییەکەی چەند لایەنە بوو؛ هەم لە بواری ئیمامەت و پێش نوێژی و ڕاگەیشتن بە کاروباری دینیی خەڵک شەو و ڕۆژ لە حەول و تەقالادابوو،و گرینگ ئەوەیە کە  لەگەڵ جێ بەجێ کردنی ئەو ئەرکە دینییەی خۆی، بەردەوام خەریکی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و و هەڵێنجانی بابەتەکان و شی کردنەوە و نووسین بوو.  لەگەڵ ئەوە، ئینسانێک بوو کە پێی خۆش بوو لەو بوارەدا کە کاری تێ دا کردبوو و شارەزاییەکی زۆری تێی دا هەبوو، بە باڵاترین پلەکانی عیلمی بگات؛ بۆیە تا ئاخرین ڕۆژانی عومری پیرۆزی بەردەوام خەریکی موتالا و نووسین بوو.

د. سەلاحەددین خەدیو:

ئەمن پێموایە مامۆستا ئەحمەدیان سەر بە قوتابخانەیەکی فکری و کۆمەڵایەتیی تایبەت بوو. ئەگەر ئێمە بێین (و جێی خۆشییەتی ئەگەر ئەو کارە بکەین، ئەوە دیارە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری دەوێ) مێژووی مامۆستایانی ئایینی و مێژووی حوجرە و مزگەوت و فەقێ و خانەقا و ئەوانە لە وڵاتی خۆمان پێناسە بکەین، دەبینین قوتابخانەیەکی گەورەی فکری و کۆمەڵایەتی و ئایینی دەبینینەوە،و هەر وەک مامۆستا ئەحمەدی قازیش لە وتە بەنرخەکانی دا ئاماژەی پێ کرد، پێش ئەوە کە کۆمەڵگای ئێمە مۆدێڕن بێتەوە، پێش ئەوە کە کۆمەڵگای ئێمە  لەگەڵ ڕەوتە مۆدێڕنەکان، دەگه‌ڵ ڕەوتە نوێیەکان ئاشنابێت، پێموایە تەنیا سەرچاوە و تەنیا مەرجەعی فکری و ئایینیی ئێمە حوجرە و مامۆستا و مزگەوت بووە. مامۆستا ئەحمەدیان سەر بەو ڕێبازە فکرییە بووە؛ یانی ڕێبازێکی فکری کە دەستەواژەی «مەلای دوازدەعیلم»ی بۆ لەکارکراوە کە ئێستاش ئەو زاراوەیە لە نێو ئێمەدا ماوە؛ پێموایە «مەلای دوازدەعیلم» بوو، بە مەعنای واقعییەکەی؛ یانی مامۆستایانی ئایینی دەبینی بێجگەلە ئەو زانستە ئایینییە کە هەیانبووە، لە بواری فەلسەفەدا قسەیان پێ بوو، قسەیان بۆ کردن هەبوو، لە بواری کەلام دا، تەنانەت لە ڕیازیات و نجووم و هەیئەت و لە ئەدەبیات دا (و زۆرینەی ئەو شاعیران و ئەدیبانەی ئێمەش هەر لەو چین و توێژە هەستابوون). تەنانەت ئەگەر ئێمە بڕێک ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو ڕێبازە فکرییەش لەبەرچاوبگرین، دەبینین زۆرێک لە ڕێبەرانی سیاسیی ئێمە و زۆرێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە کەسانێکی ناوداری وەک مەڕحوومی «قازی محەممەد» و «مەلا مستەفای بارزانی» و «شێخ سەعیدی پیران» هەر لەو ڕێبازە فکرییە و لەو تاقە سەرچاوە فکرییە کە کۆمەڵگا هەیبووە، هەستابوون. یا زۆر لە ئەدیبە بەرچاو و ئەدیبە گەورەکانی ئێمە کە سەرچاوە کلاسیکەکانیان بۆ ئێمە ساغ کردووەتەوە، وەک «مەلا کەریمی مودەڕڕیس»، وەک «شێخ محەممەدی خاڵ»، ئەوانەش هەر سەر بەو قوتابخانەیە بوون. مامۆستا ئەحمەدیان بەداخەوە یەکێک لە دوایین ئالقەکانی ئەو قوتابخانە گەورەیە بوو.

