تاريخ: ۱۳۹۷ پنج شنبه ۲۷ ارديبهشت ساعت ۱۱:۳۱ بازدید: 725      نظرات: 1      کد مطلب: 8528

گوت‌وبێژی تایبه‌تی هاژه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی بواری ته‌له‌ویزیۆن ڕەسووڵ ڕەحیمی "شەکره"


*ساڵی ١٣٥٠ لە گەڕەکی باخی سیسەی مەهاباد لە دایک بووە
*خوێندنی لە به‌شی ڕێگا و بینا (راە و ساختمان)ی هونه‌رستانی فەننی ته‌واو کردووە
*ساڵی ١٣٧١ بۆ کارناسی لەقی ڕێگا و بینا (راە و ساختمان) زانکۆی ئازادی مەهاباد دەرچووە، بەڵام دوایە بەجێی هێشتووە
*له ساڵی ١٣٦٩ی هه‌تاوییه‌وە له ناوەندی دەنگ و ڕەنگی مەهاباد خەریکی چالاکییه
*یەکەم کاری هونەری کە لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد کردوویەتی دەورگێڕی لە فیلمی "نەخۆش" بووە
هاژە: چۆن بوو کە ڕەسووڵی ڕەحیمی هاتە نێو دنیای هونەرەوە؟
هه‌ر له منداڵییه‌وە ئه‌و هه‌سته له دەروونمدا هه‌بوو، بەڵام ئەو کەسەی کە هاندەری من بۆ ئەو کارە بوو، مامۆستای وانەم ڕێزدار کاک فاڕووق حەمیدی لە هونەرستان بوو.
هاژە: کاڕاکتێری شەکرە لە کوێ ڕا پەیدا بوو؟
بۆ زەبتی کارێکی ته‌له‌ویزیۆنی که پێکهێنه‌رەکه‌ی کاک عه‌لی خزری بوو یه‌کێک له دەورگێڕان نه‌هاتبۆوه. کاک عەلی گوتی: "بۆ ئەوەی کاتەکە بە فیڕۆ نەڕوا، ئێمە ئەو ڕۆڵەی دەدەین بە تۆ". نێوی ئەو کەسە "بەکرە" بوو، من گوتم: "بەکرە" بە خاتری ئەوەی کورت کراوەی نێوی "ئەبووبەکر"ە شایەد جوان نەبێ". ئەویش کوتی ئەگەر وایە نێوی دەنێم "شەکرە". دواتر کە کارەکەمان دەستپێکرد، سەرجەم هاوڕێیان لەو شتەی کە چاوەڕوانیان هەبوو، زۆر چاکتر هاتە دەرێ. به گشتی دەتوانم بڵێم به‌دیهێنه‌ر و خوڵقێنه‌ری کەسایه‌تی شەکره کاک عه‌لی خزری بووە.
هاژە: لە نێو خەڵکدا پتر به شەکرە دەناسرێن تا "ڕەسووڵ ڕەحیمی" پێتان ناخۆش نییه؟
زۆرتر پێم خۆشە بە نێوی شەکرە بانگم کەن، چوون وا هەست دەکەم خەڵک بیرەوەری خۆشیان لە شەکرە هەیە، جیاواز لە هەموو شتێک، من ئەو کاتە خۆشحاڵم کا هاووڵاتییەک بە دیتنی من شادە.
هاژە: ئەوەندەی کە من زەینم دابێتە کارەکانتان، بەڕێزتان بێجگە لە کاری دەورگێڕان، کاری پێشکەشکاری، دەرهێنەری، تەدوین و ڕێکلامیش دەکه‌ن، ئه‌و هەموو سەرقاڵییه ماندووتان ناکا؟
ئەگەر هاووڵاتی و میللەتەکەت و  فەرهەنگ و داب و نەریتی ناوچەی خۆت خۆش بوێ، خزمەت کردنت هێندەی تر خۆشە. من هەمیشە بە قەدەر توانای خۆم حەولم داوە ئەو جوانی وڵات و فەرهەنگە دەوڵەمەندەی بە گەلەکەی خۆم بناسێنم. چەند ساڵ لەوە پێش دوو فیلمی بەڵگەیی بە نێوی (زنان کورد) و (رنگین کمان زندگی)مان کار کرد کە بۆ شەبەکەی سەراسەری بەڕێ کرا.
لە سەر پێشکەشکاریش ئەوەی بڵێم کە من پێشکەشکارێکی باش نیم، بەڵام دۆستان لە سەر ئەو بڕوایەن کە چۆن من ڕاوێژ و گفت و لفتێکی ئاساییم لەگەڵ خەڵک هەیە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەردەنگ بە دیار بەرنامەوە دابنیشێ. لە بواری ڕێکلامەوە، بە ڕاشکاوی عەرزت کەم، بەشی سەرەکی بژیوی ژیانی من، لە بەشی ڕێکلام کردن دابین دەبێت. دەنا بەشی موستەنەد، شانۆ و پێشکەشکاری لە بواری ماڵی دا شتێکی ئەوتۆی بۆ من تێدا نییە کە من دڵمی پێخۆش کەم.
من لە ساڵی ١٣٦٩وە لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد کار دەکەم، بەڵام بە‌داخەوە ساڵی ١٣٨٩ پەروەندەی دامەزراندنی من کراوەتە "شیرکەتی". یانی من نزیکەی ٢١ ساڵم لەو ناوەندەدا کار کردووە حەتا یەک ڕۆژم بیمە بۆ ڕەد نەکراوە. بەڵام دڵخۆشێیەک کە بە کارەکەم و خۆشەویستی و موحیبەتی خەڵکیش لە لایەکی تر، ئەمنی هەمیشە بە کار کردن دڵگەرم تر کردووە و بۆیە من هەمیشە پێزانینم لە هەمبەر ئەمەگی خەڵکەکەی خۆم هەیە.
هاژە: ئایا کاری شانۆشتان کردووە؟
بەڵێ، کاری شانۆ و چوونم بۆ دەنگ و ڕەنگ لە یەک کات دا بوون، ساڵی ١٣٦٩ بەڕێز مەسعوود سەید قادر موکری بۆ شانۆی (تلنگر سلیم) بانگی کردم، لەو شانۆیەدا من جێنشینی ٣ نەفەران بووم، یانی هەر کام لەوان نەهاتبایەنەوە، من ڕۆڵی وانم دەگێڕا.
هاژە: ئەو فیلمانەی کە لەواندا دەورتان هەبووە کامانەن؟
یەکەم فیلمم بە نێوی "نەخۆش" لە دەرهێنەری کاک عەلی خزری بووە، فیلمی "توروس" بە پێکهێنەری کاک عەلی ماملێ و دەرهێنەری خۆم، فیلمی سینەمایی "خورشید" بە دەرهێنەری دوکتور حەسەن محەممەدزادە، "شەرتەکانی زەماوەند"، "یەک شەوە"، "تەماح"، "ڕێ"، "آژانس محبت"، "چاو پیس"، "ئاکامی شەکرە"، کۆمەڵە چیرۆکی کۆن بەنێوی "روزی در این دیار"، "این دو نفر" و...
هاژە: لە نێو ئەو فیلمانەی کە ڕۆڵتان تێدا گێڕاون، کامیانتان لە هەموویان پێ خۆشترە؟
وڵامی ئەو پرسیارە سەختە، چون ئەلان کە بیر لە کاک خدر ڕەش ئەحمەدی "حەمە" دەکەمەوە و ئەو بەرهەمانەی کە پێکەوە کردوومانن، بەڕاستی هەموویان جێگای شانازین یا هەر کارێکی کە لەگەڵ کاک هووشەنگی جەعفەرنژاد "مەشەقوڵی" کردوومانە هەمووی بیرەوەرین. بەڵام بەرچاوترین کارەکان کە بۆ هەمیشە لە یاد و دڵی مندا دەمێننەوە، ئەو کارانەن کە کاک عەلی خزری نووسیبوونی.
هاژە: جیاوازی کاری تەلەویزیۆن و ڕادیۆ لە چیدا دەبینن؟
کار لە بەشی دەنگ لەگەڵ بەشی ڕەنگ جیاوازیان هەیە، من تەنیا ١ ساڵ و نیو لە ڕادیۆدا بووم، ئەوی دیکەم لە تەلەویزیۆندا کارم کردووە. تۆ لە بەشی ڕەنگ دا ئەو شتەی کە دەبێ بێلێی دەبێ هەمووی بە بەردەنگەکەت بگەیەنی. لێرەدا ڕووخسار یارمەتیدەرە، یانی کابرا بە دیتنی دم و چاوی دەورگێڕ یا پێشکەشکار دەزانێ کە تۆ ناڕەحەتی یا خۆشحاڵی. ئەگەر وابوو بەردەنگت بێ یەک و دوو دەتوانێ لێرەدا ئەو هەستە بگرێ. بەڵام بە پێچەوانە، لە ڕادیۆدا دەبێ زەحمەتی بۆ بکێشی، یانی لێرەدا تۆ دەبێ بە شێوازی قسە کردنت چۆنییەتی (ناڕەحەتی، شادی، خۆشی) بگەیەنی. لێرەدا دەردەکەوێ کە کار کردن لە ڕادیۆ بە نیسبەت تەلەویزیۆن سەختترە.
هاژە: ساڵانی ٧٠ کە خەڵک چاویان لە تەلەویزیۆنی مەهاباد دەکرد، بەڕێزتان و کاک هووشەنگی جەعفەرنژادیان زۆر به یه‌که‌وە دەدی ، چۆنه کاک هووشەنگ وەک ساڵان لە بەر چاوان نێ؟
پرسیارێکی زۆر باشت کرد، ئێستاکە کاک هووشەنگ زۆرتر لە ڕادیۆ ئیش دەکات و بە ڕاشکاوی ئەوەت عەرز کەم کە ئەو شتە بۆ کەم لوتفی دۆستانی بەشی سیما دەگەڕێتەوە. هونەرمەندێکی وەک کاک هووشەنگی جەعفەرنژاد بەو هەمووە توانا هونەرییەوە نابێ بێکار بێ و حەق نێ جێگەی هونەری بەڕێزیان لە بەشی سیما خاڵی بێ. ئەلان ئەگەر باسی کاک خدر ڕەش ئەحمەدی بکەین، دەڵێین ناسازە و ناتوانێ. بەڵام هونەرمەندێکی وەک کاک هووشەنگ به ڕاستی جێی هەیە ئەگەر نەشکرێ هەموو شەوێ بەرنامەی کاک هووشەنگی ببینین، دەکرا هەر شەو نا شەوێکی بەرنامەیەکی ئه‌ومان دیتبا. ئەلێرەدا کەم موحیبەتی دۆستان بەشی تەهیەیە و دەبێ کەڵک لە هونەری ئەم هونەرمەندە بگیرێ.
هاژە: وەک هونەرمەندێکی کۆمیک، ناوەرۆکی تەنز تا چەند توانیوێتی لە سەر کۆمەڵگا کاریگەر بێ؟
ماوەیەک لەوە پێش لەگەڵ کاک سەعد قازی قسەم دەکرد، گوتم: "کاک سەعد بریا کەمێک لەو سەوادەی تۆ ئی من با" ئەویش دەیگوت: "بریا کەمێک لەو تەنزەی تۆ لە جیاتی سەوادەکەی من با". منیش دەمگوت بۆ وادەڵێی؟  دەیگوت: "تۆ جاری وایە بە شتێکی، هەموو شتێک دەگەیەنی. شایەد من زۆریش بنووسم، بەڵام ئەو شتەی کە دەمهەوێ بیگەیەنم، نەتوانم ئەو جۆرەی کە دەمهەوێ بیگەیەنم".
تەنز لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئاوایە، ئەگەر تاڵ بێ، تاڵەکانی لێ دەبینی، ئەگەر شیرین بێ، شیرینییەکانی دەبینی. تەنز ئێستاکە لە حاڵەتی لۆدەگی هاتۆتە دەرێ و حەتمەن قسەیەکی بۆ گوتن پێیە. یانی ئەگەر بەردەنگ چاو لە کارێکی کۆمیک بکا بێ یەک و دوو لە ئامانجی کارەکە تێدەگا. من لە سەر ئەو بروایەم کە تەنز ئەدەبیاتێکە کە لەوێدا دەتوانی قسەی دڵی خۆت بە باشترین شێوە بە خەڵک ڕابگەیەنی.
هاژە: ماوەی چەند ساڵێکە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد لە بەرنامەکانی دا بە یارمەتی هونەرمەندانێکی وەک ڕێزداران (پەروین مەلەک زادە، ئیبڕاهیم بوومی، فەرهاد ئیرانپەنا و...) لە ئەدەبیاتی کۆمیک کەڵک وەردەگرێ، دەنگ و ڕەنگ چۆن چاو لەو شتە دەکات؟ بە بڕوات شوێندانەری ئەوان لە سەر کۆمەڵگا چلۆن بووە؟
کەسانێکی وەک ئەو بەڕێزانەی کە ئاماژەتان پێکرد، بە حەقیقەت سەرمایەی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهابادن و دەبێ قەدر و بایەخی ئەوان لەبەر چاو گیرێ و پێی بزاندرێ. بە خۆشحاڵییەوە پێگەی تەنز لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباددا جێگای خۆی کردۆتەوە و توانیوێتی بەردەنگ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و هەروەها لە سەر ڕۆڵی کاڕاکتێرەکان لە ناوەرۆکی ئاخاڤتندا توانیوێتی لە سەر چۆنییەتی هەڵس‌وکەوتی کۆمەڵگا جێ پەنجەی دیار بێت.
هاژە: ئێستا خەریکی کارێکی تایبه‌تن؟
ماوەی ساڵێک زیاترە لە سەر داب و ڕەسەنی کوردەواری و فەرهەنگی ناوچە بۆ کاناڵی سەحەر بە پێکهێنەری کاک مستەفا مەحموودی کار دەکەم. لە حەول داین ئەو شتە جوان و بێ وێنانەی کە لە ناوچەدا هەن بتوانین بە بینەرانیان بناسێنین. هەروەها خەریکی ساز کردنی ١٠ کلیپ بۆ ١٠ هونەرمەندی ناوچە بە فیلم هەڵگری کاک کامیار ئاهەنگەری و پێکهێنەری خۆمم. لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵێک فیلمی دێکۆمێنتاری لە سەر دێهات و کشت و کاڵی ناوچە لەبەر دەستم دایە. لە بەشی پێشکەشکاری لە بەرنامەکانی "شەوباش" و بەرنامەی ڕەمەزانی ئەمساڵ دەردەکەوم.
هاژە: که‌واتا ئێستا زۆرتر وەک بێژەرێک دێنە بەر چاوان تا وەکوو کەسێکی دەورگێڕ؟ چۆنە لە کاری دەورگێڕیدا نەماون؟
من پێشکەشکاریم زۆر بە دڵ نییە، بەڵام هۆگرێکی تایبەتم بە کاری دێکۆمێنتاری هەیە. دەورگێڕی پیشەی سەرەکی منە، بەڵام من ئێستا دەڵێم: "ئەگەر شەکرە نووسەرێکی باشی هەبێ، دەتوانێ دەور بگێڕێ". بەڵام تا ئێستا ئەو مەتنەی کە بتوانێ دڵی تینووی من ئاو بدا، وەگیرم نەکەوتووە. دەنا پێم خۆشە سبەینێ نووسەرێک پەیدا بێ بڵێ وەرە کاری شانۆ یا فیلمم لەگەڵ بکە. من لەسەر ئەو بڕوایەم، ئەو کارەی کە ئێستا لە بواری شانۆ و فیلم دەبێ بیکەم، دەبێ حەتمەن لە کارەکانی پێشووم لە سەرتر بێ. ئەگەر کارێک کە نزم بێ، ئەنجام نەدانی لە ئەنجام دانی باشترە.
هاژە: دواین کاری هونەری کە لەوێدا دەورتان گێڕاوە چ کارێک بووە؟
فیلمی "باوەڕ" لە پێکهێنەری کاک ئیسماعیل خزری و دەرهێنانی کاک ڕەزا موعینی بوو کە من لەوێدا ڕۆڵی شووڕای دێم دەگێڕا. ئەو فیلمە تەنیا فیلمێک بوو کە تەواوی دەورگێڕە کۆن و بەناوبانگەکانی ناوچەی لە دەوری یەکتر خڕکردبۆوە و هەموویان لەوێدا دەوریان هەبوو.
هاژە: بۆچی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد لە ساز کردنی فیلم دا کولە، ئەگەر ڕەمەزان هات وەخۆ دەکەوێ و کورتە فیلمێکی ساز دەکات یا فیلمی کاناڵەکانی دیکە دووبڵە دەکاتەوە و بۆ بینەرەکەی بڵاو دەکاتەوە؟
بەداخەوە بەشی نەمایشی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد چەند ساڵێکە لە کزی داوە. ساڵان هەر هیچ نەبا نەمایشێکی ١٠ خولەکی هەر دەبوو. بەڵام ئێستا بە هۆی نەبونی بودجە ئەو بەشە زۆر لاوازە. بە خۆشحاڵییەوە بەرنامە گەلێک بۆ باشتر کردنی ئەم باروودۆخە لە ئارا دایە کە بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی مەهاباد لە پلانی کاری ئەو ساڵدا گونجاندویه‌تی.
هاژە: سپاستان دەکەم کە میوانداری ئێمەتان قەبووڵ کرد.
منیش سپاستان دەکەم  و هیوادارم کە هەر دەم لەش ساغ و بێ‌وەیی بن…






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

۱۳۹۷/۲/۲۸
کاک رسول براستی به تواو معنا هنرمنده

نظر خود را براي ما ارسال كنيد