تاريخ: ۱۳۹۷ شنبه ۵ خرداد ساعت ۱۲:۵۶ | بازدید: 2282 نظرات: 2 کد مطلب: 8566 |
دکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل) کۆچی دوایی کرد
نوسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ دکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە شەپۆل ساڵی 1312 هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمان پەروەر لە شاری مەهاباد چاوی بە جیهان کرایەوە.
مامۆستا شەپۆل کوڕی خوالێخۆشبو مەلا ئیبراهیم کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلامحەمەد بوو کە بە عالم و زانایەکی پسپۆڕ لە کاتی خۆی لە نێوان خەڵک بانگ و ئاوازەی هەبوو.
مامۆستا شەپۆل لە مناڵی بە داب و نەریتی قەدیم کتێبە سەرەتایەکان وەک قورئانی پیرۆز لای بابی فێر بوو و پاشان لە حوجرە لای مەلایانی زانا علومی قەدیمی دینی تەواو کرد و پاشان هەر لە مەهاباد لای حاجی مەلاحوسێن مەجدی درێژەی بە خوێندن و تۆێژینەوە داوە.
دوای تێپەڕ کردنی ئەم قۆناغانە ئیجازەی دەرس گوتنی وەرگرتۆ و لە ساڵی 1335 هەتاوی بۆتە خەتیب و ئیمام جومعەی خانقەی نەهری و لە هەمان کاتدا بۆتە مودەریس لە مزگەوتی سوور.
مامۆستا شەپۆل وەک تەواوی کاتەکانی ژیانی تینوی فێر بوون بوو و ئەمەش بو بە هۆی ئەمەیکە شاری مەهاباد و دەرس گوتن لە مزگەوت جێ هێڵێ و کۆچ بکات بۆ تاران و لەوێ درێژە بە خوێندن بدات. مامۆستا لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و قۆناخی دوکتوڕا و باڵا دکتوڕای لەم زانکۆیە تەواو کرد و پاشان بو بە مامۆستای علومی قەزایی زانکۆی تاران.
مامۆستا شەپۆل ساڵی 1343 هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگای کوردی کرد و تا ساڵی 1391 هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.
مامۆستا جگە لە هاوکاری ڕادیۆ تاران بۆ پەرەدان بە کوولتور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی 1347 بە هاوکاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی و محەمەد سادقی موفتی زادە و مامۆستا سوارە ئیلخانی زادە و چەند کەسی دی کانونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراند.
مامۆستا شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی زگماک توانی دوای فەراز و نەشێوێکی زۆر گۆڤاری ((گرشەی کوردستان)) دامەزرێنێ و لە نۆ مانگدا 9 ژمارەی ئەم گۆڤارەی وەدەر خست و ئەم ئاواتەشی بە ئارمانج گەیاند.
مامۆستا شەپۆل 35 بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن و بوونە مایەی دەوڵەمەندی هەرە زیاتری کتێبخانەی کوردی.
ئەم تێکۆشین و بەرهەمانە نیشاندەری ئەوەن کە مامۆستا ژیانی خۆی تەرخان کردوە بۆ گەل و کولتوور و ئەدەبیاتی کوردی، هەرچەند زۆر جاران بۆ چاپ کردنی ئەم بەرهەمانە تووشی دەست تەنگی دەبوو بەڵام ئاگادار بوو کە دەوڵەمەندی پارە گرینگ نیە و دەوڵەمەندی ڕاستەقینە لە خزمەت کردن بە گەل و نیشتمانەوە وەدەر دەکەوێ و دیارە دەوڵەمەندی ئەم مامۆستایە وێنەی بەحرێکی بێ بنە.
چەند بەرهەمی مامۆستا کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکەم بریتینن لە:
1-وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی
2-ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی رابەری کابیری کورد
3-گەنجینەی فەرهەنگ و زانست
4-زانایانی کورد
5-کۆبانی
6-باوی کۆمەڵایەتی
7-ژنانی کورد لە مێژوو دا
مامۆستا بە بۆنەی خزمەت و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کورد بو بە سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگی کوردی و هەروەها چەندین خەڵاتی ئیفتیخاری لە کۆڕە ئەدەبێکان پێشکێشی کرا کە یەکە لە هەرە خەڵاتە گرینگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و هەروەها میداڵی ئیفتیخاری دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی بەدرخانی بەرەو ئازادی ڕۆژنامەنیگاری کوردستان بە ناوی خەڵاتی نوسەر و لێکۆڵێنەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ درا.
مامۆستا شەپۆل تا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی دەستی لە نووسین هەڵنەگرت و گوڵێک بو لە گوڵستانی زێڕینی ئەدەبیاتی کورد و کە لە درێژایی تەمەندا تەنیا ڕێگای خزمەت بە گە و نیشتمانی گرتە بەر و ئەمڕۆ بە داخەوە چەپگەردی گەردون ئەم گوڵەشی لە گوڵستانمان چنی بەڵام یاد و یادرگارت بە بۆنەی بەرهەمە بە نرخەکانت لە دڵمان زیندوویە و چرای ڕوناکت لە دڵمان پڕ سۆیە و ئێمەش درێژەدەری ڕێگاتین.
مامۆستا شەپۆل ڕۆژی 5ی جۆزەردانی 97ی ههتاوی دوای ماوەیهکی کورت ململانێ لەگهڵ نهخۆشی له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێ.
سوپاس بۆ تێکۆشانت
بە دیداری ئازیزانت شاد بی
کاک ناسر ـ شایستە خانم ـ کاک مستەفا ـ نەسرین خانم ـ کاک ئازاد
شەریکی غەمتانین.
|