تاريخ: ۱۳۹۷ سه شنبه ۱۵ خرداد ساعت ۱۱:۲ بازدید: 407      نظرات: 0      کد مطلب: 8598

گوت‌وبێژی تایبه‌تی هاژه لەگەڵ هونه‌رمەندی بواری مۆسیقا "شۆڕش ئه‌بووبەکری" ناسراو به شۆڕەسوار


* ساڵی 1358 لە شاری سەدەشت لەدایک بووە

* دیپلۆمی زانستەکانی ئینسانی وەرگرتووە

* یەکەم گۆرانی بە نێوی "بەهەشتی ئارەزوو" لە ساڵی 1384 لەگەڵ شەهباز شاهین‌پوور تۆمار کردووە

* ئاڵبۆمێکی بەنێوی "هەرمان" بڵاو بۆتەوە کە لە‌خۆگری 14 تڕاکە

* ساڵی 1381 فێرگەی موسیقای "ماهور"ی لە سەردەشت دامەزراند که نزیکەی 10 مانگ چالاکی بووە

* لە پاییزی ساڵی 1388دا لە سەرڕاوە فێرگەیەکی هونەری دیکەی بەنێوی "ئاوای کورد" دامەزراندووە

 

هاژە: کاک شۆڕش چۆن بوو هاتنەوە نێو دنیای هونەرەوە، ئەوە لە ڕووی زەوقی خۆتان یان بنەماڵەیی بووە یان بۆ شتێکی تایبەت دەگەڕێتەوە؟

من ساڵی 1368 لە قۆناغی سەرەتایی (ابتدایی) ئەندامی گرووپی سروود بووم، لە قۆناغی ناوەندی (راهنمایی) لە شانۆ ڕۆڵم دەگێڕا و لە قۆناغی دواناوەندی‌‌ (دبیرستان) ئامێری تارم کڕی و دەستم بە کاری مۆسیقا کرد و لەو ئەو شتانە‌وە دەردەکەوێ کە هونەر لە دەرونی‌ مندا بووە، بابم کەسێکی ئایینی بوو بەڵام دایکم لە بنەماڵەیەکی ئازادتر بوو و ئەو زۆرتر پاڵپشت و هاندەری من بوو. لە ساڵی 1377 کە من تارم کڕی و بۆ فێر بوونی ڕووم لە بانه و دواتر مەهاباد کرد، بابم زۆر لەوە دەترسا کە من ڕوو لە شتێکی نامۆ بکەم، بە گشتی ئەوەت پێ بڵێم ئەگەرچی لە بنەماڵەی ئێمەدا کەسێکی دەنگ خۆش و ئەهلی هونەری تێدا نەبوو، بەڵام لە هەمان کات‌دا هیچ کات ڕێگری من نەبوون.

هاژە: نازناوی "شۆڕەسوار"ی شۆڕش ئەبووبەکری بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

پێم خۆش بوو نێوێکی کورت کراوەم بۆ کاره هونەرییەکانم هەبێ و چون فێرگەکەم لە سەردەشت نێوی سوارۆ بوو لە نێوان "شۆڕش" و "سوارۆ"دا "شۆڕەسوار"م لێکداوە.

هاژە: لە سەر ئاڵبۆمی "هەرمان" کە لەم دواییانەدا بڵاوتان کردۆتەوە بۆمان بدوێن؟

ئەم ئاڵبۆمە 14 تڕاکی لە خۆ گرتووە کە تڕاکێکیان بە دوو جۆر فۆڕمەت گوتراوەتەوە. گۆرانییەکانی ئەم ئاڵبۆمە لە چەند بەشی وەک گۆرانی فۆلکلۆر، ئاوازەکانی خۆم و گوتنەوەی گۆرانی مامۆستاکانی‌‌تر پێک هاتووە. 7 دانە لە گۆرانییەکان ئاوازی خۆمن کە لە پێوەندی هەیە بە باس گەلێکی "عاشقانە، ڕووداوە تاڵەکانی وەکوو ئەنفال، کیمیابارانی سە‌ردەشت و شیناوێ"، هەروەها تێکستی دوو گۆرانی بۆخۆم نووسیومه. گوتنەوەی گۆرانی فۆلکلۆرییەکانی وەکوو "گەوهەرێ" کە من لە کاک خوسرەو ماملێ‌م بیستووە و من "گەوهەرێ"م گۆڕیووە کردوومەتە "کیژی ئالانێ"، کرماشانەکەی مامۆستا حەسەن زیرەک و گۆرانییەکی مامۆستا سەید عەلی سەردەشتی گوتووەتەوە. لە گۆرانییەکانی دیکە لە شێعری خالەق نەقیب، مامۆستا هێمن، ک.د. ئازاد و سەید عەلی سه‌ردەشتی کەڵکم وەرگرتووە.