ئەمن پێم خۆشە ئەوەش شی بکەمەوە کە: دەستەواژەی «مامۆستای ئایینی» کە لەکاردەکەین، ئەوە وشەیەکی تازەیە؛ لە پێش دا «مامۆستا» هەر بە «مەلا» دەکوترا؛ کەلیمەی «مامۆستای ئایینی» کە هاتەگۆڕ، بە مانای ئەوەیە کە مامۆستا لە بوارەکانی دیکەش پەیدابووە؛ وەک مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای پزیشکی و مامۆستای سیاسی و هی دیکە. ئەوەش بۆخۆی تەعبیر لە گۆڕانکارییەکی دیکە لە کۆمەڵگادا دەکا؛ یانی کۆمەڵگا تەخەسوسی تر بووە لە جاران، ئەو کۆمەڵگا نەریتییە کەوتووەتە کۆمەڵێک بواری دیکە، کۆمەڵێک فەزای تازە تەجرەبە دەکا (مامۆستا ئەحمەدیان مامۆستای ئایینیی بەو مانایە نەبوو). ئەو ئایینییە کە جوێ بووەتەوە یانی مامۆستا لە بوارەکانی دیکەش دا پەیدابوون. لە قەدیم دا وا نەبووە؛ مامۆستا، مامۆستای هەموو بوارەکان بووە و مامۆستای هەموو بوارە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا بووە. مامۆستا ئەحمەدیان یەکێک لە ئاخرین ئاڵقەکان و یەکێک لە ئاخرین یادگارەکانی ئەو بارودۆخە پێش مۆدێڕنە بوو بۆ کۆمەڵگای ئێمە، کە دەتوانین بڵێین دەستی لە هەموو عیلمێک دا هەبوو و لە هەموو عیلمێک دا شارەزایەتیی خۆی نواندبوو و بە ئاسەوار و کردەوەکانیشی نیشانی دابوو.

ئەمن پێموایە ئه‌وڕۆش کۆمەڵگای ئێمە لانی کەم بۆ دەورە کۆمەڵایەتییەکەی و بۆ ئەو دەورە کارکەردییە و بۆ ئەو ڕۆڵە کارکەردییانەی بە هۆی ئەوەوە پێک دێ، پێداویستیی هەر بەو جوورە کەسانە ماوە.

عەزیز ئالی:

لە باری ناوەرۆکەوە بە بڕوای من  لەگەڵ ئەوەش دا کە وردەبابەتی جیاجیا و جۆربەجۆر لە پەخشانەکانی مامۆستادا هەیە، بەڵام دوو لایەنی گشتی یەکیان بیری نەتەوایەتی و ئەوی تریان باوەڕی دینی شان بە شانی یەک لە کارەکانی مامۆستادا بەرەو پێش دەچن. وە بیری نەتەوایەتی و باوەڕی دینی لە بەرگ و قاڵبی زمانێکی ڕوون و ڕەوان و کوردانەدا خۆدەبینێتەوە؛ ئەوەش یەکێک لە تایبەتییەکانییەتی. هەر چەند مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیان هەر وەک بە ناوی دا دیارە مامۆستای ئایینی بووە، مەلا بووە و پیاو چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکا کە لە نووسینی مامۆستایەکی ئایینی دا تووشی کەلیمە و ئیستلاح و تەعابیری تەنانەت ڕەق‌وتەقی عەڕەبی بی، بەڵام وا نییە؛ بەپێچەوانەوە، تۆ لە پەخشانی مامۆستادا تەنانەت ئەو پەخشانەی باسێکی ئایینی دەکا، تووشی زمانێکی ڕوون و ڕەوان و ڕێک وپێک و کوردانە دێی،و ئەگەر کەلیمە و تەعبیری عەڕەبی یا بێگانە دەبینی، تەنیا ئەو کەلیمات و تەعابیرەن کە بۆ خۆبواردن لە وشە و ئیستلاحی داتاشراوی نالەبار لەکاریان دێنێ و لە جێی خۆی دا لەکاریان دێنێ.

