به پێ ههواڵی هاژه، بە پێی بەرنامەی داڕێژراو، لە دوایین پێنج شەممۆی هەر مانگێک ناوەندی کوردانی تاران بەرنامەیەکی کلتووری بەڕێوە دەبات .بەم پێوشوێنە دوایین پێنج شەممۆی مانگی گەلاوێژی ئەم ناوەندە پەردە لادان لە سەر شانۆ نامەی "کاوەی ئاهەنگەر" لە نووسینەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس کە بەزمانی فارسی وەرگێڕدراوەتەوە بەڕێوە برد. ئەم بەرنامەیه کاتژمێر ۵ لە ناوەندی کوردانی تاران بە بەشداری بەرچاوی جەماوەر و چالاکوانانی فەرهەنگی دەستی پێکرد. سەرەتا هونەرمەندی بەتوانا "شیرین عەلایی" بە پارچە مووزیکێک بە ئامێری سەنتوور کۆڕەکەی ڕازاندەوە. پاشان، دو وەرگێری لاوی ئەم کتێبە بەڕێزان محەممەد مەحموودی خوێندکاری دەورەی دوکتوڕای جوغرافیایی زانکۆی تاران، هەروە ها لوقمان عەلایی خوێندکاری دەورەی دوکتوڕای بیۆ فیزیکی زانکۆی تاران بە ئامادە بوان ناسێندران؛ کە لە لایەن ئامادەبوانەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا. لە درێژەی بەرنامەکەدا، داوا لە دوکتور محەممەد مەحموودی کرا بە نوێنەرایەتی لەسەر ئەم وەرگێرانە بۆ ئامادە بوان بدوێ. بەڕێزیان وێرای سپاس و پێزانین لە بەرپرسانی ناوەندی کوردانی تاران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕە، باسێکی لەسەر ناوەرۆکی بەپێزی شانۆنامەی " کاوەی ئاهەنگر" پێشکێشی ئامادەبوانی کۆرەکە کرد. دوکتور مەحموودی بوونی تێمی زۆر بەپێزی ئەم شانۆیەی بە خاڵێکی گرینگ لە قەڵەم دا؛ هەروە ها کوتیان ئەم شانۆنامەیە لە نۆ بەش پێکهاتووە و هەر یەک لە بەشەکان خاوەنی هێمایەکی مڕۆڤایەتی تایبەتن. لەدرێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز مامۆستا مەلا عەزیز داشبەندی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ناوەندی کوردانی تاران و چالاکوانی کۆن و پێشەنگی کاری فکری و فەرهەنگی کوردستان، لێدوانێکی لە بابەت مەزنایەتی و جێگەوپێگەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس پێشکێشی بەشداربوان کرد. هەروەها لە مەڕ گرینگی وەرگێڕان بۆ ئامادە بوان دوا، لە کۆتایش دا هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو لاوان بە گشتی و بۆ دوو وەرگێڕی ئەم شانۆنامەیە خواست. لە بەشێکی تردا، دوکتور خالق جەلیل نەژاد، خوێندنەوەیەکی تێئۆریکی لەسەر ئەو شانۆ نامەیە و وەرگێڕان پێشکێشی ئامادە بوانی کۆرەکە کرد. دوکتور جەلیلنەژاد، وەرگێڕانی وەک مکانیزمێک بۆ گەیشتن بە ئاگاهی نرخاند کە بەپێی ئەم ئاگاهییە قۆناغی خۆناسینی ڕەخنە گرانە لە هەناوی کلتوری ـ کۆمەلایەتی پێکدێت. وەرگێڕان، بەپێی ئەوەی کە دەتوانێ دوو ئەزموونی فکری جیاواز، دوو شێوە ڕوانین بۆ بەردەنگ بخاتە ڕوو کانتێکسی زەینی جوڕێک لە هەڵسەنگاندنی فرەچەشن دەگوورێنێت کە دەگەڵ تایبەتمەندییەکانی هەستیمەندی مێژوییمان دەمان خاتە شێوازێک لە دیالۆگ کە ئیزنی پرسیارگەلی قوڵی مانایی، ڕەخنەی ڕادیکال و چێ لە سەر هەموو ئەو "عادت وارانەی" بنچینەکانی جۆرێک لە پاسیڤ بوونیان بەشێوەیەکی وەرگیراو ڕیکخستوە. بۆیە وەرگێڕان پرۆسەی گەیشتن بە بیرکردنەوەی ڕەخنە گرانە و شکڵدان بە بنەماکانی ئیپیستمۆلۆژیک نۆ خۆش دەکات.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دوکتور جلیل نەژاد سەبارەت بە شانۆ نامەی " کاوەی ئاهەنگر"ی مامۆستا شێرکۆ بێکەس کوتیان، هەر دەقێک بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕیشەی لە مەسەلە و ئاریشەکانی کلتوری ، کۆمەلایەتی و سیاسی زەمینە و زەمانەی خۆی دایە، بە واتایەکی تر هەر مەتنێک لە دیالۆگ دەگەڵ پێداویستییەکانی کلتوری ـ کۆمەلایەتی خۆیدا دێتە گووران. هەر بۆیەش بو لێکدانەوە، بۆ ڕاڤە و ماناکاوی هەر دەقێک دەبێ دیسکۆرس یان دیسکۆرسە باوەکانی سەردەمی دەق نەتەنیا بناسین بگرە واکاویشیان بکەین. ئەو ڕەخنەگرە لە درێژەی ئەو باسە دا، کوتیان، سەردەمی مامۆستا شێرکۆ بێکەس بە سەردمی گوتارە داخراوەکان، شوناس پەرەستەکان (شۆوینیستەکان) و دۆگماتیستەکان دەناسرێتەوە. بەڕای ئەم شڕۆڤەکارە، گوتارە داخراوەکانی ئەوێ دەمان ، بە تەنیا لەسەر بوونی دەسەڵاتێکی ڕووتی میلیتاریستی بوونیاد نەنرا بوون، بەڵکە، لەسەر بنج و بناوانی چەشنێک لە نیزامی مانایی ـ ئەندیشەیی گۆشی گرتبوو کە چەشنێک لە شکۆ و پیرۆزیان هەبوو. ئەو گوتارە تەمای دەست بەسەر ڕۆگرتن و سڕینەوەی بێ ئەم لاوئەولای هەموو شێوە بوون و شوناسێکی هەبوو کە لە دەرەوەی وی بە واتاکانی مێژویی و کۆمەڵایەتی جیاواز نیشانەکانی هەستیمەندی خۆی دیارکردبوو. بەواتایەکی تر گوتاری باوی ئەوێ سەردەمان ، گوتارێکی تاکڕەهەند وە ئۆتۆکڕات بوو کە ماناکانی بوونی خۆی لە دڵی هێندێک سەرچاوەی سەربە سوننەت ومۆدێڕنیسم وەرگرتبوو؛ تا لە داڕشتی مەعریفی خۆیدا توانستی پڕاگماتیستی بەربەرینی هەبێت لە هەمان کاتدا ، لایەنگرانی ئەم گوتارە لە قۆناغی جێبەجێکردندا نەک وەک بیر یان باوەڕ بەڵکە وەک "سەرسپێراوی" بە چەشنێک لە شکۆی ئاوێتە بە پیرۆزی دەگەڵ شوناسە بەدژ و ناوێکچوو ناسێندراو هەڵسوکەوت بکەن. بەڕای ئەم ڕەخنە گرە، گوتاری زالی زەمانە و زەمینەی شێرکۆ بێکەس لەسەر سێ بنجی مەعریفی خۆی گرتبوو.
1ـ پان عەڕەبیسم، کە ل ەدڵی باوەڕ و خوێندنە ی ئایدیالۆجیکی حیزبی بەعس پالێورا بوو،
2_ ئاوێتەکردنی چەشنێک لە ڕواڵەتگەرایی دینی تا ئاستی پیرۆزی و ڕەوایی ئەم گوتارە بەرنە سەر و لە هەمان کاتدا دەست ئاوەڵەیی کرداری بۆ بڕەخسێنن رادەی باوەرمەندی خوی بەڕێتەسەڕێ
3ـ کەڵک وەرگرتن لە هێندێک لە خاڵەکانی سۆسیالیسم کە لەوێ سەردەماندا باو بوو تا چەشنێک لە ئاڕمانخوازی ڕواڵەتی بەسیمای ئەم گوتارە ببخەشێت و توانستی ڕەخنە و پرسیاری ڕەوتە رووناکبیرییەکان تووشی چەشنێک پاسیوبوون و هەتڵەبوون کەن.
هەڵسوکەوت دە وەها هەلومەرجێکدا، بزاڤی ڕووناکبیری کوردی بەرەو چەشنێک لە بیر و بڕیاری دژوار برد. مامۆستا شێرکۆ بێکەس وەک کەسایەتییەکی ڕووناکبیری دەروەست بە نووسینی شانۆنامەی "کاوەی ئاهەنگەر"نە تەنیا بنەماکانی بوونی کۆمەڵایەتی " پاراستن و بەرەنگاری" شکڵ دەدا بەڵکە لە داوی چەقبەستوویی و شوناسپەرستی تۆخ ناکەوێ. بەڵکە لەو دەقەدا سووژەی سەرەکی برەودانی بە واتەگەلی وەک: ئینسان گەرایی؛ ڕێزگرتن لە مافی بوونی شوناسگەلی جیاواز؛ بەرابەری گشت گیر لەسەر بنەمایی مرۆڤایەتی؛ دەستەبەرکردنی پێکەوە ژیان؛ بەرین کردنەوەی شکۆمەندی ئەخلاق لە دەرەوەی بەها ئایدیالۆجییەکان، دەبنە هەوێنی شکڵدان بە دیسکۆرسێک کە لەدڵی نیزامی مانایی ئەم دیسکۆرسەدا مەبەستی سەرەکی تەنیا ڕاوەستان لەبەرابەری بەعسیسم دانێ، بەڵکە برەودان بە چەشنێک لە ئەخلاقیش خۆی دەردەخات کە خاوەنی پلۆڕالیسم و بەها ئینسانییەکانە؛ هەر بۆیەش گوتاری داخروای حیزبی بەعس تووشی چەشنێک لە قەیران بوو و دەرئەنجامەکەی بوو بە نەمان. دوکتور جەلیل نەژاد لە بەشی کۆتایی وتەکانیدا کوتیان، وەرگێڕەکان لە دۆزینەوی زمانی تایبەت بە وەرگێڕانی دەق بۆ پاراستن و ڕاگواستنی ڕووح و لەحنی دەق سەرکەوتوو بوون. هەروە ها بەشێوەیەکی هونەرمەندانە وەرگێڕەکان توانیویانە زەرفییەتەکانی زمانی فارسی لە وەرگێڕاندا بەکار بێنن کە نیشان لە فامی کلتوری زمانی فارسی و کوردی لە لایەن وەرگێرەکانە.
دوایین وتاربێژ دوکتور ئەڕدەلان بوو، کە وەک بەرپرسی ناوەندی کوردانی تاران، باسێکی کورتی لەسەر فەرهەنگ پێشکەش کرد و هیوای خواست ڕێژەی کارەکانی فەرهەنگی زۆرتر و پتەوتر بێت، پاشان کوتیان جێی خۆیەتی یادی خوالێخۆشبو ئەندازیار ئەدەب نوێنەری پێشووی پارێزگای کوردستان و مامۆستا شێرکو بێکەس کە لە مانگی گەلاوێژدا مەڕحووم بوون بکەین هیوادارین خوای گەورە بیان بەخشێت و جێگەیان بە ئینسانی باشتر پڕ بکاتەوە.
ڕێوڕەسمەکە بە بانگهێشتنی بەڕێزان؛ دوکتور ئەسعەد ئەڕدەلان، جەعفەر ئەفغەمی، ئاغای دەباغی، مامۆستا مەلا عەزیز داشبەندی و دوکتور جەلیلنەژاد بۆ پەردەلادان کۆتایی هات.