 

هاژە: دەوترێ خەریکی نووسینەوەی ژیاننامەی مامۆستا خدر قادری "خلە دەرزی"ن، چەندە ڕاستە؟

بەڵێ، کتێبێکم بۆ مام خدری بە دەستەوەیە کە بەشێکی لە بەیتەکان، حەیرانەکان، سەربەندەکان و چەند وت‌ووێژێکمان کە لەگەڵ خۆی کردووە و لە ساڵی 1388دا بەرهەمەکانیم بە ماوەی 2 کاتژمێر بە دەنگی خۆی لە ستۆدیۆی ئازاد میرزاپوور لە تاران تۆمار کردووە کە دەمەوێ CD دەنگی خۆی لەگەڵ کتێبەکە پێکەوە بێت. لە بەشێکی کتێبەکەدا وێنە کۆنەکانی خۆی لە ڕابردووە تا ئێستا و هەروەها وێنەکانی لە فێستیڤاڵەکان پێک هاتووە. هەر لە نێو کتێبەکەی مام خدری بە تەمام ئاوڕێک لە حەیران‌بێژان و بەیت‌بێژانی سەردەشت بدەمەوە و هەر هیچ نەبێ دوو لاپەڕە بۆ ناساندنی ئەوان تەرخان بکەم و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیک‌دا بتوانم چاپی بکەم.

پارەکانێ فیلمێکی دێکۆمێنتاریی یەک کاتژمێریم لە سەر مام خدری دروست کرد کە لە قۆناغی مۆنتاژ دایە و بە ئیحتمالی زۆر نێوی "ئازیزە"ی لێ بنێم.

حەولێکی زۆرم بۆ سازکردنی پەیکەره‌ی مام‌خدری بە مەبەستی دانانی لە یەکێک لە مەیدان و شه‌قامەکانی شاری سەردەشت‌دا و تەنانەت لەگەڵ مامۆستا هادی زیائەددینیش قسەمان بڕاوە، بەڵام شووڕای شار هاوکار نەبوون.

هاژە: هاوکاری ئێوە لەگەڵ گۆڤارەکانیش بەردەوامە؟

هەڵبەت من خۆم بە نووسەر نازانم، بەڵکوو جار و بار بە پێی پێویست ئاوڕم لە تاقمێک لە شتە گرینگەکان و کەسانێک کە تەمەنی زێڕینیان لە ڕێگای فەرهەنگ و هونەردا تەرخان کردووە داوەتەوە. زۆربەی نووسراوەکانم لە گۆڤارەکانی مەهاباد، کوردستان ڕاپۆڕت، هاووڵاتی، دیدگاە و...دا بڵاوبوونەتەوە. 

هاژە: لە نێو گۆرانیبێژانی کورد کامیان زۆرتر لە سەر بەڕێزت کاریگەر بووە؟

لە ماڵێ خۆماندا دەنگە ڕەسەنەکانی وەک مامۆستایان محەممەد ماملێ، حەسەن زیرەک، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی و تاهیر تۆفیق له کۆنەوە هەبوون، بەڵام ماملێ کاریگەری زیاتر بوو لەسەر من.

هاژە: کەمێکمان باسی فێرگەی "سوارۆ" کە بەڕێزت دامەزنێنەرەی بووی بۆ بکەن...