بابەتێکی تر کە پێم خۆشە باسی بکەم لە بارەی کارەکانی مامۆستاوە (بەتایبەت لە بابەت پەخشانە کوردییەکانییەوە) ئەوەیە کە مامۆستا هەر چەند دیوانی شێعریشی هەیە، بەڵام من لە جێیەکی تریش دا لە وتارێک دا باسی ئەوەم کردبوو کە بە ڕای من، پەخشانی مامۆستا لە خودی شێعرەکەی شاعیرانەترە؛ چونکە خەیاڵی شاعیرانە، هەستی شاعیرانە، وێنەی شاعیرانە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە پەخشانەکانی دا خۆدەنوێنێ. ئەم کارەشی بە هۆی چەند وردەکارییەوە ئەنجام داوە؛ لەسەرێکەوە پەخشانی مامۆستا مۆسیقای هەیە و بۆ ئەو مۆسیقایە کەڵکی لە «سەجع» وەرگرتووە، کەڵکی لە شێوە جۆربەجۆرەکانی «جیناس» وەرگرتووە. هەروەها وردەکارییەکی تری بەکارهێناوە کە من نازانم ئایا ناوێکمان بۆی هەیە لە کوردی دا یان نیمانە (لە فارسیش دا باوەڕ ناکەم، نەمدیتووە ناوی هەبێ)، پێی دەڵێن «پاڕالێلیسم»؛ یانی بە دوای یەک دا هێنانی چەند ڕستە کە لە بابەت ناوەرۆکەوە، لە بابەت ڕیتمەوە، لە بابەت داڕشتەوە لێک نزیک بن؛ جیاوازییان کەم بێ و ئەو بە شوێن یەک دا هاتنەی ئەو ڕستانە جۆرێک مۆسیقا بەدی دێنێ؛ کە ئەوە یەکێک لە وردەکارییەکانی پەخشانی مامۆستایە. هەڵبەت لە شێعریش دا کەڵکی لێوەرگیراوە؛ بەناوبانگ ترین کەسێک کە کەڵکی لە «پارالێلیسم» وەرگرتووە «واڵت ویتمان» (شاعیری بەناوبانگی ئامریکایی)ە؛ جا ئەوە سرنج ڕاکێشە و بە ڕای من، ئەوە ئەو لایەنەی کاری مامۆستا بۆ لێکۆڵینەوە دەبێ.

مامۆستا ئەحمەدی قازی:

هۆی سەرکەوتنی هەموو کەس دە کاردا دەبینم؛ یانی هیچکەسم نەدیتووە بەبێ کار و تێکۆشان، سەرکەوتنێکی وەدەست هێنابێ. مامۆستا ئەحمەدیان یەکێک لەو کەسانە بوو (ئەمن جارێک لای کاک ئەحمەدی کوڕی مامۆستا باسی ئەوەم کرد کوتم مامۆستا دەیزانی چۆن لە کات کەلک وەربگرێ). پێم وایە هەر کەسێکی دیکەش ئەگەر بیهەوێ سەرکەوتنێک وەدەست بێنێ، دەبێ کات بەفیڕۆنەدا و کاری عیلمی و زانستی، زەمانی دەوێ، تێکۆشانی دەوێ، تێگەیشتنی دەوێ. ئه‌وڕۆ تووشی ڕستەیەک بووم پێموابێ هی ئەو نووسەرە خۆشەویستە (بەختیار عەلی) بوو کە کتێبێکی هەیە بە نێوی «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان»؛ ڕستەکە زۆرجوان بوو، دەڵێ: «دەبێ دارستانێک بخوێنییەوە، گەڵایەک بنووسی». زۆر ڕستەیەکی جوانە. یانی دەبێ زۆر موتاڵا بکەی، جا دەست بدەیە قەڵەم. مامۆستا ئەحمەدیان موتاڵای یەکجار زۆر بەربڵاوی هەبوو، زۆرزۆر بەربڵاو موتاڵای دەکرد دە هەموو بەستێنێک دا و بە پشتیوانەی خوێندنەوەیەکی زۆر دەچووە سەر نووسین. هۆی سەرکەوتنی مامۆستا، لە کاری بەردەوام و موتاڵای زۆر و وەدواکەوتن و لەو شتانەدا دەبینم.

