تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۱۶ شهريور ساعت ۲۲:۸ بازدید: 1655      نظرات: 1      کد مطلب: 1814

بەشی وڵاتانی هەرێمی لەم ناسەقامگرتووییەدا

ئەرسەلان بورنا


 ئەرسەلان بورنا (چالاکی سیاسی)

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی پێگەی تایبەتی ئابووری و ڕامیاری یەکێک لە ناوچە گرینگ و هەستیارەکانی جیهانە کە سنووری جوگرافیایی بە بەردەوامی تووشی گۆڕان و ناکۆکی لەسەر بووە. ئەم ناوچەیە لە دەیە سەرەتایییەکانی سەدەی ٢٠-م هەتا ئەمڕۆکەش لەئاکامی سنوورە دەستکردەکانی بۆ مەبەستە دیاریکراوەکانی ڕامیاری و بەرژەوەندیخوازانە ڕووبەڕووی سڕینەوەی کۆمەڵایەتی، توندوتیژی ئایینی، ڕەشکوژی و کۆمەڵکوژی گەلانی کراوەتەوە. لەلایەکی دیکەوە، دەست تێوەردانی دەرەکی شلەژاوییەکی گشتگیری لە پاش خۆی هێناوە و ناوچەی تووشی چەقبەستوویی کردووە. بەجۆرێک کە کار کردن لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەکان هیچ کات بە سەقامگرتوویی نەگەیشتووە.

فرەچەشنی نەتەوەیی، زمانی و چاندی وەکوو بەشێکی تێکچنراوە لەمەڕ پەیوەندییەکان دەبێ ڕەچاو بکرێ. گرێدراویی و ژیانی کۆمەڵایەتی جڤاتە مرۆڤییەکان پاش هەوڵدان بۆ دامەزراندن و سەقامگرتوویی دەوڵەت – نەتەوەکان دیاردەی جۆراوجۆری بە خۆیەوە دیتووە. جیاواز لەم خاڵانە، بۆشاییەکی گەورەی هزری، ئایینی و نەتەوەیی لە نێوان گەلانی ئەم هەرێمە لە ڕووی مێژوویی بوونی هەیە و ئەوەش خاڵێکی لاواز و پڕ مەترسییە. هەروەها، بەرژەوەندی تایبەتی ڕامیاری و نیزامی وڵاتانی دەرەکی لەسەر قووڵبوونەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی دەرکەوتوو، کاریگەرییەکی نەرێنی جێی هێشتووە. دەست تێوەردانی وڵاتان دەتوانێ بەڵگەیەکی بەهێز بۆ دەستڕۆیشتوویی و تەشەنەسەندنی دوژمنایەتییەکان ببێ.

دوابەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا کۆتایییەکانی سەدەی ٢٠-م قەیرانی نێوان ئیسراییل – عەرەب مژاری سەرەکی لە پەیوەندییە هەرێمی و جیهانییەکان بە هەژمار دەهات. سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی وەک عەرەبستان جەمسەرێکی بەهێز چاوی لێ دەکرێ بەڵام بەشێکی گەورەی لەم ناسەقامگرتووییەدا گێڕاوە. بابەتی ئیسلامی سیاسی هۆی پەراوێزخستنی لایەنە دیمۆکراسیخوازەکان و پەرەیەکی هەموو لایەنەی بە توندڕەوی جیهادی و پشت گوێ خستنی پێوەرە دیمۆکراتیکەکان داوە. ئەمڕۆکە وێڕای سەرنجدان بە چەقبەستوویی دەسەڵاتخوازی لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچە بەگشتی، هەست بە تەکووزییەکی نوێ بۆ دەربازبوونی ناوچە بە قۆناغی دیمۆکراسی دەکرێ. لەم نێوانەدا، کوردان خەریکی وەئەستۆ گرتنی ئەرکێکی دیرۆکی و چارەنووسساز بۆ دیمۆکراتیزاسیۆنی ناوچە و تەوەری ئەم تەکووزییەنە.

وڵاتانی زلهێزی هەرێمی هەرکام زۆر پێداگرانە خوازیاری ئەوەنە دەستڕۆیشتوویی خۆیان لەسەر ئەم دۆخە هەستیارە دەست نیشان بکەن هەتا بە قازانج و لە بەرژەوەندی ئەواندا بشکێتەوە. عەرەبستانی سەعوودی و تورکیا پاش بەهاری عەرەبی هەوڵێکی زۆریان داوە کە شەڕ و ناکۆکییەکان لە سنوورەکانیان دوور بخەنەوە. بەرهەمی ئەم دەست تێوەردانە بۆ تورکیا کوودێتایەکی تێکشکاوە و دەیان تەقینەوە لەناو سنووری جوگرافیایی بووە. عەرەبستانی سەعوودی سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوەی مرۆڤی و مادی پێداویستی بۆ ڕێوەبەرایەتی ئەم دۆخە لەبەردەستدا نییە وێدەچێ لە داهاتوودا ڕووبەڕووی قۆناغی دەربازبوون ببێتەوە. کەوایە، بە دوور ڕاگرتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان مژارێکی یەکجار گرینگ و ستراتیژیک بۆ ئەم وڵاتە و دەسەڵاتدارانی بە هەژمار دێ.

دەرکەوتنی داعش دەکرێ هەوڵ بۆ تێکدانی تەکووزی کۆن و سەرلە نوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێکدانەوەی بۆ بکرێ. بەرەی ڕۆژئاوایی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا پاش هێرشی تیرۆریستی ١١ ڕەزبەر خوازیاری داڕشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ و دیمۆکراتیزاسیۆنی ناوچە بوون. بەڵام پاڵپشتی و یارمەتی ماڵی و چەکداری لە تاقمە تیرۆریستییەکان هۆکاری تێکچنراوەیی زێدەتری پرسەکان چاوی لێ کراوە. لەم دۆخەی ئێستادا، کوردان لە بەرەی یەکەمی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی دژ بە تیرۆر دەورگێڕانێکی بەرچاو و ئەرێنییان بە پشتیوانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ئەستۆ گرتووە. لەم ماوەیەدا، تورکیا وەک نەیاری سەرەکی کوردان ئەگەرچی تووشی زۆر قەیران هاتووە؛ لێ گەلی کورد چ لە سووریا و عێراق یا تورکیا نابێ هەڵسەنگاندنێکی دەمکی و سۆزەکی لە پەیوەندی لەمەڕ گەیشتن بە داخوازییەکانیان لەگەڵ ناوەند ببن.

دیمۆکراسی ڕادیکاڵ بە ڕێبەرایەتی کوردان وەکوو هێڵی سێهەم دەتوانێ جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ سەقامگرتوویی و هێمنایەتی لەم وڵاتانە و ناوچەدا بەگشتی ببێ. کوردان بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسییەکی ڕاستەقینە لە ژێر سەرچەشنی نەتەوەی دیمۆکراتیک لە تورکیا و سووریا زۆر بەباشی نزیکایەتی و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دیاردەکانی نە زۆر نامۆی ڕامیاری دەرەکی ئەمەریکا و ڕووسیا کردووە. هەربۆیە، هاوسەنگییەکی باش و کاریگەردانێریان لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا لە گۆڕی بەرژەوەندییەکانیان پێک هێناوە. ئەمڕۆکە فێدراسیۆنی ڕۆژئاوا – باکووری سووریا بە بەشداری تەواوی نەتەوە و کەمینە ئایینییەکان بە دوور لە هەر هەڵاواردن و سڕینەوەیەک خەبات بۆ وەدی هێنانی وڵاتێکی ئازاد و دیمۆکراتیک دەکەن.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

mehnaz ghorani مهناز قرانی ۱۳۹۸/۶/۲۳
دەستودیەتان خۆشبێت لە ژیانی نالەباری ئەمڕۆیدا گەورەترین خزمەتی ئێخلاقی پاکسازیێکی جوان و سیستماتیکی کۆمەڵگەیە . وتارەکانتان خوێنەر بەدوای خۆیدا دەکێشێت

نظر خود را براي ما ارسال كنيد