لە ساڵی 1381 بۆ یەکەم جار لە سەردەشت فێرگەکمان بە نێوی "ماهور" دانا کە وانەکان بە یارمەتی هونەرمەندانی مەهاباد و سەقز و بانە وەکوو عەلی تاهیری، ڕەشید حەیدەری، وریا کەریمیان، فەرۆخ فولادی، سەلاح خزری، جەلال ڕەحیمی، ڕەزا عەبدوڵڵا، وریا کەریمیان هەفتەی ڕۆژێک لە کانوونی بارهێنانی منداڵان و موجتەمەعی فەرهەنگی دەگوترانەوە. دوایە بە هۆی فشار و نەبوونی جێگایەکی تایبەت وەک بنکە، حەولماندا جێگایەک بۆخۆمان وەک هونەرکەدەیەک دابمەزرێنین. لە کتێبخانەی (ابن سینا) ڕا نامەیەک بۆ ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد نووسرا کە لەم بارەوە هاوکاریمان بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوان دەستیان نەگرتین. لەو ساڵدا (1381) بۆ ماوەی 10 مانگ چالاکیمان هەبوو کە نزیکەی 102 کەس لەم وانانەدا بەشداریان کرد کە 12یان خانم بوون بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 1382 سکاڵامان لە سەر کرا و بنکەکەمان داخرا. لە زستانی 1387 توانیم لە تاقیکارییەک لە تاران بەشداری بکەم و لەوێدا وەک "بەڕێوەبەری فێرگە" مۆڵەت وەرگرم، نێوی "سوارۆ"م بۆ دانابوو، بەڵام ئه‌و نێوەیان تەیید نەکرد هەر بۆیه نێوەکەیم بە "ئاوای کورد" گۆڕی و نامەکەی من لە تاران ڕا بۆ ورمێ بە 2 هەفتان هات بەڵام وڵامی نامەکەم لە ورمێ ڕا بۆ سەردەشتێ بۆ دانی مۆڵەت 3 ساڵی خایاند. پاییزی 1388 فێرگەکەم دامەزراند و تا بەهاری 1395 چالاکیمان کرد. لە ساڵی 1390 مۆڵەتی من یەک ساڵە بوو یانی تا 1391 و لەو ساڵەوە تا ساڵی 1395 مۆڵەتەکەیان بۆ درێژ نەکردمەوە و ناچار فێرگەکەمان لە ساڵیی 1395 داخەست. 

هاژە: ئاستی فێرکردنی ئامێرەکانی موسیقا لە بەشی منداڵان‌دا چلۆن دەبینی؟

مۆسیقای منداڵان لە ناوچەی ئێمەدا ساوایە، 15 ساڵێک دەبێ مۆسیقای "ئۆرف" هاتۆتە کوردستان و لە هەموو فێرگەی شارەکان دەگوترێتەوە کە لەوێدا سازی "بێڵز" و "فلوتی ڕێکۆردی" فێری منداڵان دەکەن.

 

هاژە: بە بڕوای ئێوە گۆرانی کوردی لەو باروودۆخەی ئێستادا توانیوێتی ڕەسەنایەتی خۆی بپارێزێ؟

بە خۆشحاڵییەوە تاقمێک هونەرمەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن کە تەنیا لە سەر مۆسیقای کلاسیک و فۆلکلۆر کار دەکەن کە ئەوەش بایەخی تایبەت بە خۆی هەیە و جێی پێزانینە، هەڵبەت ئەوانیش داهێنانێکی وایان نەبووە کە بە بەرهەمە کلاسیکەکان زیاد بکرێ، بەڵکوو تەنیا خەریکی دووپاتە کردنەوەی بەرهەمە تۆمار کراوەکانن، بەڵام هەر ئەوەی کە ئامێر و مێلۆدییە ڕەسەنەکان دەپارێزن جێگای دڵخۆشییە.

بەڵام بەداخەوە چون ئێمە زانکۆ و ناوەندێکی بەهێزمان لە بارەی مۆسیقای کوردییەوە نییە، شتەکە شپرزە و هاڵۆزە. فێستیڤاڵێک کە بە بیری 6 _ 5 کەسی دروست دەبێت، بەداخەوە ئاڕشیوێکی ئەوتۆی لێ نایەتە دەرێ و ئاکامێکی وەهای لێناکەوێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەداخەوە میدیای کوردی ئەو جۆرەی کە دەبێ گرینگی بە مۆسیقای ڕەسەن بدا نایدات. هەروەها لە لایەنێکی دیکەشەوە ئەگەر چاوی لێکەی بەشێک لە هونەرمەندان وەدووی مۆسیقای ڕۆژئاوایی دەکەون کە ئاهەنگی ڕۆژئاوایی کۆپی دەکەن و تێکستی کوردی لە سەر دادەنێن و نێوی دەنێن داهێنان کە وەک هەموو شتێک دەچێ، وەک داهێنان ناچێت، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش مۆسیقای ڕەسەن ئێستاش هەر لە پێگە و جێگەی خۆیەتی.