د. ئەحمەد نیعمەتی:

ئەتوانم بڵێم کە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان ئیستا کە ئەڵێن پلە زانستگایەکان (ئوستادیاری، دانیشیاری و پڕۆفێسۆری). مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان لە پلەکانی ئیسلامناسی دا (یانی مەعاریفی ئیسلامی دا) پلەی پۆڕفێسۆری (=ئوستادی) هەبوو. من کاتێک بەراوەردی ئەکەم پڕۆفێسۆرەکانی ئەم سەردەمە (یانی نایێژم قەدیمەکان؛ «پڕۆفێسۆر» یانی «ئوستاد»، نەک دانیشیار) کە چۆنن لە ئیسلامناسی دا، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان لە هێندێک لە زانستەکان دا وەکوو لە حوقووق دا، لە فیقه دا، لە عیلمی کەلام دا (کەلام و ئەدیان خۆی عیلمێکە) لەو ڕادەدا بوو. شاگردەکانیشی ئێستا ئاشکران کە ئێستا فرەیەک لە شاگردەکانی ئێستا ئوستادن؛ ئێستا شانازی بەوە دەکەن کە شاگردی ئەو بوون؛ فرەیەک ئێستا قازین؛ حوقووقدانن لە زانستگاکان دا.

بەڵام ئێمە سرنج بدەین بەوە کە ئەوە لە ناو مەڵبەندی کوردەواری دا، لە ناو شاری مەهابادا، هەر ئەوەندە دەکرێ کە مامۆستا مەلا عەوڵای ئەحمەدیان توانیوییەتی بیکا،و حەیفیشە کە هێندێک مامۆستایانی تری وەک «مەلا هادی ئەفخەم زادە» دەخەنە پاڵ ئەوەوە. ئیستا ئەو مامۆستا گەورەگەورانەی وەک مامۆستا شێخولئیسلامی کوردستان، یان وەکوو مامۆستا شێخولئیسلامی بانە (کە نازانم سەقز بڵێم یان بانە) کە عالمانێکی زۆر گەورە بوون. ئەمانە کەسانی هاوچەرخی ئێمە بوون کە وا ئێمە ئەیانناسین. ئەڵبەتە کە من ئەمانەم باس کرد، نەک من لەو وتارانە دا تەدریب بکەم، نا؛ تەحلیلم هەیە بۆیان.

د. شاهباز موحسینی:

ئەگەر بمانهەوێ چالاکییەکانی مامۆستا ئەحمەدیان دابەشی بکەین، یەکێک لە چالاکییە گرینگەکانی تەدریس واتا دەرس کوتنەوە بوو؛ لە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی قوتابی، لە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی فەقێ و لە پەروەردەکردن و ڕاهێنانی خوێندکاری زانستگا. هەروەها ئەو جوورەی کە دەزانین ئەم زاتە هەم لە «ئامووزش و پەروەرش»دا ساڵیانی ساڵ تەدریسی دەفەرموو و هاوکات لە «مزگەوتی قیبلە» (کە لە مەهاباد پێی دەپێن«قوبڵە») تەدریسی ئەفەرموو هاوڕێ دەگه‌ڵ پێش نوێژی لەو مزگەوتە دا،و هەروەها لەو ئاخرییانەش دا لە زانستگای مەهاباددا هاوکاریی عیلمیی بوو؛ لە زانستگای مەهاباد تەدریسی دەفەرموو. لەم سێ نوقتە عیلمییە دا کاری دەکرد.

هەروەها ساڵیانی ساڵ مامۆستا لە «ناوەندی دەنگ و ڕەنگی مەهاباد» (سەداوسیمای مەهاباد) چالاکیی هەبوو؛ چون بڕوای بەوە بوو کە ئەو پەیامەی کە هەیبوو ئەبێ بیگەیێنێ بە گوێی هەموو خەڵک؛ ئەو عیلم و زانیارییەی کە هەیەتی زەکاتەکەی ئەبێ بدات و ئەو تەنیا نابێ هێز و تواناییی خۆی تایبەت بکا بە شارەزایان و پسپۆڕان یا تەنیا لە چوارچێوەی کلاسەکان دا کاربکا؛ بەڵکوو ئەبێ ئەو عیلم و زانیاریانە بە گوێی هەمووی خەڵکیش بگات و هەر ئەوە بوو کە لە سەرەتاوە کە چووە شاری مەهاباد (لە ساڵی 1351)، هاوکاریی هەبوو لە «ناوەندی سەدا و سیمای مەهاباد» لە ڕێگای «ڕادوێ»وە؛ زۆر بەرنامەی فەرهەنگی و ئایینی و جوان و بەکەڵک و ڕێک وپێکی بۆ خەڵک دروست دەکرد،و پەیامی دین و فەرهەنگ و ئیسلامەتیی بە گوێی خەڵکی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەر دەگەیاند.

هاوکات مامۆستا ساڵیانێک «ئیمام جومعە»ی شاری مەهاباد بوو،و لە سەخت ترین و دژوارترین هەل ومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دا ئەم ئەرکە پیرۆزەی بەباشی و بەجوانی بەئەنجام گەیاند.

مامۆستا بەختەوەرانە ئاسەواری زۆر هەن؛ زۆر ئاسەواری جوان و بەکەڵک و عیلمیی لە خۆی بەجێهێشت کە هەمەجۆر و هەمەڕەنگن و هەر خودی ئەم هەمەچەشنییە و هەمەجۆرییە نیشان دەدا کە ئەم کەسایەتییە خاوەن موتالەعاتێکی زۆر بەربڵاو بووە؛ ئەو سەرچاوانەی کە کەڵکی لێ وەرگرتووە، کاتێک ئینسان تەماشای دەکا بەڕاستی سەری سوڕ دەمێنێ؛ بۆ وێنە کتێبی «سیمایِ صادقِ فاروقِ اعظم»ی کە نووسیوە ئەمن کاتێک کە لاپەڕەکانی هەڵدەدەمەوە، و چاو لەو سەرچاوانە دەکەم کە کەڵکی لێ وەرگرتووە، هەست بەوەدەکەم کە کەسێک لە ئاستی دوکتوڕای مێژوودا ئەم کتێبەی نووسیوە؛ باش ترین و بەهێز ترین سەرچاوە مێژووییەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ ژیانی خەلیفەی دووەم حەزرەتی عومەر (ڕەزای خودای لێ بێ) چاوپێ کەوتووە و هاوڕێ دەگه‌ڵ شی کردنەوە، کەڵکی لێ وەرگرتوون؛ بەشێک لەو خەبەرانە، لەو ڕیوایەتانەی کە هاتووە، ڕەخنەی لێ گرتوون، جەرحی کردوون. ئەوە دەسەڵات و تەوانایی شی کردنەوەی ئەم کەسایەتییە ئەگەیێنێت.

مامۆستا ئەحمەد قازی:

زۆرم تێبینی هەیە لە سەر نووسینەکانی مامۆستا. مامۆستا هاوکارمان بوو. نووسینەکانی مامۆستا جیاوازییەکیان هەبوو  لەگەڵ نووسینەکانی خەڵکی شار (نووسەرێک کە لە شار هەڵقوڵاوە). مامۆستا ئاشنایەتییەکی زۆری دەگه‌ڵ ئەدەبی دێهاتی هەبوو (من ئێستاش پێموایە بەشێکی زۆری ئەدەبی ئێمە، ئێستا خێڵاتی و عێلاتی و فۆلکلۆریک و ئەمانەیە. وە تازە ئێمە خەریکین دەچینە ناو کۆمەڵێک فەزای تازە لە نووسین دا کە ڕەخنەی نوێیە، فەلسەفە و مەعریفەی تازە و شتی وا هاتوونەتە گۆڕ، بەڵام هێشتا بێ نیازنین لەو ئەدەبە کە ئەدەبی فۆلکلۆریکی ئێمەیە و ڕیشەی دە دێهات و بەیت وباو و چریکە و ئەوانە دایە) مامۆستا ئەو تایبەتمەندییەی هەبوو زۆر شارەزایەتیی لە ئەدەبیاتی دێ دا هەبوو. بێجگەلە ئەوەش مەلا بوو، ئەدەبیاتی عەڕەب و ئەدەبیاتی فارسی دەناسی،و ئەوجارەکە لە شار دانیشتبوو  لەگەڵ کەش وهەوای شاریش زۆر ئاشنا بوو؛ ئاکام و بەرهەمی ئەو ئاشنایەتییانەی مامۆستا (ئەو ڕەهەندانەی باسم کرد)، ئەوە بوو کە زبانێکی تێروتەسەل و پاراوی هەبوو دە نووسین دا. دەستی بۆ هەر چەشنە نووسینێک بردبا، لە ئایینی ڕا بگرە هەتا تەنزێک، تا وتارێکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی یا سیاسی، هەمووی لە سەر ڕێزمان و لە سەر زمانەوانییەکی زۆر ساغ و سڵامەت و پتەو دەنووسی؛ نووسینەکانی بێ عەیب بوون لە ڕوانگەی منەوە. ئەو تایبەتمەندییانەی زۆر هەبوو مامۆستا.

د. سەلاحەددین خەدیو:

بیرەوەرییەکی خۆشم لە مامۆستا هەیە.

دە ساڵ لەمەوپێش لە زانستگای تەورێز خوێندکاربووم. ئەوکات گۆڤارێکمان دەردەکرد بە نێوی «ڕوانگە»؛ «دوومانگ-نامە»یەک بوو کە تایبەت بوو بە پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئەوانە. ڕێک ئەوکات لە شاری مەهاباد کۆڕیادێک بوو کە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی مامۆستا هەژار گیرابوو (جۆزەردانی ساڵی 1381ی هەتاوی ـ 2002ی زایینی). ئەمن بەداخەوە نەمتوانی بەشداری بکەم؛ لە «تەورێز» بووم. دواتر بۆیان گێڕاینەوە کە مامۆستا ئەحمەدیان لەو کۆڕەدا بەشداری کردووە و وتارێکی زۆر بەپێزی پێشکەش کردووە. کابرای ڕۆژنامەنووسیش هەمیشە لە وتار و بابەتی چاک دەگەڕێ، هەر بۆیە ئێمەش زۆر زوو پەیوەندیمان  لەگەڵ مامۆستا گرت کە ئەو وتارەی لێ وەربگرین و لە «ڕوانگە»دا بڵاوی بکەینەوە. مامۆستا هەر وەک کوتم کە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوە بوو زمانێکی فاخیری هەبوو لە قسەکردن دا،و لە نووسینیش دا خاوەن پەخشانێکی موسەججەع و قافیەدار و بە قەولی مامۆستا ئەحمەدی قازی، خاوەن کوردییەکی لادێیی و پەتی و ڕەسەن بوو. ئەو کوردی قسەکردن و کوردی زانینەی مامۆستا لە قسەکردنەکەشی دا هەر ڕەنگی دەداوە؛ تەنانەت لە قسەکردنی ئاساییشی دا. مامۆستا فەرمووی: «بەچاوان وتارەکەتان دەدەمێ؛ پێش ئێوە «کاک ئەحمەدی بەحری» (سەرنووسەری گۆڤاری مەهاباد)  لەگەڵ «کاک ئەحمەدی بەڕڕی» (کە مەبەستی کاک ئەحمەدی قازی بوو کە ئەوکات سەرنووسەری گۆڤاری «سروە» بوو) دەوری منیان دابوو دەیانهەویست لە «ئەحمەد»ی کوڕمی بستێنن ئەو وتارە (سێ دانە «ئەحمەد»ی لە لای یەک دانابوو)، بەڵام بەچاوان ئەمن دەیدەم بە ئێوە». هەر واش بوو؛ دای بە ئێمە و ئێمەش بڵاومان کردەوە.

د. شاهباز موحسینی:

لە یادمە ئەو کاتەی لە «تاران» خوێندکاربووم، کۆتاییەکانی خوێندنم لە خولی کارناسی (لیسانس) بوو؛ هاتمەوە بۆ «سەقز». مەڕحوومی محەممەد محەممەدی (کە لە سەقز بڵاوکراوەی هەبوو)، جارێکی چوومە لایان ، فەرمووی کتێبێکم چاپ-کردووە، کتێبێکی باشە بە کەڵکی تۆ دێت بیخوێنەوە. کە کتێبەکەی دامێ، لێم کڕی، «سیمایِ صادقِ فاروقِ اعظم» بوو؛ زۆرم کتێبەکە پێ خۆش بوو؛ کتێبێکی ئەستوور بوو. دەستم کرد بە خوێندنەوەی. زۆرم لەززەت لێ برد. زۆر زانیاریی باشی مێژوویی سەبارەت بە کەساییەتیی خەلیفەی دووەم حەزرەتی عومەر (ڕەزای خودای لێ بێ) پێدام. دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەو کتێبە زۆر پێشوازیی لێ کراوە لە کۆمەڵگادا و زۆر زوو بە چاپی دووەم گەیشت. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە لە هەوەڵین دەرفەت دا بچمە مەهاباد و بچمە ماڵی مامۆستا و بەخزمەتیان بگەم و دەستی ماچ بکەم و ئاشناببم  لەگەڵ بەڕێزیان. دیارە عەڕەب شتێکی جوان دەڵێ، دەڵێ: « إن آثارنا تدل علينا فانظر بعدنا إلى الآثار »، بۆخۆیان لە ژیان دا نین، بەداخەوە، بەڵام کتێبەکان و ئاسەواریان هەیە و ئێمە ئەتوانین کەڵکیان لێ وەربگرین هەمیشە لە خزمەت ئەو پیاوە و بیر و بۆچوونەکانی دا بین و هەروەها لە خزمەت بیر و بۆچوونەکانی هەر پیاوێکی دڵسۆز، هەر بلیمەتێک، هەر کەسایەتییەک، هەر شاعیرێکی بەکەڵک بۆ کۆمەڵگا.

لە خوای گەورە داوادەکەم کە ئینشائەڵڵا ڕووحی پیرۆزی ئەو پیاوە گەورە لەگەڵ خاسانی خۆی  مەحشوور بکا، هەروەها کە مەشهوورە «مِدَادُ العُلَمَاءِ أَفضلُ مِن دَمَاءِ الشُّهَدَاء»، گەورەترین و بەرزترین پاداش بدات بە ڕۆحی پیرۆزی ئەو پیاوە گەورە کە ئەو هەمووە چالاکی و دڵسۆزیی بۆ گەلەکەی و بۆ ئایینەکەی کردووە.

د. ئەحمەد نیعمەتی:

 «کەلامی جەدید» لە کوردەواری دا باونەبوو، هەر «کەلامی قەدیم» باوبووە. من خۆم «کەلامی جەدید»م لە زانستگا لە لای ئوستاد «موحەممەد موجتەهیدی شەبیستەری» خوێند. بەڵام کاتێک «کەلامی جەدید»ی «مامۆستا مەلا عەبدڵڵا ئەحمەدیان»م بینی، سەرم سوڕما لەوەی کە ئەم پیاوە چۆن گەیشتووەتە ئەمانە. ئەم پیاوە چ موتالەعاتێکی بووە؟ نەگەڕاوە خۆ؟ ئەو کە بە عالەمی ئیسلامی و وڵاتانی تردا نەگەڕاوە، ئەم فکرە و ئەم ئەندیشەیەی چۆن هێناوە؟ ئەگەر ئێستا تەماشابکەی ئەم کتێبە زۆر گرینگە. ئەم وتانە هەم لە بارەی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیانەوە، هەم لە بارەی عالمانی کوردستان دا، فەقەت «تەجلیل» نییە، بەڵکوو «تەحلیل»ە، تەحلیلێکی واقعیی لەو ڕەفتارەدا کە من ئەیزانم.

مامۆستا ئەحمەدی قازی:

من ئاخرین جار کە بە خزمەتی گەیشتم، نەخۆشییەکی زۆر سەختی هەبوو (پێم وا بێ شێرپەنجەی مەعدەی هەبوو)، لە سەر گازی پشت کە کەوتبوو، لەو حاڵەدا کە دەیزانی بەو زووانە کۆچی دوایی دەکا و بەجێمان دەهێڵێ، کتێبێکی بەدەستەوەبوو دەیخوێندەوە؛ لە حاڵی نەخۆشییەکەی دا. ئەوە بیرەوەرییەکی هەم جالبە بۆ من، هەم بەڕاستی بیرەوەرییەکی تاڵیشە؛ چون دەمزانی مامۆستامان لەدەست دەچێ.

عەبدولعەزیز سەلیمی:

من باسی ئەوەم کرد کە مامۆستا من لە کرماشان جارێکیان بەڕێکەوت لای وەکیل(پارێزەر)ێکی دادگوستەری بووم. من هەر بە لیباسی کوردییەوە لە وێ بووم. وتی: تۆ ئەهلی سوننەتی؟ وتم: بە:ێ. وتی: مامۆستا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان ئەناسی یان نایناسی؟ وتم: من ئاشنایەتیم هەیە لە خزمەتی دا و یەک ـ دوو جار بەخزمەتیان گەیشتووم. وتی کتێبێکیم خوێندوەتەوە زۆر کەڵکم لێ وەرگرتووە و بەڕاستی گۆڕان و ئاڵ وگۆڕێکی بناغەیی لە بیر و بۆچوونی من دا پێک هێناوە. وتم کام کتێب؟ وتی: کتێبی «سیمایِ صادقِ فاروقِ اعظم». هەر چۆنێک بێ، ئەمەم بۆ مامۆستا گەڕاندەوە، فەرمووی ئەگەر گەڕایەوە بۆ کرماشان لە لایەن منەوە بڕۆ بۆ لای ئەو برادەرە، ئەو وەکیلی دادگوستەرییە، ڕێز و سڵاوی منی پێ بگەیێنە،و کتێبێکی-تری من کە وەک دیارییەک بۆی ئەنووسم بۆی بەرە. دوای ئەوە کە گەڕاینەوە بۆ کرماشان، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، چووم بۆ دەفتەری ئەو وەکیلە، دەرگای دەفتەرەکەی داخرابوو، ژمارە تەلەیفوونێکی بوو، یادداشتم کرد و زەنگم لێ دا کەسێک هەڵیگرت، وتی نەخۆشە و بردوویانە بۆ تاران بۆ خەستەخانە. حەوتەیەک ـ دە ڕۆژی دوایی کە کتێبەکەم  لەگەڵ خۆم برد (بۆ ئەوەی ئەو دیارییەی مامۆستا ئەحمەدیان بدەم بەو برادەرە)، بەداخەوە ئاگەهیی کۆچی دوایی ئەو وەکیلە لە سەر دەرکی دەفتەرەکەی داکوترابوو.

ئەمە بیرەوەرییەک بوو کە لە خزمەتی مامۆستادا بووم. مامۆستا ئەلحەملای یەکێک لەو عالم و زانایانە بوو کە وەکوو ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمانی عیلم و زانیاری و ئەدەبیاتی کوردی دا ئەدرەوشێتەوە. خوای موتەعال دەرەجاتی عالی بفەرموێ و جێگەی ئەو بە خاپی نەهێڵێتەوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد