تاريخ: ۱۳۹۵ سه شنبه ۹ شهريور ساعت ۱۱:۳۳ بازدید: 1742      نظرات: 1      کد مطلب: 1758

ژنان لە نێوان دوو تێکشکان

ئەرسەلان بۆرنا (چالاکی سیاسی)


هیچ جێی دوودڵی نییە کە ڕەگەزی مێینە بە درێژایی مێژوویەکی چەند هەزار ساڵە حاشا و نکۆڵی لێ کراوە و پێناسەی ژن – بوون بە بەردەوامی پێشێل کراوە. ئەم مژارە ڕێگە خۆشکەر بووە لەبەردەم ئەوەی کە ئەوان لە ڕووی هزری، ڕێکخستنی و جەستەیی بکەونە بەر دەستدرێژی و هەوڵ بۆ سەرکوت و چەوساندنەوەیان لە پێگەی ژن و وەکوو ڕەگەزی دژ بدرێ. کەواتە، فام کردن و تێگەیشتنی مێژووی ژن گرینگایەتییەکی تایبەتی هەیە و دەبێ شی بکرێتەوە ئەم جۆرە تێڕوانینە لە کوێ سەرچاوەی گرتووە و ئێستا لە چ ئاستێک دایە.

بۆ ئەوەی بزانین ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە نێو کۆمەڵگا و جڤاتە سەرەتایییەکاندا خاوەن چ ئەرک و پێگەیەک بوونە، دەبێ لایەنی دیرۆکی ئەم ڕەوتە بەباشی هەست و تاوتوێ بکەین. بابەتەکانی وەک ژیانی نوێ بەردی، چیرۆکی گێلگامێش، چاندی گوندێتی یا کاریگەرییەکانی ئایین دەبێ لەبەرچاو دەرباز بکەین. بەگشتی، ژن بەدرێژایی ئەم مێژوویە ڕووبەڕووی دوو تێکشکانی ڕەگەزیی کارتێکەر بووە؛ یەکەم لەسەردەمی سومێرییەکان پێک هاتووە و دووهەم لە کاتی دەرکەوتنی ئایین، فەلسەفە و زانست ڕووی داوە.

گۆڕانکارییەکانی لەم چەشنە بوونە هۆی ئەوەی کە شێوازی ڕێوەبەرایەتی بنەماڵە، یەکگرتوویی ژن و کۆمەڵگای نوێ بەردی بە ڕادەیەکی بەرچاو تووشی داڕزان و داڕووخان ببێ. بە جۆرێک کە ژن بە دارێژایی ئەم چەند هەزار ساڵە هەتا ئەمڕۆکە بەم ئاستە لە چەوساندنەوە، کۆیلایەتی و پاشڤەڕۆیی گەیشتووە. تەواوی ئەم خاڵانە لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤێکی کۆیلە بە هەژمار دێ.

کۆمەڵگا بەپێی ئەم نزیکایەتییە وەکوو ڕەگەزی دووهەم و خوارتر لە پێگەی پیاو چاو لە ژن دەکات. کەوایە، دەبێ سەرەتا بنەماکانی ئەو لە ئاستی کۆمەڵگا و ژیانی کۆمەڵایەتی نرخاندن و لێکدانەوەی بۆ پێک بێ. مرۆڤایەتی ئەگەرچی کۆمەڵایەتی – بوونی تێپەڕ کردووە بەڵام هیچ کات هێزی ئەوەی تێدا بەدی نەکراوە کە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و ئازاد لەسەر بنەوانی یەکسانی ڕەگەزی تەنانەت لە چیرۆکی گێلگامێش
ی سەرمایەداریشدا لەژێر ناوی دەوڵەت – نەتەوەی دیمۆکراتیک دامەزرێنێ. کۆمەڵایەتی – بوون و گرێدراویی چاندی و زمانی لە ژن سەرچاوە دەگرێ و لەڕاستیدا، ڕەگەزی مێینە وەک دایک منداڵ بەخێو، پەروەردە و لەسەر ئەوان چاودێری دەکات.

ژیانی کۆمەڵایەتی لە کۆمۆنە سەرەتایییەکان بە بەشداری و هاوڕێیەتی دوو ڕەگەزی مێینە و نێرینە لە تەنیشت هەڤ دوو واتای بە خۆوە دەگرت. ئەم ژیانە لە ڕووی هزری ژیان کردنێکی خۆزایی بووە کە هیچ هەڵاواردنێک تێدا بەدی نەکراوە. تاک بە تەڤلبوونی لە نێو کۆمەڵ و کۆمەڵگا پێناسەی خۆی وەدەست دەهێنا بەڵام ئەمڕۆکە وێڕای بایەخ پێدان و پێداگری لەسەر مافە تاکەکەسییەکان هەوڵ دراوە تاک لە کۆمەڵگا دوور بکەنەوە. ئەم پەراوێزخستنە بە لێ سەندنەوەی پێناسەی تاکی ئازاد کۆتایی هاتووە و لە بنەڕەتدا، بۆ کۆمەڵگایەکی بەکاربەر و تاکێکی کۆیلە گۆڕدراون.

کۆمەڵگا لەسەر بنەوانی تەوەری ژن دامەزراوە و ژن ناوەندی ئەوە. بەپێی ئەم بەراووردە هەر هەموومان بۆ کۆمەڵگا گەورە دەبین و هیچ جۆرە خۆ بە خاوەن زانینێک نابێ لەسەر کۆمەڵگا یا تاک و بەپێچەوانەوە بوونی هەبێ. ژیانی ئازاد لە سەردەمی هاوچەرخ یا پێداویستی بوونی ئیرادەی تاکی ئازاد واتای ڕاستەقینەی خۆی لە بوونی ژنی ئازاد بە دوور لە کەرەستەیی – بوون بۆ ڕێکخراوە بازرگانییەکان یا کۆیلەی سێکسیدا دەدۆزێتەوە. کردەوەکانی وەک ناحەز نیشاندانی پیناسەی ژن – بوون تەنیا لە چوارچێوەی دەستدرێژی بۆ سەر ڕەگەزی مێینە و ڕەوا نیشاندانی هزری پیاوسالارانە خۆی دەردەخات. گرینگە ژنان لە ڕێگەی شیاربوونی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی ئیرادە و بەشداری خۆیان سەرچاوەی کۆمەڵگایەکی ئازاد دەست نیشان بکەن و وەدی هاتنی تەنیا بە پێشەنگایەتی ژنی ئازاد دەستەبەر دەبێ.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
1
پاسخ به این اظهارنظر

هێمن ۱۳۹۵/۶/۱۱
بژی . کورت و پوخت . دەست وچاوتان ساغ بێ.

نظر خود را براي ما ارسال كنيد