کەریم کابان لە وت‌ووێژێک‌دا کە لەگەڵم کرد، پێی گوتم: "گوێگر تینووی شتی نوێیە"، بەڵام بەداخەوە کاری هونەری ئێستاکە بۆتە کۆپی کارە ڕابردووەکان بە شێوازی مۆسیقایەکی جیاواز. هەروەها ئێمەی کورد کێشەی شاعیری "تەرانەسەرا"مان هەیە کە بەداخەوە نیمانە و ئێمە هەر دەزانین لە سەر "تەسنیف" کارێ بکەین.

هاژە: لەسەر دێکۆمێنتار و حەول و تێکۆشانتان کە لە ڕێگەی وت‌ووێژ و چاوپێکەوتن لەگەڵ هونەرمەندان کردووتانە بۆمان بدوێن.

من لەسەر ئەو بابەتە لە 3 بەش‌دا کارم کردووە، یەکەم کاری فێستیڤاڵەکان وەکوو "یادی ماملێ / 1383"، "پاییزە / 1383"، "خدر قادری [خلەدەرزی] / 1383"، "یادی قادر عەبدوڵڵازادە [قالەمەڕە] / 1393"، "یادی عەباس کەمەندی / 1394"، "کۆنسێرتی پەژوهێشی بۆ منداڵان / 1390 و 1395".

بەشی دێکۆمێنتاری و کلیپ "بۆ ماملێ / 1386"، "قادر عەبدوڵڵازادە [قالەمەڕە] / 1387"، "عوسمان محەممەدی [عوسمانە سوور] / 1388"، "ئیبڕاهیم قادری / 1390"، "سەیدعەلی سەردەشتی / 1388"، "سمایل ئاغای چۆگانی / 1396".

هەروەها بەشی کورتە فیلم [فیچەر] بۆ کاناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ "عەزیز شاروخ، جەعفەر مینایی، کاک قودرەتی نایەژەن، ئامینە خانمی خێزانی مامۆستا محەممەد ماملێ، بێڵندانە، گوندی بێوران " کراون کە کورتە فیلمی "مامۆستا عەزیز شاروخ، بێڵندانە و گوندی بێوران" بڵاوبوونەوە.

وت‌ووێژەکانیشم لەگەڵ سەید عەلی سەردەشتی [بڵاونەکراوە]، محەممەد کەمانگەر لە سەر ڕادیۆ کرماشان، کەریم کابان، عەباس‌ کەمەندی، عەزیز شاروخ، سەلاح داوودە کراون.

 

هاژە: کەلێنەکانی مۆسیقای کوردی لە ئێستادا چین؟

ئێستا مۆسیقا بە سیما و ڕەنگەوە گرێ دراوە، لە ئێستادا ئەگەر تۆ بتهەوێ بەرهەمێک بدەیە دەرێ بێ ساز کردنی فیلم ئەو شوێنەوارەی نابێ. بەداخەوە ئێمە وابەستە بە کاناڵەکانی باشوورین. بەڵام ئەوانەی کە ئێستا بەنێوی هونەرمەند لە کاناڵەکانی باشوور وەرده‌دەکەون، ئەوەی نایزانن بایەخی هونەره و هەر بۆیە کاڵی بەرهەرمەکانیان ئەوشتە بە باشی دەردەخا.

ئاڵبۆمەکان کە دێنە دەرێ، لە هیچ فیلتێرێک ڕەت نابن، دەڵێن با هەر زۆر بێ و بۆر بێ، لەحاڵێک‌دا ناوەرۆکەکانیان پووچە.

هاژە: کاری هونەری بۆ داهاتوو چیتان بە دەستەوەیە؟

دەمهەوێ لەسەر دیکلەمەی شێعر کار بکەم و بە تەمام شێعری "سووڕی دەوران"ی مامۆستا هێمن کە تێمەکی عاشقانە و سیاسی هەیە و زۆر پەیامی تێدایە بیڵێمەوە.

هاژە: کۆتا وتەتان...

هیوادارم فەزا بۆ هونەر و هونەرمەندان زیاتر ئاواڵا بێ و هونەرمەندان بۆ ئەوەی بیانهەوێ پێکەوە و لە تەنیشت یەک‌دا کار بکەن دەبێ زیاتر دڵیان فراوانتر بێ...



 






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد